بورهان شێخ ڕەئوف: ئەمریکا بایەخ دەدەداتەوە بە هە رێمى کوردستان؟

هەرێمى کوردستانى عێراق ئەو هەرێمەیە کە لە دواى شەڕى کەنداوى دووەم واتە ڕزگارکردنى کوەیت لەژێر دەستى عێراق هاتە دامەزراندن کە ناوکەکەى ئەو ناوچە ئارام و دژ ە فڕینە بوو بۆ […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

هەرێمى کوردستانى عێراق ئەو هەرێمەیە کە لە دواى شەڕى کەنداوى دووەم واتە ڕزگارکردنى کوەیت لەژێر دەستى عێراق هاتە دامەزراندن کە ناوکەکەى ئەو ناوچە ئارام و دژ ە فڕینە بوو بۆ خەڵکى ئەم هەرێمە لە لایەن فەرەنساو ئەمریکاو بەریتانیەوە بە بڕیارێکى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێو دەوڵەتى لە ساڵى 1991، بۆ پاراستنیان لە هێرش و پەلامارەکانى ڕژێمى سەدام حسین کە ئەو کات خەڵکى ئەم ناوچە بەر دوو شاڵاوى جینۆسایدى ئەنفال و کیمیابارانى هەڵەبجە کەوتبوون لە ساڵى 1988. هەر لەوساوە تا بە ئێستا ئەم هەرێمە بووە پێگەو جێ پێ ى ئەمریکاو وڵاتە ڕۆژئاواییەکانى هاوپەیمانى و هەر لێرەشەو پلانى لە ناوبردنى رژێمى پێشووى عێراق دانراو جێبەجێ کرا و بە تایبەتى ئەو هەڵوێستەى ئەردۆگان کە تازە پارتى داد وگەشە هاتبوونە سەر دەسەڵات لە تورکیا کە نەیانهێشت سوپاى ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى لە ناتۆ خاکى تورکیا بەکاربهێنن بۆ پەلاماردانى عێراق ئیتر دەرگاى خێرو خۆشى بۆ کورد کرایەوە کورد ئەو بۆشاییەى پڕکردەوەو ڕۆڵى تورکیاى گێڕا.
هەولێرى پایتەختیش بووە ناوەندێکى گرنگى بڕیارو هەر شاندێکى فەرمى و سەرۆکى وڵاتانیش بهاتنایەتە بەغداد سەردانى هەرێمى کوردستانیشیان دەکرد بەتایبەتى کە سەرۆکى کۆچکردوو ڕەوانشاد مام جەلال سەرۆک کۆمارى عێراق بوو هەماهەنگى و هاوپەیمانى پارتى و یەکێتیش کاریگەرى خۆى هەبوو لەو قۆناغەدا.
ئەگەرچى لەدواى ڕیفراندۆمى 25/9/2017 هەموو ئەو دەستکەوت و پێگە گرنگەى کە هەرێم لە ساڵانى ڕابردوودا بەدەستى هێنابوو چ لە بوارى سیاسەتى نێودەوڵەتى و ئیقلیمى وتەنانەت ناوخۆییش هەمووى لە دەست چوو چما ئەو ڕۆڵە گەورەو گرانەى کەلە شەڕى داعش و تیرۆردا پێشمەرگەکانى کوردستان گێڕایان بە خوێنى هەزاران شەهیدو بریندار ئەفسانەى داعشیان تێکشکاند و هەرێمیش لە لایەنێکى براوەو سەرکەوتووى ئەو شەڕەوە بووە قوربانى و کەوتە ژێر گەمارۆ و ئابڵووقەى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى و سوپاى عێراق و هێزەکانى حەشدى شەعبى کەرکوک و هەموو ناوچەکانى مادەى 140 ى خستەوە ژێردەستەڵاتى خۆیان لە 16 ئۆکتوبەرى 2017 کە پێشمەرگەو خەڵکى کوردستان بە خوێنى خۆیان لە پەلامارو شاڵاوى تیرۆرستانى داعش پاراستیان.
ئەمریکیەکانیش بەرامبەر بەم شاڵاو پەلاماردانە هەر بینەر بوون و هیچ هەڵوێستیکیان نەبوو بە جمووجووڵى ئاسایى هێزەکانى عێراق لە قەڵەمیاندا.تائێرە بەسە من نامەوێت جارێکى تر باسى ڕیفراندۆم و کاتى بوو یان نا بکەم بۆ؟ چونکە کاتى خۆى قسەى خۆم لە سەرى کردووە .
ئێستا ئەوەى گرنگە ئەمریکیەکان جارێکى تر مەیل و سۆزیان بۆلاى هەرێم جووڵاوە بە تایبەتى دواى ئەوەى بەتەمان هێزەکانیان لە سوریاوە بکشێننەوە بۆ هەرێمى کوردستان و هەندێ فراکسیۆنى شیعەش لە ئەنجوومەنى نوێنەران عێراق بە نیازن یاسایەک دەربچێنن کە هێزە بێگانەکان لە عێراق بکەنە دەرەوە بە یاسا و لایەنە شیعەکان قایل نابن لە هیچ بارودۆخێکدا هێزى ئەمریکا لە عێراق زیاد بکرێت هەمووشمان وتەکانى سەرۆکى ئەمریکا ترەمپ مان بیست لە بنکەى عین ئەلئەسەد لە خۆرئاواى عێراق کەوتى هێزەکانمان لە عێراق ناکشێنینەوە.
هەماهەنگى پێشمەرگەو سوپاى عێراق و ئەمریکا لە ماوەى ڕابردوودا جەنرال ئۆستن رینفۆر فەرماندەى ژوورى ئۆپەراسیۆنەکانى هێزەکانى هاوپەیمانان لە عێراق لە کۆبوونەوەیەک لە گەڵ بەرپرسانى هەرێم خوازیارى هەماهەنگى تەواو پشتیوانى تەواو ى خۆیانى بۆ هەموو هاریکارى یەک دەربرى لە گەڵ هێزەکانى پێشمەرگەو سوپاى عێراق و هەروەها پشتیوانى خۆیان بۆ ڕاهێنان و کۆمەکى تەواوى پیشاندا بە تایبەتى بۆ پێشمەرگە.
هەروەها لە ئێستاشدا کەمن ئەم وتارە دەنووسم فەرماندراوە کە هێزەکانى دژە تیرۆرى عێراق لە کەرکوک پاشەکشە بکەن بە فەرمانى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق و هێزەکانى تایبەتى گاردى سەرۆک کۆمار شوێنیان بگرنەوە ولە هەمانکاتدا کۆبوونەوەیەکى تر لە نێوان پێکهاتەکانى کەرکوک کراوە لە باڵوێزخانەى ئەمریکا لە بەغداد کە باس لە ڕادەستکردنەوەى دۆسیەى ئاسایشى ناو شارى کەرکوک دەکەنەوەبە هێزەکانى پۆلیس و دەرەوەى شارەکەش بە هێزەکانى سوپاى عێراق و پێشمەرگە.
هەموو ئەوانە ئاماژەن بەوەى کە ئەمریکیەکان جارێکى تر زۆر پێویستیان بە کوردە بۆ هاوسەنگکردنەوەى عێراق ، لە کۆتاییدا ئەوە گرنگە ئەى کورد چۆن خۆى ڕێک دەخاتەوەو یان بە دیدى تەسکى حزبایەتى و خۆسەپاندن کە خزمەت بە کەس ناکات و مێژووش خاوەنى ئەو دیدانە شەرمەزار دەکات.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
بورهان شێخ ڕەئوف

ئەرشیڤی بەڕێز: بورهان شێخ ڕەئوف