هۆشیار جەمال: کوڕێکی دەست ڕەنگین لەسەردەمی دیکتاتۆرێکدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرکاتێک ناوی عێراق بەر گوێی هەرکەسێک دەکەوێت ڕاستەوخۆ خەیاڵی بۆ وڵاتی خوێن ڕشتن و ئازار و مەینەتی و جەنگی بەردەوامی ناوخۆیی و جەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا دەچێت. لێکەوتەکانی جەنگەکانی وڵاتی عێراق ماڵوێرانیەکەی بۆ هەموو پێکهاتەو ڕەگەزەکان بووە، چونکە عێراق وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەمەزهەبی ئاینی و ئاینزای جیاوازە.
ڕۆمانی ”وردوخاشی پەرتەوازە“ لەلایەن نوسەری عێراقی (محسن ئەلرەمی) نوسراوە، کە لەوڵاتی ئیسپانیا دەژی، وە لەلایەن (ڕەنجدەرجەبار)ەوە، بە زمانێکی ڕەوان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم ڕۆمانە کتێبکی بە قەبارە بچوک و لاپەرەکەمە، بەڵام هاوار و ئازاری هاوڵاتیانی عێراقە لەژێرسایەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و شەرەنگێز، چ بۆ هاوڵاتیانی خۆی و چ بۆ وڵاتانی دراوسێشی.
نوسەر ئازارەکانی پێکهاتەکانی عێراقی کۆکردۆتەوە لەڕووداوەکانی ناو خێزانێکی گوندێکدا، کەچەندین بۆچوونی جیاواز لەنێوان منداڵەکان و دایک و باوکی خێزانەکەدا هەیە کە زۆرجار دەگاتە ئاستی بەریەک کەوتنی ئەندامەکانی خیزانەکە لەناو یەکتریدا.
کە گرنگترین بەریەک کەوتنیان بەریەک کەوتنی کوڕە گەورەکەی ماڵە بەناوی قاسم لەگەڵ باوکی، چونکە کوڕە گەورەکە وێنەکێش و دەست ڕەنگینە، باوکیشان نیشتیمان پەروەرێکی زۆر توندە کە داوا لە کوڕەکەی دەکات وێنەی سەرۆک بکێشێت، بەڵام قاسم ڕەتی دەکاتەوە، دواتر توڕەبوونی باوکی و شەڕی لێدەکەوێتەوە.
لەم ڕۆمانەدا ڕووداوەکانی کاتی جەنگ باسکراوە کە چۆن کاریگەریەکانی ڕۆچۆتە ناو خێزانەکانەوە، ڕۆژانە تەرمی ڕۆڵەکانی عێراق دەنێردرایەوە بۆکەس و کاریان و دیاری و ئاڵتونی ژنەکانیش کۆدەکرایەوە بەناوی کۆکردنەوەی خەرجی بۆ سوپا، هەروەها گەنجەکان ڕاپێچی بەرەکانی پێشەوەی شەڕدەکران، دواجار ئەوەندە کوژراو زۆر ئەبێت خەڵک گۆڕستانەکان ڕوونتر دەبینن وەک لەماڵەکانیان.
قاسمی وێنەکێشیش لە بەرەکانی جەنگ هەڵدێت و دەگەڕێتەوە لادێکەی خۆیان و دەگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەو بکوژرێت لەوە باشترە کەسێک بکوژێت، دواتر دەستگیری دەکەن و وەک سەربازی هەڵاتوو بە بەرچاوی خەڵكی گوندەوە دەیکوژن و بۆ ماوەیەکی زۆر تەرمەکەی دەهێڵنەوە بۆئەوەی هەموو کەسێک بترسێت و ببێت بە وانەیەک بۆ ئەوانی تریش.
قاسم کوژرا، بەڵام ئیرادەی خۆی لەدەست نەدا و وێنەی سەرۆکی دروست نەکرد و لە سەربازیش هەڵات، کاتێک وێنەی نیشتیمانیشی کێشا، ڕەنگی سوری تیدا بەکارهێنا وەک هێمای خوێن.
ئەو لەکاتێکدا گیانی بەخت کرد دەیتوانی وەک زۆربەی شاعیر و نوسەر و هونەرمەند و گۆرانی بێژەکانی تر کە شیعر وگۆرانی و وتاریان بەباڵای سەرۆکدا دەنوسی و دەگوت بۆ دەستکەوتی مادی بێت بە بەشێک لەو سیستەمە گەندەڵ و ستەمکارە، بەڵام ئەم هونەرەکەی نەخستە خزمەتی سەرۆک و سیستەمە گەندەڵەکەی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت