بورهان شێخ ڕەئوف: گەشەکردنى ڕۆڵى ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتى ناوین.

ڕوسیا ئەو وڵاتەى کە میراتگرى یەکێتى سۆڤیەتى جارانە و هەموو جبەخانەو چەک و سیستەمەکانى بەرگرى ئەو ئیمپراتۆریەتى زەبەلاحەى کە بۆ ماوەى چلو پێنج ساڵ واتە لە دواى شەڕى جیهانى دووەمەوە […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ڕوسیا ئەو وڵاتەى کە میراتگرى یەکێتى سۆڤیەتى جارانە و هەموو جبەخانەو چەک و سیستەمەکانى بەرگرى ئەو ئیمپراتۆریەتى زەبەلاحەى کە بۆ ماوەى چلو پێنج ساڵ واتە لە دواى شەڕى جیهانى دووەمەوە 1945 تاوەکو لەبەریەک هەڵوەشەناوەى لە سەرەتاى ساڵى 1991 ڕکابەرى یەکەمى ئەمریکاو هاوپەیمانێتى ناتۆ بوو کە بە سیستەمێکى دوو جەمسەرى ئیدارەى هەموو قەیران و ململانێکانى جیهانیان دەکرد.
لە ساڵى 1991 بەدواوە دابەشبوونى یەکێتى کۆمارە سۆسیالیتەکانى سۆڤیەت بۆ چواردە وڵاتى سەربەخۆ و هەڵوەشانەوەى هاوپەیمانى وارشۆ کە یەکێتى سۆڤیەت سەرکردایەتى دەکرد ئێتر ڕوسیا سەرەڕاى ئەوەى کە هەموو چەکە ئەتۆمى سیستەمەکانى بەرەڤانى بۆ مایەوەک، بەڵام وڵاتێکى لاواز لە ڕووى ئابورى و گیرۆدەى دەیان قەیرانى قورس.
بەڵام لە دواى دەستبەکاربوونى فلادیمیر پۆتین وەکو سەرۆکى ڕوسیاى فیدراڵى لە ساڵى 2000 توانى زۆرێک لە کێشەو قەیرانەکان چارەسەربکات و ڕۆڵى ڕوسیا لە کۆڕو کۆمەڵە نێو دەوڵەتیەکاندا تاڕادەیەکى باش بباتە پێشەوە، ئەوەى مەبەستمە لەم وتارە کورتەدا ئاماژەى پێ بدەم ڕۆڵى ڕوسیایە لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین لە دواى بەهارى عەرەبى و بەدیاریکراوى لە سوریا لە دواى سەرهەڵدانى شۆڕش لەو وڵاتە دواى بەلاڕێ دا بردنى ئەو شۆڕشە لە لایەن تاقم گروهە تیرۆریستەکانەوە بۆ شەڕى ناوخۆ و ئەهلى و وێران کردنى ئەو وڵاتە.
هەرچەندە ڕوسیا یەکەم وڵات و هێز نەبوو کە دەست وەربداتەناو ڕوداوەکانى سوریا بەڵکو پێش ئەو میلیشیاکانى حزبوڵاى لوبنان و پاسدارانى ئێران ڕاستەوخۆ بەشدارى شەڕو ململانێکانى ئەو وڵاتە بوون جگە لە پشتیوانى ماڵى و سەرەبازى ولۆجستیکى عەرەبستانى سعودیەو قەتەرو تورکیا بۆ لایەنەکانى ئۆپۆزەسیۆنى سوریا هەروەها پاڵپشتى ئاسمانى ئەمریکاش، بەڵام ڕوسیا سەرکەوتنى گەورەى بە دەستهێناو توانى ببێتە بڕیاربە دەستى یەکەم و داینەمۆى سەرەکى هەموو ڕوداوەکانى سوریا لە سەر خاک و بوونى خۆى بسەپێنێت.

هۆکارەکانى پێشکەوتنى ڕۆڵى ڕوسیا:
1- دیارترینى ئەو هۆکارانەئامادەبوونێکى چڕى سەربازى کە پێشتر لەو ێندەرێ پێکەو بنکە سەربازى تەرتوسى هەبوو جکە لە سیستەمێکى چەکى پێشکەوتوو کە ئەمەش پەیامێک بوو بۆ هەمو لایەنانى دى کە ئێمەبۆ گەشت و گوزارنەهاتووینەتە سوریا و سڵ لە هیچ شتێک ناکەینەوەو هەرچیش پێویست بێت دەیکەین بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکانمان لەم شەڕەدا.
2- مۆسکۆ بە ئاشکرا ڕایگەیاند ئەم بۆ پشتیوانى ڕژێمى ئەسەد هاتۆتە سوریا وەکو هاوبەشێکى سەرەکى و بە تایبەتى کە ساڵانێکە هەر لە سەردەمى سۆڤیەتەوە پەیماننامەى دۆستایەتى هاوبەشیان بۆ درێژ مەودا واژۆکردبوو هەروەها لە هەمان کاتدا ڕایگەیاند کە ئەمان شەڕى تیرۆر و داعش دەکەن کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتى و ئاسایشى جیهان و ڕوسیا و سوریاش کە بەمە مۆسکۆ چووە ناو بەرەى دژبە شەڕى تیرۆرەوە.
3- هۆکارێکى ترى زۆر گرنگ کە ڕۆڵى ڕوسیاى بەهێزکرد پێگەى نێودەوڵەتى ڕوسیا بوو وەکو ئەندامى هەمیشەیى ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى کە وڵاتانى ترى وەکو ئێران و تورکیا و سعودیە و قەتەر نەیان توانى هەمان ڕۆڵ ببینن.
4- هەڵە کانى ئەمریکا یەکێکى دى لە هۆکارە سەرکیەکان بوو کە زەمینەى خۆشکرد بۆ باڵادەست بوونى ڕوسیا لە ناوچەکە بەگشتى و سوریا بەتایبەتى لە کاتێکدا شکستى سیاسەتەکانى ئەمریکا لەزۆر لە دۆسیەکانى ناوچەکە هەرلە عێراقە و ە بگرە تاهەڵسوکەوت لە گەڵ ئیخوانەکانى میسر بە تایبەتیش ئەوەى لەم دواییەدا ترەمپ لە توێتێکدا بڕیارى دا هێزەکانى لە سوریا بکێشێتەوە ئەمە زیاتر گۆڕەپانەکە بۆ ڕوسیا و هاوپەیمانەکانى چۆڵ دەکا ت و بۆشاییەک دروست دەکات کە دەبێت پڕبکرێتەوە.
5- جوگرافیاى سیاسى پێگەى جوگرافیاى نزیک مەوداى نێوان ڕوسیا و سوریا هۆکارێکى ترى یاریدەدەر بۆ ئەوەى پێگەى ڕوسیا بەهێزتر بێت لە لایەنەکانى تر ، بە ئاسانى ڕوسیا بتوانێت بنکەو بارەگاى سەربازى بنیات بنێت بە تێچوویەکى زۆر کەم، ئەم نزیکیە ئەوەى بۆ ڕوسەکان ڕەخساند کە بە ئاسانى بێنە سوریا و بچنەدەرەوەو کە ئەمە بۆ ئەمریکیەکان زەحمەتە کە ڕکابەرى سەرەکى ڕوسیان.
لە کۆتاییدا ڕوسیا نەک هەر لە سوریا بەڵکو ئێستا ڕۆڵى گرنگى لە زۆر لە دۆسیەکانى ناوچەکە هەیە چ لە دۆسییەى یەمەن و پەیوەندى بەهێز لە گەڵ ئێران و تورکیا و وڵاتانى کەنداو هەیە دەتوانێت ڕۆڵى کاریگەر ببینێت لە یەکلایى کردنەوەى زۆرێک لە کێشەو ململانێکانى ناوچەکە.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
بورهان شێخ ڕەئوف

ئەرشیڤی بەڕێز: بورهان شێخ ڕەئوف