بورهان شێخ ڕەئوف: کشانەوەکانى ترەمپ لە ڕێککەوتنامەو پەیماننامە نێو دەوڵەتییەکان.

سەرەتاى ساڵى 2016 ، کاتێک دۆناڵد ترەمپ بوو بە سەرۆکى ئەمریکا، پێچەوانەى هەموو پێشهات و، ئەگەرو لێکدانەوەکانى شارەزایانى هەڵبژاردن بوو. ئەو کات وتارێکم نووسى، بەناونیشانى بوومەلەرزەى ترەمپ. دوایى دەرکەوت ترەمپ […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

سەرەتاى ساڵى 2016 ، کاتێک دۆناڵد ترەمپ بوو بە سەرۆکى ئەمریکا، پێچەوانەى هەموو پێشهات و، ئەگەرو لێکدانەوەکانى شارەزایانى هەڵبژاردن بوو. ئەو کات وتارێکم نووسى، بەناونیشانى بوومەلەرزەى ترەمپ. دوایى دەرکەوت ترەمپ نەک یەک بوومەلەرزە، بەڵکو بوومەلەرزەى زۆر لە گەڵ خۆیدا هێناوەو هەرجارەى لەلایەکەوە جیهان دەهەژێنێت.
ترەمپ ئەوەى کە هەر لە سەرەتاى هەڵمەتەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنیەوە نەیشاردۆتەوە ئەوە بوو، کە ئەو دژایەتى خۆى بۆ زۆر پەیماننامەو ڕێکەوتننامەى گرنگ ڕاگەیاند بوو، کە سەرۆکەکانى پێش خۆى واژۆیان کردبوو. لە هەردوو حزبى دیموکراتى و کۆماریش بە بیانوو و پاساوى ئەوەى ئەمانە ڕێگرن لە جووڵەى ولایەتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ڕووى نێو دەوڵەتیەوە، هەروەها زیانى گەورە بە ئەمریکا دەگەیەنێت لەڕووى ئابوورییەوە.
1- بۆیە هەر لە یەکەم ساڵى حوکمڕانى و جێنیشینى لە کۆشکى سپى لە پەیماننامەى پاریس کشایەوە تایبەت بە کەش و هەوا کە ساڵى 2015 ئەمریکا لە سەردەمى سەرۆکى پێشوو ئۆباما واژۆییان کردبوو بە بیانووى ئەوەى لە گەڵ بەرژەوەندى ئەمریکادا یەکناگرێتەوە.
2- هەروەها لە ڕێککەوتننامەى هاوبەشى ئیستراتیجى ئابوورى لە گەڵ وڵاتانى پشت ئۆقیانووسى ئارام کە لە تەک دوازدە وڵات سەرۆکى پێشوو ئۆباما لە ساڵى 2015 واژۆى کردبوو کشایەوە.
3- هاوشان لە گەڵ دروشمى ئەمریکا یەکەمەو پێش هەموو شتێکە کە سەرۆک ترەمپ بەرزى کردۆتەوە هەر لە سەرەتاوە، ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە زۆر ڕێکخراوى نێودەوڵەتى گرنگ کشایەوە بە پاساوى ترەمپ گوایە لە گەڵ بەرژەوەندى باڵاى ئەمریکادا نایەتەوە هەر لەو چوارچێوەدا ڕەخنەى زۆرى لە ڕێکخراوەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرت کە دژ بە سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا کاردەکەن لەوانە لە ڕێکخراوى یونسکۆ( ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردەو ڕۆشنبیرى و زانست )، هەروەها دەستبەردارى ئەندامێتى ئەمریکا بوو لە ئەنجوومەنى مافى مرۆڤى نێو دەوڵەتى سەربەنەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە بەرئەوەى ئەمریکا سیاسەتەکەیانى بەدڵ نەبوو دەرهەق بە ئیسرائیل ، بڕین و وەستاندنى کۆمەک و هاوکارییەکانى بۆ ئاژانسى بەهاناوەچوون و بەکارخستنى ئاوارە فەلەستینیەکالنى سەربەنەتەوە یەکگرتووەکان ( ئۆنروا ) .
4- تایبەت بە کێشەى فەلەستینیش دواى ئەوەى فەلەستینیەکان داواکارییەکیان بەرز کردەوە لە دادگاى دادى نێودەوڵەتى دژ بە بڕیارى گواستنەوەى باڵوێزخانەکەیان لە ئۆرشەلیمەوە بۆ قودس لە 6 دیسەمبەرى 2017 جۆن پۆڵتۆنى ڕاوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەى لە پاشکۆى پرۆتۆکۆلى ڤیەنا بۆ چارەسەرى کێشەو ململانێکان بە ڕێگاى ئاشتى کشایەوە .
5- 8 ئایارى 2018 سەرۆک ترەمپ یەک لایەنە لە ڕێککەوتننامەى ( 5+1) تایبەت بە چەکە ئەتۆمییەکانى ئێران کشایەوە و بە خراپترینو کارەساتبارترین ڕێککەوتننامە لە مێژووى ئەمریکادا ناوى برد ، هەرلە دواى پاشەکشەکەشى هەموو سزاکانى جارانى بە زیاترەوە بە سەر ئێراندا سەپاندەوە بەو نیازەى نەک هەر بەرنامە ئەتۆمییەکى بووەستێنێت بەڵکو سنوورێک دابنرێت بۆ ڕەفتارو دەستوەردانەکانى لە ناوچەکەدا کە هەڕەشە لە ئارامى و سەقامگیرى ناوچەکە دەکات .
6- لە دوا هەوڵى دا ترەمپ بۆ کشانەوەو بادانەوە لە ڕێککەوتننامەو بەڵێننامە نێودەوڵەتیەکان کە لە هەموویان مەترسیدارترەو گەڕانەوەیە بۆ ڕۆژانى شەڕى سارد و ململانێ ى خۆپڕچەککردنى نێوان هەردوو بلۆکى ڕۆژهەڵات بە سەرکردایەتى یەکێتى سۆڤیەتى جاران و ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتى ئەمریکا ئەویش خواست و نیازى کشانەوەیە لە پەیماننامەى ڕۆکێتە مامناوەند مەداکانە لە گەڵ ڕوسیا کە ساڵى 1987 واژۆ کراوە کە ئەمەش ئاماژەیەکى سامناکى گەڕانەوەى پێشبڕکێ ى خۆ پڕچەککردنە لە نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ .
ئیدارەى ترەمپ لەم بڕیارى کشانەوەو بادانەوانە هیچ ڕاوێژێک بە هاوپەیمان و دۆستەکانى ناکات دەخوازێت بە شێوازێکى نوێ دایان بڕێژێتەوە ئەو ڕێکەوتنانە کە لە بەرژەوندى خۆیدا بێت هەرچەندە تائێستا هیچ ئەڵتەرنەتیفێکى نەخستۆتە ڕوو.
لە کۆتاییدا دەکرێت بپرسین ئایا ئەمریکا بە کشانەوەى لە زۆرێک لەو پەیماننامە گرنگانە زیان بە پێگەو هەیبەتى نێودەوڵەتى ناگات لە کاتێکدا سەرۆکایەتى نەزم و سیستمى جیهانى دەکات ئایا کاریگەرى ڕۆڵى ئەمریکا لە سەر ڕووداوەکان کەم ناکاتەوە؟ ئایا بوار بۆ وڵاتانى تر ناڕەخسێنێت شوێنو پێگەى ئەمریکا بگرنەوە بەتایبەتى چین ؟

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
بورهان شێخ ڕەئوف

ئەرشیڤی بەڕێز: بورهان شێخ ڕەئوف