کارا فاتیح: ئاخ! لە فایەق بێكەسەوە تا سەر جەلال تاڵەبانی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەوشیروان مستەفا لە یەكێك لە نووسینەكانیدا دەڵێت: (لەو سەردەمەدا كە ئێمە بە دڵی شــكاو و دەروونی بــریندارەوە بـاسی ئەوەمان ئــەكرد، چـــۆن هەوڵی ئــازادكردنی هەڵەبجە، بـوو بە كارەساتێكی ئینسانی، ئــاغای تاڵەبانی بێ هیچ سڵەمینەوەیەك ئــەیـــوت: كیمیابارانی هەڵەبجە مەسەلەی كوردی بــردە ناو مەیــدانی نێودەوڵەتییەوە… ئــــــاخ! بـــــۆ دوو سێ هەڵەبجەی تـــر.) بێگومان (ئاخ! بـــــۆ دوو سێ هەڵەبجەی تـــر!) خۆزگە خواستنە بۆ ڕوودانی كارەساتێكی تر لە شێوەی كیمیاییبارانی هەڵەبجە، ئەمەیش لەو بڕوایەوە بوە كە بە هۆی كیمیاییبارانی هەڵەبجەوە، كێشەی كورد بە دونیا ناسراوە و ئەمیش وەك نوێنەری ئەم كێشەیە دەناسرێت و مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و حسابی بۆ دەكرێت. لە لایەكی ترەوە و لە سەردەمێكی تردا، گۆرانی شاعیر كاتێك قەسیدەیەك بۆ مەرگی هیوای كوڕی دەنووسێت و ئەم قەسیدەیە پیشانی فایەق بێكەسی شاعیر دەدات، بێكەس هێندەی بە لاوە جوان دەبێت و دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئەو شیعرەوە، كە دەمودەست و بێ سڵەمینەوە بە گۆران دەڵێت، خۆزگە كوڕەكەی تریشت دەمرد تا قەسیدەیەكی تری ئا وا جوان و نایاب بنووسیت. ئەم دیدەی تاڵەبانی و بێكەس، بە جیاوازیی سیاقی هەر دووكیان و بە جیاوازیی قوربانییەكانی، دوو دیدی نزیك یەك و تەنانەت لە جەوهەردا كۆپیی یەكترن، ئەو لە سیاسەتدا دەیەوێت كاراكتەری سیاسیی خۆی بە هۆی كیمیاییبارانی هەڵەبجە بەهێز بكات و لە هاوكێشە سیاسییەكانی پەیوەست بە كورد ڕۆڵی هەبێت یان بخوێنرێتەوە، ئەوی تریشیان لە ئەدەبدا دەیەوێت كاریگەریی مەرگی ڕۆڵەكەی بكاتە هەوێنی شیعری غەمگین و كاریگەر و توانایی و لێهاتوویی خۆی لە شیعردا بسەلمێنێت و خوێنەرانی بە هەست و وێنەی شیعری و دەربڕینەكانی سەرسام و داگیر بكات.
ئەم دوو دیدە لە سیاسەت و لە ئەدەبدا، لە ڕواڵەتدا كەمێك جیاواز دەردەكەون، بەڵام لە ناوەڕۆكدا نزیكن لە یەكەوە، لێرەدا خاڵە لەیەكچوەكان دیاری دەكەین، ئەو خاڵانەیش كە وەك جیاوازیی دەردەكەون هەر دەخەینە بەرچاو و پیشانی دەدەین كە ئەوانیش سەرەنجام دەچنەوە سەر یەك كۆتایی:
1- بەزەیی: سیاسەتمەدار لە كاتی كاركردن لە پرسە تراژیدییەكان و تاوانە گەورەكاندا لە سەر ئاستی دەرەوە بۆ ڕاكێشانی سۆز و بەزەیی ئەوانی تر كار دەكات، بەمەیش تاوان لە كارێكی سیاسییەوە بۆ مرۆیی دەگۆڕن، زۆر جار بە ناوی كاری مرۆیی و خێرخوازی و گۆڕینی پرسی قوربانییان بۆ بابەتی داواكاریی ڕزگاركردن و ژیانی شاییستە، پرسی تاوان و كۆمەڵكوژی لە سیاسەت دەخرێت، لە سیاسەتخستنی هەر شتێك خۆی لە خۆیدا سیاسەتێكی ئەو سیاسییانەیە كە خۆیان لە بەرپرسیارێتیی دەدزنەوە و ئەستۆی خۆیان لە هەموو گوناه و تاوانێك پاك دەكەنەوە و پرسەكە بە لاڕێدا دەبەن و هەندێ جاریش بازرگانیی پێوە دەكەن و دۆخێك دروست دەكەن، كە كەس ئارەزوو و ئومێدی بە كاركردن نەبێت تێیدا. ئەدیبیش لە بەردەم كارەساتە شەخسییەكانیدا كە ئامانجی بە پلەی یەكەم جوڵاندنی هەستوسۆز و، دروستكردنی بەزەیی بوو لای ئەوانی تر، ئیتر ئەم كارە بە كەوتنی ڕۆڵی فیكر و هۆشیاری تەواو دەبێت، شكستی عەقڵ لە بەردەم سۆزدا لە پێناو زۆرترین كاریگەری و مسۆگەركردنی زۆرترین ڕێژەی وەرگردایە.
2- هێشتنەوەی ئازار: كاركردنی ساسەتمەداری لە سەر كارەسات و كۆمەڵكوژی و تراژیدیاكان، هەمیشە بۆ هێشتنەوەی ئەو زامانەی ڕووداوەكان و ناسۆری كارەساتەكانە تا بۆ هەمیشە و بۆ مەودایەكی دوور، ئامانجە تایبەتەكانیان بەم هۆیەوە وەك خۆی بمێنێتەوە، ئەم سیاسەتەیش بە ئاراستەی چەقین و خولانەوە و كۆتایی نەهاتنی كارەساتەكان كار دەكات و باكی بە كولانەوەی هەمیشەیی زامەكان و ساڕێژنەكردنیان نییە، هەر بۆیە دەبینین پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سی ساڵ، هێشتا كورد بە تایبەت ناوچە كارەساتبارەكانی ئەنفال و هەڵەبجە و كۆمەڵكوژیییەكانی تر، دۆخ و كاریگەرییەكانی ئەو كارەساتانەیان تێنەپەڕاندوە و بەو برینانەوە دەژین، ئەدیب و شاعیری كوردیش بەو شیوەن و ماتەمەی بە ڕێی دەكات، نیازی هەیە بۆ هەمیشە بە خوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەكەی، دۆخی پرسەداری و ماتەمینیی تازە ببێتەوە و كۆتایی نەیەت، ئەو جۆرە سیاسەتە بە ئاراستەی باشتركردنی ژیانی قوربانییانی زیندوو و نەوە و كەسوكاریان نەبووە و بە ئاستەم هەلومەرجی ژیانیانی لە ترس و چاوەڕوانی و كێشەی دەروونی و یاسایی و ئابووری گۆڕیوە، ئەو جۆرە نیگا ئەدەبییەیش، دید و هۆشیاریی مرۆڤی بۆ مەرگ و شیوەن و لەدەستدانی ئازیزێك نەگۆڕیوە، لە بریی پرسیار و گومان لە ژیان و مردن، هەستی خۆخواردنەوە و گۆشەگیریی بەهێز كردوە.
3- تووڕەیی: هەندێ جار سیاسەتمەدار و خەڵكی تریش لە بەرانبەر كارەسات و ئەو ڕووداوانەی وەك زوڵم و تاوانی گەورە دەردەكەون، جۆرێك پەرچەكرداری خێرا لە وێنەی تووڕەیی دەنوێنن، بە هەمان شێوە لە ڕووداوی مەرگ و لەدەستدانی ئازیزێك، ماتەمگێڕ و كۆستكەوتوو لە ناو شیوەندا، هەستی تووڕەییی پەنگی خواردوەتەوە و بە گریان و لاڵانەوە دەری دەبڕێت، بۆ سیاسەتمەدار، تووڕەیی سیاسەتێكی كاتی و تێپەڕ و زووهەڵچوو دەخوڵقێنێت، تەنها كینە لە ئاست ئەوانی تر و ڕق پیشان دەدات، نەك كاركردن بۆ پرسەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان و كارەساتەكە، تووڕەیی لە سیاسەتدا، واتە بیرنەكردنەوە و قووڵا كار نەكردن لە ناو پرسەكەدا، كە سەرئەنجام بۆ ماوەیەكی زۆر وەك خۆی یان خراپتر لە دۆخی خۆی دەیهێڵێتەوە، بە هەمان شێوە تووڕەیی بۆ ئەدیبێك لە ئاست مەرگ و لەدەستداندا، واتە بیرنەكردنەوە لە مەرگ و نزیكنەبوونەوە لە پرسیاری فەلسەفی و ئەنتۆلۆژی.
4- دیدی میتافیزیكی و عیرفانی: سیاسەتی كوردی لە ئاشت تراژیدیاكانیدا، جۆرە سیاسەتێك بوە، كە ڕەنگە بشێت (گەر ناونانەكە هەڵە نەبێت) بە سیاسەتێكی عیرفانی و میتافیزیكی ناوی ببەین، بەردەوام خۆی بە مەزڵووم زانیوە، بە بێكەس و بێپشتوپەنا و غەدرلێكراو خۆی ناساندوە، هەر چاری نەبووبێت، پەنایەكی لە وێنەی خودا و چیاكان یان دۆستی وەهمی دۆزیوەتەوە، زۆرینەی ئەدیب و شاعیرانی كوردیش، میتافیزیكی و عیرفانییانە لە مەرگ و شیوەن و كارەساتەكان دەڕوانن، بەزۆریی گلەییی لە چارەنووسی خۆیان دەكەن و فرمێسك بۆ واقیعی حاڵ هەڵدەژێژن، سكاڵا لە گەردوون دەكەن، هاوار دەبەن و دەستی نزا هەڵدەبڕن، هەندێك جار گلەیی و ڕاز بۆ خودا بەیان دەكەن، خاوەنی ئەم ڕوانینە بۆ مەرگ و شیوەن، هەمیشە بریندارە و لە گیانەلڵادایە، دوا جار بە ڕاژەنینی ئازارەكانی و جوانكردنی برینەكانی و چیرۆكی وەهمی، بە شێوەیەكی ساختە دەیەوێت زامەكانی خۆی ساڕێژ بكات. سیمای ئەم ئەدەبە سیمایەكی عیرفانییە، بۆیە بەردەوام لە ئاست تراژیدیا و تەنانەت زۆر كێشە و ئازاری بچوكی تایبەتیشدا سیفەتی تاك و بێكەسی دەدات بە خۆی و لەم ڕێیەوە تایبەتمەندی و تاكێتیی خودامان بیر دەخاتەوە.
5- مەنەلۆج و دایەلۆگ: زمانی شیعری شاعیری كورد لە دۆخی گوزارشتكردن لە مەرگدا بە سەر خۆیدا دادەخرێت، ئەوەی قسە دەكات خۆی دەدوێنێت، واقیعی حاڵی خۆی دەردەخات، ئەمەیش تەنها مەنەلۆجە و لە سەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە، كە بریتییە لە شكست و كەوتنی وجودی و سیاسی و ڕۆحی، ئەم بنەمایە پانتایییەكی زۆری مێژووی گرتوە، مەنەلۆجی شاعیر و ئەدیبی كورد تەعبیر بوە لە شكست و ئەركی گۆڕینی واقیع نەبینیوە، سیاسەتمەداری كوردیش لە كاتی سیاسەتكردن بە كارەسات و تراژیدیاكانەوە، دایەلۆگی لەگەڵ دەرەوە بە هەمان سیفەتی ئەو مەنەلۆجە بوە، بەڵام سیاسەتمەدار هاواری بۆ خۆی گەڕاوەتەوە، لە سەر هەمان پایەی شكست و كەوتن لە بەرانبەر دەرەوەدا ڕاوەستاوە، تەنها خۆی بانگەوازی خۆی بیستوەتەوە و هەوڵی دایەلۆگی سیاسەتمەدار لەگەڵ دەرەوە لەم ئاستەدا هەر بە وێنە یان نزیك لە مەنەلۆجی شاعیر بوە و كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبوە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییە مرۆیییەكانی تراژیدیاكان.
6- بەسروشتیكردنی تراژیدیا: سیاسەتمەداری كورد هەوڵی ڕازاندنەوەی تراژیدیاكانی كوردی داوە، خۆی وەك مەزڵومێكی تەواو نیشان داوە، بەردەوام جەختی لە زۆریی ژمارەی قوربانییەكان و ژمارەی ئاوارە و شاری خاپوور و گوندی وێران كردوەتەوە، كاتێك هیچی ئەوتۆی لە سیاسەتەكانی نەچنیوەتەوە و نەیتوانیوە ئەم پەیامە بگەیەنێت، چارەنووسی كوردی وەك قەدەر زانیوە، شاعیر و ئەدیبی كوردیش وەك بەرهەمهێنەری ئیستاتیكا پێی وایە بە فۆڕم و ڕیتم و خەیاڵ و وێنەی شیعرییەوە بەرگری لە جوانی دەكات، شیعرەكەی بریتییە لە ناسكی و دڵڕفێنی و هەستبزوێنی، بەڵام كە بەم هەست و میكانیزمە باس لە تراژیدیا و ڕووداوە ناخۆش و دڵتەزێنەكان دەكات، بێ هۆشیاری و فیكرێكی قووڵ تەنها بیری لای جوانییە، بە دەرەنجامێكی تەواو پێچەوانە گەییشتوە، چونكە تراژیدیا و ڕووداوە ناخۆش و دڵتەزێنەكان، لە ڕووداوی مێژووییەوە دەكرێن بە ڕووداوی سروشتی، لە تراژیدیاوە دەكرێن بە كارەسات و لە زوڵمێكی سیاسی و دەستدرێژی بۆ سەر مافی مرۆڤەوە دەكرێن بە ڕووداوگەلێك كە لە چارەنووسی ئەو خەڵكانەی تووشی بوون نووسراوە، هەموو ئەوانەیش بەوە دەكرێن كە شاعیر لە ناو وەسفێكی درێژ و سەرنجڕاكێش و وشەی هەستبزوێن و كاریگەردا، ئەو ڕووداوانە جوان دەكات و كاراكتەر و بەرپرسانیشی دەكاتە پاڵەوان. ئەم جۆرە شیوەن و تەعبیركردنە لە تراژیدیا، شێوەیەكی عیرفانیی هەیە و هەوڵ و تەقەلایە بۆ جوانكردنی ئازار و مەینەتی كە بە سەر مرۆڤ دێت، وشەی وەسفی و وێنەی شیعری و دەستەواژەی هونەری كۆششێكی زۆر دەكەن، تا شین و ئازاری مرۆڤ بۆ هەمان مرۆڤ خۆی بكەنە بابەتی چێژ و لاواندنەوە، هەموو شتێك دەكەن تا مرۆڤ بە سەر خۆیدا دابخەن و بە دەست خەم و ئازارەكانییەوە بەردەوام و هەموو كات بتلێتەوە و چێژ لە خەم و فوغان ببینێت، ئەمەیش كارەسات لە ڕووداوێكی مێژوییەوە هەڵدەكەنێت و مۆركێكی سروشتیی پێ دەدات.
7- ئازار و خەم: شاعیر و ئەدیبیی كورد بە خەم و دڵتەنگی گوزارشت لە ناخۆشی و كارەساتەكانی دەكات، بێ گومان خەم و دڵتەنگی هەستێكی ئاسایی و سادەی مرۆڤن و ڕووبەڕوویی هەموو تاكێك دەبنەوە و زۆر جار هۆكارێكی ڕوون و ئاشكرایشیان نییە، دەكرێت هەموو مرۆڤێك بە شێوەی جۆراوجۆر تووشی خەم و دڵتەنگی ببێت، كە بێگومان هەندێ جار سەرچاوەكەی ڕەنگە شت و هۆكاری زۆر سادە و ناگرنگ و بێنرخیش بن، بەڵام تراژیدیا بریتییە لە ڕووداوی ناخۆش تا ئاستی مەرگەسات و كارەسات و ماڵوێرانیی سروشتی و دەستكردی مرۆڤ، ئەوەی بە جێی دەهێڵێت ئازارێكی قووڵە لە جەستەی ئەوانەی بە سەریاندا دێت یان دەكەونە ژێر كاریگەریی ئەو ڕووداوەوە، بێگومان شاعیر و ئەدیب پێویستە تەعبیر لەم ئازارە بكەن نەك تەنها خەم بەرهەم بهێنن، چونكە خەم و دڵتەنگی تەنها پیشووخواردنەوە و خۆخواردنەوە و سەرگەرمی و مەستبوونە بە گریان و ماتەم و شیوەن، بەڵام گوزارشتكردن لە ئازار هەوڵێكە بۆ دەرچوون لێی، ئەوەی هەست بە ئازار دەكات، ئەو هەستە دەیخاتە جووڵە بۆ نەهێشتن یان كەمكردنەوەی سەرچاوە یان سەرچاوەگەلی ئازار، بەڵام خەم و دڵتەنگی وا نیین، مرۆڤی غەمگین و دڵتەنگ، مرۆڤی بێ دەسەڵاتە و تەنانەت چێژ لە غەمگینی و دڵتەنگیی خۆی وەردەگرێت. ئەو هونەرەی تەنها خەم بەرهەم دەهێنێت و دەیەوێت بە چیرۆكی دڵتەزێن ئەوانی تر دڵتەنگ بكات، تەنها خۆی نماییش دەكات و ئامانجی سەرگەرمكردنی ئەوانی ترە، بەڵام ئەو هونەرەی گوزارشت لە ئازار دەكات، جۆرێك لە هۆشیاری دروست دەكات بۆ دەرچوون لەو ئازارە، سیاسەتمەداری كوردیش بە هەمان شێوە بۆ دەرەوەی خۆی تەنها ویستوویەتی كاریگەرییەكی ویژدانی دروست بكات، ئەوەی كردوویەتی بۆ جووڵاندنی هەستوسۆزی ئەوانی تر بوە، بۆیە ئەگەر ئەم كاریگەرییەیشی دروست كردبێت، هیشتا نەیتوانوە هیچ لە واقیعی تراژیدیاكان بگۆڕێت، چونكە ئەم واقیعە پێوەندیی بە كاریگەریی عەقڵی و بڕیاری سیاسی دەبێت نەك بە كاریگەریی ویژدان.
8- بۆچوونی باو: بە دەر لە لایەنە ئیستاتیكییەكان و خەیاڵ و وێنە شیعرییەكان، ئەو ئایدیا و بۆچوونانەی شاعیر و ئەدەبی كورد لە سەر مەرگ و لەدەستدانی ئازیزێك بەیانی كردوون هەمان بۆچوونی با و تێڕوانینی سادەی خەڵكین، ئەو هەوڵانەی شەعیر و ئەدیبی كورد بە گشتی لەم لایەنەوە ئەو سنوورەیان تێنەپەڕاندوە لەو تێكستانەیشدا بە هەندێ ئارایشتی ئەدەبییانەوە هەمان دیدگا بەرهەم هاتوونەتەوە، واتە ئەوەی لەو جۆرە تێكستانەدا دەیانخوێنینەوە، هەر چەقین و گیرخواردنە لە ناو ئەو تێگەییشتنە باوەی خەڵك بۆ مەرگ و دۆخی ماتەمینی هەیەتی، ڕاستە ئەوانە باس لە ئازار و كۆژان و مەینەتییەكانی مرۆڤ دەكەن، بەڵام نەك بە هەمان تێگەییشتنی باو و ئاساییی عەوامییانە بۆ ئازار و كۆژان و مەینەتیی مرۆڤ، بەڵكوو پێویستە ئەو بابەتە بە شێوەیەك بەرهەم بهێنرێتەوە، كە لە ناو خۆیدا بەرەنگاری و دژایەتی ئەو سیستم و زەمینەیە بكەن كە بوونەتە هۆی ئەو ئازار و مەینەتییانە بۆ مرۆڤ، سیاسەتمەداری كورد هەمان دیدی باو و ئاسایی بۆ ڕووداو و كارەسات و كۆمەڵكوژییەكان هەیە نەك بە زانستی سیاسەت و خوێندنەوەی عەقڵانی و دیدی نوێ.
9- سادەیی: زاڵكردنی زمانی سادە لە هونەر و هەر بوارێكی تردا بۆ گوزارشتكردن لە تراژیدیا و ڕووداوی تریش، خۆی لە خۆیدا تەنها ئیفلیجكردنی زمانە، ئەویش بەوەی نەهێڵێت لە ئاستێكی بەرز و قووڵدا كار بكات و گەوهەری داهێنانی خۆی بەرجەستە بكات. لەقاڵبدانی زمان بەوەی كە هەر دەبێت زمانێكی سادە بێت و بە ناوی ئەوەی كە دەبێت بۆ زۆرینە و تەنانەت بۆ هەموو خەڵك بێت، لە ڕاستیدا خنكاندنی ئەركە ڕاستەقینەكەی زمانە، كە بەشێكی گوزارشتكردنە لە پانتاییی بەرفراوانی نەست و بەشە چەپێنراوەكەی مرۆڤ، گوێنەدان و خۆگێلكردنە لەو حەقیقەتەی كە گۆڕینی دۆخی تراژیدیا و هێوركردنەوەی مەرگەساتەكان و ئاساییكردنەوەی دۆخی ژیانی قوربانییانی زیندوو، لە گۆڕینی هۆشیاریی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، نەك تەنها كاركردن لە سەر هەست و ئیحساسی مرۆڤ و بزواندنی هەستی بەزەیی و شیوەن و گریان، گۆڕینی هۆشیاریی مرۆڤیش بەشێكی لە گۆڕینی زمان و بیركردنەوەوە دێت كە لە ڕێگە تێكستی ئەدەبییەوە بۆی ئاراستە دەكرێت، نەك تەنها هەمان زمان و بیركردنەوەی لە ڕێگەی كاری هونەرییەوە بە كەمێك ئاراییشت و جوانكارییەوە پێ بدرێتەوە، تێڕوانین و میتۆد و كاركردنی سیاسەتمەداری بۆ تراژیدیاكان بە هەمان شێوە سادە لە بیركردنەوە و سەرپێیی لە ڕوانیندا بوە.
10- تاكڕەهەندی: تێكستی ئەدەبی لە بەردەم مەرگدا بە ئاراستەی غەمگینكردن كار دەكات، دەیەوێت پەیامێكی خەماوی بگەیەنن. ڕاستە مەرگ ڕووداوی دڵتەزێن و ناخۆش و ئازاربەخشە، تراژیدیا و كۆمەڵكوژییەكانیش بریتین لە زوڵم و تاوان و كوشتن و ئەشكەنجەدان لە ئاستێكی بەرز و دڵڕەقانەدا، هەردووكیان پڕن لە چیرۆكی غەمگین و مەرگەسات و جەرگبڕ، بەڵام گەر سیاسەت و ئەدەب، تەواوی ڕەهەندەكانی ئەم ڕووداوانە لە یەك ئاراستە و فۆڕمێكی خەمناكدا كورت بكەنەوە و تەنها بیكەنە هەوێنی غەمگینی و شیوەن و گریان و سیاسەتی بەزەیی پێداهاتنەوە، سەرەنجام ئەوە دەبێتە هۆی بچوككردنەوەی ڕووداوەكە و تیشكخستنەسەر تەنها یەك دیوی ئەو مەرگ و تراژیدیا گەورەیە و بەجێهێشتنی ڕووبەرێكی زۆری ڕووداو و كاریگەرییەكانی لە تاریكیدا، كە بێ گومان مەرگ و تراژیدیا لە یەك ئاراستەدا كورت ناكرێتەوە، هەڵەیە وەها سەیری ئەو ڕووداوانە بكرێت و لە ڕێگەی سیاسەت و ئەدەبەوە وەها مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت كە ئەو ڕووداوانە تەنها شیوەن و خەمناكیی بۆ بە جێ هێشتووین، كاری ئەدەب و سیاسەت ئەوەیە یان پێویستە هەر ئەوە بێت، بەردەوام ئەم دڵتەنگی و حوزن و ماتەمە بەرهەم بهێنێتەوە و بیری هەموانی بخاتەوە و یادكردنەوە و هێنانەوەئارای هەر بریتی بێت لە شیوەن و ناڵە و گریان، بێ گومان ئەم كورتكردنەوەیەی ڕووداوی مەرگ و تراژیدیاكان بۆ یەك ئاراستە، جگە لە كورتبینی و هەوڵ نەدان بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دیدگای ئەدەب و سیاسەت و خۆپێناسەكردنەوە لە هەمبەریان و خۆدزینەوەی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی سیاسی و ئەخلاقی و ئەدەبی و مرۆیی و پڕكردنەوەی ئەو بەرپرسیارێتییە بە جۆرێكی تر و بە شتی تر، لە هەمان كاتدا ئەو جۆرە كاركردنە زوو دەیەوێت و بێوچان تێ دەكۆشێت تا كار بكات و لە ڕێی كاریگەری و هەژاندنی لایەنی سۆز و دەروونییەوە بەوەی بیانخاتە ژێر باری جووڵاندنی هەستی بەزەیی و خەم و شیوەن و خێرا بینەر و وەرگرێكی زۆر بۆ خۆی پەیدا بكات. لەم ڕوانگەیەیشەوە كە ئەم جۆرە كاركردنە و بەو دیدگایە كە مەرگ و تراژیدیاكان تەنها بەو ئاراستەیەدا دەبات و دەیكاتە كەرەستەی بەرهەمهێنانی خەم و ماتەم و جووڵاندنی سۆز، بۆیە دوا جار لە ئەدەبدا ئەم دیدگایە بەو پێیەی زۆرترین هەوڵ و زۆرترین پێشبڕكێی بۆ ئەوەیە خەم و دڵتەنگی بەرهەم بهێنێت و زۆرترین خوێنەر خەمناك بكات و لە ئاستێكی زۆر و بەرزیییشدا ئەم خەم و ماتەم و شیوەنە بهەژێنێت، بۆیە ئەم دیدە بۆ مەرگ و تراژیدیا لە ئەدەب و سیاسەتدا لە چۆنێتیی ڕوودانەوە بۆ چەندێتیی ڕوودان دەگۆڕێت، لەوەی كە چۆن ئەو زوڵمە دروست بووە بەشێنەیی دەپەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە چەند زوڵم دروست بووە، بۆی گرینگ نییە چۆن ئازار بەرهەم هاتوە، بەڵكوو بە لایەوە تەنها گرنگ ئەوەیە چەند ئازار بەرهەم هاتوە، ئەم جۆرە كاركردنە ڕووناكی ناخاتە سەر ئەوەی چۆن مرۆڤ ئەشكەنجە دراوە و كوژراوە و چیرۆكەكانی تاوان و دەستدرێژیكردن چۆن بوون، بەڵكوو تەنها یاخود بەزۆری تیشك دەخاتە سەر ئەوەی چەند مرۆڤ ئەشكەنجە دراوە و كوژراوە، چەند گوند و شار ڕووخاوە، چەند كەس دیار نەماوە و نەگەڕاوەتەوە. دیدی یەك ئاراستەیی، دیدێكی هەڵە و ناتەواوە و قەبارەی تراژیدیا بچوك و ڕەهەندە جیاجیاكانی كاڵ دەكاتەوە و تەنها لە سەر سۆزی وەرگر و بینەر كار دەكات و دەیەوێت بە هۆی تراژیدیاكەوە زۆرترین وەرگر بۆ خۆی كۆ بكاتەوە.
دوای ئەم خاڵانە پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بكەین، ئاخ و داخ و حەسرەت خواستن بۆ ڕوودان و زۆربوونی مەرگ و تراژیدیا لە پێناو كردنیان بە كەیس و بەكارهێنانیان بۆ ئامانجی تایبەت یان كردنیان بە كاری هونەری و ئەدەبی، لە پاڵ هەرەسە مۆراڵی و سیفەتە نامرۆییەكەی جۆرێكە لە مەستبوون بوون بە مەرگ تا ڕادەی بەهێزكردنی پایەكانی كەلتووری، ئەوەی بەختیار عەلی ناوی ناوە (مەرگدۆستی) ئەم كەلتوورە لە هەموو كایەكاندا بەهێزە و بێكەس لە ئەدەبدا بەیانی كردوە و تا سەر جەلال تاڵەبانی لە سیاسەتدا هاتوە، بگرە پێشتر و دواتریش هەبوە و هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت