عیماد عه‌لی: بۆچی پارتی رازیه‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌ریم له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ بێت؟

باش ده‌زانین كه‌ پارتی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی ئێستای له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ مه‌كتبه‌ی سیاسی خۆیه‌وه‌ و له‌ روانگه‌ی قازانجی حزبی رووت و له‌پاش وردبونه‌وه‌ له‌ وه‌زعه‌كه‌ی خۆی وه‌ك حزب نه‌ك […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

باش ده‌زانین كه‌ پارتی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی ئێستای له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ مه‌كتبه‌ی سیاسی خۆیه‌وه‌ و له‌ روانگه‌ی قازانجی حزبی رووت و له‌پاش وردبونه‌وه‌ له‌ وه‌زعه‌كه‌ی خۆی وه‌ك حزب نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستان تاوتوێ كردووه‌ و هێناوه‌ و، هه‌موو لایه‌نه‌كانیش باش ده‌زانن كه‌ رازیبونی پارتی به‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌به‌ر دیموكراسیبون و قه‌ناعه‌ت كردنیان نیه‌ به‌ ئه‌رێنیه‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌و شێوه‌ی ئێستا باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، یان له‌به‌ر چاوی كاڵی ئه‌و لایه‌نانه‌ نیه‌ كه‌ بۆ خولی پێشو داوای ئه‌مه‌یان ده‌كرد، به‌ڵكو ته‌نها له‌به‌ر:
* ئه‌و گۆڕانكاریه‌یه‌ كه‌ له‌ پێگه‌كانی نێوخۆی پارتی له‌ نێوان نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانیدا رووده‌دات و له‌ قازانجی خودی حزبه‌كه‌یه‌ به‌ته‌نها نه‌ك وه‌ك باوه‌ڕبون به‌ مافی په‌رله‌مان بۆ چاودێریكردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و لێپرسینه‌وه‌ی و ئاوردانه‌وه‌ له‌ بریاردانی گه‌ل له‌سه‌ر باڵاترین پۆست.
* نه‌بونی كات بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ و نه‌بونی ده‌ستور و یاسایه‌كی دیاریكراوی به‌ركار له‌مباره‌وه‌ و له‌م كاته‌دا كه‌ له‌رێگه‌یه‌وه‌ پرۆسه‌ی دانانی( نه‌بونی هیچ ئه‌گه‌رێكی تر له‌به‌ر زۆرینه‌ی پارتی و كۆتاكان) پۆسته‌كان و به‌تایبه‌تی سه‌رۆكی هه‌ریم جگه‌ له‌په‌رله‌مان هیچ رێگه‌یه‌كی تر نابینرێت.
* دابه‌شبونی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌ریم‌ به‌سه‌ر چه‌ند پێگه‌یه‌كی تردا، وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی حكومه‌ت و دادگای باڵای هه‌رێم هۆكارێكی تره‌ بۆ هه‌وڵی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ گه‌رانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ و كارپێكردنی له‌ پێناو پێكانی گه‌لێك ئامانج له‌وانه‌ش تێپه‌راندنی ده‌ستوری هه‌رێم به‌ قازانج و دڵی خۆی .
* مانه‌وه‌ی كاریگه‌ریی پاشماوه‌كانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم و نه‌بونی متمانه‌ و رێكه‌وتنی ئاشكرا نێوان به‌غدا و هه‌ولێر تا ئێستا وا فه‌رز ده‌كات له‌سه‌ر پارتی تازووتر پرسی سه‌رۆكی هه‌رێم یه‌كلایی بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی تۆكمه‌تر بێت و له‌به‌غدا رای خۆی و باڵایی خۆی بسه‌پێنێت.
* گرنگترین هۆكار؛ سه‌ركه‌وتنی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و زامنكردنی پۆسته‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی( ئه‌گه‌ر یه‌كێتیش سه‌رۆكی په‌رله‌مان وره‌بگرێت) و سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت و زۆرینه‌ی په‌رله‌مان و برابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌ نێوان باوك و كوڕ و برازا له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ نزیكترین رێگه‌ی گه‌یشتنه‌ به‌و ئامانجه‌ی كه‌ پارتی بۆ چه‌ندین ساڵه‌ پلانی بۆ داده‌رێژێت .
*هه‌وڵی پارتی بۆ ئه‌وه‌یه‌ پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم به‌ دڵی خۆی تێپه‌ڕێنرێت و ئه‌وه‌ی زامنكردووه‌ كه‌ زۆرینه‌یه‌ و ده‌توانێت به‌ دڵی خۆی سه‌رجه‌م برگه‌كانی بۆ دوای ئه‌م قۆناغه‌ دارێژێت و رایی بكات( له‌ پرۆسه‌ی تێپه‌راندنی ده‌ستوردا رای پارتی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بینین چۆن ده‌بێت، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌م خوله‌دا زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی زامنكردووه‌).
* پارتی لای خۆیه‌وه‌ قه‌ناعه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ بۆ خوله‌كانی تری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیش وه‌كو ئه‌م خوله‌ ئه‌و زۆرینه‌ ده‌بێت و یاساكان به‌ بێ ئه‌و تێناپه‌رێت، یان راستتر هه‌موو یاساكان به‌ بۆچونی ئه‌و ده‌ڕوات ( له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رجه‌م ئه‌گه‌ره‌كان ده‌خوێنێته‌وه‌).
*ئه‌گه‌ری هاتنه‌ ئارای دوو ئیداره‌یی و له‌ده‌ستچونی له‌زه‌تی به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی و قۆناغی زێرین.
دیاره‌ به‌شداریكردنی لایه‌نه‌كانی تر ناچاریه‌ و هیچ بژارده‌ی تریان له‌به‌رده‌مدا نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ زیاترجه‌ماوه‌ریبونیان نه‌یه‌ته‌ سه‌ر سفر و بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌ كێكه‌كه‌ش بێبه‌ش نه‌بن و خه‌ڵكه‌كه‌یان و هه‌واداران و دۆستانیان به‌ پۆست و پاره‌ رازیبكه‌ن و زیاتر په‌راوێز نه‌خرێن . له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ پارتیش نایه‌وێت ته‌نها به‌خۆی سه‌لبیاتی گێرمه‌وكێشه‌ی حوكمڕانی چوارساڵی داهاتو به‌ته‌نها له‌ ئه‌ستۆ بگرێت و ده‌یه‌وێت به‌هه‌رچۆنێك بێت هه‌موو لایه‌ك به‌شداری پێبكات و رێژه‌ی ئۆپۆزسیۆن كه‌مبكاته‌وه‌، بۆیه‌ دودڵه‌ له‌ بریاردانی تاكلایه‌نه‌ی كۆتایی له‌ دانوستانه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت بۆ به‌شداریكردنی لایه‌نه‌كانی تر یان نا، ( به‌رژه‌وه‌ندیه‌ دوورمه‌وداه‌كه‌ی ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ بێمنه‌تی پێوه‌ دیار نه‌بێت، سه‌ره‌رای به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی).

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
عیماد عەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: عیماد عەلی