نوری کەریم: رۆژی زمانی دایک و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەک. بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زمانى کوردیى و زمانەکانى هیندۆ ئەوروپایى زاراوەیەکە هەموو زمانەکانى لاتینى، یۆنانى (گریک)، سانسکریتى و (حیسسى ـ حۆسى ـ الحپیە) دەگرێتە خۆ، زمانى (حیسسى ـ حۆسى)ش کۆنترین زمانى گروپەکەیە و زۆربەى زمانەکانى ئەمڕۆى ئەوروپاش هەر سەر بەو گرووپە زمانەن. (حیسى ـ حۆسى)ش نەتەوەیەکى هیندو ئەوروپاییە، نێوان ساڵەکانى 1800 – 1200 پز. دەستى بەسەر نێوەڕاستى ئەنەدۆڵدا گرتووە و هەزار ساڵ بەر لە زاینییش دەوڵەتە بچووکەکانى دەڤەرى چیاى تۆرۆس – زاگرۆس و باکوورى سووریاى لەبندەستدا بوو. شایانى وتنە زمانى ئاشوورى کۆنیش 2000 – 600پز، هەروەها زمانى سامیى خۆرهەڵات یا درووستتر بڵێین باکوورى خۆرهەڵاتى وڵاتى میسۆپۆتامیا و زمانى سامیى خۆرئاوا لە وڵاتى شام سەربەو گرووپەسەرەکییەن کە ئەمەى دواییان دابەشدەبێت بەسەر:
1- زمانەکانى ئەمموریى، فینیقى، عیبرانی و… هتد.
2- زمانى ئارامیى کۆنى سەردەمى سەدەى 10 ـ 8 پز، کە بریتییە لە ئارامیى خۆرهەڵات و بابلیی و سریانیى و ئاسووریى.
3- ئارامیى نەبەتیى (اڵارامیە النبگیە) و تەدموریى و فەلەستانیی (فەلەستینیى) و سوریایى و… هتد. دەگرێتەوە.
4- زمانەکانى دۆرگەى عەرەب و وڵاتى حیجاز و حەبەشە و یەمەن(1).
زمانى کوردیش لقێکى بەرچاوى زمانەکانى هیند و ئەوروپاییە و نزیکەى چل و پێنج ملیۆن مرۆڤــ وەک زمانى دایک پێیدەدوێن و رەگ و ریشەى دەچێتەوە سەر زمانى پەهلەوى کۆن کە لقە ئاریەکەى زمانەکانى هیندو ئەوروپاییەکانە و زمانى ئاخافتنى کورد و نەتەوە ئێرانییەکانى ئامۆزایەتى وەک فارس، پاکستانیى، ئەفغانیی، بلووژ، هیند.
رەگ و ریشەى هاوبەشى زمانى نەتەوە ئارییەکان و دراوسێتیى و نێزیکى هەندێکیان و مێژووى پێکەوەژیانى هەزاران ساڵ و دەستاویان بەسەر یەکترییەوە، رەنگدانەوەیەکى سەرنجڕاکێشى ئەوتۆى بەسەر هەندێکیانەوە داناوە، زمانى گەلانى فارس و بلووژ و ئەفغان و پاکستان و بگرە بەشێکى هیندەکانیش بەشێوەیەکى گشتیى لەیەک زمان بچن، بەڵام لەگەڵ نەتەوەى کورددا کاریگەریى و رەنگدانەوەکە لە سنوورى دەستیاو بەسەر یەکترەوە تێنەپەڕیوە، بۆ نموونە لە نێوان فارس و کورددا نێزیکیى و ووشەگەلێکى هاوبەش و ناوکۆیى دەبینێرێت، موڵکى هەردوو نەتەوەکەن، وەک: برا، ئازیز، مەرگ، جەنگ، زەمین، مەرز، باران، دوژمن، گوڵ، جەنگەڵ، فرمان، بیمار، مەشق، کۆشش، تیر، تیرئەنداز، ئەندازە، سوپا، عیشق، عاشق، پەسەند، ئەفسەر، سەرباز، مەرد، پاڵەوان، تاق، روو، پەیوەست، دەریا، گرفتار، ئابڕوو، دڵدار، زام، زامدار، قەشەنگ، میهرەبان، گەردوون، دۆست، رەفتار، مەست، پێشگرى بەد، وەک بەدمەست، بەدرەفتار، بەدگۆ، بەدکار و… هتد. هەندێک ووشەش هەن لە نێوان فارسى و کوردیدا سووکە گۆڕانێکى بەسەردا هاتووە وەک شەم/ شەو، زن/ژن، ئاب/ئاو، خوون/خوێن، لەب/لێو، گوهر/گەوهەر،ماه/مانگ….. لە زمانى عەرەبى، رووسى، فەرەنسى، لاتینى و یۆنانیشەوە گەلێک ووشە کەوتوونەتە نێو زمانى کوردییەوە، بەڵام بەرگێکى خۆماڵییان بەبەردا کراوە(2) وەک نرجیلە – نێرگەلە، قوگیە – قوتوو، قرچ – قەرز، قەرد، ڕرچ- ئەرز، عەرد، کنیسە- کڵێسا، مۆتۆر- ماتۆر، ئۆتۆمۆبیل – ئوتومبیل، ترومبێل. کتاب – کتێب، هۆتێل – ئوتێل، ژهن- زەین، معنى – مانا، کۆمەڵێک ووشەش لە زمانى کوردیدا بەکاردەهێنرێت هەندێکیان بۆ مانایەکى نێزیک و هەندێکیان بۆ مانایەکى دوور لەواتاى ووشەکە، لەو زمانەدا کەلێوەى وەرگیراوە وەک ووشەى (فقیر) لەزمانى عەرەبیدا بەوکەسانە دەوترێت کە سەرچاوەیەکى بژێوییان هەیە بۆ دابینکردنى پێویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان و جیاوازە لە ووشەى (مسکین) کە بەو کەسانە دەوترێت پێویستییە بنەڕەتییەکانى ژیانیان هەیە هەرچەند سەرچاوەى بژێوییان نییە. کورد ووشەى فەقیر بەچەند مانایەک بەکاردەهێنێت وەک نەدار، دەستکورت، هەژار، بەستەزمان، بێوەى … وەک رێبوار کوڕێکى فەقیرە، لەو ێەگە مەترسە، فەقیرە(ناگەزێت). ووشەى (مسکین)یش لە کوردیدا بۆتە مسکێن و بۆ جوتیار و پاڵە بەکاردێت.
ووشەى (بۆفێ)ى فەرەنسایی و(بۆفێت)ى ئەڵەمانى لاى، کورد بەواتاى پێشانگاى نێوماڵ (مەعرەز) بەکاردێت. ووشەى عەرەبى (خراب – خرائب) واتاى شوێنەوارى رووخاوو وێران، بەڵام لە کوردیدا بووە بە خراپ و بۆ هەر شتێکى ناپەسەند و زیانبەخش بەکاردێت. مەحوى شاعیر بەواتاى خراپە و خراپەکاریى و خراپەکار بەکاریهێناوە.
شوکر هۆشیارە مەحوى تێدەگا دنیا خەراباتە کە بەدمەستیى بکا ئەهلى، خراپەى بۆچى لێدەگرم
ووشەى پیت لەزمانى میسرییەکانى سەردەمى فیرعەونەکاندا واتاى پیرۆز و فەڕى خاک و زەوى دەبەخشیى، کوردیش بەهەمان واتاو هەروەها بەواتاى(حرف)ى عەرەبیش بەکاریدەهێنێت. ووشەى تیپ – تایپ لە زمانى ئینگلیزیدا ماناى (حرف – پیت)، بەڵام کورد وەک گرووپ، دەستە، پۆل بەکاریدەهێنێت. تیپێک پێشمەرگە، تیپى مۆسیقا و هەڵپەڕکێ، تیپى هەڵبژاردەى تۆپى پێى کوردستان.
وشەى (مرد ـ مەرد) لە زمانى فارسیدا واتاى پیاو دەبەخشێت، لە کوردیدا مەرد بۆ کەسێکى ئازا، قارەمان، جوامێر و رەوشت بەرز بەکاردێت. هەروەک ووشەى (بگالە ـ بەتالە)ی عەرەبى کە ماناى بێکاریى، دەستبەتاڵى دەگەیەنێت، لە زمانى فارسیدارێنووسەکەى جیاوازە و بەم شێوەیە دەنووسرێت (بگالت) بەواتاى (شجاعە) لە زمانى عەرەبیداکە واتاى بوێرى وئازایەتى و سوارچاکى دەدات. ئەو ووشەى (مرد ـ مەرد)ەى زمانى فارسی و ووشەى مێرد لە زمانى کوردیدا هێماى نێرینەى پێوەیە وەک مێردمنداڵ کە پێچەوانەى کیژ، کیژۆڵەیە و ئەمیان هێماى مێینەى پێوەیە، هەروەک مێرد کە لایەنى نێرینەى هاوسەرییە و لایەنى مێینەکەشى ژنە، نەک ئافرەت. ئافرەت رەگەزى مێینەى مرۆڤــ هەمووى دەگرێتەوە بەکچ وکچۆڵە و قەیرەکچ و پیرەکچ و ژن و بێوەژن پیرەژنەوە بەڵام ژن تەنها ئافرەتى بەشوو(مێرددار)ە لە ئێستادا یا لە پێشتردا. ململانێى حیزبایەتى دەستى گەیشتە ئەوەش، لە پاڵ یەکێتى ئافرەتانى کوردستاندا، یەکێتى ژنانى کوردستانیش دامەزرا،کە بە پێى ناوەکەى تەنها بۆ ئافرەتى مێردارە و بەشى کچانى پێوە نییە!
ووشەى (کەتیبە) لە زمانى یۆنانیدا بەواتاى نووسینى هونەریى لەسەر تاوێرەبەرد، مەڕمەڕ، کاشیى بەکاردێت بەڵام کورد بەواتاى شیشبەند بۆ توند و تۆڵکردنى دەرگا و پەنجەرەى خانوو بەکاریدەهێنێت، دەڵێت کەتیبەى پەنجەرە، کەتیبەى دەرگا، بەڵام عەرەب هەمان ووشە وەک زاراوەیەکى سەربازیى بۆ هێزێک یا کەرتێکى لەشکر بەکاردەهێنێت وەک (کتیبە مشاە) هێزى پیادە، (کتیبە مدفع – مدفعیە – هاون) هێزى تۆپخانە – تۆپهاوێژ.
ووشەى (شر ـ شەڕ) لە زمانى عەرەبیدا واتاى خراپ و خراپەکاریى دەگەیەنێت، بەڵام لە زمانى کوردیدا بە بەگژداچوون و پێکهەڵبژانى دوو کەس، دوو دەستە، کۆمەڵ، هۆز، حیزب، نەتەوە، چەند نەتەوەیەک بەکاردێت وەک شەڕى دووبراکە،شەڕەگەڕەک، شەڕى جاف و تاڵەبانى، شەڕى ناوخۆ، شەڕى تورک و یۆنان، یەکەمین شەڕى گێتى. کورد هەمان ووشە بۆ رووداوێکى نەخوازراویش بەکاردەهێنێت کە نایەوێت رووبدات وەک شەڕەو یەخەى گرتووین،کاکە، شەڕمان لێلادە)، ئەم کابرایە شەڕدەفرۆشێت، خوایە لە شەڕى شەیتان و بەڵاى ناگەهان بمانپارێزە). ووشەى (خَیرـ خەیر) لە زمانى عەرەبیدا بەواتاى چاک، دڵسۆز، پێزان، گوێڕایەڵ، کەڵک و… هتد، بەکاردێت وەک (خیر الڕبناء)،باشترین مناڵەکان، رۆڵەى دڵسۆز و گوێڕایەڵى دایک و باوک، (خیر المۆمنین) چاکترین خواناسان، (لا خیر فی قوم یڕکل ڕکپر مما ینتج) گەلێک زۆر بخوات و کەمتر بەرهەم بهێنێت گەلێکى تەمەڵ و بێکەڵکە و چاوەڕوانى پێشکەوتنى لێناکرێت.
بەڵام هەر ووشەى (خێر) لاى کورد واتاى بەزەیى، یارمەتى، پاداشت، کەڵک، قازانج، دەبەخشێت کە بەرامبەر (رحمە، مساعدە، سدقە، جزاء)ى عەرەبییە وەک خێرێک بەو پیرەژنە بکەن، خێر بۆ مردووان دەکەین، خێرت دەگاتێ قومێ ئاوم بدەرێ، خێر بۆ خوێش نەک بۆ دەروێش، ئەم کارە خێرى تێدانییە، کوڕەکە خەریکى کارى خێرە، (ژن هێنان و هاوسەرگیرى)…. ئەم باسە زۆر درێژە و هەویرەکە ئاو زۆر دەکێشێت و لێرەدا جێگەى نابێتەوە، ساڵى 1980 بڕێکى چاک لەو ووشانەم لە نامیلکەیەکدا دەستنووسکرد کە لە زمانەکانى بێگانەوە هاتوون یان هێناومانەتە نێو زمانى کوردى و وەک خۆى یا کەمێک دەستکاریى یا تەواو رەنگ و روخسارى کوردەوارییان وەرگرتووە وەک وشەى شیعر، حساب، باس، حیقایەت، مەلا، مەکینە، بینا، حەوشە، هۆدە، قەڵەم، مەرەکەب، دەفتەر… ئەویش وەک چەند بەرهەمێکى دیکەم سەریان تێدا چوو… دەرفەت هەبێت دەگەڕێمەوە سەریان و سەرلەنوێ کۆیاندەکەمەوە. لەم بوارەدا پێویستە ئەو راستیەش لەیاد نەکەین زانا و هۆنەر و نووسەرانى کورد سەردەمانێکى دوورودرێژ بەرهەمەکانیان بەزمانەکانى بێگانە، عەرەبیى، فارسیى و تورکیى نوسیوە و خزمەتى زانست و وێژەى ئیسلام و ئەو گەلانەیان کردووە و هەوڵ و کۆشش و ماندووبوون و شەونخونى خۆیان بێ منەت و شاباش خستۆتە سەر خەرمانى زانست و وێژە و شارستانێتى ئەو گەلانە. ئەو زانا و نووسەر و هۆنەرانەى کورد کە لە رۆژگارى خۆیاندا چراى رووناکبیریى کوردەوارى بوون، بەرهەمەکانیان بەزمانى بێگانە دەنووسى بەڵام لە ژیانى رۆژانەیاندا لەکوردستان هەر بە زمانى کوردییەکە دەدوان و هەر لەدەمى ئەوانیشەوە ئەو هەموو ووشەى بێگانەیە تێکەڵ بەزمانى رەسەنى کورد بوون. ئەوە سەرەڕاى داگیرکارانى کوردستانیش بەهۆى کارووبارى بەڕێوەبردنى کوردستان و فرمان و نووسراوو تۆمارەکانەوە سەپاندن و شیرینکردنى زمانى خۆیان و سووک و بێ نرخکردنى زمانى کوردییان کردۆتە بەرنامە. هەر بۆنموونە بۆ ئەوەى کورد زمانە شیرینەکەیى لەبەرچاو بکەوێت وتوویانە:
عربی ڕول و اخر است فارسى شکر است
تورکى هنر است کوردى گوز خر است (3)
زمانى عەرەبى زمانى بەرو دوایە، فارسى شەکرە، تورکى هونەرە، کوردى گووە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت