بەختیار نامیق: زەمەنی پرسە و کۆچی نەوشیروان مستەفا.

هەرێمی کوردستان بە دۆخی چەقبەستوی حوکمداری و سیاسیدا تێدەپەڕێ، هەرێمێک پڕ لە دروشم و خاڵی لە بە کردارکردنی ناوەڕۆکی دروشمەکان، ئەگەر ئەم هەرێمە دوای ڕوخانی سەدام تا ئێستاش دابەش بوبێت […]

هەرێمی کوردستان بە دۆخی چەقبەستوی حوکمداری و سیاسیدا تێدەپەڕێ، هەرێمێک پڕ لە دروشم و خاڵی لە بە کردارکردنی ناوەڕۆکی دروشمەکان، ئەگەر ئەم هەرێمە دوای ڕوخانی سەدام تا ئێستاش دابەش بوبێت بەسەر قەڵەم ڕەوی ئەنقەرە و تاراندا و ڕێککەوتنی ستراتیژی لێکەوتبێتەوە، ئەوا نەوشیروان مستەفا وەک سەرکردەیەکی مێژووکرد کە خۆی لە قوڵایی ڕوداوەکان و دوای ئاشبەتاڵ کارئەکتەرێکی چالاکی ناو جولانەوەی چەکداری و سیاسی ئەم هەرێمە بو، وەک یەکەم کەس بۆ برەودان بەرەو حکومێکی سیستماتیک و نیشتمانی توانی ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک دروست بکات، ئەگەر چی ئەم پیاوە لە گۆڕان گەورەتر بو، بەڵام گۆڕانی وەک ڕێگایەک بۆ گەشتنە ئامانجەکانی بەکاردەهێنا، ئەویش دەستکاری کردنی نەخشەی دابەشکاری و ڕێککەوتنی ستراتیژی بو، ئەم پیاوە نەک هەر ناو گۆڕان بەڵکۆ بۆ هەرێم و ئەوانەشی دژایەتیان دەکرد قورسایی خۆی هەبو، هەر لەسەرەتاوە بە پلانی ئەنقەرە و تاران لە ڕێ ی درێژکراوەکانیانەوە (پارتی و یەکێتی ) کەوتنە داڕشتنی سیناریۆ و تاکتیک بۆ بێ ئەرزشکردنی دروشمەکانی گۆڕان و تاکە هۆیەک بۆ ترسی دەستکاری کردنی ئەم ڕیککەوتنە خودی نەوشیروان مستەفا و گۆڕان بو ، ئالێرەوە بە پلە بەندی بۆ دابڕانی خەڵک و گۆڕان لە یەکتر کە تاکە چەکی دەستی گۆڕان بو هەزاران پلانیان دانا.
تا ئێستاش دوای کۆچی نەوشیروان مستەفا ئەم بزوتنەوەیە لە دۆخی پرسەدایە و ناتوانی خێمەی پرسە هەڵبگرێت و دەست بکاتەوە بە یارییە سیاسیەکان ، ئەگەر چی تا ئێستاش پلانەکانی ئەنقەرە و تاران بەردەوامیان هەیە بەرامبەر بە گۆڕان ، خۆ ئەگەر دۆخی ناوخۆی یەکێتی و ڕێککەوتنی دەباشان بۆشاییەکیان بۆ یاری ئەم حیزبە دروستکرد بێت، ئەوا بەرژەوەندیەکانی ئەنقەرە و تاران نەیهێشتوە گۆڕان ئەو یارییە بکات وە لە غیابی نەوشیروان مستەفاشدا گۆڕان ناتوانی ئەو یارییە تاکتیکیانە بەرامبەر ئەم پلانانە بکات کە ئەنقەرە و تاران وەک بەرژەوەندی هاوبەش لەبەردەم ترسێکی هاوبەشدان بەرامبەر بە گۆڕان، پارتی و یەکێتی بەرژەوەندیەکانی ناوخۆ و دەرەکیان زۆر گەورەترە لە خاڵی ناکۆکیان و لە ناوخۆشدا چەند ناکۆک بن ، چەند باڵ بن، هێشتا وڵاتانی ناوچە ناهێڵن بکەون و ناهێڵن ئەو بۆشاییە درست ببێت کە گۆڕان یاری سیاسی تێدا بکات، ئێستاش گۆڕان ناتوانی بۆشایی دروست بکات و کارتەکانی بەکار بهێنێت وەک سەردەمی نەوشیروان مستەفا تا بتوانێت بۆشایی دروست بکات، یاری سیاسی بکات.
میتۆدی نەوشیروان مستەفا دەتوانرێت زیاد لە حیزبێک سودی لێوەرگرێت و دروست بێیت، بەڵام ئەوەی ئەم بەرپرسیاریەتە هەڵدەگرێ بە پلەی یەکەم گۆڕانە، وە تا ئێستاش پارتی و یەکێتی دو جێبەجێکاری ئەجێندای دەرەکین و نەوەی نوێش بێ باکگراوندی فکر و مێژوە و لە بۆشای گوتاری گۆڕاندا دروست بوە، بە هەمو کەم و کوڕیەکانیەوە گۆڕان هەڵگری بیرۆکە و پاکێجەکانی بە نیشتمانیکردنی پرسەکانە و تاکە چارەسەرە بۆ دۆخی هەرێم.
لە ئێستادا کە پارتی و یەکێتی بەهۆی 31 ی ئاب و ڕیفراندۆم و 16 ی ئۆکتۆبەر و سەرۆکایەتی کۆماروپارێزگای کەرکوک و دۆسیەی سەرۆکایەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان وە تا ئاستی تەشهیر کردنی یەکتر ڕۆشتن و بۆشاییەک دروست بو تا گۆڕان بتوانێ یاری سیاسی تیدا بکات، بەڵام لە گەڵ گۆرانکاریەکانی ناوچەو و عیراقدا جارێکی تر بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی ولاتانی ناوچە نەیهێشت بۆشاییەکە گەورەتر بێت، کە یەکێتی دەیویست وەک دۆسیەی سەرۆکایەتی کۆمار و کەرکوک نەهێڵێت حکومەت لەسەردەستی پارتیدا پێکبهێنرێت ( سەرەڕای جیاوازی و باڵبەندی ناوەکیان ) بەڵام پارتی توانی هەم گۆڕان وەک کارتی گوشار بەکار بهینێ و هەم لە ڕێگەی ئیران و قبوڵکردنی هەندێ داواکاری یەکێتی جارێکی تر بچنەوە سەر هەمان ڕێكکەوتنی ستراتیژی و دابەشکاری و زۆنبەندی دەست پێبکاتەوە و کۆی حیزبەکانی دەروەش بەشداری پێ بکەن نەک شەریک بن، ئەڵبەت ئەمە دوای پاشەکشێ ی گۆڕان دێت لە هەڵبژاردن.
تا ئێساش گۆڕان لە دۆخی پرسەدا و تا ئێستاش بەرپرسیاریەتی لە ئاستی خەڵک بۆ گۆڕانکاری لە ئەستۆی گۆڕاندایە و بە گشتی هیوای خەڵک بەو ڕۆژەیە کە گۆڕان خێمەی پرسەی کۆبکاتەوە بڵێ نەوشیروان مستەفا کۆچی کرد و ئێمە دەبینەوە بەو باوکەی کە دەتوانی هیچ نەبێت گوشار دروست بکات، دۆخی زەمەنی پرسە گۆڕانی تەواو بێدەنگ کردوە لە ئاست ئەم گۆڕانکاریانەی کە بەڕێوەیە بۆ عیراق، بە تایبەت دوای بەهێز کردنی ناوەند مل دانی پارتی بۆ ناوند و ئەگەری ڕو بەڕو بونەوەی ئیران و ئەمریکا لەم ناوچەیە.
زەمەنی پرسە و کۆچی نەوشیروان مستەفا و نە بونی پڕۆژە و نەبونی دەنگی گۆڕان کە بەرپرسیاریەتی هەر گۆرانکاریەک لە ئەستۆی گۆڕاندایە، نامەیەکە بۆ گۆڕان کە دەبێت خێمەی پرسە هەڵگرن و تەواو بونی زەمەنی پرسە ڕابگەیەنن و لە ئاست بەرپرسیاریەتی دۆخەکەدا بن.

بەختیار شارەزوری

ئەرشیڤی بەڕێز: بەختیار شارەزوری