شێرزاد شێخانى: ماڵباتى بارزانى، سێكوچكه‌ى وێرانى.

له‌ناو حيزبى پارتيدا سێ كه‌سايه‌تى جڵه‌وى سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵا‌ته‌كانيان به‌ده‌سته‌وه‌يه‌ ، ئه‌وانيش مه‌سعودو نێچيرو مه‌سرور بارزانين. هه‌ر له‌ساڵانى شه‌سته‌كانيشه‌وه‌ به‌شێوه‌‌يه‌ك له‌شێوه‌كان ئه‌م دابه‌شبونه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ناو پارتيدا بونى هه‌بوه‌، ئه‌ويش له‌رێگه‌ى مه‌لا […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

له‌ناو حيزبى پارتيدا سێ كه‌سايه‌تى جڵه‌وى سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵا‌ته‌كانيان به‌ده‌سته‌وه‌يه‌ ، ئه‌وانيش مه‌سعودو نێچيرو مه‌سرور بارزانين. هه‌ر له‌ساڵانى شه‌سته‌كانيشه‌وه‌ به‌شێوه‌‌يه‌ك له‌شێوه‌كان ئه‌م دابه‌شبونه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ناو پارتيدا بونى هه‌بوه‌، ئه‌ويش له‌رێگه‌ى مه‌لا مسته‌فاو ئيدريس ومه‌سعود بارزانييه‌وه‌، به‌ڵام جياوازيه‌ك هه‌يه‌ له‌وساو ئێستاى پارتيدا، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه‌، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى مه‌لا مسته‌فا رێبه‌رو گه‌وره‌ى حزب بو، كوڕه‌كانيشى رۆڵى گه‌وره‌يان له‌ناو حزبدا هه‌بو، به‌ڵام به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردايه‌تيو مه‌كته‌بى سياسى حزب كه‌سايه‌تى به‌هێزيان تێدا بو، كه‌ ئه‌يانتوانى رۆڵ بگێڕن له‌بڕيارى سياسى ناو حزبدا، به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌مڕۆ كه‌ هيچكام له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردايه‌تى و مه‌كته‌ب سياسييه‌كه‌ش رۆڵێكى ئه‌وتۆيان نيه‌ له‌بڕياره‌كاندا، زياتر وه‌كو به‌يده‌قى شه‌تره‌نج به‌ده‌ست سێ لايه‌نه‌كه‌ى عه‌شيره‌ته‌وه‌ يارييان پێئه‌كرێ.
دابه‌شبونى ده‌سه‌ڵات له‌ناو پارتيدا به‌شێوه‌يه‌كه بڕياره‌كانى حزب له‌رووى سياسى و ئابورى و ئه‌منى كه‌ سێكۆچكه‌ى سه‌ره‌كى هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكى ديكتاتۆرين، كه‌وتوه‌ته‌ ده‌ست سێ كه‌سى بنه‌ماڵه‌ى بارزانييه‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتى سياسى به‌ده‌ست خودى مه‌سعود بارزانييه‌. ده‌سه‌ڵاتى ئابورى به‌ده‌ست نێچيرڤانه له‌رێگه‌ى دۆسيه‌ى نه‌وتو بارزگانى ناوخۆو ده‌ره‌وه‌، ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌منيىه‌كه‌ش به‌ده‌ست مه‌سرور بارزانيه‌وه‌يه‌. به‌مه‌ش بنه‌ماڵه‌ى بارزانى توانيوانه‌ سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانى حوكمڕانى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا بخه‌نه‌ ژێر ركێفى خۆيانه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانى بنه‌ماڵه‌ بۆ ته‌زويركردنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێميش، هه‌ميشه‌ يارمه‌تيده‌ر بوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى بنه‌ماڵه‌ نه‌ك ته‌نها به‌سه‌ر حزب، به‌ڵكو به‌سه‌ر گشت جومگه‌كانى ترى حوكمڕانى له‌هه‌رێمدا بسه‌پێنرێ.
له‌دانيشتنێكى تايبه‌تيدا له‌گه‌ڵ ره‌وانشاد كاك نه‌وشيروان نهێنيه‌كى بۆ دركاندم، كاتێك وتى ” له‌گفتوگۆى سياسيدا حه‌ز ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ نێچيرڤاندا دابنيشم نه‌وه‌ك مه‌سعود بارزانى. چونكه‌ نێچير گه‌نجێكى چالاكه‌ و خه‌ڵك ئه‌بينێ و سه‌ردانى هاوڕێيانى ئه‌كات، به‌مه‌ش عه‌قڵى كراوه‌تره‌. به‌ پێچه‌وانه‌ى مه‌سعود كه‌ به‌ پێنج شه‌ش كه‌س ده‌وردراوه‌ و ناهێڵن كه‌س ببينێ “.
ئه‌م گۆشه‌گييريه‌ى مه‌سعود جا به‌ ره‌غبه‌تى خۆيه‌وه‌ بوبێ، ياخود له‌ده‌وروپشته‌كه‌يه‌وه‌، وايكردوه‌ زۆرجار بكه‌وێته‌ هه‌ڵه‌ى سياسى كوشنده‌وه، به‌ڵگه‌ش سياسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانى به‌رامبه‌ر به‌غدا كه‌ ماڵوێرانى قه‌يرانى دارايى لێكه‌وته‌وه‌. بڕيارى نامه‌دروسى ريفراندۆم كه‌ نيوه‌ى خاكى كوردستانى له‌ده‌ست كورد ده‌رهێنا. له‌بريارى عه‌سكه‌ريشدا كاره‌ساتى شه‌نگال بو كه‌ به‌شكستێكى زۆر گه‌وره‌ى هێزه‌كانى پارتى ته‌واوبو، پێكهاته‌يه‌كى گه‌وره‌ى وه‌كو ئێزيديه‌كان له‌كوردستان دابڕى. ئه‌مه‌ له‌رووى سياسييه‌وه‌ كه‌ دۆسيه‌كه‌ى لاى مه‌سعوده‌.
له‌رووى ئابوورييه‌وه‌ كه‌ دۆسيه‌كه‌ى به‌ده‌ست نێچيرڤانه‌، ئه‌نجامى سياسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانى وايكرد سامانى نه‌وت نيوه‌ى بدرێته‌ ده‌ست توركيا و نيوه‌كه‌ى تريشى بدزرێ. جگه‌ له‌وه‌ى ئيحتكاركردنى بازاڕو مقاوه‌لات و پرۆژه‌ ستراتيژييه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ش ژماره‌يه‌كى زۆرى له‌خاوه‌نكار بێبه‌شكرد و خه‌ڵكێكى زۆريشى له‌پارتى نيگه‌رانكرد.
له‌رووى ئه‌منيه‌وه‌ بينيمان ده‌زگاى پاراستن كه‌ به‌ده‌ست مه‌سرور بارزانييه‌وه‌يه‌، تا چ ئاستێك كۆنترۆلى سه‌رجه‌م داموده‌زگا ئاساييشه‌كانى كوردستانى كردو، هه‌مو ده‌زگاكانى ئاسايش و پۆليس و هه‌واڵگرييه‌كانى حكومه‌تيش كه‌وتنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌ناوى پۆستى راوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمه‌وه‌، به‌مه‌ش به‌ده‌ر له‌ياسا، ده‌زگاى پاراستن توانى ژماره‌يه‌كى زۆر له‌نه‌يارانى حزبه‌كه‌يان له‌ناو ببات و، به‌شێكى زۆريشيان بخاته‌ ناو كونجى زيندانه‌كانيه‌وه‌، هه‌ر له‌رێگاى ئه‌م ده‌زگايه‌وه‌ توانيان ئيرهابى ده‌وڵه‌ت دژ به‌ نه‌ياره‌كانيان پياده‌ بكه‌ن و حاڵه‌تێكى هاوشێوه‌ى زه‌مانى به‌عس له‌ترس و تۆقاندن له‌ناو كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان به‌رپا بكه‌ن.
له‌هه‌ر وڵاتێكدا ئه‌گه‌ر فه‌رمانڕه‌وايه‌ك توانى ئه‌م سێ جومگه‌ ئه‌ساسييه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێ، بێگومان ئه‌توانێ حوكمى ديكتاتۆرييانه‌ ‌و تاكڕه‌وييانه‌ى خۆى به‌سه‌ر ميلله‌ته‌كه‌يدا بسه‌پێنێ و ماوه‌يه‌كى دوورودرێژ حوكمى وڵات بكات، ئه‌مه‌ش رێك ئێستا له‌هه‌رێمى كوردستان روو ئه‌دات.
پارتى ئێستا كار بۆ ئه‌وه‌ ئه‌كات مه‌سعود بارزانى دواى ده‌ستبه‌رداربونى له‌پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم، پۆستێكى گه‌وره‌ترى بۆ داتاشرێ، ئه‌ويش كار كردنه‌ له‌سه‌ر دامه‌زراندنى ده‌زگايه‌ك به‌ناوى ( باره‌گاى بارزانى )! هه‌ڵبه‌ت پێشتر له‌حه‌فتاكان ده‌زگايه‌كى له‌م بابه‌ته‌مان بينيبو، كاتێك باره‌گاى مه‌لا مسته‌فا له‌چۆمان ببوه‌ تاكه‌ مه‌ركه‌زى بڕيارى حيزب و كورديش، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وسا شۆڕش چه‌ندين وه‌زيريشى له‌حكومه‌تى به‌غدا هه‌بو، به‌ڵام بڕيارى كۆتايى لاى باره‌گاى بارزانى ده‌ر ئه‌چوو. ئێستاش هه‌مان شت دوباره‌ ئه‌بێته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانى بارزانى باوك له‌سه‌رووى هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كانى تره‌وه‌ ئه‌بێت. بۆيه‌ ئێستا هه‌وڵێكى زۆر هه‌يه‌ له‌لايه‌ن پارتييه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بارزانى ببێته‌ مه‌رجه‌عى باڵاى كورد، به‌هه‌مان شێوه‌ى مه‌رجه‌عه‌ باڵاكانى شيعه‌ له‌نه‌جه‌ف و، هيچ بڕيارێك له‌پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كان نه‌درێ به‌بێ ره‌زامه‌ندى مه‌رجه‌عى باڵاى كورد.
له‌ولاشه‌وه‌ نێچيرڤان كانديدكراوه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم، ئه‌مه‌ش درێژه‌دانه‌ به‌ده‌سه‌ڵاته‌كانى پارتى به‌سه‌ر ئابوورى هه‌رێمدا، به‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتى نێچير به‌سه‌ر گرێبه‌سته‌ نه‌وتيه‌كان به‌رده‌وام ئه‌بێ.
كانديدكردنى مه‌سرور بارزانيش بۆ پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌ت، مه‌به‌ست لێى توندكردنى ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌منيه‌كانى پارتييه‌ به‌سه‌ر داموده‌زگاكانى حكومه‌ت به‌گشتى، وناوچه‌كانى كوردستان به‌ تايبىه‌تى.
هێنانى پياوێكى وه‌كو مه‌سرور بارزانى كه‌ په‌روه‌رده‌ى ده‌زگايه‌كى ئه‌منى و حزبى دڕنده‌يه‌و، كه‌سايه‌تييه‌كه‌ له‌بوارى ئه‌منى زياتر هيبچ ئه‌زمونێكى نه‌بوه، مه‌ترسييه‌كى گه‌وره‌يه‌ بۆ سه‌ر ئايينده‌ى هه‌رێم به‌گشتى. چونكه‌ كارى ئه‌و ده‌زگايه‌ى مه‌سرور به‌ڕێوه‌ى بردوه‌، هه‌مو كاره‌كانى به‌ده‌ر له‌ياسا ئه‌نجانمداوه‌، گرتن و كوشتن و تۆقاندنى خه‌ڵك له‌لايه‌ن ئه‌م ده‌زگا حزبييه‌وه‌، هيچكات به‌ياسا نه‌بوه‌. داداگاى تايبه‌ت و زيندانى تايبه‌ت به‌خۆى هه‌بوه‌ كه‌ تا ئێستا كه‌س نازانێ له‌كوێن و كاره‌كانيان چۆن به‌ڕێوه‌ ئه‌به‌ن. نمونه‌ى زيندووش، هێشتا سه‌رۆكى ئه‌م ده‌زگايه‌ ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكى حكومه‌تى به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌گرتوه‌، چه‌ندين كاديرى يه‌كێتى به‌ده‌ر له‌ياسا به‌بارمته‌ گيران، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسايشى هه‌ولێريش كه‌ به‌شێكه‌ له‌ده‌زگاى پاراستن زۆر رووقاييمانه‌ و له‌به‌رده‌م ميدياكاندا دانى به‌وه‌دا نا‌ كه‌وا كاديرانى يه‌كێتى بارمته‌ن له‌به‌رامبه‌ر كاديره‌كه‌يان كه‌ به‌پێى ياسا له‌لايه‌ن ئاسايشى يه‌كێتييه‌وه‌ گيراوه‌ له‌سه‌ر تاوانى هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتن له‌ خه‌ڵك.
ئه‌مه‌ نيشانه‌يه‌كى زۆر روونه‌ له‌سه‌ر ئه‌داى ده‌زگا ئه‌منيه‌كانى هه‌ولێر له‌كاتى ده‌ستبه‌كاربونى مه‌سرور بارزانى، به‌واتايه‌كى تر، ‌ ئيتر ئه‌و ده‌زگا ئه‌منيانه‌ى حكومه‌ت به‌گشتى ئه‌كه‌ونه‌ ژێر نفووزى ده‌زگاى پاراستن و ده‌ست كراوه‌تريش ئه‌بن له‌ ئيرهابكردنى خه‌ڵكى ناوچه‌كانى پارتى.
له‌كۆتاييدا، قۆڕخكردنى هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاتى حوكمڕانى ( سياسى و ئابوورى و ئه‌منى ) له‌لايه‌ن عه‌شيره‌تى بارزانييه‌وه‌ و له‌ناو عه‌شييره‌تيش له‌ده‌ست بنه‌ماڵه‌يه‌ك، له‌ناو بنه‌ماڵه‌ش به‌ده‌ست سێ كه‌سايه‌تييه‌وه‌، گه‌وره‌ترين مه‌ترسييه‌ بۆ سه‌ر ئايينده‌ى هه‌رێمى‌ كوردستان. له‌ئايينده‌دا بۆمان ده‌رئه‌كه‌وێ كه‌وا ميلله‌ت چه‌نده‌ زه‌ره‌رمه‌نده ئه‌بێ به‌مانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست تاقمێكى عه‌شايه‌رو ديكتاتۆرو تاكڕه‌ودا.‌

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
شێرزاد شێخانی

ئەرشیڤی بەڕێز: شێرزاد شێخانی