بورهان شێخ ڕەئوف: ئایا داعش سەر هەڵدەداتەوە؟

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپى سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە هێزەکانى وڵاتەکەى لە سوریا دەکێشێتەوە دواى ئەوەى سەرکەوتنیان بەسەر تیرۆریستانى داعشدا بەدەستهێنا و, ئەو ئامانجەى کە بۆى هاتبوون بە دەستیان هێنا. بەڵام لەسەر […]

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپى سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە هێزەکانى وڵاتەکەى لە سوریا دەکێشێتەوە دواى ئەوەى سەرکەوتنیان بەسەر تیرۆریستانى داعشدا بەدەستهێنا و, ئەو ئامانجەى کە بۆى هاتبوون بە دەستیان هێنا. بەڵام لەسەر زەوى ڕاستیەکان شتێکى ترمان پێدەڵێن هێشتا لەزۆر شوێن و ناوچەى سوریاو عێراق جموجووڵ و چالاکى یان بەردەوامە.
بەڵێ ڕاستە ڕەقەى پایتەختى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ئازادکرا و ئەو ئیستراتیجیەتەى کە هەردوو سەرۆکى ئەمریکا باراک ئۆباماو دواتر دۆناڵد ترامپ سەرکردایەتیان دەکرد بۆ لەناوبردنى تیرۆریستانى دەوڵەتى ئیسلامى بە شێوەیەکى کاتى و نیمچە ناتەواو سەرکەوتنى بەدەستهێنا. بەڵام گەلێک فاکتەر هەبوون کە زەمینەیان خۆشکرد بۆ سەرهەڵدانى بیرو ڕەوتى توندڕەوى لە ناوچەکەدا، هەموو ئەو فاکتەرانە بە ئێستاشەوە ماون و زەمینەی زیاتر لەبارە، بۆ گەشەکردن و نەشونماکردنیان.
وڵاتێکى وەکو سوریا کە هەشت ساڵى ڕەبەقە شەڕو پێکدادانی تیایەو، نزیکەى دوازدە ملێۆن کەس لە دانیشتوانەکەى ئاوارەو دەربەدەرى ولاتانى جیهان بوون کە بەشى زۆریان لە تورکیا و لوبنان و ئوردن و عێراق و، بەشیکیشى تریان لە وڵاتانى ئەوروپان بە تایبەتى ئەڵمانیا جێگیر بوون، کە ڕاوێژکارەکەى خاتوو ئەنگیلا مێرگل دەرگاى بۆکردنەوە سەرەڕاى ڕەخنەو گلەیى زۆرێک لە خەڵک و حزبە ئۆپۆزەسیۆنەکانى وڵاتەکى خاوەنى ئەو وتە بەناوبانگەیە ، کە وتى: خەڵکى لە سوریا و عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوینەوە دێن بۆ لاى ئێمە دەرگایان لێنەکەینەوە لە کاتێکدا ناڕۆن بۆ مەککەو مەدینە. هەروەها زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بوونەتە قوربانى و کوژراون جگە لەوەى بەشێکى زۆر شارە گەورەکانى ئەو وڵاتە خاپورو وێران بوون و ژێرخانى ئابورى داڕوخاوە.
لە ڕووى سیاسیەوە بوونى هێزى دەرکى ڕوسى و ئێرانى و تورکى لە سەر خاکى سوریا مایەى نیگەرانیە بۆ خەڵکەکەى، لە کاتێکدا زۆربەى عەرەبى سوریا سوونى مەزهەبن و بوونى هێزى ئێرانى شیعە مەزهەب بە شەرمەزارییەکى گەورە دەزانن و بوونى سوپاى تورکیا لە ناوچە کوردنشینەکانى سوریا بە هەمان شێوە بۆ کوردەکانى سوریا مایەى نیگەرانى و بێزارى یە، لە لایەکى ترەوە بوونى هێزەکانى حزبوڵاو ئێران لە نزیک سنوورەکانى ئیسرائیل مایەى نیگەرانى و ناڕەزایەتى ئیسرائیل و ئەمریکاشە. چونکە یەکێک لە ئامانجەکانى بوونى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوین پاراستنى ئاسایش و بەرژەوندییەکانى دەوڵەتى ئیسرائیلە.
هەموو ئەو هۆکارو فاکتەرانە یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەى ڕەوتێکى توند ئاژۆى تر بە مۆدێلو ڕیتمێکى نوێتر و توندڕەوتر لە داعش و ئەلقاعیدە سەرهەڵبدەن و کارو کردەوەى زۆر لەوانى پێش خۆیان ئەنجام بدەن.
لە هەمانکاتدا بڕیارەکەى ترەمپ بۆ کشانەوەى هێزەکانى لە سوریا هەرچەندە تا ئێستا کشانەوەیەکى زۆر کەم بە ژمارەو ئامێرەکان کراوەو، بە هەوڵى بەشێکى زۆر لە وەزیرو ڕاوێژکارانى ئیدارەى ئەمریکاو تەنانەت کۆنگریسمانەکانیش پێناچێت وا بە خێرایى ڕوبدات بە تایبەتى لە دواى گەشتەکانى جۆن پۆڵتن و مایک بۆمبیۆ بۆ وڵاتانى ناوچەکە دڵنییان دا کە دۆست و هاوپەیمانەکانیان بە تەنیا جێناهێڵن، بەڵام لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر ئەمریکا بە تەواوى هێزەکانى بکێشێتەوە ئەوە هێندەى دى دۆخەکە نالەبارتر دەبێت و هێزەکانى بەشار ئەسەد بە هەر شێوەیەک بێت وەکو خۆیان وتیان بە شەڕ بێت یان بە ئاشتى دەگەڕێینەوە بۆ هەموو ناوچەو شارەکان.
لەلایەکى ترەوە هێزەکانى سوریاى دیموکرات ( هەسەدە) کە تاکە هاوپەیمانى سەرەکى ئەمریکا بوون لە سوریا بەر شاڵاوێکى توندى سوپاى تورکیا دەکەون و هەڕەشەکانى وەزیرى بەرگرى تورکیا خەلوسى ئاکار لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا باشترین بەڵگەن.
تا ئێستا زۆر بە کورتى باسى داعشمان کرد لە سوریا بەڵام وەکو دیارە هەر بە ناوەکەیدا دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق وشامە و یەکەمجارە لە دواى سەد ساڵ لە سایکس بیکۆ هێزەکانى دەوڵەتى ئیسلامى داعش قوولەکانى چاودێرى سنوورى نێوان عێراق و سوریایان تێکداو لە بەریەکیان هەڵوەشاندەوە و ئەبوبەکر بەغدادى خەلیفەیان لە مزکەوتى نور لە موسڵ دەوڵەتەکەیانى ڕاگەیاند.
بەڵى داعش لەماوەى ڕابردودا جموجوڵى خێراو بەرچاویان لەزۆر لە ناوچەکانى باشوورى کەرکوک و دیالەو حەمرین و بیابانەکانى ڕومادى خۆرئاواى عێراق موسڵ دەستپێکردووە تەنانەت باسى سەرهەڵدانى ڕەوتێکى نوێ دەکەن بەناوى ( حراس الدین ) کە لە داعشە ئیگۆر و بیانیەکان بە زۆرى پێکهاتوون.
دۆخى سیاسى عێراق لە دواى هەڵبژاردنەکانى 30/9/2018 زۆر ئاڵۆزتر و پڕ قەیرانتر بووەحکومەتى نوى دواى چەند مانگێک هێشتا وەزارەتەکانى پڕنەکردۆتەوە دۆسیەکانى گەندەڵى و نەبوونى خزمەتگوزارى و کێشەکانى نێوان هەرێم کوردستان و حکومەتى ناوەندى و جێبەجێ نەکردنى دەستوورو بوونى میلیشیا جیاجیا وئاوەدان نەکردنەوەى ناوچە وێران و خاپوربووەکانى شەڕى داعش و بوارنەدان بە گەڕانەوەى ئاوارەکانى ناوچە سوونیەکان لە لایەن میلیشیاتەکانى حەشدى شەعبى و بەتایبەتى پشتێنەى بەغداد هەموو ئەمان هۆکارو پاڵپشتن بۆ سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەى داعش و لە داعش دڕندەتریش.
لە هەمووى گرنگتر و مەترسیدارتر شکستى حزبو لایەنە کانى ئیسلامى سیاسى بە شیعەو سوونەو ە لە بەڕێوەبردنى وڵاتدا دان نەنان بەو ڕاستیەدا و پشت بە ستن بە گزى و فرتو فێڵ لە هەڵبژاردنەکان و هەموو ئاوات و ئومێدێکى خەڵکى عێراقیان زیندە بە چاڵ کرد تا کار گەیشتە ئەوەى شارێکى زیندووى وەکو بەغداد کەمتر لە سەدا سى بەشدار هەڵبژاردنیان کرد.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکى چەند مانگى پێشووى بەسرەى دووەم گەورە شارى عێراق باشترین گەواهین بۆ بێزارى و نیگەرانى خەڵکى ئەم وڵاتە بۆیە پێشبینى دەکرێت ئەگەرچاکسازى خێراو گوێ لە گلەیى و گازندە ڕەواکانى خەڵک نەگیرێت ئەوا زۆر ڕەوتى توندئاژۆ مەترسیدار سەرهەڵبدەن و ئەو کات تەڕو وشک بەیەکەوە بسوتێنن.
لە کۆتاییدا ڕاستییەک هەیە دەبێت هەموو کاربەدەستانى ناوچەکەو زلهێزەکانیش پەى پێ ببەن و بیزانن ئەوەیە کە لە ناوبردنى تیرۆر و توندڕەوى هەر بە سوپاو ڕۆکێت و فڕۆکەو تانک ناکرێت بەڵکو ڕیفۆرم و چاکسازى پێویستە لە هەموو سکتەرە گرنگە کانى بەڕێوەبردن چ داد پەروەرى و شەفافیەت و مافى کەمینە نەتەوەیى و ئتنیکەکان و دابینکردنى هەلى کارو خزمەتگوزارى ئاسایش و سەقامگیرى پاراستنى شکۆو کەرامەتى ئینسان بە یەکسانى.

بورهان شێخ ڕەئوف

ئەرشیڤی بەڕێز: بورهان شێخ ڕەئوف