نەوزادى موهەندیس: چ جۆرە حکومەتێک پێویستە لەهەرێمى کوردستاندا؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هیچ کات هێندەى ئەم جارەى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستان لە 30/9/2018دا پێکهێنانى حکومەت و کابینەى نوێ دوانەکەوتوە کە لە ئێستادا 100 ڕۆژى ڕێکى تێپەڕاندوە، لەزۆربەى دونیاى پێشکەوتوو تەنانەت دواکەوتوشدا ماوەى 100 ڕۆژ دیاردەکەن بۆ هەڵسەنگاندنى یەکەمى هەموو حکومەت و ئۆرگانێک بۆئەوەى بزانن لەماوەى 100 ڕۆژدا چ پلانێکى داناوە و چەند پڕۆژەى جێبەجێکردوە و چ خزمەتگوزاریەکى پێشکەش بە جەماوەر و وڵات کردوە، بەم شێوەیە دەبینین 100 ڕۆژ لاى کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان هێندە درێژ و کاریگەر و گرنگە کە 100 ڕۆژ کات و ماوە بەپێویستە دەزانن بۆ هەڵسەنگاندن و تەنانەت لێپرسینەوەش، بەڵام لاى خۆشمان 100 ڕۆژ هیچ بەهایەکى نیە، هەربۆیەش ئەو کۆمەڵگایانەى ڕێزى کات دەگرن هەمیشە لەپێشکەوتن و گەشەکردنى بەردەوامدان و ئێمەش هەمیشە بۆ دواوەوە دەگەڕێینەوە. بەداخەوە دواى 100 ڕۆژیش هێشتاش ئاسۆکان ڕوون و نزیک نین بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت کە هەر لەسەرەتاوە بە توندوتیژى و نائومێدى دەستیان پێکرد، لەگرتنى بێ هۆکارى یاسایى کادر و ئەندامانى یەکتر و دواتریش بێ هۆتر ئازادیان کردن، ئەم ڕۆحیەت و عەقڵیەتى بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنە لەسەرەتاى ساڵى نوێى 2019 و پێشەنگى هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى نۆهەم، مایەى خۆشحاڵى و ئومێد هەڵچنینى زۆر نین بۆ 4 ساڵى ئایندە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کە ئایا هەرێمى کوردستان لەم قۆناغە و بۆ 4 ساڵى ئایندە چ جۆرە حکومەتێکى پێویستە؟ ئەمنى بێت ؟ یان خزتمەتگوزارى و ئاوەدانکردنەوە بێت؟
بەدڵنیایى هەرێمى کوردستان دواى 4 ساڵ لە جەنگى تیرۆریستانى داعش و دواى 4 ساڵ لە قەیرانى دارایى توند کە بۆتە هۆى کەمبونەوەى مووچە و بودجە و نەمانى پڕۆژە ئاوەدانیەکان و وەستانیان و ئیفلاسبوونى کۆمپانیا و وەبەرهێنەکان و هەڵتەکاندنى ئەو ژێرخانە لەرزۆکەى کە هەبوشمان و گەڕانەوەى کوردستان بۆ لانى کەم 10ساڵ زیاتر لەڕووى ئاوەدانى و خزمەتگوزارى و خۆشگوزەرانى و… هتد. بۆیە هەرێم بۆ 4 ساڵى ئایندە پێویستى بە قۆناغێکى ئارام و پڕ ئاوەدانى و خزمەتکردن و چەسپاندنى ئاشتى سیاسى و کۆمەڵایەتى هەیە، نەک حکومەتێکى ئەمنى توند بەسەر ئازادى هاوڵاتیان و کارى سیاسى و بڵاوکردنەوەى ترس و ترۆقاندن و هەڕەشەى گرتن و کوشتن و ڕاوەدوونان، حکومەتێک کە بیر و پلانى تەنها لەڕووى ئەمنى و عەسکەرى و هەواڵگریەوە بێت ئەوە بەدڵنیایى زۆرینەى بودجەى وڵات بۆ ئەو کەرتە دابین دەکات و مەنتیقیش وادەڵێت کە سەرجەم کەرتەکانى ئاوەدانى و خزمەتگوزارى وەلادەنرێت، وڵات لەڕووى تەندروستى و خوێندنى باڵاو و پەروەردە و پیشەسازى و کشتوکاڵ و گەشتوگوزارەوە بۆ دواوە دەگەڕێتەوە و جێگەى گرنگى پێدان نابن.
هەموانیش زۆر باش دەزانین کە چارەنوسى حکومەتە ئەمنى و سەربازى و عەقڵ تەسک و بێ پلانەکانى ئاوەدانى و خۆشگوزەرانى چى دەبێت و چۆن شکست بەسەر خۆیان و میلەتیشدا دەهێنن، چونکە حکومەتە ئەمنیەکان هەمیشە لەچوارچێوەى دەسەڵاتە تاکڕەو و خۆسەپێن وشمولیى و سەربازیەکاندا خۆیان دەبیننەوە کە چارەنوسى هەموانیانمان بینى کە چیان بەسەرداهات لەڕابووردوویەکى نزیکدا..سەردەم و قۆناغى ئێستا وئایندەش وادەخوازێت لە سەرجەم سەرکردە و پارتە سیاسیەکان کە براوەى گەورەن لەم هەڵبژاردنەى پەڕلەمانى کوردستاندا کە بە عەقڵیەتێکى کراوە و نەرمونیانتر و ئاسۆ فراوانتر و لێپرسراوانەتر بیربکەنەوەو پلان و نەخشەڕێگا و بەرنامەى گونجاو دابنێن بۆ زیاتر خزمەتکردنى جەماوەر و ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان، قۆناغەکە وادەخوازێت هەموان پێکەوە کاربکەن و هەنگاو بۆ پێشەوە بنێن، چونکە کوردستان لە ئێستادا تواناى هەڵگرتنى بار و کێشە وململانێى قورس و مەترسیدار و دووبەرەکى زیاتر و دووئیدارەیى و شەڕى ناوخۆ و ئیستیفزازکردنى یەکتر ناگرێت، بۆیە دەبێت هەرچى زووتر هەیە سەرجەم کێشەکانى کورد و کوردستان لە هەرێم و لەبەغداد هەموانیان پێکەوە چارەسەر بکرێن و هیچ کام لەو کێشانەش هێندە سەخت نین کە لەتوانادا نەبێت چارەسەر بکرێن گەر نیەتێکى ڕاستەقین هەبێت بۆ چارەسەرکردنیان، بۆیە دواخستنى هەر کێشەیەکیش دەبێتە هۆى کەڵەکەبوونى و زیاتر قورسبوونى وپشتگوێخستنیشى، زەرورە کە هەموان بەگیانێکى نیشتیمانپەروارنەوە مامەڵە بکەن و تیڕوانینەکانیان بخەنە سەر مێزى گفتوگۆ، ئەوەى کە دواى هەمووان بیرلێدەکەنەوە پێویستە وەدەستهێنانى پلەو پۆست و ئیمتیازات بێت بۆ دەستڕۆیشتوەکانى ناو حیزبەکان و بەردەوامبوونیان لەدەسەڵات و خۆشگوزەرانیان تا سنورى ئینتەلاکردن و لەبەرامبەریشدا پەراوێزخستنى کادر و لایەنگر و دۆست و کەسە ئەکادیمیى و سەربەخۆکان و ئەنجامیش برسیکردنى زیاترى جەماوەر تا سنورى مردن و تاوان و تێکدانى ئاشتى کۆمەڵایەتى.
بۆیە گرنگە کە پێکهێنانى کابینەى نۆهەمى حکومەتى هەرێم چیدى بەبیانوى بێ ئەزرشەوە دوانەکەوێت و هەرێمیش نەکەوێتە بۆشایى سیاسى و ئیدارى و یاساییەوە، لەکاتێکدا ناوچە و دونیاش لەسەر ئاگرێکى هێمن دەکوڵێن و هەموان چاوەڕوانى تەقینەوە و پێکدادانى زلهێزەکانى دونیاو ناوچەکەن و کوردیش بەبێ حکومەت و سەرۆک و پەڕلەمان لەهەموان بێخەمترە،لەگەڵ ئەوەى کە مەترسیە گەورەکان هەمووانیان ڕوویان لەکوردو کوردستانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت