هاوکار کەریم: مۆتەکەی سیاسەت.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سیاسەت دا دوو مۆتکەی شەڕەنگێز و نەگریس بوونیان هەیە کە بوونیەتیان لە سیاسەتەوە سەرچاوەی گرتووە، لەبەر ئەوە هەرکات سیاسەت خۆی خزاندە ناو ژیانەوە “زوحاک” ئاسا ئەو دوو مۆتەکە لە شێوەی هەژدیهات خۆیان پیشانی ژیان دەدەن و ژیان دەگۆڕن بۆ کابوسێکی لەدۆزەخ چوو.
مۆتەکەی یەکەمیان دەچێتە ناو زهن و خەیاڵ و ئەندێشەی کارەکتەرەکانی ناو سیاسەت و لە ناو بیرکردنەوەکانیان دا شوێنی ماناوەی خۆی دەستەبەر دەکات. من ئەم مۆتەکەیە ناودەبەم بە “مۆتەکەی سەردارەکان”.
مۆتەکەی دووەمیان شۆڕدەبێتەوە بەناو ناخ و دەرونی کۆمەڵگەدا و لە هەست و زهنی هەر تاکێکدا سوڵتە و دەسەڵات وەردەگرێت. واباشە ناوی بهێنین بە “مۆتەکەی کۆیلەکان”.
بوونی ئەم دوو مۆتەکەیە ناکرێ غەریب و نامۆبێت بۆ من و تۆی تاک، کە لەمناڵیەوە دڵ و دەرونی ئێمەی پێگۆشکراوە و هێندە ڕەگی لەناخماندا داکوتاوە کە ناتوانین خۆی لێجیابکەینەوە. ئەم دووانە کە بە دوو مناڵە بلیمەت و دڵسۆزەکەی ترس ناسێندراون، لەلانکەمانەوە تا گۆچانی پیریمان و گۆڕی مردنمان دەستەملانن لەگەڵمان دا.
کاتێک هەلومەرجی ئەوە دەرەخسێت مرۆڤێک ببێتە سەردار ئیتر ئەو سەردارە لەکوێخای دێیەکەوە تاسەرۆکی وڵات کە سیفەتی سەرداریەتی وەردەگرن، مۆتەکەی سەرداریەتی هاوئاستی دەسەڵات و هێز خۆی پەلکێش دەکات بۆ ڕوحی سەردارەکە و دەبێتە بەشێک لەو دەسەڵات و هێزەی دەسەڵادارەکە یان بڵێن سیاسیەکەی کەپێیدراوە. بوونی “مۆتەکەی سەردار” وا لە دەرون و زهنی سەردارەکان دەکات کە بەردەوام جنگڵ بدات لە نێو ترسێکی بێکۆتادا، ترسێک کە لەدەستدانی هێز و دەسەڵاتەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت. لەبەر ئەوە بەردەوام مۆتەکەی سەردارەیەتی سەردارەکە ئاڕاستە دەکات بۆ پاراستنی سەرداریەکەی و هێشتنەوەی دەسەڵاتەکەی.
سەردارەکان لەبەر ئەوەی مەحکومن بە مۆتەکەی سەرداریان ئیتر هەنگاوی جیاواز دەگرنەبەر بۆ پاراستنی خۆیان، چونکە ئیتر ترس و تۆقین بەرۆکیان دەگرێت. لەسکرتێری ئۆفیسەکەیانەوە تا پاسەوانی حەوشە و ماڵ و دیوەخانەنەکانیان گومانیان بۆ دێتەپێش، ئەوا دەیانەوێت ژیان هەر ئەو ڕەنگەی تیابێت کە مۆتەکەی سەرداریان دەیخوازێت.
سەردارەکان نوسین و شعریان خۆش ناوێت ئەگەر وەسفیان نەکات، ڕۆژنامە و گوڤار و کتێبەکان بە دوژمن دەزانن ئەگەر نوسەرە چڵکاوخۆرەکانیان و ڕۆشنبیرە هەرزەکان نەیان نووسبێت، ئەو میدیا و کەناڵانەی کە ڕوی ڕاستیان پیشان دەدات بەدەستی دەرەکی و ئاژاوەگێر ناوزەندی دەکەن. ئەوان دەیانەوێت زمان ئەوە بڵێت کەئەوان سنوریان بۆ داناوە، گوێ ئەوەی بیستێت کەئەوان دەیڵێن و بەس، چاو جگە لە پەیکەری بەبت بوونیان هیچی دیکە نەبینێت. ئەوان کە مۆتەکەی سەرداریان وایان لێدەکات بیرلەوە بکەنەوە پاسەوانی عەقڵی رەعیەتەکەیانبن تا هیچ مرۆڤێک لە کۆمەڵگەدا بە بێ پرسی ئەوان بیرنەکاتەوە، خەیاڵ نەکات، خەون بەئازادیەوە نەبینێت تا ئەوان ئارامبن .
مۆتەکەی کۆیلەکانیش وەک دلسۆزێک بۆ پاراستنی مۆتەکی سەردارەکان کە هاوڕێیەتی، دەیهەوێت بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگە دڵسۆزی بۆ هاوڕێکەی دەربڕێت.
کۆمەڵگە وەک بوونێکی سەربەخۆ و یەک جەستەی خاوەنی بیرو هۆشێکی مەزنە، لەم جەستەیەدا هەرتاکێک وەک خانەیەکی وایە کە خاوەن هۆشیاریەکی خودیە لەچوارچێوەی عەقلە سەنتەریەکەی کۆمەڵگەدا. مۆتەکی کۆیلەکان بەروحی هەرتاکێکدا هات و چۆدەکات ئەگەر بزانێت نەزانیەکەی زۆرترە لە و زانینەکەی کە پێویستبووە بیزانێت، ئیتر لەم ڕێگەیەوە مۆتەکەی کۆیلەکان تاکەکانی کۆمەڵگە بەهۆی نەزانیەوە داگیردەکات و دەیان کاتە کۆیلە بۆ سەردارەکان.
کۆیلەبوون لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە تاک بڕوای وابێت ئازادی مافێکە و دەبێت پێی بدرێت، ئاخر ئەم جۆرە بڕوایە وادەکات سەردارەکان بە ئازادی دیلکرا و سەختە هەڵمان بخەڵتێن و ڕازیمان بکەن بە جۆرە ئازادیک کە پڕە لە کۆیلەن بوون. ئازادیەک کە وترا و بیسترا و بینراومان بۆ دیاری کراوە، لە غەیری ئەوە سنوربەزادنە وخیانەت. بەڵێ ئازادی هیچکات ماف نیە بەڵکو هۆشیار و ئاگای یە، چەن هۆشیار و ئاگایمان بەخۆمانەوە بێت ئەوەندە ئازادین، سنوری بیرکردنەوەمان تاکوێ درێژبووبێتەوە تا ئەو جێیە سنوری ئازادیمان درێژ دەبێتەوە.
مۆتەکەی کۆیلەکان دەچێتە ناو مەرەکەب و کاغەز و وشە و تێکستە نوسراوەکانەوە تا هەموویان بکاتە کۆیلەی سەردارەکان و سیاسیەکان، ڕوو لەچایخانە و پارک و قوتابخان و زانکۆ و مزگەوت و کەنیسەکان دەکات تا ببنە ناوەندێک بۆ دروستبوون و پەروەردەکردنی کۆیلەکان. ئیتر بەم جۆرە ڕۆشنبیرەکان و شاعیران و مەلا و نوسەرەکان بەهۆی مۆتەکەی کۆیلەبوونیانەوە ئاراستەی کۆمەڵگە دەکەن تا سەردارەکان بپەست و بە پیرۆزیان بزانن.
لەکۆتای دا مۆتەکەی سەردارەکان هێشتا خەو لەسەردارەکەی دەزڕێنێت و پێی دەڵێت کە موسایەک بەڕێوەیە و فریای خۆت بکەوە تا سەرداریەتیت پارێزاوبێت! بەمەش سەردا دەکەوێتە دۆخی ماخۆلان و شێتیەتیەوە تا ئەوەی هەموو ئەو لاوانەی کە نەبوونە کۆیلە سەربڕێت تا خەونەکەی بەڕاست نەگەڕێت و موسایەک لەدایک نەبێت، بەڵام یاسای مانەوەی ستەم مسۆگەر نیە و موساکان لە پاڵ سەردارەکان دێنە دنیاوە تا خەونی مانەوەیان لەسەرداریەتی بەتاڵ بکەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت