بورهان شێخ ڕەئوف: ئەنجومەنى باڵاى لەناوبردنى گەندەڵی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەندەڵى ئەو ئافات و بەڵا گەورەو سامناکەیە کە ساڵانێکە ڕوبەڕوى عێراقى نوێ بووەتەوە لەسەرەوە تا خوارەوە ئەگەرچى هەموو هەستى پێدەکەن و هەیە و دەزانن مەترسیەکەى لە تیرۆر زیاترە و ئەمە هەردوو سەرۆک وەزیران پێشوو و عەبادى و ئێستا عادیل عەبدولمهدى دانیان پێدانەوە بە تایبەتى عەبادى لە کاتى دەستبەکاربوونى لە کابینەى پێشوو وتى ئەگەر سەریشم دابنێم کۆڵ نادەم لەبەگژاچونەوەى گەندەڵی، بەڵام دواتر وتەکانى نەبوون بە کردار و هەر حیبرى سەرکاغەزو قسەى ناو میدیاکان بوو.
عادیل عەبدولمهدیش ئەگەر تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سێ وەزارەتى گرنگ و هەستیار لە کابینەکەى وەزیریان بۆ دابنێت، بەڵام ئەویش بانگەشەى ئەوە دەکات کە گەندەڵى لەناو دەبات من بۆخۆم لە سەرتاى ڕاسپاردنى بۆ پێکهێنانى کابینە لە وتارێکدا ئاماژەم بەوە کردووە کە گەندەڵى گەورەترین دۆسیەى بەردەم کابینەکەیەتى سەرەڕاى ئەوەى عەبدولمهدى ئەو پێگە بەهێزەى نیە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق تاوەکو بتونێت ئەو ئەرکە قورسە کە بێ کێشەو سەرئێشەو کاردانەوەى توندى زۆر تاقم و ناوەندى هێزو بەرژەوندى کە لە عێراقدا خاوەن دەستەڵات و پێگەى کاریگەرن لە هەموو جومگەکانى دەوڵەتدا.
هەر لەو چوارچێوەو ڕێگادا عادیل عەبدولمهدى سەۆرکى ئەنجومەنى وەزیران بڕیارى دا لە 9 کانوونى دووەمى 2019 ئەو ئەنجومەنە باڵاى کە عەبادى لە مانگى تشرینى یەکەمى 2015 دایمەزراند بۆ لە ناوبردنى گەندەڵى کارا بکاتەوەو هەموو تواناو وزەکانى دەوڵەتى عێراق بخاتە ژێر ڕکێفى لە پێناو سەرخستنى ئەو پرۆژە گرنگە بە دیهێنانى ئامانجەکانى هەروەکو لە کۆتا ڕۆژى ساڵى 2018 ڕایگەیاند ئەویش گرتنەبەرى هەموو ڕێکارەکان و یەکخستنى هەموو تواناى دەزگا چاودێریی یەکانى عێراقە بۆ بەرنگاربوونەوەى گەندەڵى و پاراستنى ماڵى گشتى.
بەڵى ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ساڵى ڕابردووى حکومەتى عێراق بە گوێرەى ئاماژەکانى ڕیزبەندى گەندەڵى نێودەوڵەتى کە ڕێکخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتى ڕایگەیاندووە لە ڕیزى 169 ەمین وڵات بووە لە کۆى 180 وڵات، هەر بەو بۆنەیەوە عادیل عەبدولمهدى لە 4/12/2018 ڕایگەیاند کە سیازدەهەزار دۆسیەى گەندەڵى لە دەستەى دەستپاکى عێراق تۆمارکراوە.
دۆسییەى گەندەڵى لە عێراقى نوێدا دۆسییەکى زۆر ئاڵۆزو هەستیارە دەستکارى کردنى ڕیسکێکى گەورەیە لە بەرئەوەى زۆرێک لە و حزب و قەوارانە دەستەڵاتدارو خاوەن میلیشیاو هێزى چەکدار و میدیاى سەربەخۆیانن لەبەرئەوە هەموو حکومەتەکانى پێشوو لە 2003 ەوە شکستیانخواردوە لە بنبڕکردن و بەگژاچوونەوە و تەنانەت سزادانى زۆرێک لە تاوانبارە گەورەکانى تێوەگلاو بە تاوانى شەرمهێنەرى گەندەڵى .
دوا بەڵگەش لە سەر ئەم وتانە ئەوەیە کە سەرۆکى دەستەى دەستپاکى عێراق ( حەسەن یاسرى ) ساڵى ڕابردوو 2018 دەستى لە کارکێشایەوەو وتى حکومەت هێچ ڕێکارێکى جدى ناگرێتەبەر دژ بە گەندەڵکاران وەکو پێویست ئەویش تەنها 15% ەى ئەوانەى دۆسییەیان لە سەر کراوەتەوە لە کۆى سیازدە هەزار دۆسیە ڕوبەڕوى داداگاکان کراونەتەوە ئەوانەش وادیارە لەوانەن کە پشت وپەناو هێزى چەکدارو خەڵکانى خاوەن دەستەڵات و بڕیاربەدەستیان لە پشت نەبووە .
هەرتایبەت بە گەندەڵى و میلیشیات و حزب و لایەنە سیاسیە جۆراو جۆرەکانى عێراق دۆسییەکى ترى زۆر ئاڵۆز و مەترسیدار هەیە کە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە کەس زاتى ئەوە ناکات دەستى بۆ بەرێت ئەویش کەیسى موڵک و خانوو و زەویەکانى دەوڵەتە کە لەلایەن ئەو تاقم و گروپ و حزبانەوەى دەستى بەسەردا گیراوە نەک هەر لە بەغدادى پایتەخت بەڵکو لە هەموو پارێزگا کانى ناوەڕاست و باشوورى عێراقیش .
بەڵام لە پارێزگاکانى ئەنبار و سەلاحەدین و موسڵیش دواى ڕزگارکردنى لە دەستى داعش ئێستا زۆر باڵەخانەو موڵکى دەوڵەت لە لایەن حەشدەى شەعبیەوە دەستى بەسەردا گیراوە کە بە بیانووى ئەوەى هى ڕژێمى پێشووە وەکو ڕژێمى پێشوو حکومەتى عێراق نەبووبێت و ئەم حکومەتەى ئێستا لە ڕووى یاساییەوە جێنشین و وارسى ئەو نەبێت.
جگە لەوەش دۆسیەى زۆر لەوانە سامناکتریش هەن کە باس لەوە دەکەن کە زۆرێک لەو موڵک و تەلارو باڵەخانانە بەنرخى زۆرکەم و ڕەمزى بە کەسانى دەستەڵاتدارى ناو حزب و لایەنەکان و تەنانەت حکومەتى عێراقیش فرۆشراون و تاپۆکراون وتۆمار کراوە یان بە کرێ ى زۆر کەم بە کرێ دروان لە کاتێکدا عێراق بە سەختترین قەیرانى دارایى دا دەڕۆیشت لە کاتى دابەزینى نرخى نەوت.
لە کۆتاییدا ئەم باسە خەمناکە لەوەیە زۆرترین قسەى لە سەر کرابێت و کەمترین کردار کرابێت بۆ بنبڕکردن و بەگژاچوونەوەى ئەم باسە خەمناکە چونکە پەیوەندى بە ماڵى گشتیەوە هەیە کە وتت ماڵى گشتى هەموومان دەگرێتەوە هەر لە پارووى دەمى هەژاران و هەتیو پیرە ژن و پیرە پیاو کەمئەندام و خاوەن پێداویستى تایبەتەوە تاوەکو کاربەدەست و دەوڵەمەندو نووسەرو ڕۆژنامەنووسان و ئایندەى نەوەکانمان و نەوەى داهاتوویش بۆیە دەخوازێت هەموو شەڕى لە سەر بکەین پاراستى مافى هەموو ئەوانەى ناوم بردوون بە پاراستنى ماڵى گشتى و حەرامکردنى لە هەموو ئەوانەى کە دەخوازن بە زۆرى زۆردارەکى بەشى خەڵکى تر بخۆن بە حوکمى پێگەى حزبى حکومى.
بۆیە دوا وتەو دوا تێبینیم بۆ ئەنجومەنى باڵاى لەناوبردنى گەندەڵى کە بەڕێز عادیل عەبدولمهدى کاراى کردۆتەوەو دەخوازێت گەندەڵى بنبڕبکات ئەوەیە هەرچەندە هیوادارم سەرکەوتو بێت و بتوانێت لە ماوەیەکى کورتدا ئامانجەکانى بەدەست بهێنێت بەڵام پێناچێت جگە لە ئەڵقەیەکى تر بۆ زیادکردنى پۆست وقورستر کردنى بارى بوودجە گشتى چونکە لە عێراقدا لە ئەنجومەنى نوێنەران و حکومەتیش زۆر دامودەزگاى چاودێرى هەیە، پشکنرەگشتیەکان لە هەموو وەزارەتەکان هەن کە دەتوانن ئەو ئەرکەبەجێبهێنن ئەگەر حووتە گەورەکان ڕێیان بدەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت