نەوزادى موهەندیس: بەدەستى خۆت کە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە، ئەگەر ژەهریشى تێدابێ گوناحى خۆتە بیزانە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئاشکرایە حیزب و سەرکردەى سیاسى هەر هەڵەیەک بکەن گەورە بێت یان بچوک بێ ئاگابن یان بە ئاگا ئەوا دەبێتە کارەسات و هەڵەى تەمەن و ئیدى ناتوانن بەدرێژایى مێژووى خەباتیان لە تۆمارى ڕابووردوو و ئایندەشیاندا بیسڕنەوە و هەمیشەش وەک لەکە و پەڵەیەکى ڕەشى ناشیرین بەتەوێڵیانەوە دەمێنێتەوە. بۆیە وەک دەگوترێت هەڵەى کەسانى سیاسى و سەرکردەکان زۆر ئاسایى و ئاسان تێپەڕنابن و بەئاسانیش لەبیر ناچنەوە، هەربۆیەشە هەڵەى سیاسیەکان زۆر جاران دەبنە هۆکارى کۆتایى هێنان بەتەمەن و کارى سیاسیان و ئیدى بەرەو کۆتایى سەپێنراو و ناچارى هەنگاو دەنێن و تائەوکاتەى بۆدواجاریش ماڵئاوایى لە ژیان دەکەن پەراوێزخراو کەنارخراو و گۆشەگیر سەردەنێننەوە.
بۆیە گرنگە کە سەرکردە و حیزبى سیاسى لەکات و ساتى گونجاودا بڕیارى ڕاست و دروست بدات نەک بە پاڵنەرى بەرژەوەندى و وەک پەرچەکردار و بە گیانێکى ڕق وکین و تۆڵەسەندەوە لەبەرامبەرەکانیان بڕیار بدەن،چونکە سەرکردە و حیزبى سیاسى بەتایبەتیش کاریگەر و خاوەن جەماوەر و سەنگ و قورسایى لە شەقامى کۆمەڵگادا دەبێت نەک یەکجار و دووجار بەڵکو دەیان جار بیربکاتەوە بۆ هەڵنانەوەى هەنگاوى داهاتوو یان بڕیارێکى سیاسى و چارەنوسساز، چونکە بچوکترین هەڵە و لێکەوتەکانى دەبێتە مایەى سەرخواردنى خاوەنەکەى و دوورکەوتنەوەى جەماوەر و شەقام و لەدەستدانى متمانە و هێز و تواناى خۆى.
لە ئێستادا کە هەرێمى کوردستان بەقۆناغێکى ((شەڕێکى ڕانەگەیەنراودا)) تێپەڕدەبێت و هەموو حیزب و سەرکردە سیاسیەکان دوورن لەیەکتر و زۆر باش متمانە و ڕاستگۆییان لەنێوان خۆیاندا لەدەستداوە،بەتایبەتیش لەسەروبەندى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم و ڕێکنەوکەوتن لەسەر کۆى کێشە و گرفتەکان و بەرداومبوونى ململانێ ناڕەوانکانیان..ئەوا هێندەى تر گرفت و ئاڵۆزیەکانیان چڕکردۆتەوە و هەموان سەرى داوەکانیان لەدەستداوە.
جا بەڕێکەوتنى نێوان پارتى و گۆڕان لە 18/ شوباتى/2019 کە تەنها 8 ساڵ نێوانى 17 شوباتى 2011ى کارەساتى خۆپیشاندان و شەهیدکردنى چەندین لاوى گەلەکەمانە دژى دەسەڵات و بەتایبەتیش پارتى لەلایەن گۆڕانخوازانەوەیە،هێندەى تر هەرێمى کوردستان و شەقام و بازاڕ بەرەو تێکچوون وگرژى و ئاڵۆزى زیاتر دەچن،ئەم ڕێکەوتنە هێندەى لەبەرژەوەندى ئەو دوو حیزبە تەواو دەبێت نیوهێندە لەبەرژەوەندى گەل و نیشتیمان و نەتەوە تەواو نابێت چونکە تەنها قەتیسە بە هەرێمى کوردستان دوور لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان و مافە ڕەواکانى کورد لە بەغداد،هێندەى بۆ هەوڵدانى بچوکبونەوە و بێهێزکردنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانە نیوهێندە بۆ هاوسەنگ کردنەوەى هاوکێشە سیاسیەکان و پاراستنى ئارامى و ئاسایش و نەمانى قەیرانى دارایى و شەفافیەتى داهات و فرۆشتنى نەوت نیە ،هێندەى بە گیانى ڕق وکین و پەرچەکردارى ناڕاستەوە واژۆکراوە نیوهێندە بەگیانى تەبایى و برایەتى و پێکەوەکارکردن و متمانە گێڕانەوە نەکراوە.
هەربۆیەش ئەم ڕێکەوتنە نەک سەرناگرێت و تاسەر و بۆماوەى 4 ساڵى ئایندە بڕناکات بەڵکو ئەوەى کە زیانى گەورەى بەردەکەوێت بزوتنەوەى گۆڕانە لە ڕووى سیاسى و جەماوەرى و فکریشەوە و تەنها چەند پۆست و پلەیەکى کاتیان دەستدەکەوێت،جا لەپێناو بەرژەوەندى 55 پۆست بۆ 55 کەسدا جەماوەرێکى فراوانى خۆیان لەدەستدەدەن و بۆ جارى دووهەمیش ماهیەتى ڕاستەقینەى خۆیان دەرخستەوە کە جگە لە بەدەستهێنانى پلەو پۆست و ئیمتیازات هیچى دیکەیان بۆ گۆڕانکارى و چاکسازى پێى نیە و ناشتوانن هیچ گۆڕانکارى بکەن چونکە بەلاوازى زیاترەوە چوونەتە ئەم ڕێکەوتن و هاوپەیمانیەوە بە بەراوورد بە 24 کورسى لە خولى سێهەمى پەڕلەماندا کە لەئێستادا تەنها 12 کورسیان هەیە.
گۆڕان بەم بەناو ڕێکەوتنەیان دوا بزماریان لە تابوت و نەعشى جەسەتە و لاشەى مردووى خۆیان وەشاند وهەڵە تەمەنى خۆیان واژۆ کرد لەسەر بچوکبونەوە و بێهێزبوونى زیاترى خۆیان لەلایەک لەبەردەم هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانى ڕابووردوویان لە یەکگرتوو و کۆمەڵى ئیسلامى و لەلایەکى تریشەوە لەبەردەم یەکێتى نیشتیمانى کوردستاندا کە ماوەى زیاد لە 2 ساڵ یەکێتى ڕازى نەبوو بە پڕکردنەوەى جێگە بەتاڵەکانى وەزیر و پلە تایبەتیەکانیان و ئەو هەموو وەفا و پێزانین و چاکانەى کە بەرامبەر گۆڕان کردنى لەئان و ساتى ماڵئاوایى ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا و زۆرى تریش، جالەم گەمە سیاسیە قێزەونەدا ئەوەى زیانى گەورەى بەردەکەوێت تەنها گۆڕانە و پارتیش تاڕادەیەک بەبراوە حساب دەکرێت، چونکە سەرکەوتنى تەواوى ئەو ڕێکەوتنەیان بەندە بە ڕادەى وەڵامدانەوە و پشتگیرى یان بەرهەڵستکردنى یەکێتیى نیشتیمانى کوردستانەوە،چونکە هەوڵدانیان بۆ بەرتەسککردنەوە و پەراوێزخستنى یەکێتى لەلایەک ڕاگەیاندنى شەڕێکى ڕانەگەیەنراو بوو لەلایەکى تریشەوە هەڵەیەکى مێژوویى و زۆر نەشاز و نەشارەزاییانەش بوو، چونکە گۆڕان لە پێش پارتیەوە زۆر باش دەزانێت کە لە زۆنى سەوز و تەواوى کوردستانیشدا هیچ کارێکى گرنگى پێناکرێت گەر یەکێتى ڕێگەى پێنەدات و پشتیوانى نەبێت، پارتیش لەپێش گۆڕانەوە باش دەزانێت بەبێ بوونى یەکێتیەکى بەهێز لەگەڵیدا و لەحکومەت و دەسەڵاتدا تەنها لەولا دێگەڵەوە دەسەڵاتى بڕدەکات، بۆیە ئەم هەنگاوە غەشیمانەیەیان تەنها وەک کارتى فشار بەکارهێناوە بەرامبەر یەکێتى بۆئەوەى بیخەنە بەر ئەمرى واقیع و بەناچارى بێتە پێشەوە لێیان و شەراکەتیان لەگەڵدا بکات،ئەوان نەیانزانى بەم هەنگاوەیان خۆیان دەکەونە ئەو تەپکەیەى کە بۆ یەکێتیان ناوەتەوە و نەیانزانى و غەشیم بوون کە یەکێتى لەبەرزکردنەوەى دروشمەکانى((شەراکەتى ڕاستەقینە و یەک پاکێجى کێشە و گرفتەکانى هەولێر و کەرکوک و بەغدادا))تەنها بەرژەوەندى نەتەوەو نیشتیمانى لەبەرچاوگرتوە نەک پۆستێک و دەیان و سەدان.
بۆیە ئەم هەنگاو و بەناو ڕێکەوتنە بریتیە لە ((پیاڵە ژەهرێک ))کە هەریەکە لە پارتى و گۆڕان غەشیمانە یان بە ئاگایانە خسویانەتە سەر لێویان و جا ئیدى هەرچیەکى تیادا بێت و ئەنجام و لێکەوتەکانى ئایندەشى هەرچیەک بێت دەبێت بەتەنها خۆیان بیگرنە ئەستۆ و بینۆشن!
ئەم هەنگاوە نەک دۆخى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و ئەمنى هەرێم دەخاتە بەر هەڕەشە و زیاتر لەباربردن بەڵکو دەیان دەرگاى نەخوازرا و هەنگاوى فەرامۆشکراو و ئەگەرە خراپەکانى شەڕى ناوخۆ و دووئیدارەیى و دەرکردن و ڕاوەدوونانى یەکتر و دروستکردنى سنورێکى دەستکردى نەخوازراو دابەشکردنى 4 پارچەکەى کوردستان بۆ 5 پارچە و زیاتر تۆخکردنەوە و فراوانبوونى ئەو درزەى کە لە بنچینەدا لەنێو ڕیزەکانى کۆمەڵگاکەماندا هەبوە و .. دەیان ئەگەر و هەنگاوى نەخوازراوى تر. بەو هیوایە هیچ لایەک و سەرکردەیەک بیر و پلانى بۆ ئەو ئەگەرە نەخوازراوانە نەچێت و بە حیکمەت و ژیرى و لەسەرخۆیى و بیرکردنەوەى زیاتر لە ئایندە و مەترسیەکانى دەوروبەرمان وەڵام و پەرچەکرداریان هەبێت نەکە وەک یەکى لە مامەڵە و کردار و گوتارى ناڕێک و ناتەندروستدا.
جا حیزب و سەرکردەیەک کەتەنها بەرژەوەندى خۆیان و وەدەستهێنانى پلەو پۆستى چەند کەسێک بخەنە ژوور بەرژەوەندى نەتەوە و نیشتمانەوە ئیدى دەبێت چاوەڕاونى چ خێروبێرێکیان لێبکرێت.
بۆیە ئەوەى کە زیانى نەکردوە و ناشیکات تەنها بریتیە لە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان،چونکە بەم هەنگاوە دژەى پارتى و گۆڕان، لەلایەک یەک و یەکگرتوویى نێوخۆى یەکێتى بەهێزتر بۆتەوە و لەلایەکى تریشەوە دۆست و دوژمنى ڕاستەقینەى خۆى بۆ دیارکەوت و لەلاى سێهەمیشەوە ئیدى تۆپەکە لە گۆڕەپانى یەکێتیدایە و هەر هەنگاو و بڕیارێکیش بدات هیچ کەس و لایەنێک بۆیان نیە گلەیى و ڕەخنەى ئاڕاستە بکەن چونکە یەکێتى دەستپێشخەر نەبوە و هیچ کاتیش زوڵم و زۆرى لە هیچ کەس و لایەنێک نەکردوە، ڕێک ئەو فەرموودەیەى خواى گەورە دێتە جێ کە دەفەرموێت ((العین بالعین والسن بالسن والبادئ اڤلم)).