دکتۆر کەمال میراودەلی: نامەیەکی بەپەلە بۆ بەڕێز سیناتۆر لیندزی گراهام، دەربارەی کشانەوە لە سوریا و پاراستنی هاوپەیمانانی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

[ بەڵام من هیشتا نیگەرانم و گەلەکەمان لە دڵە خورپێ و ترس دایە، چونکە هێشتا هیج پلانیکی سیاسیی و پراتیکیی لە ئارادا نییە. من هاوار بۆ بەڕێزتان دێنم کە بەردەوام بیت لەگەل سەرۆک ترامپ و سینات کار بکەیت بۆ:
1- سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین لە هەموو ئەو ناوچانەدا کە لە ژێر دەسەلاتی هیزەکانی سوریای دیمۆکرات دان. هەتا ئەگەر ئەمریکا لە سوریاش بکشێتەوە دەتوانێ ئەم کارە بە ئاسانی جێبەجی بکات ئەمریکا خۆی یان هاوپەیمانەکان.
2- ئەمریکا گەرانتی پاراستنی کورد و بەدیهێنانی مافی ئیدارەی خۆیی کورد لە دەستووری نوێی سوریادا بکات.
3- ئەمریکا و هاوپەیمانان زامنی ئەوە بکەن کە کورد بە کاریگەریی بەشداری هەر پرۆسەیەکی سیاسیی ببن بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەرێ ئەهلیی دڕندانە لە سوریا. ]

02-01-2019
شەرەفمەند سیناتۆر لیندزی گراهام
سیناتی ویلایەتە یەکگرتۆکانی ئەمریکا
ژمارە 290 باڵەخانەی ئۆفیسی سینات
واشنتۆن دی.سی 2٠510-4001
سێناتۆر گراهامی ئازیز
بابەت: پاراستنی کوردی سوریا
گەورەی بەڕێزم من ئەم نامەیە دەنووسم تا لە قووڵایی دڵمەوە سوپاست بکەم و مەمنوونی زۆری خۆم بۆ شکۆمەندییتان دەربڕم بۆ مرۆڤەیاتیتان، بۆ شەرەفمەندیتان و ویژدانی زیندووتان کە ئەوەندە بە جوامیریی و ڕاستگۆیی خەمخواریتان بەرامبەر پاشەرۆژ و چارەنووسی کوردی سوریا نواند و رازینەبوون ئەو ئەنجامە قبوڵ بکەن کە هەموو راپۆرتەکان بە ئاسایی و بێباکیی وەک ئەنجامیکی لاوەکی بڕیاری سەرۆک ترامپ بە کشانەوە لە سوریا ، پێشەکی قبوڵی دەکەن: واتە کۆمەلکوژی کوردان لە لایەن تورکیاوە، ئەو کوردانەی بۆ ماوەی زیاد لە سێ ساڵ هیزی سەرزەمینی دڵسۆز و نەبەرد و باوەڕپێکراوی ئەمریکا بوون.

( 1 )
دانیشتنتان لەگەڵ شکۆمەند سەرۆک ترامپ ڕۆژی یەکشەممە و ئەو ئەنجامە قنیاتبەخشەی لە راگەیاندنەکانتدا باست کرد، کاریگەرییەکی ئەرێنیی باشی لە سەر ملیۆنەها کورد لە کوردستاندا هەبوو، ڕاستیی باشترین دیاری بوو بۆیان بە بۆنەی سەری ساڵێ نوێوە. بۆیە ئێمە بە هیوایەکی گەورەوە بۆ سالی 2019 دەڕوانین، هیوای ئاشتیی، سەلامەتیی و ئازادیی ، هیوایەک کە راگەیاندنەکەی بەڕێزتان سرۆشبەخش و هێزبەخشە بۆی، کە سەرۆک ترامپ ڕازی بووە کە هەر کشانەوەیەکی دوایی لە سوریا هێواش دەبێت و دەبێ دوای زامنکردنی کشانەوەیەکی هاوتەریبکراو بێت لەگەڵ جەنەرالەکانی سوپا وهاوپەیمانەکان لە جەنگی دژی داعشدا و زامنی ئەوە بکات کە:
A- داعش بە تەواوەتی و هەمیشەیی تێکشکاوە.
B- ئێران بۆشایی یەکە پڕ ناکاتەوە.
C- کوردە هاوپەیمانەکان پاڕێزراو دەبن.

( 2 )
بەرێز تۆ تەواو لەوەدا بە دروستی پێکاوتە کە کارێکی گەمژانە دەبێت ئەمریکای مەزن کە سەرۆک ترەمپ مەزنتری دەکاتەوە، بەوە رازی بێت ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی رۆژهەلاتی نێوەند و چارەنووسی هاوپەیمانانی بە دەوڵەتانی ىێگانە، لەم کەیسەدا تورکیا، بسپێڕێت و بە قۆنتەرات بدات! بە تایبەتی تورکیای ئەردۆگان!
A- هەرچەندە تورکیا ئەندامی ناتۆیە قەت جێگەی متمانە و پشتپێبەستن نەبووە: چ لە جەنگی روخاندنی دیکتاتۆریەتی سەددامدا، چ لە جەنگی دژی داعشدا، چ لە سەپاندنی سزاکانی ئەمریکی بەسەر ئێراندا، و بە ناهەق کۆمەلی ئەمریکی گرتوون تەنیا بۆ ئەوەی بلاکمەیلی سەرۆک ترامپ بکات.
B- ئەوە جێگەی خەمبارییە کە سەرۆکی ئەمریکا کە گەورەترین بەرپرسیی بۆ سەلامەتیی و چاکەی سوپاکەی و گەلی ئەمریکیی و ئاشتی جیهانیی هەیە، نەتوانێت لەوە حاڵی بوو بێت کە تورکیا قەت لە جەنگان بەرامبەر داعش جددی نەبووە. بەلکو راستییەکەی ئەوەیە کە ئەگەر خۆی تورکیا خاوەنی پرۆژەی دروستکردنی داعش نەبیت ئەوە بێگومان ئەو دەولەتەیە کە گەورەترین ئاسانکاری بۆ کردووە.
C- دڵنیام شکۆمەندییتان ئەوە دەزانن کە بەر لەوەی داعش هێزێکی شەرڕنیی بێت، گروپێکی تێرۆریستی خاوەن ئایدیۆلۆجی فاشیستی ئیسلامیستییە. ئەو ئایدیۆلۆجییەی ئەردۆگان هاوبەشە لەگەڵیان و بەردەوام پڕوپاگاندەی بۆ دەکات و وەک ئایدیۆلۆجییەتێکی دینی بۆ پاکانەکردنی هەولی ژیاندنەوەی سەلتەنەتی عوسمانی نوێ بە ئاشکرا و بێشەرمانە لە لە هەموو بۆنەیەکدا و لە هەموو دەزگاکانی دەوڵەتەکەیدا بەکاری دێنێت.
D- بەڕێزیان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ تەواو ڕاستی وت کاتێ لە سالی 2016 دا وەسفی رژێمەکەی ئەردۆگانی لە تورکیا کرد. وەک: ”دیکتاتۆریەتێکی ئیسلامیستی تۆتالیتاریی کە هەر ئەوەندە دیمۆکراتییە وەک دیمۆکراسی رژێمی ئێرانیی”. theglobepost.com
لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی دواییدا ڕاستی قسەکانی بەریز وەزیری دەرەوە باشتر و ڕوونتر سەلمێندراوە.
بە پێی بە دواداچوونێکی دەزاگای بی بی سی بەریتانیی ” لەوەتی ساڵی 2016 ەوە زیاتر لە 107,000 سەد و حەوت هەزار کەس لە وەزیفەکانیان لە دەزگاکانی دەولەتدا دەرکراون. دەیان هەزاری تر هەڵپەسێردراون. هەروەها ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کەرتی تایبەتیش دەرکراون کە زانیاری تەواو دەربارەیان نییە. لەوانەی بە فەرمانی ڕەسمی ئەردۆگان دەرکراون : سەربازان، ئەفسەرانی پۆلیس، دادوەران و دادوەرانی گشتیی، دکتۆر و ماۆستایانن. نزیکەی چواریەکی هەموو دادوەرانی تورکیا لە سەر کار لادراون. راپۆرتیک دەربارەی راگەیاندنی باری نائاسایی کە حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکیی حیزبی گەلی کۆماریی [سی-ئێچ .پی] بلاوی کردۆتەوە دەلێت: بەلای کەمەوە 5000 پێنج هەزار ئەکادیمیی و زیاتر لە 33000، سیوسێ هەزار مامۆستا کارەکانیان لەدەست داوە.] bbc.co.uk/news

( 3 )
باشە کێ ئەو ئەژدیهایەی داعشی پێگەیاند؟
A- کێ وای کرد ئەژدیهای داعش سەر هەڵدا و مەسیحییەکان و ئێزیدییەکان کۆمەلکوژ بکڕین و کەرامەتیان بشکێندرێت؟ گەر ئێمە هەموو فاکتەرەکانی تر فرامۆش بکەین و تەنیا فاکتەری جوگرافیا بهێلینەوە، ئەوە بە روونی دەردەکەویت کە لە ناو تورکیا و بەناو تورکیادا و لە ناوچەی هاوسێی تورکیا داعش سەری هەڵدا. دیارە وەک رژێمێکی سوڵتەویی ئۆتۆریتایی، ئەوە زۆر ئاسانە بۆ تورکیا کە کۆنترۆلی سنوورەکانی بکات. بەلام راستییەکەی ئەوەیە تورکیا بە نەخشە سنوورەکانی بە ئازادیی بۆ هاتن و چوون ،کردنەوە و پێشوازی لە هەزاران تێرۆریستی ئیسلامی لە ولاتە عەرەبییەکان و ئیسلامییەکان و ئەوروپا و هەموو جیهانەوە کرد و چەکداری کردن و ڕەوانەی سوریا ئەوسا باکووری عێراقی کردن. بەداخەوە ئەوسا سی- ئای- ئەی و ئیدارەی ئۆباما تێکەڵدەستیی ئەو داعشسازییەی تورکیا بوون لە ڕۆژهەڵاتی نێوەندا. بۆ ئەم ڕاستییەش شایەتیکی کەمتر لە ئاستی جیگری سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکامان بەڕێز جۆ بایدن- مان نییە.
بەڕێز جۆ بایدن لە وتارێکی بەناوبانگدا بۆ خو‌ێندکارانی پلاتفۆرمی قوتابخانەی کەنەدی لە پەیمانگای سیاسەت لە زانکۆی هارڤەرد لە رۆژی پێنجشەممەی 2 ی ئپکتۆبەری سالی 2014 دا وتی: جیگری سەرۆک کۆمار جۆ بایدن هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ڕۆژهەلاتی نیوەندا بە ڕێگەدان بە سەرهەڵدانی داعش تۆمەتبار دەکات و دەلێ ئەوان بە پارە و چەک پشتگیری ئیسلامیستە توندڕەوەکانیان کرد بۆ ئەوەی رژێمی ئەسەد لە سوریا بروخینن.
بیدن بە خوێندکاارنی قوتابخانەی کەنەدی لە هارڤەرد وت: [ گەورەتتین گرفتمان هاوپەیمانەکانمان بوون.. ئەوە تورکەکان.. سەعودیەکان و ئەماراتییەکان بوون .. هتد چیان دەکرد؟ ئەوان ئەوەندە شێلگیر بوون کە رژیمی [بەشار] ئەسەد بخەن، کە لە جەوهەردا جەنگیکی لەبری [واتە جاشایەتی] سوننە- شیعەیان دروست کرد، بۆ ئەمەش چیان کرد؟ سەدان ملیۆن دۆلار و دەیان هەزاران تەن چەکیان ڕشتە ئەو ناوە بۆ هەر کەسێک بەرامبەر ئەسەد بجەنگێت.. ئەنجامی ئەو سیاسەتە ئەوە بوو یارمەتی ئەو شەڕخوازانە بدر‌ێت کە پەیوەست بوون بە ئەلقاعیدە و دوایی بە دەولەتی ئیسلامییەوە. youtube

B- لە هەمان وتاردا بەرێز بیدن راستییەکی یەکجار گرنگ و پیوەندیدار ئاشکرا دەکات. دەربارەی سروشت و ڕەوش و شێوەگۆڕیی ئەوانەی پێیان دەوترێت ئیسلامی مامنێوەند و نەرم و چۆن لە نەکاوێکدا لە هیچەوە دەتوانن ببنە هەڕەشەیەکی جیهانیی گەورە. دەلێ: [ لە نەکاوێکدا ئەو هێزە ئیقلیمییانەی کە سپۆنسەری یاخییەکانی دژ بە ئەسەدیان دەکرد، لە خەو هەستان تا بەرەبەیانی هەڕەشەیەکی نێونەتەوەیی گەورە لە روخساری داعشدا ببینن کە ئێستا پێی دەوترا خەلاەفتی ئیسلامیی. دوای ئەوەی لە بنەڕەتدا لە عێراق وەدەرنرا ، فەزای کراوە و خاکێکی لە ڕۆژهەڵاتی سوریادا دۆزیەوە و پێوەندی نزیکی لەگەڵ ئەلنوسرە دامەزراند کە ئەمریکا پێشتر بە گروپێکی تێرۆریستیی دانا بوو..”
C- ئەم دانپیداهێنانەی بێدن ئەو راستییە زۆرجار دووبارەبۆوە نیشان دەدات کە گروپە ئیسلامیستە تێرۆریستەکان لە نێوان عێراق و سوریادا توانستی گەورەیان بۆ خۆگٶرین و شوێنگۆڕین هەیە و زوو نەشونما دەکەنەوە بە تایبەتی کە تورکیا پاڵپشت و سپۆنسەریان ىێت.
لە کٶمێنتێکدا بۆ ئار.تی لە سەر ئەو قسانەی سەرەوەی بێدن، هەواڵگر/ جاسووسی پێشووی ئێم ئای ڤایف ئانی ماکۆن دەڵێت: دەشێت چیگری سەرۆککۆمار ئاخری هەندی وانە لە مێژوو فێر ىێت. ئەوە گرنگ نییە وا بزانی کێ دۆستتە لە ناوچەکەدا، زۆر جار ئەو گروپانە دەکەونە ژیر بالی گروپی زیاتر رادیکالەوە.” www.rt.com
ئیستاش بەداخەوە ئەمە ئەو وانەیەیە کە وا دیارە سەرۆک ترامپ فێری نەبووە. ئەو قوربانی بە کورد دەدات کە بەوەفاترین و ئازاترین دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکان و سەدی سەد جێگای متمانەن، لە پێناوی ئەو دیکتاتۆر و ئیسلامییە توندڕەوانەی کە قەت نابنە هاوپەیمانی جێگەی متمانە.
D-  ئێستا تورکیا سوپایەکی نزیکەی 150,000 چەکداری لە بەرەی نوسرە و گرووپی ئیسلامیستی توندڕەوی هاوشێوە هەیە کە دەیەوێ بەکاریان بێنێت.. بۆ کەس نا بۆ کۆمەلکوژی هەر ئەو کوردە شەرەفمەند و خۆبەخشانەی کە دڵسۆز بوون بۆ هاوپەیمانێتی ڕۆژاوا و بە خوێن و خەبات و خۆبەخشیی خۆیان و مەرگی کچ و کوڕە ئازا و ئازادیخوازەکانیان داعشیان بۆ خێر و چاکەی هەموو مرۆڤایەتی تێکشکاند. ئایا ئەمە بەراوەژووبوونەوەەیەکی دڵرەقانە نییە کە:
A- سەرۆک ترامپ خۆبایی بەوەوە بکات کە ئەو پالەوانە و داعشی لەناو بردووە
2- هەر ئەو هاوپەیمانە دڵسۆز و خۆبەخشانە کە ئەو سەرکەوتنەیان دروست کردووە کە سەرۆک ترامپ شانازی پیوە دەکات، ئێستا وەک قۆچی قوربانی بە خوینخۆرێکی وەک ئەردۆگانیان دەبەخشێت؟
C- بەم کارە ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە شانازیان پێوە دەکات و وەک بێدن دەربارەی سەرهەلدانی داعش روونی کردەوە، گومانی نییە داعش و گروپە تێرۆریستەکانی تر دەتوانن شێوە و شێواز و شوێنیان بگۆڕن و زیاتر سەرهەڵدەدەنەوە و بە‌هێز دەبنەوە. ئەوسا ئەمریکا ناچار دەبیت لە نوێ تێهەڵچێتەوە هەر وەک دوای کشانەوەی ئۆباما لە عێراق روویدا.

( 4 )
A- سەرۆک ترامپ زۆر جار پاکانەی سیاسەتی دەرەوەی بەوە دەکات کە ئەو نایەوێت پارەی ئەمریکا بۆ پاراستنی خەلک بەکاربێنێت و ئەمریکا ببێتە پۆلیسی دنیا. ئەو دوو ئاخاوتنە هەردووکیان بۆ ئەم کەیسەی پشتگیری کورد و دەوری ئەمریکا لە سوریا دروست نین. من لەم بارەوە نامەیەکی تایبەتیم بۆ سەرۆک ترامپ نووسیوە.
B- وەک بەڕیزتان لە راگەیاننەکەتاندا روونتان کردۆتەوە و دەفەرموویت [ بەلام ئیمە لێرە ( لەسوریا) پۆلیسی جیهان نین. ئێمە دژی داعش دەجەنگین.. ئەوان هێشتا لە سوریا تێکنەشکاون.. من داوا لە سەرۆک دەکەم کە زامنی ئەوە بکات هێزمان لە سوریا هەیە تا بمانپارێزن. پرسی ئاسایشی نەتەوەیی ئێمە بە هێزی بێگانە مەسپێرن. گەر ئێمە ئێستا سوریا بەجێبێلین، کوردەکان لەگەڵ وترکیا دەکەونە شەڕەوە و دەشی کۆمەڵکوژ بکرێن.] foxnews
C- ئەو سوپایەی لە سوریایە ئەوەندە هێزێکی گەورە و بارگرانییەکی گەورە نییە لە سەر ئەمریکا بە بەراورد لەگەل ئەفغانستان و شوینی دیکە.. وا راپۆرت دەکرێ کە تەنیا 2000 سەربازی ئەمریکی لە سوریان، بەلام لە هەموو هیزێکی ئەمریکی تر بە بەروارد لەگەل ئەفغانستان و عێراق سەرکەوتنی زیاتریان بەدەست هێناوە.
1- سەربازە ئەمریکییەکان شەرەفمەندانە و ئازایانە لە گەڵ کوردە ئازا و شەرەفمەندەکان بۆ نزیکەی چوار ساڵ شەو و ڕۆژ جەنگاون، بە یەکەوە لە ئاسمان و ئەرزدا جەنگان، بە یەکەوە چال لە دوای چال، گرد لە دوای گرد، گوند لە دوای گوند ، شارۆچکە لە دوای شارۆچکە و شار لە دوای شاریان لە تاوان و بەلای داعش پاککردەوە، بە خوێن ، بە فرمێسک، بە شەهید و قوربانی لە ژمارە نەهاتوو، بە ئازار و ئێشێکی زۆر بۆ منال و خێزان، ئەوان باکوور و ڕۆژهەلاتی سوریایان ئازاد کرد، هەر لە کۆبانی و مەنبەجەوە تا رەققە و دێرە زور، پایتەختی خەلافەتی فاشییەت و تاوانیان تەخت کرد، دوا شارۆچکە هەجین بوو کە دوای نەبەردیی و قوربانییەکی زۆر ئازادیان کرد! کاتێ ئەم هەموو سەرکەوتنانە لە پرۆسەدابوون، کە لە مێژووی جەنگەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق وێنەیان نییە.
2- توانیویانە داعش لە نزیکەی هەر هەموو سوریا تێکبشکێنن
3- سەدی سیی خاکی سوریایان ئازاد کردووە
4- ئەو خاکە ڕزگارکراوە دەولەمەندە بە نەوت، ئاو و كشتوکال. کەواتە ئەو واگۆیەی کە هەر دەبێ ئەمریکا بە پارە و خەرجیی خۆی خەڵکی تر بپارێزێت، لەم کەیسەدا دروست نییە.
5- هەسەدە تەنیا سەرکەوتنی سەربازیی مەزن و پیرۆزی دژ بە داعش بەدەست نەهێناوە و خەلافەتی فاشیزمی ئیسلامیی لە گۆڕ نەناوە، بەڵکو هاوهەنگاوی ئەمە گەلێکی نوێیان بنیاتناوە، سیستمیكی خۆ-بەرێوەبەری سەرەتا دیمۆکراتی نا نەتەوەیی، نا مەزەبی و نادینیی نانێوەندیی جوگرافییان دامەزراندووە کە تێیدا هەموو کۆمەلگاکان هاوکارن و بە ئاشتیی پێکەوە دەژین و ژنان دەوریكی یەکسان و ڕێبەر و کاریگەری تیدا دەبینن

بەرێز سێناتۆر گراهام
( 5)
ئا لێرەدا، لە رۆژاوا، ئێمە مۆدێلێکی نوێمان لە جەنگان و سەرکەوتن بە دەستیک و بنیاتنانی بەدیلی هەمیشەیی و درێژخایەن بۆ فاشیزم و کوشتن و وێرانکاریی، بە دەستەکەی تر هەیە. ئەمە ئەو کار و ئەنجامگرییەیە کە ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراقدا نەیتوانیوە بەدەستی بێنێت: واتە دروستکردن و تواناسازکردنی کۆمەلگاکانی نامەرکەزیی، خۆ-بەڕیوەبەر و خۆپارێز و هاوکار کە نرخی پشتیوانی ئەمریکا بزانن و بەهاکانی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ و پێکەوژیانی ئاشتییانە و مودێلی ئیدارەی نادینیی نانەژادیی خۆمالی بپارێزن. ئەو مۆدێلە لە رۆژاوای کوردستان بەدیهاتووە و باش کار دەکات. کەواتە بۆچی دڵڕەقانە ئەو دەسکەوتە لەناوبەریت کە بە بەری ڕەنجی خەبات و خوێنی کورد و عارەب و مەسیحییەکان و پشتیوانی هاوپەیمانی جیهانی بە ڕیبەرایەتی ئەمریکا پێگەییوە؟
ب. من ئاگادارم کە شکۆمەند سەرۆک ترامپ حەز بە خویندنەوەی نامە و راپۆرت و وتاری درێژ نییە. بۆیە من دەربارەی هەڵویستی کورد تویتێکم بۆ نارد، لێرە دا ئەو تویتە بۆ بەڕێزیشتان دەنووسمەوە هیوادارم بتوانی بە سەرۆک ترامپیشی بگەیەنێت. [تویتێک بۆ سەرۆک ترامپ]

تۆ دەڵێی پارەی خۆمان بۆ پاراستنی خەلکی دی خەرج ناکەین، نابین بە پۆلیسی جیهان
گەورەم کورد سەدی سی خاکیکی
دەولەمەندیان هەیە:
نەوت و ئاو، کشتوکالی زەبەند و ئاوەدان
کورد سوپایەکیان هەیە: 70،000 قارەمان
هەزارانیش شەهیدی زیندوو
وەک خۆت دەتوت جاری جاران
ئەوان داعشیان تێکشکان
ئەوان سەرکەوتنیان نەخشان
ئێستاش تۆ میژووی ئەوان دەکێڵی
بۆ گۆرگی تورک بە تەنیا بەجێیان دێڵی

چ لە دواییدا گەورەم من چوار نووسینی وەرگیراوت بۆ دەنووسمەوە کە وێنەیەکی سامناکی ڕەوشی خەتەرناکی کورد دوای بریارەکەی سەرۆک ترامپ دەنەخشێنن و پێویست بە کۆمێنت و روونکردنەوە ناکات.

1- هەڵوێستی سەرۆک ترامپ بەرامبەر کورد لە وەلامی ڕۆژنامونووسیکی کوردا کە بە میستەر کورد ناوی برد لە مانگی ئەیلوولدا، وتی: ئێمە هەول دەدەین باش لەگەڵ [کوردەکان بگونجێین]، ڕاستیی باش لەگەڵیان دەگونجێین. ئێمە هەول دەدەین زۆر یاریدەیان بدەین. لە بیرت نەچی خاکەکە هی خۆیانە. لە سەرمانە یارمەتیان بدەین. من دەمەوێ یارمەتیان بدەم. ئەوان لەگەل ئێمە جەنگان. ئەوان لەگەڵ ئێمە مردن. ئێمە دەیان هەزار کوردمان لە کیس چوو.. مردن لە جەنگان دژی داعش. ئەوان بۆ ئێمە مردن و لەگەڵ ئێمە مردن. و بۆ خۆیان. ئەوان بۆ خۆیان مردن. ئەوان گەلیکی مەزنن. ئیمە لە بیرمان نەبردوونەوە. لە بیریان نابەینەوە.

2- وتەی سەرۆک ئەرکانی سوپای تورک دوای بریارەکەی سەرۆک ترامپ بە کشانەوە لە سوریا:
[ئەستەنبول- رۆیتەرز] تورکیا دەڵی کوردەکان لە رۆژهەلاتی سوریا [ لە ناو خەندەقەکانیاندا دەنێژین. کاتێ کوەختی خۆی دێت.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا لە سەردانێکیدا بۆ بنکەی سەربازی تورک لە دۆحە وتی: ئێستا ئێمە مەنبیج مان لە بەر دەمە لە رۆژهەلاتی فورات، ئێمە بە خەستی کار لە سەر ئەمە دەکەین. هەر ئێستا دەلین کە چەند خەندەق و تونێلێک لە مەنبیج و لە ڕۆژهەلاتی فورات لێدەدەن. کە [کوردەکان] حەز بکەن دەتوانن لە ژیر زەمین خۆیان بشارنەوە، بەلام کاتێ کات و شوێنی خۆی دێت، ئەوان لە ناو ئەو خەندەقانەدا دەنێژین کە لێیان ادون، نابێ کەس گومان لەمە بکات.

3- وتەی گەورە بەررپرسی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکیی و دانەری کتێبی: خیانەتی مەزن: چۆن ئەمریکا پشتی کردە کورد و ڕۆژهەڵاتی نیوەندی دۆڕاند؟!
[[ بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ و نیو ، ئەوان سەربازی ئێمە بوون لە مەیدانی جەنگدا و سەرەڕمی گرتنی قەلای سەختی داعش رەققە بوون ئەمە دوا نموونەیەکە کە چۆن ترامپ حەز بە پشتگیرییکردنی دیکتاۆرە دەسەلاتخوازەکانی بییانی دەکات [مەبەست ئەردۆگانە] و گوێ بە ئامۆژگاریی بەرپرسەکانی ئەمریکا نادات؟ هەر کە ئەمریکا چادرەکانی پێچایەوە و چۆلی کرد، تورکیا دەستبەجێ بۆمباردومانی ئاسمانیی دەستپێدەکات دوای ئەوە هیرشی ئاسمانیی لە لایەن سوپای ئازادی سووریی کە ئەنقەرە پاڵپشتیان دەکات، دەستپیدەکات.. هەزاران دەمرن، هەزاران لە رەگوڕیشە هەڵدەکەنرین و لە ناو سوریادا پەنایان نادرێت. لە سنووری تورکیا دەیانگێڕنەوە] theguardian

4- [ ” هەموو کەس شلەژاوە و دەترسێ.. ئەوە مانای وایە کە تورکیا دەشێ هێرشمان بکاتە سەر.. ئیمە تووشی شۆک بووین چونکە ئێمە باوەڕمان وا بوو کە دوای لە ناوبردنی داعش ئەمریکا یارمەتیمان دەدات ئاشتی بەرقەرار کەین. ئێمە قەت بیرمان نەدەکردەوە کە ئەوان یارمەتیمان دەدەن تێرۆریستەکان لەناوببەین ئەوسا بە تەنیا بۆ بەرەوڕووبوونەوەی تێرۆری هێزەکانی تورکی و گروپە توندڕەوەکان ئێمە بەجێ بێڵن. ئەمە قسەی مەزڵوم کوردی بوو کە باوکیکی تەمەن 33 ساڵەیە و مامۆستایە لە کۆبانێ.. ” ئێستا خەلک دیسان بیر لەوە دەکەنەوە دیسان دەربەدەر ببنەوە. بەلام کەس نازانی کوێ سەلامەتە بۆی بچن…بەلای مەزلوم کوردی یەوە ئەوە گەورەترین خیانەتی ئەمریکایە بەرامبەریان. دەڵێ: خەڵک دەگرین، دەتوانن لە ئێستاوە تامی ئەو ئاوارەییە بکەن کە ڕوویان تێدەکات. دەزانن زستانێکی سارد دەبێت و یەکەم زستانیانە دوای داعش.. بۆ ئەو کەسانەش کە بۆ ئەمریکا کاریان دەکرد شوێنێک نییە ڕووی تێبکەن چونکە لە چوار لاوە دوژمنایەتی دەکرێن. لەلایەن تورکەوە چونکە لەگەل هەسەدە کاریان دەکرد، لەگەڵ رژێم چونکە تەنیا دەیەوێ بیانکات بە سەربازی خۆی، لە لایەن سوپای ئازادەوە و لەوانەیە لەلایەن حکومەتی کوردی عێراقیشەوە چونکە لەگەڵ هەسەدە بوون. ئێمە نازانین چمان بەسەر دێت.]” foxnews.com

بەڕێز سێناتۆر گراهام

ئەوە بەراستی خەمهێنەرە کە لە هەلسوکەتکردن لەگەڵ خەتەرناکترین کاروباری سیاسەتی دەرەوەدا بەرێز سەرۆک ترامپ بەدیهیێنانی بەڵێنەکانی کامپەینی هەڵبژاردنی تەنیا وەک خەتدان لە بۆکسی- پشکنین سەیر دەکات، بە بێ لێکدانەوەی ناواخن و ئەنجامەکانی بریارەکانی:
من بەلێنم داوە سوپاکەم لە سوریا بکێشمەوە،
فەرمان دەدەم سوپاکەم دەستبەجێ بکشێتەوە.
ئەنجام: بەلێنەکەم بەجێهێنا – خەت بەناو بۆکسەکەدا بهێنە!
بەڵام ئەی بەلینەکانی بە کورد ئەوانەی وەک خۆی وتی: بۆ ئێمە و لەگەڵ ئێمە و بۆ خۆشیان مردن چونکە خاکی خۆیانە!! وتی باش لەگەلیان دەگونجێین و بەردەوام دەبین لە پاراستنیان!
ئێستا هەموو شۆڤێنیستە عارەب و تورکەکان جەنگاوەرانی کورد و هەسەدە وەک مورتەزەقەی پێشووی ئەمریکا ناو دەبەن و داوای سووکایەتیپێکردن و لەناو بردنیان دەکەن. ڕوسیا هانی تورکیا دەدات، هەر وەک دڵرەقانە و بێشەرەفانە لە عەفرین کردی، کە هێرشیان بکاتە سەر لە رۆژهەلاتی فورات.
بێگومان ئەوە کارێکی شەرەفمەندانەیە کە سەرۆک ترامپ بەڵینەکانی بە خەلکی ئەمریکا بپارێزێت. بەلام لە هەمان کاتدا بە ڕێگایەک بێت کە بەلێنەکانیشی بە وەفادارترین هاوپەیمانی ئەمریکا واتە کوردەکان بپارێزێت و هەروەها بە جۆرێک بێت کە شەرەفمەندیی و عەدالەت و بەها بەرزەکانی ئەمریکیی بپارێزێت.

گەورەم جەنابی سێناتۆر گراهام
من زۆر ورەدار و گەشبین بووم کە بەو دەورە کاریگەرە شەرەفمەندانەی سەرکردە شەرەفمەندە ئەمریکییەکانی وەک جەنابتان دەیبینن: دادخوازیی ئەمریکیی، شەرەف و عەدالەت و بەهاکانی ئەمریکا لەم تاقیکردنەوەی قەیرانی سوریا دەردەچن و بە بەهێزیی دەمێننەوە. بەڵام من هیشتا نیگەرانم و گەلەکەمان لە دڵە خورپێ و ترس دایە، چونکە هێشتا هیج پلانیکی سیاسیی و پراتیکیی لە ئارادا نییە. من هاوار بۆ بەڕێزتان دێنم کە بەردەوام بیت لەگەل سەرۆک ترامپ و سینات کار بکەیت بۆ:
1- سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین لە هەموو ئەو ناوچانەدا کە لە ژێر دەسەلاتی هیزەکانی سوریای دیمۆکرات دان. هەتا ئەگەر ئەمریکا لە سوریاش بکشێتەوە دەتوانێ ئەم کارە بە ئاسانی جێبەجی بکات ئەمریکا خۆی یان هاوپەیمانەکان.
2- ئەمریکا گەرانتی پاراستنی کورد و بەدیهێنانی مافی ئیدارەی خۆیی کورد لە دەستووری نویی سوریادا بکات
3- ئەمریکا و هاوپەیمانان زامنی ئەوە بکەن کە کورد بە کاریگەریی بەشداری هەر پرۆسەیەکی سیاسیی ببن بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەرێ ئەهلیی دڕندانە لە سوریا.

زۆر بەڕێزەوە دڵسۆزتان
د. کەمال میراودەلی
نووسەر و ئەکادیمی کورد، کاندیدی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە تەمووزی 2009.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت