بورهان شێخ رۆوف: هندو پاکستان لاپەڕەیەکى ترى گرژى.

ئەگەرچى پاکستان لە هندستان جیابووەتەوە، بەڵام لەوەتەى لە یەک جیابوونەتەوە کێشە ولایەتى کشمیر وەکو خاڵێک و ناوچەیەکى جێناکۆک لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا ماوەتەوە تا ئێستا لە چەند وێستگەیەکى جیاجیا […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ئەگەرچى پاکستان لە هندستان جیابووەتەوە، بەڵام لەوەتەى لە یەک جیابوونەتەوە کێشە ولایەتى کشمیر وەکو خاڵێک و ناوچەیەکى جێناکۆک لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا ماوەتەوە تا ئێستا لە چەند وێستگەیەکى جیاجیا دا بووەتە مایەى شەڕو پێکادانى خوێناوى کە یەکەم خولى ئەو جەنگە ساڵى 1947 هەڵگیرساو تا ساڵى 1948 بەردەوام بوو ، خوولى دووەمى جەنگ ساڵى 1965 هەڵگیرسا و کۆتایى هات بە دەستوەردانى زلهێزەکانى وەکو یەکێتى سۆڤیەتى جاران کە پشتیوانى هندستانى دەکردو و هەروەها ئەمریکاش.
لە خوولى سێ یەمى جەنگَێکى تردا کە ساڵى 1971 هەڵگیرسا کە بووە هۆى ئەوەى پاکستان دابەش بێت بۆ دوو دەوڵەت و بەنگلادشى لێ جیا ببێتەوە ، جگە لەم شەڕو ململانێ خوێناویانە ى نێوانیان پێشبڕکێ ى خۆپڕچەککردن و تاقیکردنەوەى ئەتۆمى ، زۆر گرژى و قەیرانى تر سەرى هەڵدا لە نێوان ئەم دوو وڵاتە قەڵەباڵغ و خاوەن چڕترین ژمارەى دانیشتوان و خەڵکێکى هەژار و بێ دەرەتان لەو کێشانە ڕوداوەکانى کارجیل ساڵى 1999کە بەهۆى تاقیکردنەوە ئەتۆمیەکانى پاکستانەوە کە وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر تاقیکردنەوە ئەتۆمیەکانى هندستان سەرى هەڵدا لە سەرەتاى ساڵى 1998 هەروەها ڕوداوەکانى مۆمباى ساڵى 2008 لە گەڵ ئەمانەشدا زۆر هەوڵ و کۆشش درا بۆ ئەوەى ڕێ بە بەردەوامى جەنگ بگیرێت و پرۆسەیەکى ئاشتى بەرقەرار بکرێت.
بەڵام لە ساڵى 2008 گروپێکى توندڕەوى چەکدار بە ناوى لە شکرى تیبە پەلامارى هەموو شوێنە سەرەکى و بنکەو بارەگا گرنگەکانى شارى مۆمباى یاندا لە هندستان .
کێشەى کشمیر کە بەشى زۆرى خەڵکەکەى مۆسڵمانن و لە گەڵ هندستاندا ماونەوتەوە لە کاتى جیابوونەوەى پاکستان لەهندستان لەوەساەو تا ئێستا سەرەڕاى هەوڵ و خەبات بۆ چارەسەرکردنى بە شێوەى ئاشتیانەو دیالۆگ و دانوسان بەڵام تا ئێستا بە بێ چارەسەر ماوەتەوە و بەردەوام بارودۆخى ئەم ناوچە لە هەڵکشان و داکشان و زەمینەى لە بار بووە بۆ ئەوەى شەڕێکى خوێناوى لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا سەرهەڵبدات ئەگەر جاران بە چەکى کلاسیکى جەنگیان بکردایە ئێستا هەردوو وڵاتەکە خاوەنى چەکى ئەتۆمین و مەترسیە گەورەکە لەوەدایە.
ئەوەى زیاتر ئەو بارودۆخە بارگاوى دەکات ئەو پێشێلکارى و دەستدرێژیە بەردەوام و بێ بەزەییانەیە کە سوپاى هندستان بەرامبەر بە خەڵکى کشمیر ئەنجامى دەدات جکە لە سوپا زۆر تاقم و ڕەوتى توندڕەوى هندى سەریان هەڵداوە کارى توندو تیژ ى و پێشێلکارى دەرهەق بە موسڵمانە کشمیرییەکان ئەنجام دەدەن .
بۆیە هەندێک ناوەندو سەنتەرى ناودارو ئاگادارى میدیایى باس لەوەدەکەن کە لە نێوانى ساڵەکانى 1990 تاوەکو 2014 (150) ئەفسەرى پلە باڵاى سوپاى هندستان 1080 حاڵەتى کوشتن و لەناوبردنى خەڵکى کشمیریان ئەنجامداوە بە دەر لە یاساو دادگا هەروەها ڕفاند ن و بێسەرو شوێنکردنى 172 کەسى کشمیرى و جگە لە تۆمارکردنى سەدان حاڵەتى هەتککردن و پەلاماردان و ئەشکەنجەو سووکایەتى.
لە ئێستا ئەوە بۆ شەش مانگ دەچێت عمران خان وەکو سەرۆک وەزیرانى نوێ لە پاکستان دەست بەکاربووە ئەم کۆتایى بە دەستەڵاتى دوو حیزبە کلاسیکیەکەى پێش خۆى لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە هێناو زۆر هەنگاوى ڕیفۆرمى ناوە هەر لە کۆشکى سەرۆک وەزیرانەوە تاوەکو ستاڤى دەست و پێوەندو خزمەتکارەکانى و چاککردنى سیستمى باج و زۆر هەنگاوى تر لەوانى ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییەکان لە گەڵ دراوسێکانى وڵاتەکەى بە تایبەتى هندستان کە ڕێڕەوى کارتاربۆر ىکردەوە کە حاجیە کانى ئایینى سیخ بە بێ ڤیزە بەناوى خاکى وڵاتەکەیدا بڕۆن ،هەروەها پەیوەندییەکانى لە گەڵ ئێران ئاسایى کردەوە سەرەڕاى ناکۆکى مەزهەبى نێوانیان کە ئێران شیعەیە و پاکستان سوونە هەروەها لە گەڵ عەرەبستانى سعودیەشدا هەموو هێڵەکانى پەیوەندى و هاتوچۆى کردەوە بەڵام سەردانى ئەمریکاو ئەوروپاى نەکرد وهەوڵى بۆ نەدا .
بەڵام پێش دوو هەفتە دوو ڕوداو ڕویدا یەکێکیان لە پارێزگاى زاهیدانى ڕۆژهەڵاتى ئێران کۆمەڵێک پاسدارى ئێران کوژران و لە هندستانیش کۆمەڵێک سەربازى هندى کوژران هەردوو وڵات پەنجەى تۆمەتباریان بۆ پاکستان درێژکرد تەنانەت سەرۆک وەزیرانى هندستان وتى بەڵگەى تەواومان لە بەردەستە کە پاکستان لە دواى کردەوە تیرۆرستیەکەوەیە و بۆیە هەموو پەیوەندییە بازرگانییەکانى وەستاند لە گەڵ پاکستان و ئاڕاستەى ڕووداوەکان بەرەو ئاقارێکى زۆر خراپ ڕۆیشت و فڕۆکەکانى هند پەلامارى پاکستانیان داو دوو فڕۆکەیان خرایە خوارەوە فڕۆکەوانێک بە دیل گیرا.
لە کۆتاییدا هەرچەندە عمران خان بە هۆشیارى لە گەڵ ڕوداوەکاندا دەجوڵێتەوەو خاوەن خواستێکە بۆ بنیاتنانەوەى وڵاتەکەى و ئاسایى کردنەوەى پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لە گەڵ دراوسێکانى بەڵام خواستێک هەیە لە لایەن زۆر ناوەند و وڵاتەوە بۆ ئەوەى پڕۆژەکەى شکست پێ بێنن.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
بورهان شێخ ڕەئوف

ئەرشیڤی بەڕێز: بورهان شێخ ڕەئوف