لوقمان غه‌فوور: تره‌مپ پیاوی رووخاو-و پێشمه‌رگه‌ش قاره‌مان.

ئێستا ده‌پرسن چ په‌یوه‌ستییه‌ك له‌نێوان تره‌مپ و پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه‌، په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌رووی پێگه‌و زه‌مه‌ن و جوگرافیاوه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر نا لۆجییكییه‌، به‌ڵام له‌رووی ره‌خنه‌لێگرتنه‌وه‌ له‌هه‌ردووكیان لۆجییكییه‌. من دوای چوار ساڵ ژیان له‌م […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ئێستا ده‌پرسن چ په‌یوه‌ستییه‌ك له‌نێوان تره‌مپ و پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه‌، په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌رووی پێگه‌و زه‌مه‌ن و جوگرافیاوه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر نا لۆجییكییه‌، به‌ڵام له‌رووی ره‌خنه‌لێگرتنه‌وه‌ له‌هه‌ردووكیان لۆجییكییه‌.
من دوای چوار ساڵ ژیان له‌م ئه‌مریكایه‌ هێدی هێدی له‌ ئازادی رۆژنامه‌نووسی و نووسین تێده‌گه‌م، ره‌نگه‌ ئێستا بێمه‌وه‌ كوردستان و بچمه‌ كه‌ناڵێكی میدیایی، جا حزبی بێت یان ئه‌هلی و بیلایه‌ن بێت تووشی سه‌د گرفت بم له‌ناو ناخی خۆمدا، چونكه‌ ئه‌وه‌ی من بینیومه‌و ئه‌وه‌ی من لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌م زۆر ئه‌سته‌نگه‌ له‌میدیای كوردیدا جێگه‌ی بێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عیراقه‌وه‌ سه‌دان وۆرك شۆپ و خول كرانه‌وه‌، كه‌چی میدیای كوردی له‌ پاشه‌كشێدایه‌ له‌پێشه‌كشێدا نییه‌. خۆ ئه‌گه‌ر پێشم بڵێن بڕۆره‌وه‌ به‌ نووسین و كاره‌ كۆنه‌كانتدا ئه‌وه‌ سه‌دان شتی لێئه‌سڕمه‌وه‌.
هۆكاری ئه‌مه‌ ئاسانه‌ چونكه‌ زۆربەی ئه‌وانه‌ی میدیا له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن به‌شی زۆریان تا ئه‌م ساته‌ له‌ژێر كاریگه‌ری میدیای عه‌ره‌بیدان، كه‌م تا زۆر ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری یه‌كتریشه‌وه‌، مۆدێلێكی خراپی میدیایش هاته‌ ئاراوه‌ كه‌ ته‌نیا ئه‌بێت ته‌شهیرو ناوزڕاندن بكرێت ئه‌وكات ئه‌بیت به‌میدیایه‌كی بوێر و هه‌ق.
میدیای ئه‌مریكی ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌ به‌ سه‌رۆك تره‌مپ-ی كردووه‌ به‌مێژوو به‌ هیچ سه‌رۆكێك نه‌كراوه‌، له‌ دۆێنێوه‌ میدیا، تره‌مپی ناو ناوه‌ “پیاوی روخاو”، به‌ڵام نه‌مبیست رۆژێك ره‌خنه‌ له‌ فیرقه‌یه‌كی سوپای ئه‌مریكی بگیرێت، نه‌مدی ره‌خنه‌ له‌پۆلیسێكی فیدرالی بگیرێت مه‌گه‌ر بوبێته‌ هۆی پێشێلكردنی مافی هاووڵاتییه‌كی ئاسایی.
من نابینم هاووڵاتی له‌به‌رده‌م مایك چه‌له‌حانێ بكات له‌گه‌ڵ سه‌رۆك تره‌مپ-دا، نوسه‌ر و رۆشنبیر و شیكاره‌ سیاسییه‌كان دێن قسه‌ ده‌كه‌ن، نابینم كابرایه‌كی سه‌رجاده‌ بێنن، ده‌ست بكات به‌ته‌شهیر به‌ سه‌ربازێكی ئه‌مریكی كه‌ ئه‌جه‌نگێت بۆ ئه‌مریكا، په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مریكا و ئه‌و هاووڵاتییه‌ وه‌ك په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و سه‌ربازه‌ و ئه‌مریكا له‌ ماف و ئه‌ركدا یه‌كه‌، بۆیه‌ خۆی وه‌ك ئه‌و ده‌بینێته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ میدیای كوردی ناچێت قسه‌ له‌سه‌ر “مه‌سعود بارزانی” بكات دێت به‌چه‌كوشێك به‌رئه‌بێته‌ گیانی ئه‌و هاووڵاتییه‌ی كه‌ ناوی پێشمه‌رگه‌یه‌ و وه‌ك ئه‌و زۆربه‌ی مافی ژیانی لێزه‌وتكراوه‌، به‌ڵام به‌خۆی نازانێت.
میدیا له‌ ئه‌مركیا دێت قسه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و فه‌سادی كۆنگرێسمانێك ده‌كات، به‌ڵام ناچێت مایك بخاته‌ به‌رده‌می هاووڵاتییه‌كی سه‌رجاده‌ و قسه‌ی له‌سه‌ر بكات، قسه‌كردنه‌ جێده‌هێلێت بۆ خه‌ڵكی پسپۆر، بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌زانن چۆن قسه‌ئه‌كه‌ن و قه‌ناعه‌ت به‌خه‌ڵك ده‌كه‌ن، من با سه‌دان دێڕ له‌ته‌له‌فزیۆنێكه‌وه‌ بڵێم كه‌ كاریگه‌ری نه‌بێت و جێگه‌یه‌ك نه‌كاته‌وه‌ له‌ زهنی بینه‌ردا، بۆچی باشه‌؟! دڵنیام له‌م ئه‌مریكایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌مان سیاسه‌تی میدیای كوردستان دووباره‌ بكرێته‌وه‌ لێره‌ش هه‌مان ئه‌ناركی میدیایی دروست ده‌بێت، ده‌شێت خراپ تریش بێت.
35 رۆژه‌ شه‌تداونی حكومه‌ت بوو له‌ ئه‌مریكا، مایك نه‌چووه‌ ناو چوار به‌ڕێوه‌به‌رێتی و رای فه‌رمانبه‌ر وه‌رگرێت، ئه‌وه‌ جێهێڵدراوه‌ بۆ شیكه‌رانی سیاسی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن، جێهێڵراوه‌ بۆ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئابوریناسان ته‌ته‌ڵه‌ی بكه‌ن، سه‌دان ناڕه‌زایی ده‌ربڕدرا له‌به‌رده‌م كۆشكی سپی، ته‌له‌فزیۆنه‌كان مایكیان نه‌خسته‌ به‌رده‌م خۆپیشانده‌ران، خه‌ڵكی پسپۆر و سیاسی هات قسه‌ی له‌سه‌ركرد. كه‌ تره‌مپ بڕیاریدا هێزی سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌سوریا بكێشێته‌وه‌، مایك نه‌چوو بۆ بازاڕ قسه‌ له‌گه‌ڵ كوتاڵفرۆش بكات، كه‌چی له‌ كوردستان مایك ئه‌خرێته‌ به‌رده‌می ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ قسه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌ت ده‌كات، ئاوڕێك له‌ولاتریش بده‌ره‌وه‌ سه‌ركرده‌كان دانیشتوون و كه‌مترین ره‌خنه‌ به‌لایاندا تێده‌په‌رێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌تایبه‌تی میدیای بینراو، له‌بری سیاسییه‌ پله‌ یه‌كه‌كان به‌یه‌كدابكێشێت كه‌چی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌یه‌كداده‌كێشێت، جیاوازی چییه‌ له‌نێوان هاووڵاتییه‌كی ئاسایی و پێشمه‌رگه‌یه‌كدا، جیاوازی چییه‌ له‌نێوان فه‌رمانبه‌رێك و به‌رێوه‌به‌رێكی گشتیدا؟.
من پێموایه‌ تا سیاسه‌تی میدیای به‌م شێواو و بیركردنه‌وه‌ بڕوات به‌ڕێوه‌ نه‌ك 10 جاری تر سه‌د جاری تر پێشمه‌رگه‌ی دێرین و پێشمه‌رگه‌و كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌م توێژانه‌ی كه‌ حزب به‌ئاسانی ده‌توانێت بیانجولێنێت، ده‌جوڵێنرێن و ده‌هێنرێنه‌ سه‌ر جاده‌، بۆیه‌ نه‌ دووه‌م جار و نه‌ دواجار ده‌بێت.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
لوقمان غەفور

ئەرشیڤی بەڕێز: لوقمان غەفور