نوری کەریم: تورکیا و ئێران کەوتنە پاقلەکەوە! بەشی یەکەم.

مایک بۆمبیۆ 10/1/19 رایگەیاند کە ئەمەریکا لە سوریا بکشێتەوە، وەک سەرۆک ترەمپ لە 19/12/2018رایگەیاندووە، بێگومان پشێوی و بێسەروبەرەیی باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت، بەڵام ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەرەنگاری ئێران دەبنەوە هەتا […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

مایک بۆمبیۆ 10/1/19 رایگەیاند کە ئەمەریکا لە سوریا بکشێتەوە، وەک سەرۆک ترەمپ لە 19/12/2018رایگەیاندووە، بێگومان پشێوی و بێسەروبەرەیی باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت، بەڵام ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەرەنگاری ئێران دەبنەوە هەتا دوا سەرباز و چەکداری لە سوریا دەردەکەن. بۆمبیۆ ئەوەی ڕوون نەکردەوە چۆن ئەو کارە گرانە دەدەن لەکاتێکدا هێزەکانیان دەکشێننەوە و روسیاش هێشتا دۆستی ئێرانە و بەو کارە رازی نابێت. هەروەها بۆمبیۆ چارەنوسی کوردانی رۆژاواشی رون نەکردەوە کە سوپای تورکیا لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ پەلاماردانیان. بەڵام خۆشبەختانە کۆنگریس کەدیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی2018ەوە زۆرینەی کورسی یەکانیان گرتووە، رێگە بە ترەمپ نادەن کتوپر هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکشێنێتەوە. سەرۆکی گشتیی هێزەکانی ئەمەریکاش رایگەیاند کە سەرۆک ترەمپ (سەربەخۆ ئەو بڕیارەی داوە) و پرسە گورگانەیەشی بەو نەکردووە!
ئەو سیاسەتەی ترەمپ لەناوچەکەدا پیادەی دەکات زۆر جیاوازە و تۆبڵێ پێچەوانەی سیاسەتەکانی سەرۆکی پێشوتر، باراک ئۆبامایە. ئۆباما سەرەتای 2009 لە وڵاتی میێرەوە ( سەرەتایەکی مێژویی نوێ) ی بۆ جیهانی عەرەب راگەیاند کە بەهاری عەرەبیی بەدواداهات، بەڵام بەهار نەبو، پایز و گەڵارێزانی خەونە سەوز و سورەکانی گەلانی عەرەب بو. باراک ئۆباما پشتیوانیی لە بەرەی دیموکراتخوازان دەکرد لە ناوچەکەدا، بەڵام دەبینین ترامپ بەپێچەوانەوە پشتیوانی لە فەرمانڕەواو رژیمەکانی ناوچەکە دەکات هەرچەندە رۆژانە زەق و رەق مافەکانی مرۆڤــ پێشێل دەکەن.
ژەنەرال جۆزێڤ ڤۆتیل فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەند رایگەیاند کە هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) لە خۆرهەڵاتی روباری فورات رێگری لە سەرهەڵدانەوە و بوژانەوەی هێزەکانی (داعش) دەکەن. ئێمە بە تێڕوانینێکی فراوان بۆ بارودۆخی ناوچەکە پلانێکی سەربازیی و دیپلۆماسیمان ئامادەکردووە و کاری پێدەکەین بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانمان لە هەر هێرشێکی دەرەکی. رێککەوتنێکیشمان لەگەڵ تورکیا هەیە لەسەر چەند بنەمایەکی هاوبەش بۆ بەرژەوەندی هەردولا(ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی، تورکیا) کە بریتی یە لە دیاریکردن و پاراستنی ناوچەیەکی ئارام لە باکوری سوریا لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەناوچە ئازاد کراوەکانی رۆژاوای کوردستان و لە نێوان سنورەکانی تورکیادا بۆ رێگریکردن لە هەر هەڕەشەو پەلامارێکی سوپای تورک بۆ سەر کورد و گەلانی ئەو دەڤەرە خۆبەڕێوەبەرە. ئەمە دەسکەوتێکی مەزنە بۆ کوردو کاریگەریی سەردانە سەرکەوتووەکەی (ئیلهام ئەحمەد) ی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری شورای سوریای دیموکراتی پێوەدیارە بۆ واشنتۆن و گفتوگۆیەکی کورت لەگەڵ ترەمپ بۆ تاوتۆێکردنی ناوچە ئارامە پێشنیازکراوەکەو چارەنوسی رۆژاوای کوردستان. ئەو ناوچە ئارامە وەها پێشنیازکراوە ناوبنرێت (ناوچەی ئارامیی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی تورک). ئەردوگان لەو هەمو هاشەو هوشەیەی کەکردی هەرئەوەندەی دەسکەوت کە ئەو ناوچەیە بەدڵی ئەو ناوبنرێت و دیارە زۆر دڵیشی پێخۆشە، کوردیش خەنی یە چونکە وەک ئەوەیە تورک لە هەڕەشەی کورد بپارێزێت نەک ئەوەی تورکیا داوای دەکرد ناوچەیەیەکی ئارام بەدڵی ئەردۆگان دیاری بکرێت بەقوڵایی 30ـ32کیلومەترو هێزی ئەمەریکاشی لێنەبێت و چەکە قورسەکانیش لە هەسەدە وەربگێرێتەوە. هەتا ئێستا ئەو خاڵە یەکلایی نەبۆتەوە کام هێزانە لەو ناوچە ئارامە جێگیردەبن، لەوەشدا تورکیا دەیەوێت 7حەوت هەزار شەڕڤانی یەپەکە دوربخرێنەوە و پرۆژەی(جەربا) بەسەرپەرشتی ئەردۆگان و مەسعود بارزانی بەنیازی دروستکردنی هێزێک لە (پێشمەرگەکانی رۆژ) و سوپای سوریای ئازاد، بۆ ئەوەی لەو ناوەدا بڵاوبکرێتەوە و جێگەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بگرێتەوە. جۆزێڤ ڤۆتێل بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەهەڵە لێکنەداتەوە، وتی(کشانەوەی هێزەکانمان لە سوریا بەندە بە بارودۆخی وڵاتەکەوە).
تورکیا سەرباری ئەو هەمو کێشەیەی بۆخۆیی سازاندووە، لە لای لابەلاشەوە بەرەو روی ئەو دۆسێ یە دەبێتەوە کەزۆر لێی دەترسێت و پتر لە سەد سالە پەردەپۆشی دەکات. ئیمانۆئێل ماکرۆن لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ پۆستی سەرۆکی فەرەنسا، پەیمانی دابو بەگەلی فەرەنسا کە رۆژێک دیاری دەکەن وەک رۆژی نیشتیماینی یادی جینۆسایدی گەلی ئەرمەن. ماکرۆن بەڵێنەکەی ئەنجامداو بڕیاردرا هەموساڵێک بەفەرمیی رۆژی 24/4 یادی ئەو رۆژە کارەساتبارە بکەنەوە کە1،5ملیۆن پیر و گەنج و ژن و منداڵی ئەرمەنی بێتاوان بەدەستی جەندرمەی تورک لەنێوبران. ئەو هەنگاوە مرۆڤدۆستانەیەی فەرەنسا زەبرێکی گورچکبڕە بۆ تورکیا، بەڵام سەرانی تورکیا هەتا ئێستاش نایبەنە سەر خۆیان و بە (درۆیەکی مێژویی) ناودەبەن و کەموزۆر نکولی دەکەن شتێکی وەها رویدابێت! ئەوەش لەبیرخۆیان دەبەنەوە کە دوای داگرتنی دواسوڵتانی عوسمانیی و روخانی رژێمی سەڵتەنەت، چەندین لە ئەفسەرە توندرەوەکان کەفەرمانڕەوای تورکیایان گرتبووە دەست، یەکێکی وەک جەمال پاشا بەئاشکرا دەیوت: راستە کوشتاری ئەرمەنەکان کراوە، بەڵام بەو ژمارە زۆرە نەبووە کە بگاتە چەند ملیۆنێک، بەڵکو تەنها 750،000حەوتێەد و پەنجاهەزارێک پتر نییە! گەلی ئەرمەنی برامان، گەلیچکی وشیار و یەکدەنگ و یەکگرتون و دەستبەرداری بچوکترین مافەکانی خۆیان نابن و بەردەوام کاری بۆدەکەن، ئەگەرنا هەر ئەو تورکیایە لەسەردەمی کەمال ئەتا تورکدا زۆر دڕندانە قەلاچۆی کوردی باکوری کرد. ئەحمەد موختار جاف ی نەمر وتویەتی:
دێتە گوێم دەنگێ بە سۆز و شیوەن و گریانەوە ناڵەیی دڵمە لەحەسرەت خاکی کوردستانەوە
لانەواز و بێکەس ومەزلومن ئێستا قەومی کورد گا بەدەستی تورکەکان و گابەدەست ئێرانەوە

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
نوری کەریم

ئەرشیڤی بەڕێز: نوری کەریم