بورهان شێخ ڕەئوف: سیاسەتى ئەمریکا دەگۆڕێت لە ڕۆژهەڵاتى ناوین؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەرچى سیاسەتى ئەمریکا لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین تا ڕادەیەکى زۆر جێگیرەو لە سەر چوار ئامانجى سەرەکى بنیات نراوە ئیتر هەر سەرۆکێک لە کۆشکى سپى نیشتەجێ بێت پابەندە بەو ئامانجانەوە جا ئیتر لە پارتى کۆمارى بێت یان دیموکراتى ئامانجەکانیش ئەمانەن :
1- ڕووبەڕووبوونەوەى دیاردەى توندڕەوى.
2- بەرگرتن بە هەژموونى ئێران لەناوچەکەدا.
3- کارکردن بۆ بەرزنەبوونەوەى نرخى نەوتى خاو.
4- بەرگرى و پاراستنى دەوڵەتى ئیسرائیل.
لە دواى بڕیارەکەى یان ڕاستتر تویتەکەى سەرۆکى ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە 19/12/2018 بە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا شەپۆلێکى زۆر ى نیگەرانى و ناڕەزایەتى لێکەوەتەوە کە وەکو گێژەڵوکەیەک وابوو یارو نەیارەکانى ئەمریکاى گرتەوە چ بە دەست لەکار کێشانەوەى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا(جیمس ماتیس ) و هەروەها ژەنراڵى خانەنشین جون کیلى سەرۆکى فەرمانبەرانى کۆشکى سپى و برێت مەکگۆرک نوێنەرى تایبەتى سەرۆکى ئەمریکا بۆ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش ئەمە لەلایەکەوە.
لەلایەکى ترەوەباس لەوە دەکرێت کە سەرۆک ترەمپ نیازى کێشانەوەى هەزاران سەربازى ئەمریکاى هەیە لە ئەفغانستان هەروەها پێشنیارى ئەوەى کردووە کە تورکیا سەرکردایەتى شەڕى لە ناوبردنى داعش بکات ( ئەمە بەڕاستى جێگەى پێکەنین و لاقرتیە کە میدیاکانى تورکیا خۆیان بە گومان بوون لە پەیوەندى تورکیا و ئەو گروپانە) هەروەها ترەمپ وتوویەتى دەکرێت ڕۆڵێکیش بە ڕوسیاو هندستان و پاکستان بسپێرێت لەو شەڕەدا.
لەئاوا بارودۆخێکدا ترس و نیگەرانى دۆست و هاوپەیمانەکانى ئەمریکا ى لە ناوچەکە تووشى شۆکێکى گەورە کردووە کە کێ ئەو بۆشاییە گەورە پڕ دەکاتەوە کە کشانەوەى ئەمریکیەکان لە ناوچەکە بە جێ ى دەهێڵێت؟ هەرچەندە تا ئێستا ئەمریکا بەفەرمى دەستى نەکردووە بە کێشانەوەى هێزەکانى لە سوریا.
بێگومان هەر ئێرانییەکان دەبن لە ئاوا بارودۆخێکدا کە ئەو توانایان هەبێت بەو ئامادەگى و پەیوەندییە ئقلیمیەى کە لەناوچەکەدا هەیانە بتوانن لە کورتترین ماوەدا دەست بە سەر بارودۆخەکەدا لە بەرژەوەندى خۆیان بگرن.
بۆیە لە ئێستاداو لە 8/1/2019 ەوە وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا مایک بۆمبیۆ گەشتێکى سیاسى و دیبلۆماسى و ئیستراتیجى بۆ هەشت وڵاتى گرنگى ناوچەکە دەست پێکردووە بە مەبەستى ڕەوانەوەى ترس و نیگەرانییەکانیان و وردتر وڕاشکاوانەتر بۆ گەیاندنى دوومەبەست ئەوانیش:
1- ئەمریکاناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین چۆڵناکات و بەجێ ى ناهێڵێت
2- هەژموونى ئێران مەترسیەکى گەورەیە بۆ سەرناوچەکە و لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە هەوڵى بەرگرتنى دەدەین .
ئەوەى جێ ى تێڕامان و هەڵوێستە لەسەرکردنە هەموو ئەو هەشت وڵاتەشى کە بۆمبیۆ سەردانى یان دەکات هاوهەڵوێست و تەبا نین لەسەر هەموو قەیران و ئاریشەو کەیسەکانى ناوچەکە هەریەکەى لە ئاوازێک دەخوێنن، بۆ نموونە شانشینى ئوردون زیاتر کێشەى فەلەستین و مەسەلەى ئاشتى عەرەب و ئیسرائیل و پەناهەندە فەلەستینیەکان مەبەست و خەمیەتى، عەرەبستانى سعودیە کێشەو ململانێکانى لەگەڵ ئێران و شەڕى یەمەن و دەستوەردانەکانى ئێران لەوێندەر دەخاتەبەرباس و مەسەلەى تیرۆرى خاشقچیش نیگەرانى دەکات لە باسکردنى، سوڵتانشینى عومانیش باسى هەوڵەکانى خۆى بۆ ئاشتى فەلەستینیەکان و ئیسرائیل و هەروەها ڕۆڵى ناوەندگیرى خۆى بۆ ئاشتى لەیەمەن دەکات، لە هەمانکاتدا بەحرین باسى کێشەکانى خۆى و ئێران دەکات کە وڵاتێکى ڕووبەڕووبونەوەیە لەگەڵ ئێران.
قەتەریش باسى ئابڵووقەى عەرەبەستان و گەمارۆکانى سەرى دەکات، میسریەکان باسى کێشەى تیرۆر و مەسەلەى هاندانى پرۆسەى ئاشتى عەرەب و ئیسرائیل دەکەن.
جۆن پۆڵتن ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى ئەمریکا سەردانى ئیسرائیل و تورکیاى کرد و لە تورکیا ئەردۆگانى نەیبینى بۆ باس کردنى بارودۆخى سوریا.
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین کارێکى لۆجیکى نی یە ئەمریکا گۆڕانکارى خێرا لە هەڵوێست و سیاسەتەکانى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین بکات، بەڵکو گۆڕانکارى پێویستى بە کات و زەمینەسازى هەیە بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانى نوێ ى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى و لە کاتێکدا تورکیا خۆى سازو ئامادە کردووە لە کاتى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا خەونى کورد بۆ بەدیهێنانى مافەکانى زیندەبەچاڵ بکات.
بەهەرحاڵ لەکاتى کشانەوەى ئەمریکا هەر لە ئیستاوە کوردەکانى سوریا لە هەوڵى دانو سان دان لە گەڵ ڕژێمى ئەسەد و دووریش نیە هاوپەیمانێتێکى بەهێز لە نێوان ڕوسیاو تورکیا و ئێراندا پێک بێت کە هەموو ئامانجانەو سیاسەتانەى ئەمریکا ساڵانێکە لە ناوچەکەدا کارى بۆدەکات ببن بە بڵقى سەرئاو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت