دڵشاد شێخان حوسێن: ڕێگەی ڕاست بەسەر خاچدا تێدەپەڕێت. بەشی دووەم و کۆتایی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وتنی ڕاستی ئازایەتی دەوێ، ئەگەر لە ماوەی بیست و حەوت ساڵی دوای ڕاپەڕین، بیست و حەوت باوەڕدار خۆیان بکردبووایە قوربانی بۆ سەرخستنی بەرەکەت و ڕاستی و دروستی لەم ھەرێمە، ھەڵوێستی ئازایانەیان بنواندبووایە لە دژی بە لاڕێدا بردنی باوەڕ، ئەوا ئەمڕۆ ئێمەی کورد ژمارەیەک بووین لەنێو ژمارەکانی دونیای پێشکەوتوو، بەڵام بە داخەوە بۆ باوەڕداری کورد کە ھەمیشە دەستی بە کڵاوەکەی گرتووە با نەیبات! جا ئەو بارودۆخەش پێم دەڵێ: ئەوەی ھەیە سەبارەت بە باوەڕداری کورد ئەوەیە کە بە ھۆی باوەڕ لە عیسای مەسیح کۆ نەبوونەتەوە، بەڵکو بەرژەوەندی ماددی و …ھتد لە خاچەکەی کۆ کردوونەتەوە، بۆیە ئەمڕۆکە دونیا باوەڕی بە باوەڕمان نییە! ڕەنگە زۆر بن ئەو کەسانەی کە ڕاستن، بەڵام ڕاستگۆ نین. کەواتە؛ ڕێگەی ترسنۆکەکان بەسەر خاچدا تێناپەڕێت، لەبەر ئەوە ئامانجم لەم نووسینە ئەوەیە کە تاکی کورد لە مەسیحیەت تێبگات و بزانێ باوەڕ ئایین نییە، بەڵام زۆر بە داخەوە بەر لەوەی لە پەیامی عیسای مەسیح تێبگات، بە هۆی ئەو دز و بێ بەڵێن و دووڕووانە ئەوەندە بە دڵشکاوی دەڕوات کە ئاوڕ لە پشتە خۆی ناداتەوە و گەلێ کەسیشم بینی گوتی: (سەد خۆزگەم بە مزگەوت و مەلا و ئایینەکەی، هەر نەبێ ئەوان لەسەر بەڵێن و قسەی خۆیان بوون و…!)، جا ئەوەیە غەمخۆری من کە ئەو بە ناو قەشە و ڕابەر و مزگێنیدەرانەی کورد، لەبەر ئەوەی خۆیان کتێبی نین و بێ باوەڕن بە وشەی خودا، هەموو شتێک دەکەن بۆ سودمەندبوونیان لە ڕووی ماددی و حەز و ئارەزووەکانیان و باکیان بەوەش نییە کە چ ناپاکییەک لەگەڵ عیسای مەسیح دەکەن و باوەڕ دەکەنە ڕێگەی بەدەست هێنانی پارە نەک لێخۆشبوون. بۆ ئەو درۆزنانە هیچ گرنگ نییە کە باوەڕ لەبەرچاوی خەڵک ناشرین دەبێ بە هۆی بێ بەڵێنی و دووڕووییان، ڕەفتاری قێزەونی ئەوانە وا دەکات ئەو باوەڕدارانەی کە بە ئامانجی ڕزگاربوون باوەڕیان بە عیسای مەسیح هێناوە، لە باوەڕەکەیان هەڵبگەڕێنەوە و پەشیمان ببنەوە لەوەی کە باوەڕیان هێناوە! تەنانەت باوەڕدارمان هەیە کە پاش ئەوەی بەرژەوەندییان لەگەڵی نەماوە، ئەوا لە ترسی ئەو درۆزنانە وێنەی لەگەڵ قورئان و مەلا گرتووە نەوەک تۆمەتێکی بۆ هەڵبەستن، ئەو کەسەش نموونەیەکە لەوانەی کە هەرگیز جارێکی دیکە ناوێری ئاوڕ لە باوەڕ و باوەڕداران بداتەوە و بگرە ڕەنگە لەمەودوا لە دژی باوەڕ و باوەڕداران کار بکات و بە دوای تۆڵەسەندنەوەدا بگەڕێت! بۆیە من وەک دڵشاد ناوێک کە باوەڕدارم و ناسێنراوم بە «دکتۆر دڵشاد!» لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم نووسینەم لە دژی ئەو درۆزنانەی کە بە ناوی مزگێنیدەر کار دەکەن، کار دەکەم٠
لە پێناو جوان کردنی باوەڕ و مەسیحیەت پێشگیری لە مەرامە گڵاوەکانتان دەکەم و دەنگی مەزڵومیەتی باوەڕ لەم شارە بە دەستی زاڵمیەتی ئێوە دەگەیەنم بەو سەری دونیا و پیلانگێڕییەکەتان لە دژی عیسای مەسیح، لەنێو هەموو لایەنە پەیوەندارەکان بە باوەڕ جاڕ دەدەم و ڕیسوای بەردەم خەڵک و خوداتان دەکەم، ئێوە شایانی ئەوەن کە ڕووی ڕاستەقینەتان دەربخەم، بە وازهێنانتان لە باوەڕ هێشتا دەستتان لێ هەڵناگرم، تا باجی دڵشاکاندنی باوەڕدارانی ڕاستەقینە دەدەنەوە و سەر دادەنوێنن بۆ «بەرەکەت و ڕاستی و دروستی.» چونکە کتێبی پیرۆز فێرمان دەکات کە ھەندێک لەبەر ئیرەیی و ناکۆکی مزگێنی مەسیح ڕادەگەیەنن و بە ھۆی خۆپەرستییەوە مزگێنی دەدەن، ئەوانە دڵسۆز نین.

تێبینی: ئەم نووسینە بۆ پێشگیری لە خراپ کەڵک وەرگرتن لە باوەڕ، نووسراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت