كارۆخ عوسمان: سێ تیر بەرجەستەی گۆڕان دەكەون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزب لەئێستادا خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمانی كوردستانەو شەرعیەتی پێكھێنانی حكومەتی بەدەستەوەیە.
ھەرچەندە كورسیەكان شەرعی نین، بەڵام لەدوای مسادەقەكردنی ھێزە سیاسیەكانیتر لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن گشت كورسیەكان بوونەتە شەرعی و یاسایی.
پارتی مەسڕوڕ مسعود بارزانی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەت پێكبھێنێت، كە بە ھێزترین كاراكتەری ناو پارتیەو واریسی كورسی سەرۆكی حزبەكەو میری بنەماڵەی بارزانیشە.
لەئێستاشدا ھەندێجار وەك سەرۆكی پارتی دەبینرێت، واتا پارتی بڕیاردەری یەكەمی حزبەكەی تەخویل كردووە بۆ كواڵسیۆنی حكومەت.
مسرور بارزانی وادەردەكەوێ كە كەسێكی توندەو كەمتر لەنێچیرڤان بارزانی و باوكیشی بەیەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕەزامەندە، بەتایبەت بەنەوەكانی تاڵەبانی كۆچكردوو.
لەسەرەتادا پارتی واوێنای كابینەی نۆیەمی دەكرد كەزۆرینەی ڕەھای بڕیارەكانی حكومەتی بۆ مسرور بارزانی سەرۆك مەیسەر كردووە.
واتا دەیەویست یەكێتی تەریك بكات یاخود بەشداریەكی لاوەكی پێبكات، بۆیەش ھەرزوو بزوتنەوەی گۆڕانی ھێنایەپێش و لەگەڵیدا كەوتە دانوستان، تەنھا بۆئەوەی میراتگرانی جەلال تاڵەبانی لاوازبكات چەند پۆستێكی بۆ گۆڕان پێشنیاركرد، ھەرچەندە پارتی دەیویست یەكێتی بەشدار بێت بەڵام بەحەجمێك لەتەریك كردن خراپتر بێت، بەڵام یەكێتی ڕازی نەبوو، پارتیش بۆئەوەی فشار لەسەر یەكێتی بكات بۆ پێكھێنانی حكومەت وەك (گیسكی ھەیاس و فەرخە گورگ) زوو زوو گۆڕانی نیشانی یەكێتی دەدا، بەڵام یەكێتی بێباك و وریا مایەوە لەمەیدانەكەدا.
لەھەردانوستانێكی لەگەڵ پارتیدا لۆبیەكی دەرەكیشی دەكرد.
ھەردوێنێ، قوباد تاڵەبانی لەبەغداد لەگەڵ سەرۆك وەزیران بوو، جگە لەویش قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كوتلە شیعەكان بەچڕی كۆبوەوە.
ماوەیەك بەرلەئێستا لاھور شێخ جەنگی لەئەنكەڕەو كۆنفڕانسی سلۆڤینیا بوو لەگەڵ ئەردۆگان، بڕیاری ھاوبەندیەكی توندیان لەنێواندا درا، كە دواتر فەرید ئەسەسەرد لە كەناڵی TRT دركاندی.
وەفدێكیتریان لەئێران بوون، وە ئێرانیش وەفدێكی ھاتە ھەولێرو فەرمانی تارانی بۆ پارتی ھێنابوو.
لەو سەروبەندەی كە پارتی دەیگوت؛ گشت حزبەكان بەپێی حەجمی ھەڵبژاردن و كورسی پەرلەمان بەشداری حكومەتیان پێ دەكرێت، ئەمریكیەكان لەداباشان لەگەڵ پاڤڵ تاڵەبانی بوون، لەگەڕانەوەشیان بۆ ھەولێر فەرمانی واشنتنیان بەپارتی ڕاگەیاند.
دەی ھەرئەوەیە تاخیربوونی پێكھێنانی حكومەت، چونكە فشارە دەرەكیەكان وایانكرد كەیەكێتی شەراكەتی بەحەجمی نفوز دەبێ پێبكرێت نەك بەپێوەری دەنگ و كورسی.
ھەربۆیەش پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی مسرور بارزانیش شپرەزەییان پێوەدیارە لەپێكھێنانی حكومەت.
دەستڕۆیشتووەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕانیش سەرەتا بەو ھیوایەی كەپارتی و مەسڕوڕ بارزانی پێیدابوون لەتەریككردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ھەڵبژاردنی گۆڕان وەك بەدیلی ئەو حزبە ھەڵپەیان كردو بەبێ گەڕانەوە بۆجڤاتی نیشتمانی و بەبێ گوێدان بەڕەئی دەنگدەران و ھەڵسوڕاوان و نوخبەی سیاسی كەھەمیشە پاڵپشتی گۆڕان بوونە خۆیان وەك شەریكی پارتی لەكابینەی نۆیەم نماش كرد، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە بزوتنەوەی گۆڕان لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق و ھەرێمیش ھاواری تەزویركردنێكی گەورەی لێ ھەڵسا.
لەدوای بەكۆتاھاتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان ڕایانگەیاند كەسەرلەبەری پڕۆسەكە ڕەت دەكەنەوە، كەچی نەیان كرد.
ڕایانگەیاند كە ناچنە ناو پەرلەمان و دەبن بەڕكابەرێكی مەدەنی توندو بەمیكانیزمێكی كارا دەخزێنە ناو شەقامی ناڕازی كەچی چونە پەرلەمان.
ڕایانگەیاند كە بەھیچ جۆرێ بەشداری حكومەتێك ناكەن كە تەزویر لەھەڵبژاردنەكەیدا وەسیلەی بردنەوە بووبێت كەچی وادەچنە حكومەتەوە.
بڕیار دوای بڕیار دەژی خۆیان و گوتارو سیاسەتە بنەڕەتیەكەیان وەستانەوە بۆ بەشداری لەحكومەتێك كەپۆستەكانیان وەك بەخشش پێدەدرێت نەك وەكو استحقاقی انتخابی و پڕۆژەی كار، چونكە ئەگەر تەواوی پۆستەكانیش وەرگرن پارتی و مسروربارزانی سوڵتەی تەنفیزی بەھیچ جۆرێك نادەن بەھیچ یەكێ لەوانەی گۆڕان كە دەیانكەن بەشەریكی حكومەت، واتا وەك جاری پێشوو جگە لەموچەخۆری موچەزۆر ھیچیتر نین لەو كابینەیەدا.
لەئێستادا گۆڕان لەگشت ئەو معادەلانە تێگەیشتووە، دەزانێ ئەو ڕەقەمە نین كەخوێندنەوەیان بۆخۆیان دەكرد بەڵام یەكێ لەمەھانەكانیان ئەوەیە دەڵێن: ئەگەر بەشداری حكومەت نەكەین ئەوا حكومەتی خۆجێیی سلێمانیمان لەدەست دەچێت، وەك ئەوە وایە گۆڕان تەنھا لەپێناو ئیدارەی سلێمانی دامەزرابێت، وەلێ ئەوەش بەشێك لەغافڵاندنی جەماوەرو دیماگۆجیەتە، چونكە حەقیقەت ئەوەیە كەبەشێك لەو ھەڵسوڕاوانەی ئێستای ژێردەستەی دەستڕۆیشتووانی گرد تموعی دانیشتن لەسەر كورسیەكی موچەزۆریان ھەیەو بەس، ئەگینا مەسەلەی پڕۆژەو بەرنامەو ئەجێندای سیاسی گۆڕان بووەتە شتێكی لاوەكی لەلایان.
ڕەنگە لەڕوێكدا پارتی زەرەری لەو بڕیارەی سەرەتای تەشكیل كردنی حكومەت كردبێت كەدەیەویست یەكێتی تەریك بكات بەڵام بەڕوویەكدا قازانجی كردووە، بەھۆی بێ ئەرزشكردنی بڕیارەكانی گۆڕان و توانەوەی ئۆپۆزسیۆنە كاراكەی نەوشیروان مستەفا. سودی زۆری لەو كادرە كەم ئەزموون و تەماحكارانەی گۆڕان وەرگرت تاكو لەناو جەماوەردا گۆڕانی پێبشكێنێت.

لەوەیاندا پارتی سەركەوتنی بەدەستھێنا.
بەڵام دوای كەوتنەجوڵەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەتایبەت كوڕو برازاكانی جەلال تاڵەبانی ئەو ھەوەسی پارتی تێكشكاو لەو بەشەی كە دەیویست یەكێتی وەلابنێ كەوتە ھەڵەوە، ئێستا ناچاركراوە بەسیاسەتەكەیدا بچێتەوە كەلەپێناو كابینەی داھاتوو دایڕشتبوو.
ھەربۆیە دەكرێ بڵێین، بزوتنەوەی گۆڕان كەوتە تەڵەوە، ھەم تەڵەی پارتی كەشەرمەندەی بەرقاپی جەماوەرەكەی كرد، ھەمیش تەڵەی یەكێتی، كەلەئێستادا گۆڕان واپیشان دەدرێت جگە لەئیدارەی سلێمانی و پۆستە پارەدارەكانی حكومەت ھیچ مەرامێكیتری نیە.
تیرێكی پارتی و دوو تیری یەكێتی بەرجەستەی گۆڕان كەوتن، چونكە لەپێكھێنانی كابینەكەداو بەشداری یەكێتی بەحەجمی نفوزی سیاسی و عەسكەری حكومەتێكی جوتڕەو جوت بڕیارو جوت قەبارە دێتەوجود نەك سێ.
تیری چوارەمیش پۆست-گۆڕان لەشادەماری دەدات گەر ھەروا بڕوات.
كەواتە بزوتنەوەی گۆڕان دەكەوێتە دەرەوەی بەشداری ڕاستەقینە، ھەموو ئەوباجەشی كەدەیدات ھی ئەوكاتەیە كە لەساڵی ٢٠١٣ لاوازترین تیمی ناردبووە ناو پەرلەمان و حكومەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت