بەیان ئیبراهیم: ئەرکی نوسەران و هونەرمەندان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەدەب و هونەر گەڕانە بە دوای دروستکردنی دنیایەک پڕ بێت لە ژیان دۆستی، دورستکردنی حاڵەتی مرۆڤ دۆستی بەرز، ئەدەب و هونەر جیا لە دنیای بەریەککەوتنەکانی سیاسی ئابوری کۆمەڵاتی وەک چوارچێوەی خۆی و خولقاندنی جوانی یەکان و ناسنامەی مرۆڤایەتی ئەرکی دوەمی چاودێری کردنی ژینگەی گشتی و ڕەخنەگرتنی کۆی ئەو ڕوداوانەی کە دەبنە هۆی ناشیرین کردنی دنیای مرۆڤایەتی.
ئەدەب و هونەر سنور یان ناسنامەی نەتەوایەتی ناتوانی بچوکی بکاتەوە بۆ خۆی، بە پێچەوانەوە ئەدەب و هونەر ڕەهەندی نەتەوایەتی ناسنامە بەرز دەکاتەوە بۆ خۆشویستنی مرۆڤ. دەکرێت بڵیین هونەرمەندێک یان نوسەرێک یان شاعیرێک لە فڵان نەتەوەیە ئەو کات دەبێتە شانازیەکی ئەو نەتەوە بە خاوەندارێتیەکی بچوکی. بەڵام لە باڵادا کۆی نەتەوەکانی دنیا بەرهەمەکانی دەبینن و، بە بەشێک لە ئینسانی بونی خۆیانی دەزانن. وەک چۆن ئێمە لێرەوە شاکارە بەرزە ئینسانیەکان دەبینین.
ئەرکی ئەدەب و هونەر لەهەر ژینەگەیەکدا بێت ڕەخنەکردنی دەستەڵاتەکانە بەرەو باشتر، بۆیە دەبێت ئەدەب و هونەر بەدەر بێت لە بچوک بونەوە بۆ ئاستێکی بچوکی ململانێکان، ئەمە بەو واتایە نایە کە نوسەر و هونەرمەند دابماڵی لە پرۆسەی سیاسی بە پێچەوانەوە بەشداری ئەمان بەشدارییە بەمانای چاودێری کۆی پرۆسەی گشتی بە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایتەیەوە، دەکرێت ناوەندەکانی خوێندنی باڵا و نوسەر و هونەرمەند ببنە ڕابەری جوڵانی کۆمەڵەیەتی و سیاسی و ئابوری و پێشڕەوایەتی گۆڕانی کۆی گشتی بکەن.
بەداخەوە لە باشوری خۆماندا نەک نەتوانراوە وا بکرێت خاوەنی دەقی گەورەی جیهانی بین بەهۆی بچوکبونەوەی نوسەران و هونەرمەندان بۆ ئاستی ململانێ ی بێ تامی حیزبەکان، وە بوەتە هۆی لە دەستدانی لێپرسراویەتی ئەرکی ئەدەب و هونەر بەسەر کۆی پرۆسەی گشتییەوە، کە دەبو ئەگەر ئێمە وەک کورد و ئەم باشورەی خۆمان بە دوای بەرهەمهێنانی شاکاری گەورەی مرۆڤانە و جیهانیانە بوینایە، دەبو ڕێکخراوەکانی هونەرمەندان و نوسەران نیشتمانی بونایە و بەرز تر بونایە لە کۆی حیزبەکان، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئاو دەکاتە ئاشی ململانێیەکی بێتامی ئێستەی حیزبەکانەوە هەندێک هونەرمەند و نوسەرەکانن، کە دەتوانین بڵین دابەشبونی هونەرمەندان و نوسەران بەسەر چەند ڕێکخراوێکی حیزبی ئاستی ونکردنی ئەرکی ئەدەب و هونەرمەند دێنێتە خوارەوە، کە دنیای ئێمە بە جۆرێک داماڵراوە لە بەهای ئینسانی بون و دابەش بوە بۆ حیزبی بون وەک دەستکاریکردنی لاشەی پێکەوەژیانی کۆمەڵگا کە گەر سەر بە حیزبێک نەبێت هیچ ناوەندێک هاوکاریت ناکات بۆ چالاکیەکان، کە ئەمەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە خودی نوسەر و هونەرمەندەکان ئەرکی خۆیان لەدەستداوە کە دەبێت نوسەر و هونەرمەند تەواو نیشتمانی بێت و چاودێرێکی توند بێت بەسەر کۆی دەستەڵاتەوە لە کاتی لاداندا لە بەها ئینسانی بونەکان.
دابەشبونی نوسەران و هونەرمەندان بەسەر ڕێکخراوەکانی پاشکۆی حیزبەکاندا لە بەهای ئەرکی هونەر و ئەدەب کەم دەکاتەوە تا ئەو ئاستەی کوشتنی چاودێرێکی گشتیە وەک دەستەڵاتی چوارەم و پێنجەم، ئەمەش وا دەکات دنیای ئێمە لە غیابی چاوێرێکی تەندروستی نیشتمانیدا بژی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت