لوقمان غه‌فوور: سه‌رۆك تره‌مپ واز له‌”دیوار”ه‌كه‌ ده‌هێنێت.

دوا وتاری سه‌رۆك تره‌مپ كه‌ دوانیوه‌ڕۆی 19ی جێنیوه‌ری پێشكه‌شی كرد پێمانده‌ڵێت: سه‌رۆك تره‌مپ كه‌ بریارده‌رێكی خێرا و په‌شیمانبووه‌كی دره‌نگ وه‌خته‌. ئه‌مریكییه‌كان ئیدیۆمێكیان هه‌یه‌ و ده‌ڵێن “non starter” ئه‌مه‌ له‌ئه‌مریكا به‌كه‌سێك […]

دوا وتاری سه‌رۆك تره‌مپ كه‌ دوانیوه‌ڕۆی 19ی جێنیوه‌ری پێشكه‌شی كرد پێمانده‌ڵێت: سه‌رۆك تره‌مپ كه‌ بریارده‌رێكی خێرا و په‌شیمانبووه‌كی دره‌نگ وه‌خته‌.
ئه‌مریكییه‌كان ئیدیۆمێكیان هه‌یه‌ و ده‌ڵێن “non starter” ئه‌مه‌ له‌ئه‌مریكا به‌كه‌سێك ده‌وترێت كه‌ له‌ پێشبڕكێیه‌كدا شكست بهێنێت. له‌دوای وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ دیموكراته‌كان به‌ سه‌رۆك تره‌مپ ده‌ڵێن: تره‌مپ “non starter”، دیموكراته‌كان ئه‌مه‌یان پێراسته‌، به‌ڵام له‌خوێندنه‌وه‌ی واقیعیدا وانییه‌. له‌ هه‌موو كێبڕكێیه‌كدا هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كان به‌قازانجی لایه‌ك كۆتایی نایه‌ت، سه‌رۆك تره‌مپ دوو شتی كرد، توانی به‌ده‌نگده‌ره‌كانی بڵێت رێده‌گرم له‌ كۆچی نایاسایی بۆ ئه‌مریكا و ئه‌وه‌ دیموكراته‌كانه‌ ده‌رگایان كردۆته‌وه‌، ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه‌ دابووشی به‌ ده‌نگده‌رانی هێناویته‌دی، چونكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانێت دیواره‌كه‌ش دروست بكات توانیویه‌تی هه‌موو به‌رنامه‌كانی كۆچ به‌ یاسایی و نایاساییه‌وه‌ به‌كاوه‌خۆ راگرێت، ئێ ئه‌وه‌ش یه‌كێك له‌ به‌ڵێنه‌كانی كه‌مپینه‌كه‌ی بووه‌، چونكه‌ سه‌رۆك تره‌مپ له‌وتاره‌كه‌یدا وێرای ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی دایه‌وه‌ به‌وه‌ی له‌سنووری باشور “قه‌یرانی مرۆیی” ده‌گوزه‌رێت، له‌و سنووره‌ منداڵه‌كان “ئیستغلال” ده‌كرێن له‌لایه‌ن بانده‌ هه‌ڵخه‌له‌تێنه‌ره‌كانه‌وه‌ و ژنان “ده‌ستدرێژی”یان ئه‌كرێته‌سه‌ر به‌ناوی كۆچه‌وه‌ و “كۆچی نایاسایی و داواكردنی په‌نابه‌ریی” تێكه‌ڵ بووه‌.نه‌شیشارده‌وه‌ و وتی:”من له‌كاتی بوون به‌سه‌رۆكدا به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه‌م پێداون.”
خۆ ده‌شێت قسه‌كانی تره‌مپ له‌سه‌ر سنووری باشور راست بێت كه‌ ده‌ڵێت به‌هۆی نه‌بوونی هیچ چاودێرێكه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌رسنوری باشور بوبێته‌ هۆی هاتنه‌ناوه‌ی كۆچبه‌ری نایاسایی و هه‌قی خۆشیه‌تی كه‌ دانبه‌وه‌دا بنێت كه‌ ئه‌وكاته‌ی كاندید بووه‌ بۆ سه‌رۆكی به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دابێت ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه‌ وه‌ك “دیڤید برۆكس” ستووننووسی رۆژنامه‌ی نیۆرك تایمز ده‌ڵێت:”تره‌مپ ورده‌ ورده‌ خه‌ریكه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ ئێمه‌ش بكات تره‌سه‌كانی سنووری باشور چین!”.
وه‌ك خۆم هه‌رگیز ئه‌و وته‌یه‌ی جۆن كێلی به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانبه‌رانی كۆشكی سپی-م بیر ناچێته‌وه‌ دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌چاوپێكه‌وتنێكی لۆس ئه‌نجلس تایمز وتی:”تره‌مپ زۆربه‌ی جار پشت به‌نیگانمای خۆی ده‌به‌ستێت نه‌ك هه‌واڵگری ئه‌مریكا”. ره‌نگه‌ ئه‌م قسه‌ی جۆن كێلی له‌م هه‌ڵوێسته‌ی تره‌مپ-دا به‌ته‌واوی هاتبێته‌دی، چونكه‌ تره‌مپ له‌ناكاو رۆژی 21ی دیسێمبه‌ری 2018 وشه‌ی شه‌تداونی فڕیدایه‌ به‌رده‌م نانسی پێلۆسی و تشاك شومه‌ر، كه‌چی ئه‌مڕۆ مه‌سه‌له‌ی دیواره‌كه‌ی كرده‌ لاوه‌كی و سێ پێشنیاری تری خسته‌به‌رده‌م دیموكراته‌كان كه‌ هه‌ر سێ پێشنیاره‌كه‌ لێدانه‌ له‌ دڵی په‌نابه‌ر. یه‌ك له‌وانه‌ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سێ ساڵ پاراستنی ئه‌و منداڵانه‌ی هێنراونه‌ته‌ ئه‌مریكاوه‌، هه‌وره‌ها چاره‌سه‌ركردنی دۆخێكی یاسایی بۆTemporary Protected Status كه‌ به‌هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ حاڵه‌تێكی كاتییه‌ بۆ ئه‌و هاووڵاتی چه‌ند وڵاتێكی دیاریكراو كه‌ ئێستا له‌ ئه‌مریكان و هیچ كارێكی یاساییان بۆ ناكرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌م سێ پێشنیازه‌شدا سه‌رۆك تره‌مپ دیموكراته‌كانی باركرد به‌وه‌ی داوایكرد كه‌ پێویسته‌ به‌په‌له‌ 800 ملیۆن دۆلار بۆ هاوكاری مرۆیی ته‌رخانكرێت بۆ باشتركردنی پشكنینی كه‌شفی تلیاك بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ نایاسایی هاتونه‌ته‌ ناوه‌وه‌، دامه‌زراندنی 2750 پاسه‌وان و دانانی به‌ درێژایی سنووره‌كه‌، دامه‌زراندنی 75 تیمی نوێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی دادگایی ئه‌و په‌نابه‌ره‌ نایاساییانه‌ی به‌ هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ دروستكردنی سیستمێكی نوێ له‌ئه‌مریكای لاتین بۆ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی داوای په‌نابه‌ری ده‌كه‌ن له‌وڵاتی بنه‌ڕه‌تی خۆیان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دوپاتیكرده‌وه‌: “تائێستا پێشنیازه‌كه‌م ئه‌وه‌ی تێدایه‌ كه‌ 5ملیار دۆلار ته‌رخانكرێت بۆ دیواره‌كه‌ نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ی هه‌مووی كۆنكرێت بێت به‌ڵكو ته‌نیا 230 مایل-ی كۆنكرێتی ئه‌وه‌ی تری دیواری ئاسنی بێت”.
سه‌رۆك تره‌مپ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی میهره‌بانانه‌ی ده‌وێت ده‌رباره‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ی له‌سنووری باشور هه‌یه‌ و ده‌ڵێت: “ئومێد ده‌كه‌م دیموكراته‌كان به‌ “پرۆژه‌ یاسایه‌ك” بۆچاككردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ “پاڵپشتێكی جه‌سوور”یان هه‌بێت و ده‌شڵێت: “رێگه‌ناده‌م ئه‌وه‌ رووبدات و بوترێت دیواره‌كان نائه‌خلاقییه‌، به‌ڵكو له‌واقیعدا پێچه‌وانه‌ی ناخلاقییه‌”.
هه‌روه‌ها ئه‌م بانگه‌وازه‌ی تره‌مپ ئه‌وه‌ی لێده‌خوێنرێته‌وه‌ كه‌ توانی له‌ سه‌قفێكی به‌رزی داواكارییه‌وه‌ بێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی دیموكراته‌كان هه‌ر هیچ نه‌بێت قایل ده‌بن به‌ چاككردنی یاساكانی په‌نابه‌ری و ئه‌و لێشاوه‌ی ساڵانی ڕابردوو بۆ ئه‌مریكا كۆتایی پێدێنێت به‌تایبه‌تی له‌ئه‌مریكای لاتینه‌وه‌ و ئه‌و هه‌زاران منداڵه‌ی ده‌هێنرێنه‌ ئه‌مریكا.
مێتش ماكۆنێل سه‌رۆكی زۆرینه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی پیران دوابه‌دوای ئه‌م داوایه‌ وتی: “ئه‌نجومه‌نی پیران داده‌نیشێت بۆ گفتۆگۆی ئه‌م بانگه‌وازه‌”.
دیموكراته‌كان پێیانوانییه‌ ئه‌و داوایانه‌ی تره‌مپ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بڕوات و ده‌نگ بهێنێت، هه‌ر بۆیه‌ نانسی پێلۆسی دوابه‌دوای وتاره‌كه‌ وتی:”به‌داخه‌وه‌، ئه‌و پێشنیارانه‌ی كه‌ كردوونی پێشتر وتراون و به‌ته‌واوی ره‌تكراونه‌ته‌وه‌، ئه‌و پێشنیارانه‌ چاره‌سه‌ری هه‌میشه‌ییان تێدا نه‌بوو كه‌ زۆریان وڵاته‌كه‌مان پێویستی پێیه‌تی.”
ماوه‌ی دوو مانگی رابردوو سه‌رۆك تره‌مپ له‌شه‌رێكی سه‌ختدا بوو ئه‌و توانیویه‌تی قه‌ناعه‌ت به‌به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی بكات كه‌ په‌نابه‌ری نایاسایی ترسێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ئه‌مریكا، له‌تواناشیدایه‌ سنووری باشور به‌ته‌واوی دابخات، هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ ئه‌مریكای پێ باركراوه‌ په‌كیان بخات هه‌روه‌ك له‌م دوو ساڵه‌دا په‌كیخستوون، به‌ڵام سه‌رۆك تره‌مپ خۆی گه‌شبینیه‌كیشی پێوه‌ بوو به‌وه‌ی كه‌ كۆشكی سپی ئه‌توانێت ئه‌و “ئاسته‌نگییه‌ بشكێنێت” له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا و كۆتایی به‌ شه‌تداونی حكومه‌ت بهێنرێت.
كۆتا وایده‌بینم شه‌تداونی حكومه‌ت رۆژی سێشه‌ممه‌ ده‌چێته‌ قۆناغێكی نوێ-ه‌وه‌، دیموكرات و كۆمارییه‌كانیش له‌ خراپی دۆخی شه‌تداون تێگه‌یشتوون و ده‌شێت فشاری هه‌واڵگری ئه‌مریكا-ش یان له‌سه‌ر بێت.

لوقمان غەفور

ئەرشیڤی بەڕێز: لوقمان غەفور