نەوزادى موهەندیس: ڕێکەوتنى سیاسى ئەوجا حکومەتى هەرێم!

دواى زیاتر لە 3مانگ و نیو هێشتاش چارەنوسى پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دیارنیە و هێشتاش گفتوگۆ بێزەنتیەکانى نێوان 3 لایەنە سەرەکیەکەى ( پارتى و یەکێتى و گۆڕان) بەردەوامن، بەبێ ئەوەى […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

دواى زیاتر لە 3مانگ و نیو هێشتاش چارەنوسى پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دیارنیە و هێشتاش گفتوگۆ بێزەنتیەکانى نێوان 3 لایەنە سەرەکیەکەى ( پارتى و یەکێتى و گۆڕان) بەردەوامن، بەبێ ئەوەى تروسکاییەکى دڵخۆشکەر و مژەدەبەخشى خۆشى لەئاسۆدا بەدیارکەوتبێت.
هەموان دەپرسین ئایا هۆکارى ڕێکنەکەوتن و پێکنەهاتنى ئەم 3 لایەنە چیە؟ بەتایبەتیش یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان وەکو هێزى یەکەم و دووەمى براوەى هەڵبژاردنەکانى 30 ئەیلولى 2018ى پەڕلەمانى کوردستان؟ بێ متمانەییە لەنێوانیاندا؟ یان هەوڵدانە بۆ سەپاندنى ئەجێنداى تایبەت بەسەر ئەوانى تردا؟ دەکرێت بوترێت حکومەتێکى شەراکەتى ڕاستەقینە؟یان زاڵبوونى لایەنێک بەسەر ئەوانى تردا؟ و دەیان پرسیارى تریش..
ئەوەى لەئەنجامى 3 گەڕى گفتوگۆکان دەخوێنرێتەوە ئەوەیە کە هیچ کامیان لەو سێ لایەنە متمانەیەکى تەواویان بەوانى تر نیە و هەریەکە بە گومان و ترس و دوودڵیەوە دەڕوانێتە بەرامبەرەکەیان و هێشتاش هیچ کامیان کارت و داواکاریە ڕاستەقینەکانى خۆیان نەخستۆتە سەر مێزى گفتوگۆکان و هێشتاش لە قۆناغى زمان تاقیکردنەوە و نیەت خوێندنەوەى یەکتریدان و هیچ کامیان گەرەکیان نیە تەواوى کارتەکانیان ئاشکرا بکەن و هەموانیان بەرزترین سەقفى داواکاریەکانیان پێشکەشدەکەن کە ئەمە لە سیاسەتى گفتوگۆکاندا تەنها بەرکوڵ و دەستپێکە، ئەگینا نیەتە ڕاستەقینەکان لەکۆتادا دێن کە زۆر کەمترن لەداواکاریە سەرەتاییەکان.
هۆکارى سەرەکى نەگەیشتنە ڕێکەوتن دواى زیاتر لە 3 مانگ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە هەریەکە لە یەکێتى و پارتى دیدگا و تێڕوانین و خوێندنەوەى نوێیان هەیە بۆ قۆناغى ئایندەى حوکمڕانى کوردستان و لەسایەى گۆڕانکاریەکان و ململانێکانى نێوانیان و گۆڕانکارى لەتەرازووى هێزەکان و ئاڵوگۆڕى نێو عێراق و تەواونەکردنى کابینە حکومیەکەى عادل عبدالمهدى و چەقبەستنى دۆخى کەرکوک و جێگە ناکۆکەکانى تر، هەموو ئەمانە هەردوولایانى هێناوەتە سەر ئەو بڕوایەى کە ناکرێت بە ئالیەت و میکانیزمى کابینەکانى پێشووتر ئەم کابینە حکومیە نوێیە پێکبهێنن، بەتایبەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان هەر لەسەرەتاوە داواى شەراکەتێکى ڕاستەقینەى کردوە لە حکومەتدا، شەراکەتێک کە هەردوولا شەریکى ڕاستەقینە بن لە بڕیارەکان و بەرپرسیاریش بن لە ئێستا و ئایندە، یەکێتى گەرەکێتى حکومەتێکى بەهێزى سیاسى و ئابورى و جەماوەرى و ئەمنى پێکبهێنرێت کە حکومەتى هەموان بێت بێ جیوازى لە زاخۆوە تا خانەقین بەکەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانیشەوە، یەکێتى دەیەوێت سەرجەمى کێشە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و ئەمنیەکان کە پەیوەندیان بەدواڕۆژى کوردستان و هەرێمەوە هەیە پێکەوە و وەک یەک پاکێج تەماشابکرێن و بخرێنە سەر مێزى گفتوگۆو ڕێکەوتنى سیاسیان لەسەر بکرێت، یەکێتى دەیهەوێت کە لەهەرێم و کەرکوک و بەغداد کورد پێکەوە کاربکەن و پێکەوەش ڕووبەڕووى ئاڵنگارى و مەترسیەکانیش ببنەوە، چونکە ناکرێت لەهەرێمدا حکومەت پێکبهێنرێت و وەکو بەشێکى دابڕاو سەیربکرێت لە کێشە و ململانێکانى کەرکوک و بەغداد، چونکە هەموو کات و بەدرێژایى شۆڕشەکانى کورد کەرکوک جێگە و خاڵى ناکۆکى و پێکنەگەیشتنى کورد و بەغداد بوون، هەربۆیە کەرکوک بەشێکى دانەبڕاوە لەکوردستان و دەبێت بەهەوڵى هەموو کوردیش لە بەغداد و لەگەڵ دەسەڵاتدارانى بەغداد چارەسەرییان بۆ بدۆزرێتەوە، بەم شێوەیە ناکۆکى لەتێڕوانین و لێکتێگەیشتن هەیە لەنێوان یەکێتى و پارتیدا و هەر ئەمەشە کە بۆتە خاڵى پێشنەکەوتنى گفتوگۆکان .
لەلاى پارتى و گۆڕانیشەوە ئەوەى دەخوێنرێتەوە هێندە دوور نین لەیەکترەوە و دەکرێت دواى ڕێکەوتنى پارتى و یەکێتى بەئاسانى گۆڕان و پارتیش ڕێکبکەون، چونکە گۆڕان چاوەڕوانى هەڵوێستى یەکێتى دەکات بە بەشداریکردن یان نەکردن لەحکومەتدا، چونکە گەر یەکێتى بەشدارى نەکات ئەوا بەدڵنیایى گۆڕانیش بەشدار نابێت چونکە باش دەزانێت چارەنوسى ئەو حکومەتە بەبێ بوونى یەکێتیەکى کارا و بەهێز سەرکەوتوو نابێت و ئەنجامیش گۆڕان تەنها بەشداریەکى شکڵى دەبێت بەبێ دەسەڵات و لەبەرامبەر دۆست و لایەنگر و ئەندامان و جەماوەرەکەیدا تووشى ئیحراجیەکى گەورە دەبێت لەبەرئەوەى ناتوانێت لەناوچەى سەوزدا هیچ بەڵێنێک جێبەجێبکات بۆیە بەشدارینەکردنى گۆڕان یان بەشداریکردنى وەستاوەتە سەر کۆتا بڕیار و هەڵوێستى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان.
بۆیە دەبێت کە هەنگاوى یەکەم ڕێکەوتنێکى گشتگیرى سیاسى و ئابورى و ئەمنى لەسەر هەموو مەسەلە گرنگەکان بکرێت، ئەوکات بڕیار لەسەر بەرنامە و کار و نەخشە ڕێگاو پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم بدرێت، چونکە ناکرێت کابینەى حکومەت لەهەرێم پێکبهێنرێت بەبێ بوونى مادە و بڕگەى تایبەت بە چارەسەرکردنى ململانێ و ناکۆکى و دواڕۆژى کەرکوک و ناوچەکانى تر و ململانێ و ناکۆکیەکانیش لەگەڵ بەغداد، چونکە گەر حکومەتى هەرێم خۆى بەخاوەنى کەرکوک و هەموو ناوچەکانى تریش دەزانێت دەبێت بیخاتە نێو بەرنامەى کارى خۆیەوە، بۆیە پێش پێکهاتنى ئەم حکومەتە لەهەرێمدا گەرەکە ڕێکەوتنێکى سیاسى لەنێوان پارتى و یەکێتى بەتایبەتى و دواتریش گۆڕانیشدا بکرێت، بۆئەوەى هەموان بەرچاویان ڕوونبێت لەسەر چ بەرنامە و نەخشە ڕێگایەک ڕێکەوتون و بۆ 4 ساڵى ئایندە کارى لەسەر دەکەن.
ئەم هەنگاوە پێویستە بۆ ئەوەى هەڵەکانى ڕابووردوو و هەڕەشە و سیاسەتى خۆسەپاندن و تەریک و بێبەشکردنى لایەنێک دووبارە نەبێتەوە و لەنیوەى ڕێگادا حکومەت لێکبترازێت و جارێکى تریش حکومەت نەبێتە حکومەتى تاکلایەنە و حکومەتى خۆسەپاندن، چونکە دەرکەوت لەکوردستان و لە عێراق و لەناوچەکەشدا حوکمڕانى بەتەنها هێزێک ناکرێت چەندە بەهێز و خاوەن نفوز و پارە و دەسەڵاتیش بێت، جا بۆ زامنکردنى سەرکەوتنى کابینەى حکومەتى نوێ، ئەم ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتنە سیاسیە پێشوەختە گەلێک پێویستە.
هەربۆیە دەکرێت پارتى دیموکراتى کوردستان وەک هێزى براوەى یەکەم بەدید و تێڕوانینى کراوەتر و فراوانتر لە 4 ساڵى ڕابووردوو سەیرى کێشە و ململانێ و داواکاریەکانیش بکات و بەعەقڵیەتێکى کراوەتریشەوە مامەڵە لەگەڵ بەرامبەرەکانى بکات نەک بە زمانى ژمارەى کورسى و براوەى یەکەم بدوێت، چونکە گەر ڕێکەوتنێکى سیاسى پێشوەختە ئەنجامبدرێت ئەوا پێکهێنان و دابەشکردنى پۆستەکان زۆر ساناتر دەبێت و بەدڵنیایش سەرکەوتن زۆر نزیکتر دەبێت و چارەنوسى حکومەتەکەش ڕۆشنتر دەبێتەوە. بەڵام بەپێچەوانەوە ناکرێت هەموان لەسەر داواکاریە تەعجیزیەکانى خۆیان مکوڕبن و هەنگاوێک نەیەنە پێشەوە و سەقفى داواکاریەکانیان دانەبەزێنن و بەردەوامبن لەسەر عینادى سیاسى خۆیان و سەنگەر لەیەکتر بگرن، چونکە ناکرێت قۆناغى داهاتوو بەو هەموو هەستیاریەوە سەرقاڵى ئەم ململانێ حیزبیانە بێت لەکاتێکدا هەموو ناوچەکە گیردۆدەى ململانێى توند بونەتەوە و زۆر نزیکیشە سەربکێشێت بۆ جەنگێکى گەرمى سەربازى و ڕووبەڕووبونەوەى ڕاستەوخۆى نێوان زلهێزە دونیایى و ناوچەییەکان، کە هەموانیشیان گۆڕەپانى ئەو جەنگە دەگوزانەوە بۆ سەر خاک و گەلانى کوردستان. بۆیە گەر هەموان گەرەکیان بێت کە حکومەتێکى بەهێز پێکەوەبنێن و شەراکەتێکى ڕاستەقینەش پیادە بکەن ئەوا دەبێت زیاتر نەرمونیان تر بن و ڕاستگۆیانە بێنە پێشەوە و متنمانەى زیاتریش بەیەکدى بکەن.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
نەوزادی موهەندیس

ئەرشیڤی بەڕێز: نەوزادی موهەندیس