جیهاد محەمەد: سەردانەواندنی ڕۆژاوا بۆ ئیخوانیەکان بۆ؟

هەر لە دوای پاشەکشە و ڕوخانی دەوڵەتە بە ناو سۆسیالیستەکانی دنیا و دروستبوونی یەکجەمسەریی پاوەری ئەمەریکا و دەوڵەتە بەهێزەکانی تر لە ڕۆژاوادا، ساڵ بە ساڵ و دەیە دوای دەیە، ئەم […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

هەر لە دوای پاشەکشە و ڕوخانی دەوڵەتە بە ناو سۆسیالیستەکانی دنیا و دروستبوونی یەکجەمسەریی پاوەری ئەمەریکا و دەوڵەتە بەهێزەکانی تر لە ڕۆژاوادا، ساڵ بە ساڵ و دەیە دوای دەیە، ئەم هێزە یەکجەمسەریە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئاسیادا داگیرکاری ئابووریی و سیاسیی خۆی زیاتر باڵدەکێشێت بەسەر ناوچەکەدا، هەڵبەت لە ڕێگەی ئەو گەشە گەوەرەیەیی تەکنۆلۆژیا و بەرپاکردنی جەنگی ئیخوانەکان لە ناوچەکەدا ئەم داگیرکارییەی خۆی زیاتر دەکات. ئەم زلهێزانەی ئەمەریکا و ئەوروپا لە ڕێگەی خێرایی ئەو هەموو پێشکەوتنە گەورەیەی تەکنەلۆژیاکەیانەوە توانیویانە تەواو حوکمی خۆیان لە ڕووی ئابووریی و کولتووریی و سیاسیی و ئەمنییەوە بسەپێنن بەسەر کۆی ئەو وڵاتانەدا کە هەژارن لە بواری پێشکەوتنی زانستیی و تەکنۆلۆژیادا. لە لایەکی دیکە لە ڕێگەی بەرپاکردنی جەنگی ئیخوانیەکان و گروپە تووندڕەو و تیرۆرستەکانەوە گەورەترین هەڕەشەیان دروست کردووە بۆ سەر حوکمڕانەکانی ئەو دەوڵەتانەی ناو دەبرین بە جیهانی سێیەم. ڕێگەخۆشکردن و بە دزیەوە پشتیوانیکردن لە هێزە تیرۆرستییە ئیسلامییە سیاسییەکان، بۆ ئەوەیە، کە بە دەوڵەتان و حوکمڕانەکانی ناوچەکە بڵێن ئەگەر ئێمە نەبین ئیخوانییەکان دەتانخۆن، بەمەش توانیویانە هەم بەرژەوەندیەکانی خۆیان بپارێزن لە ناوچەکەدا هەم سامان و داهاتی ناوچەکە زیاتر بۆ خۆیان داگیر بکەن و حوکمڕانەکانیش زیاتر لەترسی ئەو هێزە تیرۆریستیانە چۆک دابدەن بۆیان.
باڵادەستی شیعەگەرایی هەر لە ساڵی 1979 وە کە لە ئێراندا هاتنە سەر حوکم، یەکێک بوو لەو هەڕەشانەی لە حوکمڕانە سوننیەکان دەکرێت. هەروەها بۆ درێژەدانە بەو شەڕە نەگریسەی دەیان سەدەیە بەرپا دەکرێت و مرۆڤ و ئابووری ئەم وڵاتە ئیسلامییانەی دەرخوارد دەدرێت، بێ ئەوەی هیچ جۆرە بەرژەوەندیەکی خەڵکی ناوچەکەی تیدا بێت، هەموو کەسیش ئەوە دەزانێت، کە بە لاڕێدابردنی شۆرشی خەڵکی ئێران دەستی ئەمەریکای لە پشتەوە بوو.
پشتیوانیکردنی ئەمەریکا لە حوکمی ئەردۆغان و ئەکپارتی، کە ئێستا بووە بە هەڕەشەیەکی گەورە لە ناوچەکەدا، ڕێگەیەکی ترە دژی دیموکراتیەت و مافە دیموکراتییەکانی گەلی کورد لە ناوچەکدا.
بە لاڕێدابردنی ئەو ڕاپەڕینانەی خەڵکی وڵاتانی عەرەبی(بەهاری عەرەبی) و هەروەها ئەو شەڕە ماڵوێرانییە لە سووریدا بەرپا کراوە بە ناوی ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە دژی حوکمڕانە دیکتاتۆرە بەعسیەکەی ئەو وڵاتە، زیاتر چوونە خزمەتی ئیسلامی سیاسیی و تیرۆستەکانەوە لە ناوچەکەدا، هەڵبژاردنی ڕێگەیەکی تری ئەمەریکا و ڕۆژاوا بوو بۆ ئەوەی هیچ جۆرە بیرکرندوەیەک بۆ بە دیموکراسییکردنی دامودەزگاکانی فەرمانڕەوایی لە ناوچەکەدا نەمێنێت، چونکە هەتا ڕەوشی خەڵکی لە ناوچەکەدا ئارام بێت، هەتا سیستمی پەروەردە بە دیموکراسیی بکرێت، هەتا کولتووری دیموکراسیی ببێت بە ڕێبازی ژیانی خەڵکی، خەڵک زیاتر چاوکراوە دەبێت بۆ پاراستنی ژیانی خۆی و دژایەتی هەرچ جۆرە داگیرکارییەکی ئابووریی و کولتووریی لە لایەن دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیاوە.
دروستبوونی قاعیدە و داعش و ڕێگەپێدانیان بە ناوی دژایەتی شیعەگەرایی و حوکمڕانە نادیموکراتەکانی ناوچەکە، ئەمیش ڕێگەیەکی تریان بوو، کە توانیان بیخەنەوە خزمەتی خۆیان و وەکیلە حوکمڕانەکانیان لە ناوچەکەدا.
ئەم سیاسەتە دزێو و نا مرۆڤیانەی ئەمەریکا و ڕۆژاوا گەورەترین چەکی کوشندە و لێدانێکی گەورەیە دژی هەموو هێزە دیموکراتخواز و مرۆڤدۆستەکان لە ناوچەکەدا. لە ناو ڕۆژاواشدا کە لانکەی گەورەترین پێشکەوتن و وەرچەرخانی مرۆڤایەتی بوو، گەورەترین شۆڕشی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لێوە بەرپا بوو، ڕێنسانس و ڕۆشنگەری لە ناوجەرگەی ئەوروپاوە سەریهەڵدا، بەڵام بەم سیاسەتە ترسنۆکانەیەی ئەمەریکا و دەوڵەتانی ڕۆژاوا، یان ئەوەی پێی دەگوترێت هاوپەیمانانی ئەمەریکا، گەورەترین ڵێدانیان دا لە ڕۆشنگەریی و دەرەنجامە باشەکانی ڕۆشنگەریی. ئەم سیاسەتە ترسنۆکانەیە لە پێناوی چنینەوەی زیاتری سامانی وڵاتانی ناوچە هەژارەکانە.
هیزی ئیخوانیەکان کە دژی دیموکراتیەتن، دژی حوکمی خەڵکن، دەیانەوێت حکومی قورئان و خوا بسەپێنن بەسەر خەڵکدا، گەورەترین هێزیان پەیدا کردووە لەم چەند دەیەی دواییەدا، ئەویش بە هۆکاری ئەو ترسنۆکیەی ئەمەریکا و دەوڵەتانی ڕۆژاوا، کە هەر ئێستا لە زۆربەی زۆری وڵاتانی ئەوروپادا ئیخوانییەکان بە ئاشکرا دەیان نووسینگە و قوتابخانەی ئیسلامیی و مزگەوتیان دروستکردووە و تیایدا وانەی دژایەتیکردنی هەموو جۆریک لە پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتی و ئازادیەکانی تیادا دەخوێندرێت. باڵادەستی ئیخوانییەکان لە ئەوروپادا، بە ناوی دیموکراتیەوە دەگوزەرێت، وەلی لە ڕاستیدا ئەوە موجامەلەی ئیخوانیەکانە لە لایەن دەوڵەتە چاوچنۆکەکانی ئەوروپاوە، بۆ ئەوەی هەم دەستنەوەشێنن لە بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکەدا، هەمیش بە هێزیان بکەن بۆ ئەوەی زیاتر و زیاتر حوکمڕانە دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکانی ناوچکە بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە و بتوانن لەم ڕێگەیەوە گەورەترین سامانی ئەم وڵاتانە ببەن بۆ خۆیان. رۆژاوا، بەم سیاسەتە ئابوورییە چاونۆکییەی، لێدانێکی گەورە دەدات لە کولتوورە ڕەسەنەکەی خۆی، بەڵام زیاتر ئەم لێدانە کولتووریەی خۆی کە کولتووری دیموکراسییە، لێدانە لە دیموکراسیی لە هەموو جیهاندا و بە تایبەتی لە هێزە دیموکراسییەکانی ناو کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
جیهاد محەمەد

ئەرشیڤی بەڕێز: جیهاد محەمەد