سامانی وەستا بەکر: چی تریش یاساغە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بڕیارێکی درەنگ وەختی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە قەدەغەکردنی چەکی قورس و دەستکردپێکردنی ھەڵمەتی کۆکردنەوەی ئەو جۆرە چەکانە ھەروەک ئەوەی کە باوە شەقامی لە نێوان پشتگیر و دژ وە دەستخۆشیکەر و ڕەخنەگرا دابەش کردووە.
خۆ ئەگەر لە بڕیارەکە ووردبیتەوە ھەست بە سیاسی بوونی ئەکرێ، ئاخر چەک ھەر چەکە و ھەمووشی بۆ کوشتنی مرۆڤەکان دروست کراون ئیتر قورس و سوک و گەورەو بچوک بەواتای چی!؟
نەبیستراوە مرۆڤێک بە فیشەکی دەمانچە گیان لەدەست نەیاو بەناچاری ئەبێ تۆپی پێوەنرێ! یان چەکی گەورە مەترسیدارترە لە سەرژیانی ھاوڵاتی لە چەکی بچوک!
ئاخر ھێندەی مرۆڤەکان لەناو خێزان و خێڵ و کۆمەڵگەی جیھانی سێھەمدا ئەبنە قوربانی ڕق ق کینەو تۆڵەکردنەوەی ھەڵگرانی چەکی بچوک ڕوبعی ئەوە یان تا ئاستی دەگمەن بوون نەبوونەتە قوربانی چەکە گەورە و قورسەکان.
لێرەوە ئەگەیتە ئەو بڕوایەی کە دەرکردنی جۆرە بڕیارێک لەم جۆرە لە وەزارەتی ناخۆوە ھەناسەیەکی سیاسی پێوە دیارە و خاترگرتنێکی زۆری تیابەدی ئەکرێ، چونکوم تا ئێستاش لەکاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانا ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار لەبری نامیلکەی بەڵێن و پەیمان و ڕێفۆرم بڵاوکردنەوە چەک دابەش ئەکەن بۆ کڕینی دەنگی عەشیرەت و خێڵ و بنەماڵەو کەسانی ناسراوی سەربازی و گەنجانی کاڵ فام.
ئاخر چیتر لەوە ئاسانتر بوو کە بڕیارەکە گشتگیر بوایەو ھەموو جۆرە چەکێک و کۆی چەكھەڵگرانی بگرتایەتەوە و ڕێگەی بۆ ھیچ پاساو ڕوونکردنەوە و ئاسانکردنێک بۆ بەکارھێنانی ئەم داھێنانە مرۆڤ کوژە نەھێشتایەتەوە، ھەڵبەتە لە ڕۆژئاواش بە ھەندێ ھۆکاری پەسەندو قبوڵ کراو خەڵکانێکی زۆر کەم ھەن کە مۆڵەتی چەک ھەڵگرتنیان ھەیە بەڵام بە شاراوەی نەک بە ئاشکرا بە جۆرێک کە ببێتە تێکدانی زەوق و مەزاجی خەڵکی.
لەڕاستیا خۆ ئەوەی کە یاساغ و خەتەرە و ھەڕەشەیە لەسەر ژیانی مرۆڤەکان تەنھا چەکی جۆراو جۆر نیە بەڵکو ئەوەی کە کێشەیە خودی بەکارھێنەرەکەو تێگەشتنێتی بۆ ھێزو ماف و ڕووبەڕووبوونەوەو گفتوگۆو ھەڵچوون و وەڵامدانەوەی ھێرشی زووبان و تێگەشتن و تێڕوانین لە شەرەف و خۆ بە خاوەنکردنی ڕەگەزی مێینەو چۆنیەتی دامرکانەوەی تووڕەی و قودرەتی خۆ کۆنتڕۆڵ کردن و دانبەخۆداگرت بە واتایەکی تر ئاستی تێگەشتوویی و بیرڕۆشنی و دنیابنی کەسی چەک ھەڵگر ھەڕەشە دروست ئەکات نەک خودی چەکەکە چونکە چەک ئامێرێکی مردووە و بەکارھێنەر بڕیاری جوڵەو کەوتنەکاری ئەدات.
ئەگەر بە لۆژیک تەماشای بابەتەکە بکرێ ھەموو ماڵێک چەقۆو چەند لیترێک نەوت و شقارتەو چەرخ و گوێزان و کارەبای تیایە و لە بازاڕدا بە ئاسانی دەرمانی بەسەرچوو کڤالیتی نزم و ژەھراوی بوو دەستئەکوێ.
دیاردەی گڕگرتن بەھۆی خراپی جۆری کڤالیتی نەوت و نەپاڵاوتنی بە شێوەیەک کە ھاوتای ستاندەرە جیھانیەکان بێت و خراپ بەکارھێنانی نەوت لەلایەن خودی مرۆڤەکان لەکاتی ھەڵچوون و ھەرەسدا.
خراپی شەقامەکان و نەبوونی ھێما و یاساکانی ھاتووچۆو تیژڕەوی شۆفێرەکان و گوێنەدانی شۆفێر بە ژیانی خۆی و شۆفێران و خەڵکانی پیادەو ئاژەڵ و سروشت.
ژەهراوی بوونی مێشکی تاکەکانی کۆمەڵگە بە خەبەری خراپ و دژ و ناڕاست و بێ بنەماو سەرچاوەی دیار و دوور لە ئتنیکی کاری ڕۆژنامەوانی کە ڕۆژانە لە مێدیای جیاجیاوە بڵاوئەکرێنەوە و کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر ڕەفتارو هەڵس وکەوتی تاکەکانی کۆمەڵگە دروست ئەکەن و سەرەنجام خیتامێکی خراپی لێئەکەوێتەوە.
بەکارهێنانی نازانستی و زیادەڕەوی کردن و بابەتی زۆرو بۆر لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کە ئەمەیان خودی مرۆڤەکان لێی بەرپرسیارن، ئاخر لە ڕاستیا ئەمڕۆ بەواتا تەقلیدیەکەی شتێک نەماوە بەناوی کۆمەڵگەوە بەڵکو ئەوەی هەیە (فەیس کۆمەڵ)ە، ئینستا و سناپ، توویت…هتد کاتێ مرۆڤەکان بە کلیکێک بلیتێکی ئەو دنیا بێ بنە ئەبڕن لەماوەی چەند خولەکێکا تەواو مەزاجی کەسەکان سەروبن ئەبێ ئەگەر خودی خۆت سنور بۆ بەکارهێنان دانەنێی.
نزیکی ناوچە پیشەسازی و کارگە گەورەو بچوکە بەرھەم ھێنەکان و نەبوونی فیلتەر بۆ دوكەڵ کێشەکان و پانتایەکی ستاندارد لە سەوزای و کەمی درەخت و ڕێپێدان بە بەکارھێنانی ٪‏90 زەوی بۆ دروستکردنی خانووبەرە ئەمانەو چەندین بابەتیتر کە نەک بە یاسا ڕێگری لێنەکراوە بەڵکو ئاسانکاریشی بۆ کراوە کە کۆی ھەموو ئەوانەی لەسەرەوە ناویان ھێنراوە ئەگەر ھێندەی چەک ڕاستەوخۆ ھەڕەشەنەبن لەسەر ژیانی مرۆڤەکان ئەوا لەماوەی درێژخایەنا ھێندەی چەک و زیاتریش ئەبنە ھەڕەشە.
کەواتە وێڕای دەستخۆشێ لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەو بڕیارە زۆر درەنگ کەوتووەی بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە حکومەت لەڕێی وەزارەتی ڕۆشنیری دەزگاکانی و پیشەسازی و بەڕیوبەرایەتی ھاوتوچۆ و ژینگە…ھتد ساڵانە چەندین جار ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوە بکات و زانیاری تەواو لەسەر خراپ بەکارھێنانی ھەریەک لەوانەی لەسەرەوە و چەندین بابەتی تریش بڵاوبکاتەوە چونکە کاتێک کۆمەڵگە ھۆشیاربێ چەکەکان خۆیان بێدەنگ و پەراوێز ئەبن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت