بورهان شێخ ڕەئوف: ئەمریکا هێزێکى کەم لە سوریا دەهێڵێتەوە.

دواجار سەرۆکى ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بڕیارى دا کە هێزێکى بچکۆلە کە پێکدێت لە دووسەد کەس لە باکورى سوریا و بە دیاریکراوى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى فورات بهێڵێتەوەو ئەوانى دى کە دووهەزار […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

دواجار سەرۆکى ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بڕیارى دا کە هێزێکى بچکۆلە کە پێکدێت لە دووسەد کەس لە باکورى سوریا و بە دیاریکراوى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى فورات بهێڵێتەوەو ئەوانى دى کە دووهەزار کەس بوون بکشێنێتەوە لەو وڵاتە، جگە لەوەى کەوا بنکەى ( تەنەف) ى لە سەر سێگۆشەى سنورى عێراق و ئوردن و سوریا هەیە لەوێش دووسەد سەربازى تر دەمێنێتەوە نزیک لەو ڕێگەیەى کە دیمەشق و بەغداد دەبەستێت بە یەکەوە .
ئەو بنکە زیاتر بۆ چاودێرى ڕێگەى نێوان عێراق و شامە و جموجووڵى ئێرانە هەروەها سارە سەندرز وتەبێژى کۆشکى سپى ڕایگەیاند کە ئەو هێزە بۆ پاراستنى ئاشتى یە بۆ ماوەیەکى تر لە سوریا دەمێننەوە کە خوازیاربوو ئەمەش هاندەرێک بێت بۆ ئەوەى هاوپەیمانە ئەوروپیەکانیش هەمان هەنگاو بگرنە بەر بە ناردنى هێز بۆ پاراستنى ئاشتى لە سوریا لە کاتێکدا مەترسى سەرهەڵدانەوەى داعش لە ئارادایە .
ئەوەشمان لە بیر نەچێت هەفتەى ڕابردوو وەزیرى بەرگرى ئەمریکا بە وەکالەت باتریک شاناهان شکستى هێنا لەوەى ئەورەپیەکان قایل بکات بە بێ مانەوەى هێزى ئەمریکا ئەوانیش لەوێندەرێ بمێننەوە ، مانەوەى ئەوە هێزە بچکۆلەى ئەمریکا لە ژێر فشارى زۆرێک لە جەنراڵە دیارەکانى پنتاگۆن دا بوو کە نەیانشاردەوە کە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا بە تەواوى لە سوریا بوارى تەواو بۆ ڕوسیا دەڕەخسێنێت کە تەواو هەژموونى خۆیان بە سەر سوریادا بسەپێنن هەروەها دەرگا دەکاتەوە بۆ تورکیاو ئێران کە ئەجنەداى خۆیان بسەپێنن لە سوریادا کە تەواو پێچەوانەى بەرژەوەندى هاوپەیمانە تەقلیدیەکانى ئەمریکایە لە ناوچەکە بەتایبەتى وڵاتانى کەنداو.

کاردانەوەى وڵاتان لە سەرمانەوەى هێزەکانى ئەمریکا
ڕوسیا زۆر نیگەرانە و نەیشاردەو تەنانەت لە زارى وەزیرى دەرەوە سیرگى لافرۆڤەوە ڕایگەیاند کە ئەمریکا بە نیازە دەوڵەتۆِچکەیەک لە ڕۆژهەڵاتى فورات بۆ کورد دروست بکات و وتى ئەمریکا ڕێگرى دەکات لە هاوپەیمانەکانمان کە وەبەرهێنان بکەن بۆ بنیاتنانەوەى ژێرخانى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى ڕژێم .
تورکیا هەر لە سەرەتاوە نیازى خۆى نەشاردەوە کە پەلامارى ناوچەکانى باکورى سوریا دەدات کە لە ژێر دەستەڵاتى هەسەدە دان دواتر لە ژێر هەڕەشەو فشارى ئەمریکیەکان پاشگەزبووەو داواى دامەزراندنى ناوچەى ئارامیان کرد بە هەماهەنگى لە گەڵ ئەمریکا بەڵام کوردەکان قایل نابن بە ناوچەیەکى ئارام تورکیا سەرپەرشتى بکات بەڵکو دەخوازن ناوچە ئارامەکە لە ژێر چاودێرى هاوپەیمانان یان نەتەوەیەکگرتووەکاندا بێت .
هەرچەندە ئەمریکیەکان لە هەوڵى ئەوەدا بوون کە دڵنییایى بدەنە تورکیا کە کوردەکانى سوریا و هەسەدە لە دواى کشانەوەى ئەمریکا هیچ مەترسییەکیان بۆ تورکیا نابێت بەڵام بێ ئاکام بوو ، هەر هەڵوێستى توندى تورکیاش بوو ئەمریکیەکانى ناچار کرد کەوا پاشەکشەکەیان بۆ ماوەیەک دوا بخەن و دواتریش بەشێک لە هێزەکانیان ئەگەرچى کەمیش بێت لە باکورى سوریا بهێڵنەوە.

هەڵوێستى هەسەدە و کورد لە مانەوەى ئەو هێزە
کوردەکان خۆشحاڵى خۆیان دەربڕى لە مانەوەى ئەو هێزە بچکۆلەى ئەمریکا بەناوى هێزى ئاشتى پارێز لە ناوچەکانیان و خوازیار بوون کە ببێتە هەوێنى ئاشتى و ڕێگر بێت لە ئاژاوەوبەریەک کەوتنى گەورە و لە هەمانکاتدا خوازیاربوون لە وڵاتانى ترى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش کە هەمان هەڵوێست بگرنە بەر بە ناردنى هێزى ئاشتى پارێز و دامەزراندنى ناوچەیەکى ئارام تاوە کو کاتى چارەسەرکردنى هەموو قەیران و کێشەکانى سوریا .
لە هەمان کاتدا کوردەکانى سوریا لەو باوەڕەدان کە بوونى ئەم هێزانە فاکتەرێک دەبێت بۆ ئەوەى پرۆسەى ئاشتى و دایالۆگ کە ئێستا باسى لێوەدەکرێت لە نێوان کوردەکان و ڕژێمى ئەسەد بەرەو پێشەوە بچێت و لە هەمان کاتدا وەکو کارتێکى فشار ڕۆڵى خۆى بگێڕێت .
هەرچەندە کێشەى بوونى هێزى هاوپەیمانان چ ئەمریکى و چ ئەوروپیەکان لە سەر خاکى سوریا هیچ دەق و داڕێژراوێکى یاسایى نی یە پشتگیرى بکات ، بۆ یە ئەمریکیەکان و ئەوروپیەکانیش ڕووبەڕووى ئەو ئاریشە بوونەتەوە کە چۆن خۆیان لە لێپێچینەوەى یاساى و ڕەخنەى وڵاتان لابدەن و مۆڵەتێک لە کوێ وە وەربگرن بۆ ئەوەى لە سوریا بمێننەوە .
لە کۆتاییدا مانەوەى ئەو هێزانە سەرکەوتنێکى گەورەیە بۆ هەسەدەو کوردەکانى سوریا کە هاوپەیمانى سەرسەخت و کاریگەرى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى بوون لە شەڕى تیرۆرى دەوڵەتى ئیسلامى داعشدا و هەروەها دەبێتە هاندەرێک کە هاوپەیمانە ئەوروپیەکانى وەکو فەرەنساو بەریتانیاش هەمان هەنگاو بگرنە بەر بۆ مانەوە وەکو هێزى ئاشتى پارێز هەرچەندە ئەوان پێشتریش ڕایانگەیاندبوو کە کوردەکان بە تەنیا جێناهێڵن بە تایبەتى فەرەنسیەکان .

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
بورهان شێخ ڕەئوف

ئەرشیڤی بەڕێز: بورهان شێخ ڕەئوف