دڵشاد مەجید: چین زەبەلاحی خەوتوو (Sleeping giant ).

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە بازارێکی کۆپیکردن و لەبەرگرتنەوە.. بۆ ھێزێکی داھێنەرو سوپەر پاوەر.!
لەم ماوەیەدا دەزگا زەبەلاحەکانی ڕاگەیاندنی ئەمریکی.. سەرقاڵی کەشتی دووەمی فرۆکەھەڵگری چینی بوون. کەبەنیازە چین لەم ساڵ بیخاتە ناو دەریا. پێیان وایە. چین وەک سۆپەر پاوەرێکی ئاسیا خۆی ئامادە دەکا بۆ دوای قوناغی (پۆست ئەمریکا لەئاسیا)، واتە قوناغی دوای دەرچوونی ئەمریکا لەئاسیا.
گرنگی کەشتی دووەمی چین لەوەدایە. کەشتیەکە مارکەیەکی چینیە تەواوی کەرەستەو دەستی کارو کارگەو تەکنەلۆجیای چینیە. ھەرچی زانست و تەکنەلۆجیای رووسی و ئەمریکی و ئەوروپی ھەیە لەو کەشتیە چینیە کۆیانکردۆتەوە.
کەشتی یەکەم کۆنە کەشتیەکی ئۆکرانی بوو کە بەتەکنەلۆجیای رووسی دروست کرابوو. بازرگانێکی چینی بەناوی کردنە گازینۆ بۆ کات بەسەربردن لەوڵاتی ئۆکرانیای کڕیەوە. بەڵام دواتر دوای دەست تێوەردان و پەرەپێدانی بوو بەیەکەم کەشتی جەنگی فرۆکەھەڵگری چینی.
ئەمریکاو ئەوروپا دەرگایان بۆ ھەموو جۆرە پیشەسازییەک و تەکنەلۆجیایەک واڵاکردبوو، کە روو بکەن یان باربکەن بۆ چین. تەنیا پیشەسازی و تەکنەلۆجیای چەک بۆی نەبوو بچێتە چین. بەڵام چین بەم ھەنگاوەی، چۆن پێشتر ھەرچی بەرھەمی پشەسازی تەکنەلۆجیا و ئەلیکترۆنی ھەبوو بەھەرزان خستیە بەردەم بەکاربەرانی جیھان.
دوورنیە ئەمجارەیان بەھەمان شێوە پیشەسازی چەکی ستراتیجیش بەھەرزان بخاتە بەردەم ووڵاتان. بەمەش چین تەواوی ھاوکێشەکانی ھێز بگۆرێ و لەوێوەوەش تەواوی ململانێکانیش لەناوچە ناکۆکەکان توندتر بکات، و بیردۆزی فرەجەمسەری بکاتە حەقیقەت و راستی. کەچیتر دوونیا لەلایەن دوو جەمسەر یا یەک جەمسەر بەڕێوە ناچێ.
چین بەو ھێزە نەرم و سڕبوویەیە، کە تائێستا لە کێشەو ململانێکانی نێوان زلھێزەکان لەسەر ووزەو ھەژموون بەسەر ناوچەکان، بێلایەن و دورەپەرێز دەبینرێ. بەڵام ئەم ھێزە تا قیامەت ھەروا بێ جوولە نابێ لەحاڵەتی سڕبوون و مت بوونە دێتەدەرێ.
لەڕاپۆرتێکی حکومەتی ئوستراڵی ئاماژە بەوەکراوە: لەساڵی 2030 قەبارەی ئابووری چین دەگاتە 42 تڕلیۆن دۆلار. ئەمریکاش لە ھەمان ساڵ قەبارەی ئابووریەکەی دەگاتە 24 تڕلیۆن دۆلار. بەواتایەکی تر لەماوەی کەمتر لە15 ساڵ ئابووری چین دەبێتە دوو ئەوەندەی ئابووری ئەمریکا. ئەگەر بەم شێوەیە بکەوێتەوە، ھێزێکی وا ئابووری زەبەلاح بۆ مانەوەو بەردەوام بوون، بێ گومان پێویستی بەھێزێکی سەربازی گەورەو ھەژمووندار دەبێت.
لەپەراوێزی ئەم خوێندنەوەیە دەزگاکانی لێکۆلینەوەی ستراتیجی ئەمریکا باس لەوە دەکەن و، دەڵێن: بەدووری نازانین لەداھاتوودا لەدژی ھەژموونی سەربازی و ئابووری و بازرگانی چین، ئەمریکا و ڕووسیا ببنە دوو ھاوپەیمانی بەھێزی یەکتر. بۆیە لێکدانەوەو شیکردنەوەو خەیاڵ ھەڵچنین لەسەر ململانێی رووسیا و ئەمریکا لەبێ ئاگاییەکی زۆر بەجێمان دێڵێ.
رەنگە ئەم گۆرانکاریانەی ئەمرۆ روودەدەن سەرەتای ئەو گەمە و ھاوکێشە نوێییە بێت، کەچۆن ھەموومان چاوەڕێ نوێترین کەرەستەی دەستی چینیەکان دەکەین. ئەو دوو ھێزەش چاوەرێی دەرکەوتنی (دراگۆن – تەنینی چینی) بکەن.
لەناو کوردا تاکە کەس گرنگی چینی لا چەکەرە بوو بوو، تەنیا (تاڵەبانی ) بوو. تا لەسەرھێزی خۆی مابوو ماوە نا ماوە سەردانی چینی دەکرد .. و چینەکانیشی بە کوردستان ئاشناکرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت