ئەحمەد ڕەسوڵ: وەهمی مێژوو، مێژووی گەورە یان وردە مێژوو.

ئایا مێژوو دەتوانێت چی بۆ ئێستا بکات؟ ئایا مێژوو دەتوانێت کاریگەر بێت لە ڕەسمکردنی داهاتوودا؟ ئایا بۆخۆی هەر بەوەی پێی دەڵێن مێژوو بەس نیە بۆ ئەوەی تێبگەین کە ڕابردوویەکە و […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ئایا مێژوو دەتوانێت چی بۆ ئێستا بکات؟ ئایا مێژوو دەتوانێت کاریگەر بێت لە ڕەسمکردنی داهاتوودا؟ ئایا بۆخۆی هەر بەوەی پێی دەڵێن مێژوو بەس نیە بۆ ئەوەی تێبگەین کە ڕابردوویەکە و هیچ پەیوەندیەکی بە ئێستا و داهاتووەوە نیە؟
بۆچوونێک هەیە دەڵێت، مێژوو بەوەدا بووەتە ڕابردوو و هیچ پەیوەندیەکی بە ئێستاوە نەماوە تەنها مێژووە و هیچیدی. واتا نە هیچ بە ئێستا دەدات و نە هیچ لە داهاتوو دیاریدەکات. بەگوێرەی ئەم بۆچوونە ئێستا تەنێ کوڕی ئێستایە و داهاتووش کوڕی داهاتوو خۆیەتی وە مێژووش تەنها لە ڕابردوودایە و زیاتر نا. هەڵبەت کە هەڵگرانی ئەم بۆچوونە باوەڕیان وایە کە هەموو ئەوانەی مێژوو وەک مۆتیڤ و سازدەری دۆخی هەنوکەیی و ڕووداوەکانی داهاتوو هەژمار دەکەن جگەلە چەقیین لەنێو مێژوودا هیچیدی پێشنیار ناکەن. مێژوو ئەگەر دابڕاو نەبێ لەئێستا نابێتە مێژوو. ئەگەر دابڕان و بۆشایی گەورە نەکەوتبێتە نێوان ئێستا و پێشوو ئەوا شتێکمان نابێت بەنێوی مێژووەوە.
ئایا مێژووی کۆمەڵگاکان دەتوانێت وێنەیەکی ڕوون، واقعیانە و پڕ لە وردەکاریمان بخاتە بەردەم بۆ قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوویی؟ ئایا مێژوو هەڵگێڕانەوە و چەواشەکاری داستان و ڕووداوەکان نیە؟ ئایا مێژوو گێڕانەوەی ڕووداو و جەنگەکان نیە بە پێچەوانەیی و هەڵگەڕاوەیی؟ ئایا بەشێکی گەورەی مێژوو دروستکردنی پاڵەوانانی وەهمی و کەڵەکەکردنی خورافەت نیە چین لەسەر چین؟
بۆچونێکیدی هەیە پێی وایە، مێژوو نوسینەوەی درۆ و چەواشەکاریەکانە، نوسینەوەی دیوێکی چەواشەکارانە و لایەنگیرانەی ڕووداو و داستانەکانە کە هەندێ جار پێدەچێت هەر نەبووبن و ڕوویاننەدابێت خۆ ئەگەریش ڕوویاندابێت بەڵام هێندە بەزیادەڕۆییەوە و بە لایەنگیریەوە نوسراونەتەوە هیچی ئەوتۆیان تێدا نەماوەتەوە تابلۆیەکی واقعییانە و ڕاستگۆیانەی ئەو قۆناغە مێژووییە یان ئەو ڕووداو و ڕووداوگەلە بخەنە بەردەممان. واتا بەشێک لە مێژوو لە بنەمادا هەڵبەستراو و درۆی پەتییە، بەشەکەی تریشی هێندە زیادەڕۆیی تێدا کراوە کە بەدیوێکدا قارەمانێتیەکان دراونەتە پاڵ کەسانێک کە یان ڕۆڵیان نەبووە یان ڕۆڵێکی زۆر لاوەکییان هەبووە بە دیویەکەی تریشدا کەسانێک فەرامۆشکراون و کراون بەژێرەوە و یان زۆر بەلاوەکیی باسیان کراوە لە کاتێکدا ڕۆڵێکی سەرەکی و سێنتەرییان هەبووە لە ڕووداو، گۆڕانکاری و داستانەکاندا. بەگوێرەی ئەم بۆچوونە مێژوو جگەلەوەی تەرەفداریی مێژوونوسانی تێدایە و مەیلە ذاتی و کەسییەکانیان تێکەڵ بە نوسینەوەی مێژووی گشتی کراوە، هەروەها زۆربەی مێژوو لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتداران نوسراوەتەوە و نەک مێژوومان بۆ ناگێڕێتەوە بەڵکو وەهمێکمان دەخاتە بەردەم بە ناوی مێژووەوە، واتا ئەوەی ئێمە دەیخوێنینەوە وەهمی مێژووە نەک مێژوو.
بەبۆچوونی من هەردوو بۆچوونەکە شتێک لە ڕاستییان تێدایە (هەڵبەت کە دەڵێم شتێک بەو مانایە دێت کە دەشێت بۆ هەندێ دۆخ و ڕووداو بۆچوونی یەکەم نزیکایەتیەکی زیاتری تێدا بێت بەراورد بە بۆچوونی دووەم، هەمانشێوە بۆ هەندێ دۆخ و ڕووداوی دیکە بۆچوونی دووەم نزیکایەتیەکی زیاتری تێدا بێت بەراورد بەوەی یەکەم، وە یان بۆ هەندێ دۆخ و ڕووداوی دیکە دەشێت هەردوو بۆچوونەکە هەڵگری شتێک لە ڕاستی بن، کە هەموو ئەمە بە مانای ئەوە دێت کە پێموانیە هیچ یەک لە بۆچوونەکان هەموو ڕاستیی ڕەهایان لەنێو خۆیاندا کۆکردبێتەوە سەبارەت بە مێژوو کە سەرباری ئەوەی بۆ هەندێ قۆناغ، دۆخ یان ڕووداو پێدەچێت گەیشتبینە ئەو بڕوایەی کە هەردوو بۆچوونەکە یان یەکێکیان بەتەواوی ڕاستە) بە جۆرێک کە وادەکات بە چاوێکی پڕ گومان و بە بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی توندەوە لە مێژوو بڕوانین.
لە نێو پانتایی مێژووی تەواوی کۆمەڵگاکاندا، مێژووی سیاسی و مێژووی دینی دوو گەورەترین جۆری مێژوو و دوو گەورەترین پانتایین لە نێو ڕووبەری فراوانی مێژوودا. مێژووی سیاسەت و مێژووی دین، دوو دیکتاتۆرێتی مێژوویی نێو مێژووی گشتی و مێژووی کایەکانی دیکەن. بەشی هەرە گەورە و سەرەکی لە مێژووی گشتیدا بریتیە لە مێژووی سیاسەت و مێژووی دین.
ئەگەر لە هەموو ئەوەی سەرەوەش بگوزەرێین، ئەوا دەبێت بپرسین، ئایا بۆ کاتێک مێژوو دەخوێنینەوە ئەوەی دێتە بەردیدەمان ناوی کەسانی یەکەم و بازنەی یەکەم لە سەرکردایەتی دەوڵەتان و حزبەکاندا، ماڵباتی سەرۆکەکان و سەرۆکەکان بە تایبەتە؟ ئایا هەڵسوڕێنەری چەرخی ڕۆژگار و پاڵەوانانی نێو ڕووداوەکان سەرۆکەکان، کەسانی یەکەم، بازنەی یەکەم و چواردەوریان بووە لە دەوڵەتان، حزبەکان و خێڵەکاندا؟ ئایا بەڕاست ئەوەی لە جەنگەکاندا دەستەویەخە بووەتەوە و خوینی ڕژاوە جەنگاوەرە سادە و ئاساییەکان بوون یان ژەنەڕاڵەکان، لە کاتێکدا کە تەنها ژەنەڕاڵەکان و سەرکردە سەربازیەکان ناویان دێت و وەک براوە یان دۆڕاوی جەنگەکان هێما بۆ ناوەکانیان دەکرێت؟
ئایا بۆ دەبێت تەنها یادەوەری و یاداشتەکانی سەرۆک، سەرکردە دەوڵەتی، سیاسی، حزبی و سەربازیەکان نرخ و بایەخیان هەبێت و هەمووان بکەونە خوێندنەوەیان؟ لەبەرامبەردا مرۆڤێکی سادە، سەربازێکی ئاسایی، ئەندامێکی خوارەوەی حزب یان فەرمانبەرێکی ئاسایی نێو دەزگاکانی دەوڵەت نرخ و بایەخێکی ئەوتۆیان نەبێت و خەڵکی خوێندنەوەیانی بۆ گرنگ نەبێت؟ ئایا ئەوەی لەنێو جەرگەی ڕووداوەکان، جەنگەکان و کاروبارەکانی ژیانی ڕاستەقینە و ڕۆژانەییدایە، سەرۆک، سەرکردە و ژەنەڕاڵەکانن یان فەرمانبەر، مرۆی سادە، ئەندامی خوارەوەی حزب و سەربازەکانن؟ بەواتایەکیدی بۆدەبێت مێژووە گەورەکان گرنگ بن بەڵام ووردە مێژووەکان گرنگ نەبن؟ بەبڕوای من ووردە مێژووەکان هەم ڕاستەقینەتر و ڕاستگۆیانەترن هەم گرنگتر و بەبایەخترن.
کتێبی “خاکپۆشەکان” کەلەلایەن کاک “ئازاد سەراوی” ەیەوە نوسراوە، بەزمانێکی تەواو پەخشانئاسا بەشێک لە ووردە مێژووی تیپی 37 ی شارباژێری ی. ن. ک لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو باسی لێوەکراوە بە چالاکی و ‌هێرش و هەڵکوتانە سەر سەنگەرەکانی بەعس لەلایەن پێشمەرگەوە لەگەڵ بریندار بوون و شەهیدبوونەکان. ژیاننامەیەکی کورتی هەندێک لە شەهیدان بە ناوی “ون ناوەکانی شۆڕش”. کتێبەکە کە لە 640 لاپەڕە پێکهاتووە لەڕێی کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوەی زانیاری کۆمەڵە کەسێکەوەیە کە خۆیان بەشداری ڕاستەقینەی ئەو مێژووە بوون. کتێبەکە لەسەر هەمان هەناسەی پەخشانی کاروانی شەهیدان (کاروانی شەهیدان – پڕۆگرامە بەناوبانگەکەی ئیستگەی دەنگی گەلی کوردستان لە ساڵانی هەشتاکاندا) نوسراوە.
لەباری زمانییەوە دەکرێت زۆر زۆری لەسەر بنوسرێت، کە ئاشکرایە نوسەر هێندەی گێڕانەوەی مێژوو، ڕووداوەکان و ڕازاندنەوەیان بە گوزارشتە سیاسیە جۆشپێدەرەکان “حەماسییەکان” ی بۆ مەبەست بووە هێندە لایەنی زمانیی و زمانەوانیی بۆ گرنگ نەبووە.
سەرباری هەموو ئەوانەش گرنگی کتێبەکە لەوەدایە کە گێرانەوەی ووردە مێژووی ناوچەیەک، کۆمەڵە کەسێک و قۆناغێکی زەمەنی بە ئامانج گرتووە. لەو کتێبەوە یان هەر کتێبێکی دیکەی هاوشێوەیەوە تێدەگەین کە ئەوەی ناودەبرێت بە خەبات، تێکۆشان و گیانبازی لە کار و ماندووبوونی خەڵکی سادە و ئاسایی خوارەوەی حزبەکان بووە نەوەک ئەندامانی م. س و سەرکردایەتیەکان. ئەوەی ناودەبرێت بە خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی لەسەر ژیان و عارەقەی پێشمەرگە سادە و ئاساییەکانی حزبەکان بووە نەوەک ئەوانەی ئێستا و بە درێژایی 28 ساڵی ڕابردوو کردوویانە بە بنێشتە خۆشەی سەر زمانیان و هەمیشە وەک قەرز و منەتێکی هەرگیز نەبڕاوە بە چاوی کۆمەڵگا و خەڵکی دادەنەوە کە ئەوانیش جگە لە سەرکردایەتیەکان و مەکتەب سیاسیەکان کەسیدیکە نین کە ئەو کاتەش و لە شاخیش جگە لە خەوتن لە شوێنی گەرم و گلاندنی پارووی چەور و نەرم کارێکی دیکەیان نەبووە. ئەوەی ناودەبرێت بە شۆڕش، خوێن و گیانبەختکردن تەنێ لە ئەستۆی پێشمەرگە سادە و ئاساییەکان بووە.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
ئەحمەد ڕەسوڵ

ئەرشیڤی بەڕێز: ئەحمەد ڕەسوڵ