كارۆخ عوسمان: سێ چوارێك لەزەردەكان و چوارپێنجێك لەسەوزەكان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كاتێ یەكێتی لەشانشینەكەیدا پارتیەك دەگرێ پارتیش لەمیرنشینەكەیدا یەكێتیەك دەگرێت، پێچەوانەش ھەر ئەوەیە. بەڵام ئێمەی بەدەر لەم دوو حزبە كە سنورێكی دیاریكراومان نیەو دەستگیر دەكرێین لەكوێ و كێ بگرین بۆ فشاری ئازادكردنمان؟
ئێمە كە بڕوامان بەگرتنی ھەڕەمەكی بەدەستی ئاسایش و دژەتیرۆر نیە، بێشك بڕواشمان بەبەدیل گرتن و ئاڵوگۆڕی گیراوەكانی ئەمدیو ئەودیو نیە.
ئاخر گرتنە ناوخۆییەكان بەبێ فەرمانی دادگا جۆرێكە لەسوكایەتی كردن بەكۆمەڵگەو مافەكانی مرۆڤ، چونكە ناكرێت بەدەر لەجینایەت و تیرۆری عەلەنی ھیچ كەسێك بكەوێتە دەستی ئاسایش و ھێزە ڕەشەكانی بەناو دژە تیرۆر.
ئەمجۆرە ھەڵكوتانە سەر ماڵ و تاكەكان و كەلەپچەكردنیان لەبنەڕەتدا كردەوەیەكی تیرۆریە، تیرۆری ڕێكخراوەییش تێدەپەڕێنێت و دەچێتە قاڵبی تیرۆری حزبی، ئەو حزبەش گەر پشكی حوكمڕانی ھەبێت دەبێتە تیرۆری حكومی، واتا كردەوەیەكی سێجار تیرۆریستیە، ھەتا ئەگەر كەسەكە نەشكوژرێت ھەر تیرۆرە چونكە بەھۆی ئەم ڕەمەكی گرتنەو بەبێ گەڕانەوە بۆ فەرمانی دادگا تۆقاندن بڵاودەبێتەوە، ئارامی وبێ متمانەیی وەڵاتیان لەبەین دەچێت.
جگە لەمانەش بڕوامان بە(لەجیاتی) گرتن ھەر نیە، چونكە پێچەوانەی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤە، ئاخر ڕەنگ زەردێك لەمدی و دەستگیر دەكرێت خوێن سەوزێكی ئەودیو سوچی چیە؟ وە بەپێچەوانەش.
تەنانەت بڕوامان بەئاڵوگۆڕی گیراوەكانیش نیە، چونكە قۆناغی شەڕی گەرمی سەنگەرگرتنمان تێپەڕاندوە، تەنھا ئەو كات مامەڵەی دیل بەدیل ھەبوو، واتا (دیل بەدیل) تەنھا لەجەنگدا ھەیەو ئیشی پێدەكرێت، لەچوارچێوەی مەدەنیەتدا ئەو شێوازی گرتنە كوفری سیاسیەو ڕەجعیەتی حوكمداری دەردەخات.
ئاخر كە دەڵێین؛ پێویستە ھێزە ئەمنیەكان لەژێر سێبەری حزب بێنەدەرەوە بۆ ئەوەیە تاكو ئەم بێ ئەدەبیانە بەرامبەر بەتاكەكانی كۆمەڵگە ڕوونەدەن،
لەبەرئەوەی لەنەتیجە ھەر خەڵكی عەوامی دواكەوتە دەكەونە بەرشاڵاوی ڕق و قینەو تەسفیە حسابی سەرانی ھەردوو حزب، ھەرچەندە بەرپرسە باڵاكانی ئەو دوو حزبە حوكمڕانە شەراكەتی گەورەیان لەبەیندا ھەیە ھەر لەفرۆشتنی نەوت و گومرگە سنوریەكان و باجی نێوخۆیی. ئینجا لەھاوردەكردنی ھەر كەل و پەلێكدا كاربەدەستە باڵاكانی ئەم دوو حزبە بەیەكەوە شەریكن. واتا بەڤڕا دەوڵەمەند دەبن. لەدەرەوەو ناوەوەی وڵاتیشدا دۆستی دڵسۆزو ھەمەكاری یەكترین.
دەی ئەوە تەنھا خەڵكە باج دەدات، ئەو خەڵكەی كە كراوەتە ئالەتێك بەدەستیانەوە بۆ جار جار ترساندنی كۆمەڵگەی ناڕازی، پێیان دەڵێن: ئەوە ئێمە خەڵكی خۆمان ئاوا تەبادلی گرتن پێدەكەین، بۆیە سڵ لەگرتنی ئێوە ھەرناكەینەوە.
بەو جۆرە ڕووداوانە خەڵك دەترسێنن لەئەگەری ھەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، دەی با ھەڵگیرسێ. با شەڕ بێت. ئەگەر خەڵكی عەوام عاقڵ بووبێت و شەڕیان بۆ نەكات شەڕ بەكێ دەكەن.؟
ئینجا باشەڕ بكەن ھەزارجار لەو جۆرە پێكھاتنەوەیە باشترە. بەڵام شەڕی یەكدی ناكەنەوە جارێكیتر، ئەوانە لەدرۆزنی دەرچوون و ئێستا درۆزانی گەورەن، یەكێتی و پارتی كە جارجار چاو لەیەكتری سوور دەكەنەوە، ئەوە درۆیە لەگەڵ گەلدا دەیكەن، ئەگینا بەرژەوەندیە ئابوریەكانیان بەشێوەیەك تێكەڵبووە ھەرگیز ئامادە نین شەڕ بكەن.
بەھەموو پێوەرێك قۆناغی شەڕی ئەو دوو حزبە لەئێستای مەدەنی و ڕێكەوتنی تاڵانكاری باشترە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت