ئیبراهیم عەباس: ئەو بەدیلانەی دەست پارتی ناکەون!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوا ساتەکانی سەرۆکایەتی بارزانی هێندە قورس لەسەریی شکایەوە، هەموو ئەو ریسەی لێکرایەوە خوری کە بۆ بەهێزی پارتی و خانەوادەکەی چنیبووی، چونکە لێکەوتەکانی ریفراندۆم بۆ پارتی و بارزانی مۆتەکەیەکی ترسناک بوون و سەرئەنجام ئەوەی بارزانی چاوەروانی ئەکرد روویدا و خۆی ناردایەوە ماڵەوەو دەرگای سەرۆکایەتیەکەشی داخراو و کۆتایی هات، بەڵام ئەوە کۆستی خودی بارزانی و پارتی خست، رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر بوون، ئەو رووداوانەی زۆر حەز ئەکەن وەکو خیانەت بناسرێن.
مانۆرەکانی پارتی و بارزانی لە دوای لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان، لەبازنەیەکی بچوک خولیان ئەخوارد، ئەویش ئەوە بوو هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە دۆخی دوو ئیدارەیی و مەسعود بارزانی بێ رکابەر بکرێتە میرنشینی ناوچەکانی هەولێرو بادینان، بەڵام هەر زوو ئەمریکییەکان ستۆپیان بەو هەنگاوانە کردو پارتی ناچاربوو لەگەڵ واقیع مامەڵە بکات. بەڵام چۆن مامەڵەکردنێک، کە بۆ خودی بارزانی جۆرێک بوو لە خواردنەوەی ژەهر، چونکە بەهیچ جۆرێک ئەوەشیان بۆ نەچووە سەر کە نەوەی دووەمی تاڵەبانی، کە بارزانی و پارتی حەز ئەکەن وەکو خیانەتکاری بیان ناسێنن، لە مامەڵەی خۆیان دووربخەنەوە، چونکە بەهاوکاری دۆستە نێودەوڵەتی و عیڕاقی و هەرێمایەتییەکان، ئەم گروپە توانیان حزبەکەی خۆیان لە هەیمەنەی پارتی بپارێزن و لە قۆناغی سەپاندنی دکتۆر بەرهەم ساڵح بە سەرۆک کۆمار، هێندە سەرکەوتووبن، دەرفەتی مانۆڕێکییان بۆ پارتی نەهێشبووە، تا ئەو جێگایەی ئێستا بە 45 کورسی پەرلەمانیشەوە پارتی ناتوانێت بێ شەراکەتی پەنجا بە پەنجا، کابینەی تازەی حکومەت رابگەیەنێت.
هەنگاوەکانی بارزانی لەم سێ مانگەی دوای هەڵبژاردنەکان روونن کە بەهەر نرخێک بێت باڵا دەستی لە حکومەت بکات و کابینەیەکی زۆرینە پارتی بۆ مەسرور بارزانی کوری دەستەبەر بکات، بۆ ئەوەی لەم رێگایەوە لە چوار ساڵی داهاتوو رێگە لە داڕمانی پێگەی حزبەکەیان بکات، بەڵام یەکێتی یان وەکو پارتی ناوی ئەنێت (لاهورەکانی ناو یەکێتی) لە مانۆڕی بەهیزدان و ئەمە بەو نرخە هەرزانەی پارتی داوای ئەکات ئەستەمە دەستەبەر بێت، ئەگەر دەستەبەری مەحاڵ نەبێت.
کەواتە ئەی ئەو بەدیلانە چیین بەدوایدا گەڕاون هەر نەیان دۆزییەوە؟ بەدیلی فێڕدانە دەری یەکێتی یان وەکو پارتی کاری بۆ ئەکرد زاڵبوونی زیاتر بەسەر حوکمڕانیدا لە ئامادەگی نەوەی دووەمی تاڵەبانی کارێکی ئاسان نییەو فشاری زیاتری پارتی لەم پرسە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ بەکراوەتر ئەهێڵێتەوە، هەموو ئەو رێگایانەشی لە چوار ساڵی رابردوو عەمدەن کاری لەسەر کراوە بەم هۆیەوە مووچەی مووچەخوارانیان پێکرد بەنیووە، ستۆک بوون و گەر ئەو لەویەت و یەکەم هەنگاوی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی هەڵگرتنی پاشەکەوتی زۆرەملێی مووچە نەبێت، دەبێتە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم سەرۆک وەزیرانی نوێ،
لەم قۆناغە باڵادەستبوونەوەی پارتی دوورە لەواقیع و ناچارە لەگەڵ یەکێتی رێکبکەون و بەشە بودجەو پارەی نەوت برایانە دابەش بکەن، ئەمەش جۆرە عەزابێکی ترە بۆ پارتی، چونکە ئەزانێت هەتا یەکیتی پارەی لەبەردەستدا بێت، پاریزگاری لە پێگەکەی خۆی دەکات، چونکە بەو پارەیە گەشەی زیاتر بە هێزە چەکدارەکانی ئەکات، ئەو هێزە چەکدارانەی لە 16 ئۆکتۆبەر بینیمان، هەردوو هیزەکە تەنها بۆ پاراستنی خۆیان و حزبەکانیان مووچەو نانیان پێ ئەدەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت