سوەیلا مێهەمی: چاودێریکردنی خود، لەلای ژنانی نوسەر.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خود سانسۆڕکردن تایبەتمەندی و میراتگری مرۆڤ و کۆمەڵگاییەکی دەستپەروەردەیی، دەسەڵاتێکە کەساڵانێکە ساڵ بەساڵ لە بازنەی دیکتاتۆرییەتدا هەڵسووڕاوە، کە خۆ سانسۆرکردن لەم کۆمەڵگایە دەبێتە باو.
ئێمە لێرەدا لە باسی ئەدەبیاتدا بەربڵاوی بەم باسە گرینگە دەدەین ژن لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا، هەموو کات پێوەرەکانی بەباڵای پیاو دەپێوێ بەردەوام لەژێر ڕکیفی پیاوانەدا خۆی سانسۆر کردووە، بەدڵنیاییەوە ئەم سەرەرۆییە لەناخیدا جێگیردەبێ و خود سانسۆری دەستپێدەکات، سڕینەوەی خۆی و سڕینەوەی کەسانێکی دیکە دەست پێدەکات.
ژن لە وێنای چەکێک ئەم سانسۆرە بەکار دەهێنێ بۆ خود بەهێزی پێیشان بدات لەچاوی پیاودا و هەر ئەو بۆ نموونە ئارامییە دەروونییە دەبێتە هۆی بەپەراوێز دانانی و لەفڕین بەرەو خەونەکانی بەجێدەمێنێتەوە لەپەراوێزدا و لەبازنەی پیاودا دەمێنێتەوە و ئەدەبیاتی ئەم ژنانە زایەڵەی ئەم بیرۆکەیەییە.
لەکولتوور و نەریتی کۆمەڵگای ئێمەدا خەریکبوون بەجەستە و لەش بەچاوی سووک سەیری دەکەن و باو نییە و هەمووکات رۆح و جەستەیان لەبەرانبەری یەکدا داناوە کە لەجێبەجێکردنی باسی رۆحی ئاسان بووە و بواری لەش کارێکی ئاستەم هاتووتە بەرچاو ئێستا تا ڕادەیەک باس لەعەشق ئاسان بووە لە نێو ئەدەبیاتدا، بەڵام پێشتر دەربڕینی عەشقی ژنێک بۆ ڕەگەزی بەرانبەری کارێکی شەیتانی و تاوان بووە بۆیە کۆمەڵگای پیاوسالار کارێک دەکات کچان و ژنان لە پەسیوەکان و ژوورەکانی ماڵدا پاوان دەکات و لەپەروەردەکردن بێبەش دەبن و ژن بەس لە بازنەی جنسییەت و سیکس و خۆ ڕازاندنەوە و میکاپ و خشڵ و ئەوانەدا دەمێنێتەوە، کەوەکوو کەرەستەییەک بۆ ڕابوواردنی پیاودا دەرکەوێت و ژنێک کەبەدوای ئارەزووەکان و خەونەکانییدا بکەوێت وەکوو کەسێکی ناباو و جیاواز دەروانن بەودا لەدەقە کۆنەکاندا ئێمە دەبینیین لە ژن وەکوو کەسێک کە پاکیزەییە و نابێت هیچ هەڵەیەک بکات و نابێت گوێ بە ئارەزووەکانی بدات چۆن فریوی شەیتان دەخوات دراوە. سمبولی سێبووری و پاکی و لێبووردەیی پیشاندراون و ژنبوونیان لەپاکی و بێدەنگ بوونیاندا پێناسە دەکرێ و ژنبوونیان ئەوەیە کەکۆمەڵگا قبووڵی دەکات و پێناسەی بۆ کردووە. ئەمانە ژنانێکن بێ دەسەڵات کەچارەنووسی خۆیان قبووڵ کردووە. ئێمە لەلاشەمان چاوپۆشیمان کردووە و بەشێوەیەکی سووک فێربوویین باسی نەکەیین، ژن لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەردەمدا لە ڕواڵەتدا ئەزمونی عەقڵانییەت و مۆدیڕنیتە دەکات، بەڵام ئەو بەهۆی ئەوانەی باسمان کرد هێشتا بە ئاسانی نەیتوانیوە لەپێستی خود سانسۆری بێتە دەرێ و، خۆی پێناسە بکات.
لەڕواڵەتدا ژنی مودیڕن شەرم ناکات خۆی بنوێنێ، بەڵام ژنی نووسەر لەبازنەی ئەدەبیاتدا هێشتا ئەو بوێرییەی نییە و خۆی لەپشت کومەڵێ وشەی کۆنەپارێز حەشار داوە، ئەو نەیتوانیوە لە ژنبوونی لەسەرکوتکردنی غەرایزی لەژیانی هاوبەشییدا بنووسێ و بدوێ، هێشتا خەریکە خۆی سانسۆر دەکات. زۆر بەرچاوە ئەم ژنە هێشتا لەژێر سەیتەرەی پیاودا هەنگاو هەڵدێنێ. وا دەبینین ژن لەدەقەکانییدا خۆی نییە و خۆی دەسڕێتەوە. زۆر نەزانانەیە لەوێ کەباسی جەستەی ژن دەکرێ بەس بیر لەچێژ بردنی کێشەی سیکس بکەینەوە.
زۆربەی جیابوونەوە و تێکچوونی ژیانی هاوبەشی ژن و پیاو دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتن لە لەش و جەستەی بەرانبەرەکەیاندا. بۆ زۆربەی پیاوانی ئێمە دەقی ئیروتیک لەلایەن ژناندا کە دەنووسرێتەوە وایدەبینن کە ئەو ژنە بێ ڕەوشتیە رووناکبیرانەیە تەنانەت لە شانۆکانی شکسپییر لە وشەی ” سرشت” بۆ دایکی مرۆڤی بەکار هێناوە و لەوشەی ” عەقڵ” بو پێناسەی باوکی مرۆڤ. تاڕادەیەک هەموو قارەمانە ژنەکانی نێو ئەدەبیات بە سرشت وێناکراون ئەم ڕەگەزە پێشتر ناپاک بووە و دوایی دەتواننن بە دوای شتێکی سەرتر بکەون. لەکتێبە ئایینییەکاندا زوڵەیخا ژنێکە ناتوانێت ڕێگری لەخود بکات و ژنێکی مەکربازە!.
مێژووی ئێمە مێژووییەکی پیاوانەیە ئێمە هەموو کات لەژێر ڕکیفی پیاوسالاردا بوویین، یاسای پیاوانە و دامودەزگای بەهاداری پیاوانەمان بووە. لەڕواڵەتدا ئێمە بەرەو پێش دەرۆین و خوێندن و ئیش و چالاکی کۆمەڵایەتی و مافی دەنگ و ….تاد، بەڵام هەمووی ئەوانە لە ژێر سەیتەرەی پیاودا رۆڵدەگێڕێ و بەردەوام بەرهەمهێنانەوە دەکات. (ژولیا کریستوا) فەیلەسووف و ڕەخنەگری ئەدەبی دەڵێت: “خواستی ژنان بۆ خۆ تاریفکردن لەهۆگرایەتی خەڵقکردنی هونەر و بە تایبەت خوڵقاندنی ئەدەبیاتدایە”. ئەمە بەو واتایە نییە، ئەدەبیات لەبەرەنگاربوونەوەی نەریتەکانی کۆمەڵگا هەندێجار هوشیارانە پەردە لەسەر نهێنییەکان لادەبات و نەوتراوەکان و بێدەنگییەکان لەڕێگای ئەدەبیاتەوە دەوترێ ؟ پرۆسەی ئەدەبیات دەتوانێ هەموو ئەو خاڵە گرینگانە کەسەرپۆشیان بەسەرەو داناوە بوترێتەوە. خاڵێکی گرینگ لەجیهانی ئەدەبیاتدا ئەوەیە ژنی رەخنەگرمان لەئەدەبیاتدا بەدەگمەن دەستدەکەوێت و ئەمە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەو باسانە کەکردمان و ئەگەر چی لەم سەردمدا خەڵاتی ئەدەبی دەکرێ و وتنەوەی کێشەکانی ژنان بەرچاوە، بەڵام ئەمیش هەر لەبازنەی بەرتەسکێکدا ماوەتەوە گۆڕەپانی ئەدەبیات، تریبوونی وتنەوەیە ئەو شوێنەیە کەژن دەتوانێ لەلووتکەکانی فڕین باس‌بکات و دەنگ هەڵبڕێت، بەڵام بەخەستی تووشی ئاستی نزمی کولتووری و ئابووری پەروەردەیی دەبێتەوە، چون سیستم و کۆمەڵگای ئێمە پیاوسالارە و تواناکانی ژنی بەرتەسک و سنووردار کردووە.
بەهەرحاڵ ژنی سەردەم هەوڵی ئەوە دەدا جیهانێکی ژنانە بخۆڵقێنێ کەپێناسەی خۆی بکات زمان و هونەری ژنانە هەر وەها کە (ویرجینیا وۆڵف) دەڵێت ” ماڵێک بۆ خۆی بەرهەم بێنێ”، بەڵام بەربەست و کێشەکانی ئایین و کولتوور و کۆمەڵگا بەردەوام لەدیوارێکی زۆر بەرز بووە تا ڕێگری لەیاخی بوونی ئەدەبیاتی ژنان بکات. دەقی ژنانە بەرهەم دێت بەڵام بە کار ناهێنرێت. ئەڵبەت ئەدەبیاتی سەردەم لەسەر ڕەوتی حاشالێکرن بونیات نراوە کە بە پۆستمۆدێڕن و یا ئەدەبیاتی زمان و ئەدەبیاتی جیاواز و دەتوانیین بیبینین.
ڕوانگەییەکی دیکە لەبەرەی چواردا ئەوەیە شتێک بەناوی ئەدەبیاتی ژنانە و پیاوانەمان نییە لەم ڕوانگەیەدا ژن و پیاو وەکوو دوو چاودێر سەیری یەکدی دەکەن. بەهەر حاڵ گەشەی ئەدەبیاتی ژنان لەرۆژهەڵاتی ناویندا و بە تایبەت کوردستان رۆژ بەرۆژ له‌ گەشەدایە و هاوتەریبی جیهانی مۆدیڕنیتە ڕێ دەکات و ئەدەبیات چەشنێکی زاو زێیە و خۆڵقێنەرە و تەنانەت شەڕخوازترین دیکتاتۆرەکان لەژنێک لەدایک دەبن ، ژنانی نووسەر لەم سەردەمەدا هەوڵی خۆیان داوە ژنێکی هزرمەند و بیرمەند بەتایبەتمەندییەکانی خۆیان پێناسە بکەن لەبەرانبەری دەسەڵاتێکی بەهێزی پیاوانەدا بەردەوام لەخەباتن.

سنه‌

سوەیلا_مێهەمی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت