بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز: کەی حکومەتی هەرێم پێکدێت؟

ئەگەر پێکهێنانی حکومەت دوای دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بە پێی بەرکەوتەی حیزبەکان و خاڵبەندی و سازانی سیاسی دابنرێت، ئەوا دەبێت دوای کۆبونەوەی یەکەمی پەرلەمان گەورەترین لیست کەسێک کاندید بکات و […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

ئەگەر پێکهێنانی حکومەت دوای دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بە پێی بەرکەوتەی حیزبەکان و خاڵبەندی و سازانی سیاسی دابنرێت، ئەوا دەبێت دوای کۆبونەوەی یەکەمی پەرلەمان گەورەترین لیست کەسێک کاندید بکات و رابسپێرێت بۆ پێکهێانی حکومەت و لە ماوەی (40) رۆژدا زۆرینەی حکومەت پێکبهێنێت، ئەوەی دەبینرێت ئەگەر حکومەت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و راوێژکارەکان بخرێتە ناو خاڵبەندی بەپێی کورسی پەرلەمان دیاری بکرێت، ئەوا لە ئێستادا دۆسیەی پێکهێنانی حکومەت تەواو ئاڵۆز بوە نەک هەر دانوستانەکان هیوایەکی نییە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بگرە بەرەو خراپتر دەڕوات تا ئەو ئاستەی هیوای پێکهێنانی حکومەت تەواو بەرەو لاوز بون دەچێت، بە شێوەیەک دور نییە تەواو درێژە بکێشێت، چونکە پارتی و یەکێتی دو حیزبن خاوەنی هێزی چەکدار و دەزگای ئەمنی و زیندان و ئابورین هەر یەکەیان لە زۆنێک، کە ئەم دابەشکاریە هێندەی پەیوەندی بە دابەشکاری و ململانێی وڵاتانی دەرەوەیە هێندە پەیوەندی بە ئیرادەی ناوخۆییەوە نیە، ئەگەر لە حاڵەتێکدا لە ناوخۆدا کێشەیەک دروست ببێت ئەوا تورکیا هاوکاری زۆنی زەرد دەکات و ئێرانیش زۆنی سەوز و ناهێڵن هاوسەنگیەکە (بەحسابی خۆیان) تێکبچێت.
وەک بینیمان لە شەڕی ناوخۆدا یەکێتی تا کەپکی حەمەد ئاغا رۆی، دەبابەکانی تورکیا و (31)ی ئابی لێکەوتەوە، بە دیوەکەی تردا یەکێتی تا سنوری ئێران رۆی و دوایی ئێران یەکێتی هێنایەوە تا دێگەڵە، بە کورتی هەر کات ئەم دو هێزە پاشکۆیە لە ناوخۆدا رێککنەکەون ئەوا لە دەرەوە ناهێڵن یەکیان یەکیان سفر بکاتەوە، ئەمەش وا دەردەکەوێت بە ناچاری بچنەوە سەر رێککەوتنی ستراتیژی ئەگەرچی پارتی نایەوێت ئەمە بکات و دەیەوێت هێزەکان بەشدار بن نەک شەریک، پشکی شێر لەهەمو دۆسیەکاندا هی خۆی بێت.
ئێستاش کە وادەی پێکهێنانی حکومەتە کۆمەڵێک کێشە بەستراوە بەم پێکهێنانەوە (دۆسیەی بەغداو کەرکوک و سەرۆکایەتی هەرێم) پارتی دەیەوێت سەرۆکایەتی هەرێم کارا بکاتەوەو رێککەوتننامەی ستراتیژی کۆتایی پێ بهێنێت و فیفتی بە فیفتی نەهێڵێت و خۆی باڵا دەست بێت، لە بەرامبەردا یەکێتی دەیەوێت دۆسیەی کەرکوک ببەستێتەوە بە دۆسیەی سەرۆکایەتی هەرێمەوە، ئەگەرچی بەپێی رێککەوتنی ستراتیژی کە رێککەوتنێکی دابەشکاریە، دەبێت لە بەرامبەر سەرۆکایەتی هەرێمدا سەرۆکی کۆماری عێراق ببات، بەڵام یەکێتی ئەگەرچی لە ناوخۆدا باش نییە، بەڵام پێیوایە ئەو سازانە نەماوە و ئەوانیش بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کاندیدیان هەبوە کە دەبو نەیان بێت و پشتیوانی یەکێتی بکەن، لە بەرامبەردا یەکێتی پشتیوانی پارتی بکات بۆ سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی هەرێمیش هەڵپەسێرراوە.
بۆیە بە جۆرێ لە جۆرەکان نەخشەی رێککەوتنی ستراتیژی تێکچوە و گەمەکان لە ململانێ و سازان دەرچوە و بەرەو خولێکی تری بەریەککەوتنی ناخۆش دەڕوات، کە ئێمە پێمانوایە دوای گرتنی کادیرانی یەکتر لە ژێر دەسەڵاتی یەکدا بەو واتایە دێت خاڵی بەریەککەوتنیان زیاترە لە خاڵی نزیکبونەوەیان، ئەمە وا دەکات کە گرژییەکان قوڵتر ببنەوە، چونکە ماتماتیکیەن ژمارەی نزیکبونەوەکان کەمترە لە دورکەوتنەوەکان، چونکە داواکاری بۆ مەلەفی کەرکوک هەردوکیان پێداگری دەکەن و رازی نین بە داواکاری یەکتر، بۆ سەرۆکایەتی هەرێمیش هەر وایەو لە ناوەندیشدا وەک دوژمن مامەڵە لەگەڵ یەک دەکەن، کە ئێستا قۆناغی پتەوکردنی ناوەندە لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی کە دەبو ماڵی کورد لە هەمو کاتەکان باشتر ئامادە بکرایە بۆ ئەم قۆناغە، سەرەتاکانی بەریەککەوتنێکی ناخۆش لە ئارادایە، ئەگەرچی ئەو ئەگەرە لاوازە کە بگاتە شەڕی ناوخۆ، چونکە بەرژەوەندی وڵاتان گەورەترە لە بەریەککەوتنە لۆکاڵیەکان، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە هێزی سێیەمە کە بزوتنەوەی گۆڕان بتوانێت بە ئەرکی گەورەی قۆناغەکە هەڵبسێت و خۆی وەک هێزی چارەسەر نمایش بکات لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی بتوانێت هێزەکان لە سەر یەک مێز کۆبکاتەوە تا لەمەش خراپتر نەبێت کە هەمومان پێمانوایە گەندەڵی و فەسادی مالی بوەتە سیستەم، بۆشاییەکی حکومڕانی دروست دەبێت، پێش ئەوەی جارێکی تر تورکیا و ئێران و وڵاتان ببنە نێوەندگیر ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕانە ئەم بەرپرسیاریەتیە بگرێتە ئەستۆ و خۆی وەک بەدیل بناسێنێت و لەبری نێوەنگیری وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی بتوانێت رۆڵی یەکخستنی ناو ماڵی کوردی بگێڕێت وەک بەرپرسیاریەتی مێژویی هەوڵ بدرێت دۆسیەکان لەیەکتر جیا بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەرێم لە بۆشایی نەبونی حکومەت دەرباز بێت.
دوا قسەمان. نیکیتا خرۆشۆف سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت (1955-1964) دەڵێت: بۆ راگرتنی ئاسایشی وڵاتێک پێویستیمان بە هەزاران دانا و ژیر هەیە، بەڵام بۆ تێکچونی وڵاتێک تەنها پێویستیمان بە چەند مرۆڤێکی ئاژاوەگێڕ و کاڵفام هەیە.
هەر وەکو وتراوە سوتاندنی دارستانێک تەنها دەنکە شقارتەیەکی بەسە هیوادارین نە دارستان بسوتێ و نە باری ئاسایی کوردستان لەمە خراپتر بێت، بە جۆرێک لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردییەوە بۆ دیل بە دیل.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
بەختیار شارەزوری

ئەرشیڤی بەڕێز: بەختیار شارەزوری