Salar-Basire

دکتۆر سالار باسیرە: جەنگی سوریاو ڕۆل و سیاسەتی ئیقلیمی و نێودەولەتی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خویندنەوەیەکی سیاسی و ئابوری

ناوەڕۆک
جەنگ درێژەپێدانی سیاسەتە بە شێوەیەکی تر
کورتەیەک دەربارەی سوریا
سەرەتای دروستبوونی ناکۆکی و جەنگی سوریا
سیاسەتی ئێران لە سوریا
سیاسەتی تورکیا لە سوریا
ئەمریکا ، ڕوسیا ، تورکیاو رۆژاڤا
سوریاو تاقیکردنەوەی چەک
وزە هۆکارێکی گرنگی جەنگی سوریا

جەنگ درێژەپێدانی سیاسەتە بە شێوەیەکی تر
لە پێناسەکەی Clausewitz جەنگ بەواتای درێژەپێدانی سیاسەتە بە ئامرازی تر. هەول ئەدات جەنگ وەک ڕوداوێک تێبگات کە تێیدا لایەنێکی بەشداری جەنگ ئیرادەی خۆی بەسەر لایەنێکی تری بەشداربووی جەنگەکە بسەپێنێ. جەنگ ڕوبەڕوبونەوەیەکی بەرفراوانی دوو لایەنەو شێوازێک لە کردارە بەئامانجی ئەوەی بەرامبەرەکەی گێڕ بکات یان سنوری بۆ دابنێت یان بیخاتە ژێر خواستی خۆی .
جەنگیش هەروەک ئاشتی سیاسەتە. ئاشتی سیاسەتە بەبێ شەڕ ، جەنگیش سیاسەتە بەرێگای جەنگ و خوێن ڕشتنەوە. سیاسەتیش بریتیە لە هونەری کەلک وەرگرتن لەبارودۆخەکە بۆ بەرژەوەندیەکی تایبەت. “ئەو کاتە دەتوانین لە ناوەڕۆکی جەنگ بگەین ئەگەر دەربارەی سیاسەتی دووفاقیی جەنگەکە بکۆلینەوە بەر لە هەلگیرسانی. جەنگ هەر تەنیا پێکدادانی چەکداری نێوان لایەنەکان نیە بەڵکو ململانێی توندوتیژە لەنێوان ئابوری و سیاسەت و ئایدۆلۆژیای لایەنەکان. بە دەستپێکردنی جەنگ هەموو ئەم لایەنانەی ئاماژەیان پێدرا ئاڕاستەی سەرکەوتن و هێنانەدی ئامانجەکانی جەنگ دەکرێن” . بەلام هەموو جەنگەکانیش هاوشێوە نین. هۆی ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ جیاوازی هەلومەرجی مێژویی سەرهەلدانی جەنگ و هۆکانی هەلگیرسانی جەنگەکە. هەروەها ئەو ئامانجانەی کە لە پێناویاندا جەنگەکان بەرپاکراون. جگە لەوە جەنگەکان لەڕووی شوێن و زەمەن ، چەک و تفاق و شێوازی چالاکیەکان هەروەها ژمارەی پێکدادانەکان و بەرفراوانیەوە جیاوازیان هەیە. بەلام جەنگ هەمیشە شێوەیەکی توندوتیژ بووە بۆ چارەسەرکردن و بەلادا خستنی ململانێ.
هەموو پێکدادانێکی چەکداریی بەجەنگ دانانرێت چونکە بەبێ هەبوونی ئامانجی سیاسی توندوتیژترین پێکدادان بەجەنگ ناژمێردرێ. لێرەدا پێویستە سەرنج بۆ ئەوە ڕابکێشین کە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری ئەو چین و دەولەتەی لەجەنگدان ئامانجی جەنگەکە دیاری دەکەن بۆنمونە جەنگی عێراق / ئێران ، عێراق / کوێت ، جەنگی سوریا ، یەمەن ، ڤێتنام….
دەسپێکی جەنگ پێشتر بە ناکۆکی سیاسی دەستپێدەکات. بەم شێوەیە دەکرێ جەنگ وەک درێژکەرەوەی سیاسەت ببینرێت و جەنگ دەبێتە ئامرازی بە دەستهێنانی ئامانجی سیاسیش .
قەوارەی جەنگ هەمیشە دەگەرێنرێتەوە بۆ ئامانجە سیاسیەکەی هەر دوو لایەنەکە. جەنگ چالاکیەکی رێکخراوە کە هێزە سەربازیەکان و دەزگا غەیرە سەربازیەکان و هەروەها کۆمەلگای سڤیلیش دێنێتە نێوی. چۆنایەتی و چەندایەتی چەک زۆربەی کات بریاردەری سەرکەوتن و دۆڕاندنی سوپاو نەتەوەشە. سەردەمی کۆن میتالی باشترو چەندایەتی چەک بریاری سەرکەوتن بووە. ئەمرۆکە مرۆڤایەتی خاوەنی تەکنەلۆژیای چەکی مۆدێرنە.

کورتەیەک دەربارەی سوریا
کۆماری سوریا لە سالی 1930 دامەزراو لە سالی 1946 بووە دەولەتێکی سەربەخۆ. لە سالی 1963وە لە ئەنجامی کودەتاوە حیزبی بەعس بە شێوەیەکی دیکتاتۆرانە حوکمی سوریا دەکات.
کۆماری عەرەبیی سوریا دەولەتێک لە ڕۆژهەلاتی نزیک. لە باشورەوە سنوری لەگەل ئیسرائیل ، لە ڕۆژئاواوە سنوری بە لوبنان و دەریای سپی ناوەڕاستەوە هەیە. لە باکوریشەوە سنوری بە تورکیاو ، لە بەرەی ڕۆژهەلاتیشەوە سنوری بە عێراقەوە هەیە. دورگەی قوبروس نزیکەی 125 کم لە قەراغ دەریای سوریاوە دوورە. بە ڕووبەری 185 هەزار کم دووجا سوریا نیوەی ڕوبەری ئەلمانیا دەبێت.
لە سالی 2010 دانیشتوانی سوریا نزیکەی 21 ملیۆن کەس بووە. بەلام زیاتر لە پێنج ملیۆن سوریی بە هۆی بارودۆخی جەنگەکەوە هەلاتوون بۆ دەرەوەی ولات و بۆ ئەوروپا. زیاتر لە شەش ملیۆن سوریی لەناو خاکی سوریا خۆی ئاوارە بوون. بەواتا نزیکەی 12 ملیۆن هاولاتی سوریی لەناو دەولەت و دەرەوەی دەولەتدا بوونەتە پەناهەندە ، ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە بۆ دانیشتوانی سوریا.
زۆرینەی دانیشتوانی سوریا عەرەبە کە دەکاتە 80% و زۆرینەی سونە مەزهەبەو زمانی فەرمی لە سوریا عەرەبیە. کورد دووەم گەورە گەلە لە سوریا کە خاوەن مێژوو ، زمان و کەلتوری تایبەت بە خۆیەتی. ئەرمەنەکان لە نێوان سالانی 1025 و 1935 وەک پەناهەندە لە تورکیاوە چونەتە سوریا. دوو لەسەر سێیان لە حەلەب نیشتەجێن و نزیکەی 20% یش لە دیمەشق. ئەوانەی تریان بەسەر ناوچەکانی شارە گەورەکانی وەک ناوچەی جەزیرە نیشتەجێ بوون. هەروەها تورکومان و چەرکەسی سونە مەزهەب و ئاشوری لە سوریا هەن. بەدەر لەوە نزیکەی نیو ملیۆن پەناهەندەی فەلەستینی لە سوریا دەژی و بە هۆی بارودۆخی جەنگی عێراقیشەوە لە کۆن و نوێدا باس لە دوو سەد هەزار پەناهەندەی عێراقی دەکرێت لە سوریا کە ژمارەیەکیان لە ئاسوریەکانن. بەلام عەلەویەکان نزیکەی 12%ی دانیشتوان پێک دەهێنن کە حوکمی زۆرینەی سوریا دەکەن. بنەمالەی ئەسەد لە عەلەویەکانە. جگە لەوانە لە سوریا دروزی و یەزیدی و ژمارەیەکی کەمیش جولەکەی تێدا دەژی. یەزیدیەکان خۆیان وەک کورد پێناسە دەکەن کە زۆربەیان لە نێوان حەلەب و عەفرین و لە گوندەکانی لای عەمودەو قامیشلۆ دەژین.
ئەو ئاماژانەی سەرەوە ئەو ڕاستیەمان نیشان ئەدات کە سوریا وەک دەولەتێکی دەستکرد کۆمەلگایەکی پلورالیستی و فرەییەو نەبوونی مافی کەمینەو ئیتنیکەکان و مەزهەبە جیاوازەکان ئەمانیش هۆکارێکن بۆ ناکۆکییەکانی نێوان گەلانی سوریاو دەسەلاتی مەرکەزیی کەمینە.
لە مانگی 5ی 2015 داعش نیوەی خاکی سوریای کۆنترۆل کردبوو ، کە تەنیا 15%ی دانیشتوانی سوریای لەسەر دەژی ، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی تری ڕۆژئاوای سوریا لە 13 پارێزگا 10ی کەوتۆتە ئەو ناوچانە کە زۆرینەی دانیشتوانی سوریای لێ دەژی وەک حەلەب و لازقیەو حمێ و حەماو ئیدلیب و … کە بەشێکی بەرچاوی لەژێر کۆنتڕۆلی حکومەتی سوریایەو ئەوەی تری لەلایەن سوپای ئازادی سوریاوە ، کورد ، داعش، القاعیدەو بەرەی نوێرە بە هاوکاری لایەنی دەرەکی وەک تورکیا کۆنترۆل کراوە . بەشێکی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ناو سوریا هاوکات دژ بە یەکتریش دەجەنگن. جگە لە کورد کە هاوپەیمانی ئەمریکایە چیتر ئەوانی دی لە لایەن سعودی و قەتەرو تورکیاوە پشتگیری کراوون ، بەتایبەت حکومەتەکەی ئەردۆگان.

سەرەتای دروستبوونی ناکۆکی و جەنگی سوریا
دوای ئەوەی کە بە بەهاری عەرەبی ناودەبرێت و دواتر سوریاشی گرتەوە ، سەرەتا بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەستی پێکرد ، دواتر گۆڕا بۆ ئاڕاستەیەکی توندوتیژی و دروستبوونی دەیان هێزو رێکخراوی سیاسی و چەکدار بە ئاڕاستەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی جیاوازو پەیوەندی دەرەکی جیاوازەوە. ئەم جەنگە، کە بە خوێناویترین و ئالۆزترین جەنگ لە ئێستای ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا هەژمار دەکرێت ئەویش لە دەرئەنجامی چوونە ناوەوەی چەندین لە دەولەتانی ئیقلیمی و نێو دەولەتیی تێیدا کە هەریەکەو بە دوای ئامانج و بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری خۆی کەوتووە ، دیاردەیەک نەک هەر جەنگەکەی خوێناویترو ئالۆزو درێژخایەن کردوە بەلکو چارەسەرەکانیشی قورس کردوە. گەورەترین قوربانییش لەم جەنگە قێزەونە خەلکی مەدەنیە..
شەڕەکانی سوریا بریتی نیە تەنیا لە یەک شەڕ بەلکو چەندین شەڕەو لەلایەن شوێن و زەمەنیشەوە گەمەکەرەکان و هەروەها ئامانجەکانیشیان هاوشێوە نیە. کورد لە ڕۆژاڤا بەرگری سەرسەخت لە خاک و ئامانجێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆی دەکات و جەنگێکیان بەسەردا سەپاندوە.
بەهاتنە ناوەوەی داعش بۆ جەنگی سوریاو خێرا گەشەکردنی و ئیدیعای دروستکردنی خەلافەتێکی ئیسلامیی لە دەولەتەوە بۆ خەلافەت کە لە عێراق و شامەوە دەست پێبکات ڕویەکی بە جیهانی کردنی جەنگی سوریای لێکەوتەوە بەتایبەت کە داعش بووە هەڕەشە بۆ ئەوروپاو ڕۆژئاواش بەگشتی و بووە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی جیهانی و بەرژەوەندیە نێودەولەتیەکانیان لە ناوچەکەش. ئەو ناوچەیەی هەریەک لە هێزە ئیقلیمی و نێودەولەتیەکان بە دوای بەرژەوەندی خۆیەوە بووە بە سوریاشەوەو هەریەکەشیان بە دوای هاوپەیمانی خۆیدا دەگەڕێت و جەنگەکان بوونە جەنگی بە وەکالەت، بێ ئەوەی ئەمریکاو ڕوسیا ڕاستەوخۆ لە ڕووی سەربازیەوە ڕوبەرووی یەکتر ببنەوە.
ئەگەر لە سەرەتای جەنگی سوریاوە هێزەکان کۆک بووبن لەوەی داعش دوژمنێکی هاوبەشەو هاوبەش شەڕ بۆ لەناو بردنی بکرێت ، ئەوا چیتر هێزەکان دوای سەرکەوتنیان بەسەر داعیشدا شەڕ لەسەر دەستکەوتەکانیان دەکەن لە ئایندەی سوریاداو بۆ ئەم ئامانجەش شەڕی یەکتریش دەکەن. ئەو لایەنەی بتوانێت کۆنتڕۆلی سوریا بکات ئەوا سنورێکی ڕاستەوخۆی بە دەولەتی ئیسرائیلەوە دەبێت. بەلام ئەگەر ئەو کۆنتڕۆل کردنە لە لایەن هێزێکی دژ بە ئیسرائیل بێت ئەوا ئاسایشی ئیسرائیل دەکەوێتە مەترسیەوە. ئەگەر بە پێچەوانەوە هێزێکی دۆستی ئیسرائیل کۆنترۆلی سوریا بکات ئەوا بەشێکی سنوری ئیسرائیل پارێزراو دەبێت. لێرەدا لبنان عەزل دەبێت و پەیوەندی نێوان حیزبولاو ئێران دەبچرێت.
خۆ ئەگەر ئەو دەسەلاتی کۆنتڕۆل کەرە ئەندامێکی ناتۆ بێت ئەوا سوریا پێکەوە لەگەل تورکیای ناتۆدا (نەک تورکیای ئەردۆگان) و هەروەها ئەردەنی هاوپەیمان دەتوانن پێکەوە پشتێنێکی ئەمنی بە دەوری ئیسرائیلدا دروست بکەن و هاوکات بوون و کاریگەریی ڕوسیاو چین و ئێران کەم بکەنەوە، ڕوخانی سوریای ئەسەد کاریگەریی نەرێنی گەورەی دەبێت لەسەر حیزبولاو لایەنە ئیسلامیە فەلەستینیەکانیش و هاوکات بچڕانی هاوکاری و پەیوەندیەکانی ئێرانیش بەو لایەنانەوە کە بەرێگای سوریای ئەسەدەوە دەکرێت ، ئەوەش هۆکارێکە بۆچی ئێران پشتگیریی ڕژێمی ئەسەد دەکات. لێرەدا بە ڕوونی دەبینرێت کە جەنگی سوریا بە تەنها جەنگێگی ئابوری نیە بەلکو سیاسیشە.

سیاسەتی ئێران لە سوریا
یەکێک لە ئامانجەکانی ئێران لە سوریا دروستکردنی رێگایەکی وشکانیە بۆ سەر دەریای سپی ناوەڕاست. بۆ ئەم مەبەستەش دەبوو پشتیوانی لە ڕژێمی بەعس بکات لە سوریا. ئێران لە ناو کۆمەلگای نێودەولەتیدا پێگەیەکی لاوازی هەیە. بۆ بەهێزکردنی ئەم پێگە لاوازەی ، ئێران دەیەوێت لەسەر ئاستی ناوچەکە خۆی بەهێز بکات و بە شوێن دەستکەوتی کارتی سیاسیەوەیە. بۆ ئەم مەبەستەو بەرژەوەندیە ئابوریەکانیشی دەست دەخاتە ناو کاروباری لوبنانەوە بە رێگای حیزبولاوەو پشتگیری کەرێکی قورسی حەماسە. لە یەمەن پشتگیری لە حوسیە شێعەکان دەکات ، دەستی خستۆتە ناو کاروبارەکانی عێراق و سوریاشەوە، هەروەها لە هەولی دروستکردنی چەکی ئەتۆمدایە. ئێران بە ڕکابەری ئەمریکا خۆی لە ڕوسیا نزیک دەکاتەوەو لەگەل ڕوسیاو سوریادا چونەتە هاوپەیمانیەکی هاوبەشەوە.

لە لایەکەوە سوریا بۆ ئێران بنکەیەکی گرنگە بۆ پشتگیری کردنی حیزبولای شێعەی لبنانی لەسەر ئاستە جیاوازەکان و سوریا ئامرازێکی گرنگە بۆ دروستکردنی کاریگەریی لەسەر لبنان کە حیزبولای لێیەو کە هەوالگریی سوریاش تێیدا ڕۆلی خۆی بینیوە. دەکرێ سێ کوچکەی سوریاو ئێران و حیزبولا بەم شێوەیەی خوارەوە ئاماژە پێبدەم:
جەنگی سوریا بۆتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر هاوپەیمانیی ستراتیجی ئێران و سوریاو حیزبولا. ڕژێمی سوری پەیوەندیەکی ژیانیە لە نێوان ئێران و حیزبولاو بەم جەنگەی سوریاو لاواز بوون یان ڕوخانی ئەسەد هەڕەشەی تێکچوونی لەسەرە. پشتگیری سعودیەو چەند دەولەتێکی تری دەولەتەکانی کەنداو بۆ میلیشیا سونەکانی کە دەیانەوێت ڕژێمی سوری بڕوخێنن سوریای کردۆتە ناوچەی شەڕی دەسەلات لە نێوان لایەن و شێعەکانی سەر بە ئێران و سونەکانی سەر بە لایەنە تورکی و عەرەبیەکان. هەربۆیە لە سوریا جەنگێکی بەوەکالەت ڕوودەدات. لێرەدا ئێران پشتگیری ماددی و پێدانی چەک و هەوالگری و پاسداران و هێنانی شێعەکانی دەولەتە عەرەبیەکان دەکات بۆ پشتگیری ڕژێمی سوری. ئێران رێگری دەکات لە دروستکردنی ناوچەی دژە فرین لە سوریا چونکە رێگای هەوایی خێراترین ئیمکانیەتە بۆ گواستنەوەی پێداویستیەکانی بۆ سوریا. لەگەل ئەوەشدا ئێران دیارە حیسابێکی بۆ دۆڕاندنی ئەسەدیش کردبێت و لێرەدا چەند ئۆپشنێک هەن چۆن لەگەل ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد مامەلە بکرێت:
پێکەوە لەگەل ڕوسیا جێگرێک بۆ ئەسەد بدۆزنەوە کە جێگای متمانەی سوپاو عەلەویەکان بێت و سەرۆکێکی بەهێزو جەماوەریی بێت کە ڕێگر نەبێت لە دورخستنەوەی ئێران لە سوریا. دلنیا کردنەوە لەوەی ئێران ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ مافی ڤیتۆی هەبێت لە پڕۆسەی گواستنەوەدا دوای ئەسەدو هەروەها بەردەوامیدان بە ئێرانی کردنی سوپاو هەوالگریی سوری و بە رێگای پاسداران و حیزبولاوە بۆ دژایەتی کردنی بەرەی ڕۆژئاواو سعودیەو ئیسرائیل.
لەم جەنگەدا بۆ ئێران تەنیا مەسەلەی سوریا نیە بەلکو مەسەلەی پردێکی وشکانیشە کە شێعەکانی ئێران بە شێعەکانی عێراق و عەلەویەکانی سوریاو هەروەها حیزبولای شێعەوە لە لبنان ببەستێتەوە بەواتا ئێران کار لەسەر دروستبوونی هیلالێکی شێعی دەکات. تێکدانی ئەو سێ کوچکەیە سعودی وەهابیی بۆ خۆی کردویەتیە ئەرکێکی پیرۆز. لێرەداو بە سەرنجدان بۆ هێزە مەزهەبیەکانی تر دیوە ئاینی و مەزهەبیەکەشی جەنگی سوریا بەدەر دەکەوێ گەرچی بەناوی ئاینەوە سیاسەت پیادە دەکرێت بۆ ئامانجی تر.

سیاسەتی تورکیا لە سوریا
تورکیا وەک هێزێکی ئیقلیمی لە ڕووی مێژویی و جوگرافیشەوە وەک ناوچەی نفوزی خۆی دەڕوانێتە سوریا. تورکیا وا دەیڕوانیە ڕژێمی سوری کە وەک سەرکردەکانی تری بەهاری عەرەبی بە ئاسانی دەڕوخێت و تورکیاش لە رێگای بەکرێگیراوەکانی خۆیەوە حوکمی سوریا دەکات بەلام لە هاوکێشەکەدا بووە لایەنێکی لاوازی جەنگی سوریا هەرچەندە خاوەن سوپایەکی گەورەیەو سنووری جوگرافیشی بە سوریاوە هەیە.
ئامانجێکی سەرەکی درێژخایەنی تورکیا رێگری کردنە لە دروستبوونی کیانێکی کوردی ئەگەر تەنانەت بەهێزبوونی داعشیشی لێ بکەوێتەوە ، ئامانجێکی تری ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد بوو. تورکیا دەیەوێت وەک ئێران ببێتە خاوەن هێزێکی ئیقلیمی لە ناوچەکەدا. بەلام دەرئەنجامی ئەو جەنگەی تورکیا لە سوریاو پشتگیری مورتەزەقەکانی تورکیای ڕوبەڕووی خەرجیەکی زۆرو ملیۆنان پەناهەندە کردۆتەوە لە تورکیا. بەلای تورکیاوە باشترە داعش بگاتە سەر سنورەکەی وەک لە دروستبوونی کیانێکی کوردی لە تەواوی کوردستانداو بە بیانووی ئەوەی کورد لە ڕۆژاڤاو باکور دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دەستی کردوە بە هێرشێکی سەربازی دڕندانە بۆ سەر کوردو ترسی لە بەهێز بوونی کورد هەیە. ئەگەر بڕوانینە مێژووی سیاسی تورکیا بە ئەردۆگانیشەوە بە ڕوونی دەبینرێت کە تورکیا نەخۆشی و فۆبیای کوردی هەیە. تورکیای ئەردۆگان دوژمنایەتی کوردی لە باکورو ڕۆژاڤاشی خستۆتە پێش بەرژەوەندیە نیشتیمانیاکانیەوەو ترسی ئەوەیشی هەیە کە سەرکەوتنی ڕۆژاڤا کاریگەریی ئەرێنی هەبێت بۆ باکوری کوردستانیش و هەروەها بە پێچەوانەشەوە.
بە ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد ڕژێمەکەی ئەردۆگان دەیەوێت ببێتە خاوەن هێزێکی ئیقلیمی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا. بەلام ئەردۆگان بە لاواز کردنی سوریا گەورەترین خزمەتی بە دەولەتی ئیسرائیل کرد. جگە لەوە شەڕڤانانی ڕۆژاڤا بە هەلتەکاندنی داعش لە باکوری سوریا گورزێکی کوشندەی لە ڕژێمەکەی ئەردۆگان دا چونکە ئامرازێکی کاریگەری لەدەست ڕژێمی تورکیا دەرهێنا کە پشتگیریی لە داعش دەکرد لە جەنگی سوریاشدا. شتێکی شاراوە نیە کە ڕژێمی تورکیا لەسەرەتای جەنگەکەوە پشتگیریکەری هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکان بووە بە داعشیشەوە لە هەڵەی ستراتیژی گەورەدایە چونکە تورکیا بەوە دۆسیەی مەترسیداری داوەتە دەست ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی کە دەتوانن دژ بە تورکیا بەکاری بهێنن لە حالەتی پێویستدا.
تورکیای ئەردۆگان بەرامبەر بە بەرهەڵستیەکانی عەفرین زۆرێک خۆی بچووک کردەوە چونکە بەو هەموو هێزەوە نەیتوانی ئامانجە سەربازیەکانی خۆی بپێکێت لەوەی کە لەبەردەم ڕای گشتی تورکیا ئیدیعای بۆ دەکرد کە لە چەند ڕۆژێکدا عەفرین داگیر دەکات بەلام شکۆی سەربازیی شکا. بە هۆی ڕەفتارە تیرۆریستیەکانی ئەردۆگان دژ بە کورد لە باکورو ڕۆژاڤا بابەتی کوردی کردۆتە بابەتێکی ئیقلیمی و نێودەولەتی و پرسی فەلەستینی تا ڕادەیەکی زۆر وەلا ناوە. کێشەیەکی تری تورکیا کێشەی ئەو ژمارە زۆرەی پەناهەندە سوریەکانیشە کە خۆی پشکی سەرەکی بەردەکەوێت لێی بەهۆی بەشداربوونی لە جەنگی سوریادا. بۆتە کێشەیەک بۆ تورکیاو ناوچەکە بە ئەوروپاشەوە.
ئەو بەناو ئۆپۆزیسیۆنەی سوپای ئازادی سوریاش بەشێکیان بوونەتە تیرۆریست و بەشەکەی کەشیان لەژێر کۆنتڕۆلی تورکیایە. لەم جەنگەی سوریادا بە ڕۆژاڤای کوردستانیشەوە ئەوەندەی گەمەکەرەکان تێیدا بەشدار بن ئەوەندە زیاتر وەک دەیبینین ڕەوشەکە ئالۆزتر دەکات. تورکیا وەک ئەندامێکی هاوپەیمانی ناتۆ و گوایە هاوپەیمانی ئەمریکاو ئەوروپایە کەچی لە سەرەتای جەنگی سوریاو داعیشەوە تەواوی سیاسەتەکانی دژ بە ئەمریکاو ئەوروپا بووە.
بۆ گونجاندنی کۆمەلگەی تورکی لەگەل سیاسەت و ئایدیۆلۆژیاکەی خۆیدا تورکیای ئەردۆگان کار بۆ کۆمەلگایەکی ئیسلامی ، ئیخوانی توندڕەوی ناسیۆنالیستی تۆتالیتَێر دەکات. تورکیای ئەردۆگانیش هاوشێوەی سیستەمە تۆتالیتارەکان دەیەوێت پەل بۆ دەرەوەی سنورەکانی خۆی بهاوێژێت ، بەلام پێشتر دەبێت سەقامگیری ناو دەولەتەکەی دەستەبەر بکات و ئەوەش تەنها بە حوکمی ئیرهاب دەکرێت. ئەردۆگان خەو بە دوبارە دروستکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی تورکی عوسمانی دەبینێت و خۆی ببێتە سولتانی ئیمپراتۆرەکە کە بۆ سەردەم و زەمەنی ئێستەی نێودەولەتیی لەخەوی دیکتاتۆرێک زیاتر هیچی تری لێ دروست نابێت ، بەلام ئێستە تورکیا خۆی گرفتاری کێشەو جەنگی سوریاو کورد کردوە کە دەرەنجامەکانی بۆ سەر ناوخۆی ولات نەرێنین و خەرجی جەنگەکەشی لە سوریاو ڕۆژاڤاو باکور رێژەیەکی زۆرە هەمان ئەوەی ڕووی لە ئێرانیش کردوەو باری ئابوری ئەو دوو دەولەتە لە قەیراندایەو ئابورییش بڕبڕەی پشتی دەولەتە

ئەمریکا، ڕوسیا، تورکیاو ڕۆژاڤا
ئەوەی پەیوەندی بە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوەیە لەوە دەچێت چیتر کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەدی ئەوەندە بەلاوە گرنگ نەبێت ئەوەندەی لاواز کردنی داعش و ڕوسیاو ئێرانی مەبەستە بەتایبەت کە زلهێزەکان بەدوای هاوسەنگیی هێزەوەن لە سوریاش و لەوە دەچێت ئەمریکا بەرامبەر بە ڕوسیا پێویستی بە هاوپەیمانی بەهێز هەبێت لە سوریا.
لانی کەمی ئەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە سوریا دەیەوێت بریتین لەوەی سوریا نابێت ببێتە بنکەیەک بۆ لایەنە ئیرهابیەکان کە ببنە هۆی هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی. هەروەها سوریا نابێت ببێتە بنکەیەک بۆ ئێران کە لەو رێگایەوە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات و هەیمەنەو نفوزی خۆی لە ڕۆژهەلاتی ناوین گەورەتر بکات و رێگای دەریای سپی ناوەڕاستی بۆ بکرێتەوە. ئیسرائیلیەکان و سعودیەکان دەیانەوێ ئەمریکا لەو ناوچانە بمێنێتەوە بۆ بچوککردنەوەی نفوزو هەیمەنەی ئێران لە سوریا.
بەلام ڕوسیاو ئێران و سوریاو تەنانەت تورکیاش خوازیارن ئەمریکیەکان لە دەرەوەی هاوکێشەکەی سوریا ببینن و ئەم لایەنانە دژ بەو شتانەن کە ئەمریکا لە ناوچەکانی ئیدارەی کوردیی لە باکوری سوریا دەیکات.
دۆستایەتی نێوان سوریا لەگەل یەکێتی سۆڤیەتدا دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد. بەلام ئەمریکا سوپای دیموکراسی و پەیەدەی هەلبژارد بۆ بوونە هاوپەیمان. لەناوبردنی تەواوەتی داعش و هاوشێوەکانی لە سوریاو عێراق ئامانجێکی گرنگی زۆرتر ئەمریکایەو هەروەها بە سنوردار کردنی ئێران و مانەوەی ئێران لە ئایندەی سوریا. بەلام ڕوسیا ئێران و تورکیای کردە هاوپەیمانی خۆی لە سوریا.
هاوکات ئەمریکا مانەوەی لە سوریا مەبەستە ، هێزەکانی سوریای دیموکرات و لێرەدا بەتایبەت پەیەدەو یەپەگە پالپشتێکی گرنگی مانەوەی ئەمریکان بەتایبەت کە کورد لەو بەشەدا خاوەن پڕۆژەی سیاسی و رێکخستن و فکرەو خاوەن جیهانبینیەکی عەلمانیە ، شتێک کە بوونی لە هەرێمی کوردستاندا نیە. وا دەبینرێت کە لە کۆتاییدا رژێمی ئەسەد ناچاری گفتوگۆ دەکرێت بۆ سەفەقەیەکی سیاسی ، حکومەتی ئەسەد ڕوبەڕووی قەیرانێکی قورسی ئابوری دەبێت بێ زەویە فراوانە کشتوکالیە بەپیتەکانی گەنم لە ڕۆژهەلاتی سوریا و نەوتی ئەو ناوچەیە.
بۆ ئەمریکاو ئەوروپا بە گشتی شتێکی نەخوازراوە تورکیا بکەوێتە باوەشی ڕوسیاوەو دوور نیە هەندێک
نەرمییش بەرامبەر حکومەتەکەی ئەردۆگان بکرێت لەو پێناوەدا، بەلام هاوکات مەبەستیشیانە سنورێک بۆ لادانەکانی تورکیا دابنرێت. بەلام بەهۆی ئەوەی کورد هێشتا ئەکتەرێکی تاڕادەیەک لاوازەو ئەزمونەکانیش نیشانیانداوە کە زۆرتر مامەلە لەگەل دەولەتدا دەکرێت وەک لە ئەکتوێرە نادەولەتیەکان بەلام ئەکتوێرە نادەولەتیەکانیش کاریگەریی خۆیان هەیە لەسەر هاوکێشە سیاسیەکان ، ڕۆژاڤای کوردستان وەک نمونە.
بە پێچەوانەی سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت ڕوسیای ئەمڕۆکە پراگماتیکانە ڕەفتار دەکات نەوەک ئایدیۆلۆژیانە. ڕوسیا بە دوای هاوپەیماندا دەگەریَِت بە سەرۆکایەتی خۆی بۆ جێگا پێکردنەوەی خۆی لە سیاسەتی دەرەوە لە ناوچەکەداو بۆ سەقامگیری هێز بەرامبەر بە ئەمریکاو ڕۆژئاوا بەگشتی. ڕەزامەند بوو بەرامبەر لەشکر کێشیەکانی تورکیا لە کانتۆنی عەفرین بەلام ڕوسیا لە تورکیای گەرەکە جەنگێکی بە وەکالەتی لە ناوچەکانی وەک مەنبەج بەرامبەر ئەمریکا بۆ ئەنجام بدات. ئەوە لە کاتێکدا کە لەشکرکێشیەکانی تورکیا لە سوریا پێشیل کردنی یاسای مافی گەلانە چونکە تورکیا بێ ڕەزامەندی دەولەتی سوریا سنوری دەولیی بەزاندوەو جەنگ دژ بە دانیشتوانی سوریا ئەنجام دەدات. تورکیا ناتوانێت مافی بەرگری کردن بە ماددەی 51 ی کارتای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بدات بەخۆی چونکە هیچ هێرشێکی چەکداری نەکراوەتە سەر دەولەتەکەی هەربۆیە ئەو هێرشە سەربازیانەی تورکیا دەیکاتە سەر سوریاو باکوری سوریا ، یان لەشکرکێشیەکانی بۆ ناو عێراق پێشێل کردنی یاسای مافی گەلانە بەلام پرسیارەکە لەوەشدایە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەو یاسایانەی بۆچی و بۆ کێی دروستکردوە ئەگەر هیچ لایەنێک پاند نەبێت پێوەی.
ڕوسیا بەهۆی ئالۆز بوونی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکاو تورکیا بووە یارمەتیدەری تورکیا بۆ هێرش کردنە سەر عەفرین بە ئامانجی ئەوەی تورکیا ببێتە هاوپەیمانی ڕوسیاو هەروەها دەستبەردار بوونی تورکیا لە هەندێ ناوچەی تری سوریا بۆ بەرژەوەندی ڕوسیاو هەروەها لە ئایندەدا دەستبەرداری ئەمریکا بێت. لێرەدا دەردەکەوێت هێرشی سەر عەفرین دەرئەنجامی ململانێ و بەرژەوەندیەکانی نێوان دوو زلهێزی وەک ئەمریکاو ڕوسیایە.
ڕوسیا لە دەریای سپی ناوەڕاست لەسەر کەناری سوریا بنکەیەکی سەربازیی دەریایی دامەزراندوە کە ڕۆکێتەکانی هەلگریی چەکی ئەتۆمین ، ئەوەش هۆکارێکی ترە بۆ پشتگیریی ڕژێمی سوریا لەلایەن ڕوسیای پوتینەوە.. لێرەدا گرنگیی لایەنە سەربازیەکەشی سوریا بۆ ڕوسیا بەدەر دەکەوێت.

کەواتە کۆتایی هێنان بەو جەنگە بەندە بە بریاری سیاسیەوەو بریاری چارەنوسسازیش لای ئەمریکاو ڕوسیایە ، تەنانەت ئەورپاش خاوەنی بریاری سەرەکی نیە تێیدا ، لای کورد و تورکیاو ئێران و حکومەتی سوریاش نیە ، هەرچەندە ئەم لایەنانەی دوایی دەتوانن جۆرێک لە ئالۆزی دروست بکەن لە بریارە سیاسیەکانی سەر جەنگ یان ئاشتی لە سوریا.
ئەگەر بەڕای پەیەدە کەوتنی ئەسەد قورس بێت بەهۆی پشتگیری ئێران و ڕوسیاوە ئەوا کورد لە ڕۆژاڤا ناچار دەبێت لەگەل ڕژێمی ئەسەد رێک بکەوێت. بەلام پەیەدە سوریایەکی دیموکراتی فیدرالی مەبەستە. لەبەر ڕۆشنایی ڕاستیە ئاماژە پێکراوەکان ئەوا داهاتووی سوریا بەندە بە ڕوسیاو ئەمریکاوە. تاڕادەیەک ئێران و تورکیاش ، بەلام ڕوسیا بریاردەرێِکی بەرچاوە بۆ داهاتووی سوریا.

سوریاو تاقیکردنەوەی چەک
سوریا بۆتە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی چەکە نوێکانی زلهێزەکانیش. بۆنمونە ڕوسیا دەیان جۆر چەکی نوێی لە سوریا تاقیکردۆتەوەو نیشانی دونیای ئەدات کە بەرهەمی سەربازیی ڕوسیی کارایەو تاقیکردنەوەی چەکی نوێی لە جەنگی سوریادا بۆتە هۆی بەرزکردنەوەی فرۆشتنی بەرهەمی سەربازیی ڕوسی. لێرەدا شتێک نامێنێت پێی بوترێت ڕەوشت و بەزەیی ئینسانیی و چەک بەسەر خەلکی سڤیل و ژن و مندال و پیرو پەککەوتە تاقیدەکرێتەوە کە ئەو جەنگە لە بنەڕەتدا جەنگی ئەوان نیە.

وزە هۆکارێکی گرنگی جەنگی سوریا
هەرچەند باس لە جەنگ بکرێت وەک درێژکەرەوەی سیاسەت بەلام لە بنەڕەتدا فاکتەرێکی گرنگ کۆڵەکەکەیەتی کە بریتیە لە بەرژەوەندی ئابوری ، لەوەی مێژوی مرۆڤایەتی بریتی بووە لە هەوڵدان لە پێناوی دەسەلات و ئابوری و جەنگیش ڕێگایەک بووە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ، بەلام پرسیارەکە لەوەدایە دەسەلات و ئابوری لە دەستی کێداو بۆ کام ئامانج بەکار دەهێنرێت.
وزە (نەوت و گازی سروشتی و دۆزینەوەی بازاڕ و کەرەسەی خاو …) یەکێک بووە لە هۆکارەکانی ململانێ و جەنگەکان لە جیهانداو هەربۆیە کاریگەری خۆی هەبوە لەسەر بڕیاری سیاسیشدا. جەنگی سوریاش لە پال چەند فاکتەرێکی تری سیاسی و جیۆستراتیژی و خاڵی کردنی لە هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکانی وەک داعش وەک لە باسەکەدا دەردەکەوێت جەنگی وزەشە (رێگای گواستنەوەی وزە)یە ، بەتایبەت گازی سروشتی کە ئەمڕۆکە بەتایبەت ئایندە گرنگیەکی تایبەتترو زۆرتری بەخۆیەوە گرتوە بەراورد بە نەوت بەتایبەت پەیوەست بە ژینگەوە لە ولاتانی ڕۆژئاوا. بە حوکمی بەرەو پێش چوونی بواری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوی سەردەم نەک هەر توانای دەرهێنانی گازی سروشتی پەرەی پێدراوە بەلکو پێویستیی بۆ وزە لە زیاد بوندایە. لە پێناوی وزەو رێگاکانی گواستنەوەیدا وەک فاکتەرێکی گرنگی ئابوری و بەهەرم هێنان دەیان جەنگ لە پێناویدا بەرپا کراوەو دەکرێت.
“رێکخراوی ولاتانی هەناردەکردنی پیترۆل ئۆپێک لە 8ی نۆڤەمبەری 2016 لە ڕاپۆرتی سالانەی خۆیدا دایناوە کە ڕێژەی بەکار بردنی نەوت لە جیهاندا بەبری 40% زیاد دەکات تا ساڵی 2040. بەمەش خواست لەسەر نەوت بۆ هەر ڕۆژێک دەکاتە (17) ملیۆن بەرمیل. لە دوای شۆڕشی پیشەسازی و سەدەی نۆزدەوە کە زیاتر لە 150 سالە نەوت و ئینجا گازی سروشتی سەرچاوەی سەرەکی وزەن لە جیهاندا. دۆزینەوەو دەرهێنان و بەبازاڕ کردن و کۆنتڕۆل کردنی هۆکارێکی سەرەکی جەنگ و ناکۆکیە هەرێمایەتی وجیهانیەکانەو بەکار هێنانی سەرجەمی وزەی جیهان لە زیادبوندایە” .
سوریا هەرچەندە خاوەنی ڕێژەیەکی ئەوتۆ نیە لە نەوت و گازی سروشتی بەلام لە ڕووی جوگرافیەوە (جیۆستراتیژیەوە) ڕۆلێکی گرنگی بەر دەکەوێت بۆ تێپەڕبوونی بۆری گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتی بۆ دەریای سپی ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا. قەتەرو سعودیە مەبەستیانە گازی سروشتی بە بۆری بە رێگای ئەردەنەوەو دواتر سوریاوە بگوازنەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست و لەوێوە ڕەوانەی ئەوروپا بکرێت و پێشبرکێی ڕوسیاشی پێ بکەن وەک یەکێک لە خاوەن گازی سروشتیی بێشومار لە جیهاندا.
نەوت و گازی سروشتی وەک دوو سەرچاوەی گرنگی وزە لە جیهاندا بەشێکی گرنگی کەوتۆتە ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و بە هۆی باری جوگرافیەوە گواستنەوەی بۆ بازاڕەکانی جیهان بە تایبەت ئەوروپا ئاسانترەو تێچوونی ماددیشی کەمترە. لێرەدا کێبرکێی گەورە هەیە بۆ گەیشتن بەو سەرچاوانەی وزەو بۆتە بەشێکی بواری ئاسایشی نەتەوەییش (ئاسایشی وزە) و لێرەدا ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بۆتە بەشێکی بەرچاوی ناکۆکی و ململانێی زلهێزەکان.
دەولەتە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە بۆ ولاتە نەوتیەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست وەک مانگایەکی درێژ وایە کە سەری لەناو ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدایەو لەوێ خواردن دەکرێت بەدەمیداو کلکیشی لە ئەمریکاو ڕۆژئاوایە کە لەوێ نەوت و سامانەکە ئەدۆشرێ. ئەو لایەنەی بیەوێ لە جیهانی ئابوری و بازرگانیدا ببێت بە شتێک دەبێت قاچێکی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بێت. ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست چ دەوڵەتەکانی بەشی ڕۆژهەلاتی دەریای سپی ناوەڕاست دەگرێتەوە کە بریتین لە تورکیا ، میسر ، سوریا ، لبنان ، ئیسرائیل ، ئوردون و قوبرس ، هەروەها دەولەتەکانی کەنداو ، و دەریای سوور وەک ئێران ، عێراق ، یەکێتی ئیماراتی عەرەبی (بەحرەین ، قەتەر ، عومان و شارقە)، یەمەن و سعودی عەرەبی.

ئەو ناوچەیە چەند ڕۆلێکی گرنگ دەبینێت بۆ زلهێزەکان کە بریتین لە:
1) پاراستنی ڕێگای هاتوچۆی نەوت.
2) بۆ سیاسەتێکی نزمی نرخی نەوت بۆ بەرژەوەندی تاک دەولەت.
3) کۆنتڕۆل و بەرەنگاریکردنی ئەو لایەنانەی بەرژەوەندی دەولەتانێکی ناوچەو زلهێزەکانی هاوپەیمان دەخەنە مەترسیەوە ، هەروەها ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی کاریگەریی سیاسی تاک دەوڵەت و نادەوڵەتیی لە ناوچەکەدا .
ئەمریکا لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دەبێت بەرژەوەندی ولاتە پیشەسازیەکانی تریش بپارێزێت. تەنانەت ئەگەر ئەمریکا خۆی دەست لە نەوتی ناوچەی کەنداویش هەَلبگرێت بەلام قەیرانی وزە لە ولاتە ئەوروپیەکاندا یان لە یابان کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر ئابوری ئەمریکی چونکە بەشێکی شمەکی ئەمریکی لە ئەوروپاو یابان ساغ دەبنەوە .
بەپێی ڕاپۆرتێکی “Financial Times” لە سالی 2015 بەشێکی سەرەکی جەنگی سوریا پەیوەندی بە جوگرافیای هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتیەوە هەیە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا. ڕوسیاو هێزەکانی ڕۆژئاواو دەولەتەکانی کەنداو تەنیا لەو ناوچە تایبەتانە لە سوریا دەجەنگن کە پەیوەندی بە جوگرافیاو ستراتیژی ئەو بوارە هەیە. لە تێبینی گشتیدا مرۆڤ ئەو جەنگەی سوریای تەماوی دێتە بەرچاو بەلام کاتێک دەڕوانێتە جەنگ لەپێناوی وزەدا ئەوا سەرپۆشەکە لەسەردا دادەگیرێت و دەموچاوەکان ڕونتر دەردەکەون. مەسەلەی شەڕی حەلەب پەیوەندی بە دوو گرنگترین بازاڕی نەوتەوە هەیە کە نزیکن لە مەنبەجەوەو لەژێر کۆنتڕۆلی ئەمریکیەکاندایەو هەروەها ال باب.
گرنگترین بۆری گواستنەوەی نەوت کە لەعێراقەوە هەناردە دەکرێت لە ڕێگای موێل و قائیمەوە بەو دوو ناوچەیەی سوریادا تێدەپەرن. لە بەری ڕۆژهەلاتیشەوە بە شاری حەلەبدا تێدەپەرێت تا دەگاتە ئیدلیب. کۆنتڕۆل کردنی مەنبەج بەواتای بوونی کاریگەریی گەورەیە بۆ گواستنەوەی نەوت لە سوریا، هەربۆیە تورکیا چاوی بریوەتە مەنبەجیش ئەوە جگە لە ئامانجی تێکدانی کیانێکی کوردی تێیدا. هەمان شت بۆ حەلەب و ئیدلیبیشە کە کەوتونەتە بەری ڕۆژئاوای سوریاوە. ئەو لایەنەی کۆنتڕۆلی حەلەب بکات ئەوا کۆنتڕۆلی کلیلی بۆریە نەوتیەکان دەکات. لە ئەگەری دەست بەسەردا گرتنی مەنبەج لەلایەن تورکیاوە ئەوا تورکیا دەتوانێت کاریگەریی دروست بکات بەسەر سیستەمی بۆریە نەوتەکان. بە هەمان شێوە حومێ و حەماو پالمیرەش ئەو ئاڕاستەیەیان بەردەکەوێت. لەو ناوچانەش کە شەڕی قورسیان بەرکەوتوە ئەو ناوچانەن کە بریارە دواڕۆژ بۆریە نەوتیە نەخشە کێشراوەکانی قەتەر / تورکیاشی پێدا بڕوات.
کۆنتڕۆلی ڕۆژئاوای سوریا بۆ ڕوسیا گرنگە بۆ رێگا گرتن لە گواستنەوەی وزە بە رێگای بۆریە نەوتیەکانەوە بۆ بەرژەوەندی ئەوروپاو ڕۆژئاوا. ئیسرائیل هاوکات بە ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد نەخشەی گواستەوەی بۆری نەوت و گازی هەیە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە بە دیمەشقدا بۆ تورکیا. بەلام لە دیدی ڕوسیاوە دەبێت رێگری لەو پڕۆژەیە بکرێت ، ڕوسیا کێبڕکێکەری ناوێت لە بازاڕی گازی سروشتیدا. هاتنە ناوەوەی هێزی ڕوسی بۆ ناوچە کوردیەکان ئامانجی وزەو سیاسیشی هەیە. چ بە کوردستاندا (سەروی سوریا) و چ بە تورکیادا نەوتی عێراقی دەگوازرێتەوە بەری ڕۆژئاواو لەوێوە زۆرتر بۆ ئەوروپا بۆ بازاڕی وزە دەڕوات. بەلام ڕوسیا دژی ئەو مەمەڕەیە چونکە ڕِوسیا دەیەوێت ئەوروپا وەک موشتەری وزە لای خۆی بهێلێتەوە.
ئەوەی پەیوەندی بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە هەیە پلانی ئەوە کرابوو بۆریەکی تری نەوت لە کەنداوی فارسیی عەرەبیەوە تا دەگاتە باکوری عێراق و دواتر بە باکوری سوریادا بڕوات. بەوە نەوتی عێراقی چ لە رێگای تورکیاوەو چ بە باکوری سوریاوە بنێردرێتە ئەوروپا بۆ بازاڕی وزە. بەلام نەخشەی دروستکردنی مەمەرێکی کوردیی هیچی لێ دروست نەبوو چونکە ڕوسەکان هاتنە ناو سوریاوە.
سالی 2009 قەتەر پێشنیازی دروستکردنی بۆری گواستەوەی گازی سروشتی قەتەریی کرد کە بە سعودیەو ئەردەنداو دواتر بە سوریادا بۆ تورکیاو لەوێشەوە هەناردەی ئەوروپا بکرێت وەک لە نەخشەکەدا دەبینرێت و تێچونیشی کەمترە. شتێک کە ڕۆلی قەتەریش لە جەنگی سوریادا دەردەخات و رێکەوت نیە کە قەتەرییش وەک ئێران و تورکیاو زلهێزەکان بۆ ئەو مەبەستەو دروستکردنی کاریگەریی خۆی لە سوریادا پشتگیریی هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکانی کردوە بە داعشیشەوە لە شێوازی جەنگی بە وەکالەت.
ولاتە پیشەسازیەکانی ڕۆژئاوا پشتگیرییان لەم پڕۆژەیە کردوە بە ئامانجی بێهێز کردنی سەکتەری وزەی ڕوسی و کەمکردنەوەی پابەند بوونی ئەوروپا بە گازی ڕوسیەوە. بەلام ڕوسیا هەوڵی تێکدانی ئەو پڕۆژەیەی داو کاری لەسەر پڕۆژەیەکی مونافس کرد بەوەی بۆری گواستنەوەی وزە گازی ئێرانیی بە عێراق و سوریادا بۆ لاتاکیاو لەوێشەوە بۆ ئەوروپا هەناردە بکرێت. دیاردەیەک کە جەنگەکەی سوریای ئالۆز کردوە.
لێرەدا دەبینرێت هەموو ئەو هێزانەی بەرژەوەندی ئابوری و وزەو بازرگانییان لە سوریادا هەیە کار بۆ سەرخستنی پڕۆژەی خۆیان دەکەن و هاوپەیمانیی دەبەستن و زۆر جاریش بەپێی بارودۆخەکە هاوپەیمانێتیەکانیش دەگۆرێن ، بەو تیۆریەی نە هاوڕێی هەمیشەیی و نە دوژمنی هەمیشەیی هەیە بەلکو تەنیا بەرژەوەندی هەمیشەیی هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت