بورهان شێخ ڕەئوف: کۆنگرەى وارشۆ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دواى جەنگى ساردەوەو لە سەرەتاى ساڵەکانى دەیەى کۆتایى سەدەى ڕابردووەوە بۆ جارێکى تر ئەمریکا توانى هەموو هاوپەیمانەکانى خۆى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین و جیهانیشدا کۆبکاتەوە کە لە هەردوو ڕۆژى 13 و14 ى ئەم مانگەدا شوباتى 2019 لە وارسۆى پایتەختى پۆلەندا.
مایک بۆمبیۆى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ڕایگەیاند کە گەورەترین و بەرفراوانترین هاوپەیمانێتى یە کە شەست وڵات لە خۆ دەگرێت بۆ باسکردنى هەموو ئەو مەترسى و قەیرانانەى کە بەرەوڕووى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین دەبنەوە و بەتایبەتى ڕۆڵى ئێران و هەروەها دیدو بۆچوونى ئەمریکا لەسەر کێشەو ململانێ ى فەلەستین و ئیسرائیل.
گرنگە بۆ ئیسرائیل ئەم کۆنگرە چونکە یەکەم جارە بەم بەرفراوانیە لە گەڵ چەند وڵاتێکى عەرەبى کۆببێتەوە بە تایبەتى بنیامین نەتەنیاهۆى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل لە تەنیشت وەزیرى دەرەوەى یەمەن دانیشتبوو وێنەکەى خۆى لە سەر حسابى توێتەرەکەى دانابوو نوسیبووى مێژوو دروست دەکەین ئەمە لەلایەک لەلایەکى ترەوە ئەمریکاو ئیسرائیل توانیان ئەو هاوکێشە مێژووییە بگۆڕن کە دەگوترا کێشەى عەرەب – ئیسرائیل بۆ کێشەى فەلەستینیەکان و ئیسرائیل هەرچەندە کۆشنەرەى زاواو ڕاوێژکارى ترەمپ بەڵێنى ئەوەى دا کە کێشەى فەلەستین و ئیسرائیل چارەسەربکات لە کاتێکدا فەلەستینیەکان بە هەردوولایەنى حماس و ڕێکخراوەى ڕزگاریخوازى فەلەستین بانگهێشتى کۆنگرەکە نەکرابوون دەبێت چۆن چارەسەرێک بێت بێ ئامادەبوونى لایەنى خاوەن ماف؟
لە هەمانکاتدا نەتەنیاهۆ دەتوانێت لە ڕووى ناوخۆیی ئیسرائیلەوە سوود لەم کۆنگرە ببینێت واخۆى پیشانبدات کە لە لایەن عەرەبەکانەوە ڕێزلێ گیراوە.
هەروەها تورکیاو قەتەرو کۆمیسیۆنى ئەوروپاش ئامادەنەبوون و میسریش بەشدارییەکى لاوازبوو.
باسى مەسەلەى ئاشتى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین دەکەن و کۆنگرەکەش ناوى کۆنگرەى وارسۆ بۆ ئاشتى و ئاسایشە لە کاتێکدا هەمووان دەزانین کێشەو قەیرانى گەورەى ئەم ناوچە مەسەلەى کوردو فەلەستینیەکانە کە سەرچاوەى زۆرێک لە ململانێکانى ناوچەکەیە ساڵانێکى دوورو درێژە، بۆیە باسکردنى هەر چارەیەک بۆ ئەم ناوچەیە بە بێ دەستنیشانکردنى ئەو دوو فاکتەرە گرنگە هەر بێ بەرهەم و بە وەجاخ کوێرى دەمێنێتەوە.

ئامانجى کۆنگرەکە
کۆنگرەکە پێداگیرى لەسەر دوو دۆسیەى گرنگ کرد ئەوانیش:
1- بەرەنگاربوونەوەى سیاسەتەکان و هەژموونى ئێران لە ناوچەکەدا کە بە مەترسى و هەڕەشە بۆ سەر ئاشتى و ئاسایش و سەقامگیرى ناوچەکە دادەنرێت.
2- ڕاگەیاندنى پلانێک بۆ ئاشتى لە نێوان فەلەستینیەکان و ئیسرائیل.
جگە لەوانەش ئامانجێکى تریان هەبوو زیاتر جەختیان لە سەرکردەوە ئەویش پەیوەندییەکانى وڵاتە ئەوروپیەکان و ئێران بوو کە مایک بێنسى جێگرى سەرۆکى ئەمریکا داواى لە هاوپەیمانە ئەوروپیەکانى کرد کە لە ئێران دوور بکەونەوەو هەمان هەنگاو هەڵوێستى ئەمریکا وەربگرن و لە ڕێککەوتننامەى( 5+1) بکشێنەوە.

خاڵە لاوازەکانى کۆنگرەکە
ئامادەنەبوونى هەردوو وڵاتى گەورەو ئەندامانى هەمیشەیە ئەنجومەنى ئاسایشى نێو دەوڵەتى ڕوسیاو چین کە ئەمەش ئاماژەى یەک دەنگ نەبوونى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیە بەرامبەر دۆسییەى هەڵسوکەوت لەگەڵ ئێران، هەروەها ئامادەنەبوونى دوو وڵاتى هاوپەیمان و پشتیوانى ئەمریکا لە زۆر پرسى گرنگدا لە سەر ئاستى جیهان ئەوانیش فەرەنساو ئەڵمانیا کە ئامادەنەبوونى ئەمانیش ماناى بوونى ڕاى جیاوازو تێبینیە لەسەر هەمان دۆسییە.
لەلایەکى ترەوە ئامادەبوونى شاندى ئەمریکا لە سەر ئاستێکى بەرز بە سەرۆکایەتى جێگرى سەرۆک و وەزیرى دەرەوە کۆشنەرى زاواو ڕاوێژکارى سەرۆک و تیمێکى بەهێزو شارەزایان لە هەموو بوارەکان ئاماژەن کە ئیدارەى ترەمپ گرنگیەکى زۆر دەدات بەو مەسەلانەى لە سەرەوە باسمکردن.
لە کۆتاییدا دەکرێت بپرسین ئایا ئەمریکا بە تەنیا دەتوانێت سزاى ئێران بدات لە کاتێکدا ئەوروپیەکان تائێستا لەو باوەڕەدان کە دەتوانن لەڕێگەى ڕێککەوتننامەى (5+1) ەوە دەتوانن ئێران ناچار بکەن پابەند بێت بە سنووردارکردنى بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوەو هەر ئێستا کۆمپانیا ئەوروپیەکان لە هەوڵى واژۆکردنى چەندین بۆندن لە گەڵ ئێراندا؟
ئایا ئەمە سەرەتاى ئاسایى کردنەوەى پەیوەندییەکانى عەرەب و ئیسرائیلە یان هەر بابەتێکى پڕوپاگەندە بوو؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت