کارۆخ فەهمی: ژیان یەکجار وا ناخۆشیش نییە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەواڵێکی خۆشم پێیە؛ گۆڕستانەکان شوێنی هەموومانی تێدا دەبێتەوە.
نەخشەی وڵاتەکەمم خۆشناوێ؛ تۆ بە ناپاکم بزانە.
من چاوەڕوانی هیچم نیە لێیەوە؛ ئەو قەت لەمندا رەنگێکی نەبووە.
گورگەکان لەناو سەرمدا غاردەدەن؛ دڵم وەک ئاسکی یەک رۆژە لەرزۆک و بێهێزە.
خەونەکانم پڕن لە گورگی برسی.
شەرابەکە نا؛ مەستیی فەزیڵەتە.
تاریکی شتێکی نوێ نییە؛
تۆ کەرۆشنایی بەڵەد نیت
زوڵمەت دواڕێگایە.
ئەمە پەیوەندی بەتیۆلۆژیاوە نییە؛ بەڵام رۆشنایی هەمیشە لە ئاسمانەوەیە.
ئەوەی شەو دادەپۆشێ تاریکی نییە؛
چاوانێکن کە نایانەوێ سبەی ببینن.
چاودێرم بەسەر تاریکییەوە؛ پاسەوانم بەسەر ئاسمانی خۆڵەمیشی؛ ئێشکگری دەشتی قاقڕم.
بەردێک لەمندا خلۆر دەبێتەوە؛ گیای نەمریی لەسەر مەچەکم روواوە؛ مێروولەیەک ختوکەی سکم دەدات؛ نە سیزیف دەناسم و نە گلگامێش و نە ڕێی کێوی قافیش.
خەونی من بچکۆلەیە؛ وەک خۆم بمناسن.
نامەوێ زەوی هەپروون بێ؛ مردن بەتەنیا خۆشە.
گۆڕی خۆم بۆخۆم؛ ئەوەی جێدمێنێ لەسەر ئەم بەردە بۆ ئێوە.
سێبەری داربەڕوێکم بۆ جێبێڵن؛ ئاسوودەم لەوێدا.
خۆشحاڵم کە خەونەکانم هێشتا لە گیرفانم دان؛ لەم سەردەمی فەرهودەدا.
نیگەرانیی وشەیەکی شاعیرانەیە؛ بەڵام کە نیگەران بوویت پێویست ناکا شاعیر بیت.
وەک تۆزی دوای سوارێک خێرا بەسەردەچم؛ دوای من زەوی خاوێنترە.
عەدەم ئێستا و ئێرەیە نەک هیچ کات و شوێنێکیتر.
تۆ باوەڕ بەم پەلکەزێڕینە درۆیینە مەکە؛ هەموو گەردوون رەشە.
پاییز دێت؛ کەتۆ هیچت نییە هەڵیوەرێنی؛ ئەمە غەمگینیی راستەقینەیە.
کە شانێک نەبوو نێوچاوانتی لەسەر دانێی؛ ئینجا لەهەستی ئەوکەس دەگەی کە شانێک نییە نێوچاوانی لەسەردانێ.
زەردەی ئێوارە دەیدا لە بەفری لوتکەی شاخەکە؛ گوناهم چییە ئەوکاتیش تاریکیم لا جوانتر بوو.
لەسەر شاخێکی سپیی؛ ئاگرێکی جێماو لەناو دڵی تاریکیدا؛ (باسی تەنیایی دەکەم).
تەمەنم بۆ ئەوانەیە کە هێشتا نەمناسیون.
گورگەکان چیتر غارنادەن؛ خەونەکانم دەخۆن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت