لوقمان غه‌فوور: بۆ گۆڕان و یه‌كێتی، لێگه‌ڕێن با خه‌ڵك كه‌مێك پشوو بدات.

ئه‌گه‌ر له‌من بپرسن، نه‌ك رێكه‌وتن، به‌ڵكو چوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ ناو حكومه‌ت چۆنه‌! یه‌ك و دووی لێناكه‌م، ئه‌ڵێم زۆر زۆر خراپه‌. كێشه‌ی ئێمه‌ی كورد، به‌خۆشمه‌وه‌ له‌وه‌دایه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ رووداوه‌كانی كوردستان […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ئه‌گه‌ر له‌من بپرسن، نه‌ك رێكه‌وتن، به‌ڵكو چوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ ناو حكومه‌ت چۆنه‌! یه‌ك و دووی لێناكه‌م، ئه‌ڵێم زۆر زۆر خراپه‌.
كێشه‌ی ئێمه‌ی كورد، به‌خۆشمه‌وه‌ له‌وه‌دایه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ رووداوه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای پاشخانی ره‌فتاری رابردووی حزبه‌كان ئه‌كه‌ین، من كه‌ ده‌ڵێم چوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ ناو حكومه‌تێك خراپه‌ كه‌ پارتی و یه‌كێتی تێدا بێت، له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی رابردووی پارتی ره‌نگڕێژی ده‌كه‌م، ره‌نگه‌ تاكه‌ به‌دیله‌كه‌شم ئه‌وه‌ بێت كه‌ ئه‌م حزبه‌ با ئۆپۆزسیۆن بێت، به‌ڵام تا ئه‌م ساته‌ هیچ لێكدانه‌وه‌یه‌كم نییه‌ دوای ئۆپۆزسیۆن بوون چی بكات باشه‌!، تاكه‌ هۆیه‌كیش كه‌ ناتوانم وه‌ڵامم هه‌بێت بۆ دوای ئۆپۆزسیۆنبوون ئه‌وه‌یه‌، سایكۆلۆژیای كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ئۆپۆزسیۆن بوونی بۆ چه‌ند ساتێكی سیاسی ئه‌وێت. به‌مانایه‌كی تر، هه‌ندێك خه‌ڵك پێی باشه‌ گۆڕان ببێت به‌ ئۆپۆزسیۆن و له‌ماوه‌ی ساڵێكدا یه‌كێتی و پارتی لابه‌رێت و خۆی له‌جێگه‌ی حكوم بكات، به‌دڵی لایه‌نگرانی و هه‌ڵسوڕاو و ده‌نگده‌رانی هه‌ڵسوكه‌وت بكات له‌و حوكمكردنه‌كه‌دا، به‌ڵام له‌ زه‌مینه‌یه‌كی دیار و گونجاوی ئێستادا ئه‌مه‌ خه‌ونه‌! هه‌ر بۆیه‌ زۆرجار یۆتۆبیا ئه‌مانباته‌ سه‌ر تونێلێكی نادیار، كه‌ ده‌رئه‌نجام خۆمان له‌شوێنێك ئه‌بینینه‌وه‌ ونبووین، ئه‌مه‌ی كه‌ ته‌نانه‌ت من و هه‌ندێكیش ئه‌مانه‌وێت ئه‌و ونبوونه‌یه‌.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ڕاستی خه‌ڵك، هاووڵاتی، ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌، پێویستیان به‌ پشووه‌، جا ئه‌م پشووه‌ چۆن ده‌سته‌به‌رده‌بێت؟، كێ ده‌ستبه‌ری ده‌كات؟ ده‌سته‌به‌ركردنی ئارامیی له‌كوردستان بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر جودایه‌، له‌ ئه‌مریكا جۆرێكه‌، له‌ئه‌وروپا و ئه‌فریكا ده‌شێت جۆرێكی تر بێت كه‌ من نایزانم، له‌ئه‌مریكا ئه‌گه‌ر بته‌وێت ئارامی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی تێكبده‌یت، دوو كاره‌كته‌ری لێ بێنه‌ده‌ره‌وه‌، رێك ئه‌بێت به‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هه‌مه‌جی، ئه‌ویش “بزنس و پۆلیس”-ه‌، له‌كاتێكدا له‌ كوردستان ئه‌م دوو كاركته‌ره‌ بوون و نه‌بوونی وه‌ك یه‌كه‌، له‌كوردستان، حزبه‌ سیاسییه‌كان ئارامی دابینده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر حزبه‌ سیاسییه‌كان و كاره‌كته‌ره‌كانیان ئارام و سه‌نگین نه‌بن، به‌دڵنیایی كۆمه‌ڵگه‌ ئارام و خۆشبه‌خت نابێت، ئه‌توانیت تۆ وه‌ك خوێنه‌رێك بیركه‌یته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نێوانی حزبه‌كان شڵۆق و شێواو و ته‌شه‌نوجاوی بێت بزانه‌ چۆن دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ تێكده‌دات! هه‌ربۆیه‌ له‌ئێستادا له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی توڕه‌یم له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ به‌شداری حكومه‌ت، به‌ڵام هیچ دژه‌بۆچوونێكم لا نییه‌ بۆ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌، چونكه‌ گه‌یشتوومه‌ته‌ بڕوایه‌ك بۆئه‌وه‌ی دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌ باشوور جێگیر و بارگاوی نه‌بێت به‌نائارامی پێویسته‌ ئیتر رێگه‌خۆشكرێت نێوانی حزبه‌كان خۆش بێت.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ساڵی 2011 له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال- یادی به‌خێر و جێگه‌ی پڕ نوور بێت، براده‌رێكی هه‌ولێری كه‌وته‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌هه‌ولێر پارتی غه‌در زۆر له‌یه‌كێتی و كادره‌كانی ده‌كات و تا ئێستا هیچ پۆستێكی حكومه‌تی خۆجێی له‌هه‌ولێر له‌ژێر ده‌ستی یه‌كێتی-دا نییه‌، مام جه‌لال زۆر به‌هێمنی و له‌سه‌رخۆییه‌وه‌ وتی:”ئێمه‌ و پارتی، ساڵانێكی زۆر شه‌ڕمان كرد، جگه‌ له‌شه‌هیدبوونی چه‌ندین رۆڵه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌ سوودی نه‌بوو، ئێستا به‌ڕاستی ناكرێت له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی دوو به‌ڕیوه‌به‌ر نێوانمان تێكده‌ین و ئارامی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ بشێوێنین، ئه‌مه‌ چییه‌ ئێمه‌ كه‌مێك غه‌درمان لێكراوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ غه‌دره‌، ئارامی كۆمه‌ڵگه‌ی تێدا ده‌سته‌به‌ربێت، ئه‌وا من قبوڵمه‌!” جا ئه‌مە قسه‌ی 8 ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌ نه‌ك ئێستا، كه‌ به‌ڕاستی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌وه‌ناچێت له‌وه‌ زیاتر توانای به‌رگه‌گرتنی نارامی و ته‌شه‌نوجاتی نێوان حزبه‌كانی هه‌بێت.
به‌رای من ده‌بێت یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وردبینانه‌تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان بكات، بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت، سه‌ركردایه‌تییه‌ كۆنه‌كانی ئه‌م هێزه‌ وایان له‌دۆخی یه‌كێتی كردووه‌ كه‌ به‌م قه‌باره‌ ناسازه‌یه‌وه‌ ده‌ركه‌وێت، یه‌كێتی و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی پرسیارێك له‌خۆیان ناكه‌ن ئه‌گه‌ر ئێستا 45 كورسی په‌رله‌مانی هه‌بوایه‌ به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرا؟! یه‌كێتی پێویسته‌ واز له‌شه‌ڕی ساردی بێنێت له‌گه‌ڵ پارتی، ماڵه‌ شێواوه‌كه‌ كۆكاته‌وه‌ و كۆنگره‌ ببه‌ستێت، كادره‌ تۆراو و زیزه‌كانی له‌ریزی حزبه‌كان بگێڕێته‌وه‌ ببێته‌وه‌ به‌ حزبی ژماره‌ یه‌ك له‌ كوردستان نه‌ك وه‌ك گۆڕان ته‌نیا خزاونه‌ته‌ سنووری ته‌سكی ناوچه‌ی سلێمانی، كێشه‌ی ئه‌م حزبه‌ ئه‌وه‌یه‌ تا ئه‌م ساته‌ پرسیار له‌خۆی ناكات بۆ وایلێهاتووه‌، له‌بری بیر له‌دۆخی حزبه‌كه‌ بكاته‌وه‌ و گۆڕانكاری به‌سه‌ر ته‌واوی حزبایه‌تی بهێنێت، بیر له‌به‌ده‌ستهێنانی پۆستێك ئه‌كاته‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان یان حكومه‌ت، له‌ئه‌مریكا تره‌مپ هێشتا دوو ساڵی ماوه‌ كه‌چی دیموكراته‌كان كارده‌كه‌ن بۆ خستنی تره‌مپ و ده‌ستبه‌ركردنی سه‌رۆكایه‌تی 2020، سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌ك دیموكراته‌كانی جۆن كییری به‌ئاشكرا ده‌ڵێت:”ئه‌مریكا به‌رگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی تره‌مپ ناگرێت.” له‌كاتێكدا دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی به‌و شێوه‌یه‌ ئاڵۆزكاو نییه‌ به‌هۆی تره‌مپ-ه‌وه‌، به‌ڕاستی هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی قسه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن پرۆسه‌ی سیاسی شكست ده‌هێنێت له‌دابه‌شكردنی پۆسته‌كان به‌م شێوه‌یه‌، من نازانم پرۆسه‌كه‌ خۆی هه‌یه‌ تا شكست بهێنێت؟!
بۆ من بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شدار بێت یان یه‌كێتی نیشتمانی یان هیچیان به‌شدار نه‌بن، هیچ له‌بابه‌ته‌كه‌ ناگۆڕێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ باشوری كوردستان، تاكه‌كانی هێنده‌ هیلاك و ماندوو كراون به‌حزبایه‌تییه‌وه‌، له‌ئێستا خه‌ڵكه‌كه‌ی باش و خراپی حزبی كوردییان تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ كردووه‌، ئه‌گه‌ر سبه‌ی هه‌ڵبژاردن بکرێت، ئاماده‌یه‌ گڕ له‌سندوقی ده‌نگدان به‌ربدات یان یه‌ك شه‌ق له‌سندوقه‌كه‌ هه‌ڵدات و به‌حزبه‌كوردییه‌كان بڵێت”ئێوه‌ چ قازانجێكتان بۆ من بووه‌ له‌ 28 ساڵی رابردوودا؟!”، كه‌واته‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ئه‌بێت هاوكاری بكه‌یت ده‌روونی هێوركه‌یته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌ حزبه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كرێت، له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان، چونكه‌ گۆڕان بیه‌وێت له‌سلێمانی سه‌رئێشه‌ بۆ یه‌كێتی دروست ده‌كات، یه‌كێتی بیه‌وێت سه‌رئێشه‌ بۆ پارتی له‌ هه‌ولێر دروستده‌كات، وه‌ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، له‌كۆتایشدا ئه‌م هه‌موو سه‌رئێشه‌یه‌ش ئازاره‌كه‌ی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی باشوره‌، بۆ خه‌ڵكێكه‌ وایلێهاتووه‌ ئاوات بۆ هاتنه‌ سه‌ر حوكمی جه‌للادە سونەکانی ڕابردوو، شیعەکانی ئێستا بخوازێت، كه‌ ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وپه‌ری ده‌روون په‌شێویی و نائارامییه‌، بۆیه‌ لێگه‌ڕین با كۆمه‌ڵگه‌ی باشور كه‌مێك بشووبدات.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
لوقمان غەفور

ئەرشیڤی بەڕێز: لوقمان غەفور