ڕەنج نەوزاد: پێگەی دەوڵەت لە جيهانی ئەمرۆدا، کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت دەبێت چی بکات؟

لەدوای رێکەوتنامەی ويستيڤاليا لە ساڵی 1648 ئەوەی پێی دەوترێت دەوڵەت نەتەوە یاخود دەوڵەت بەمانا هاوچەرخەکەی، گرنگی و پێگەیەکی گەورە وەردەگرێت و دەبێتە یاريکەرێکی سەرەکی لە سياسەت و پەيوەندييە نێودەوڵەتيەکاندا، تا […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

لەدوای رێکەوتنامەی ويستيڤاليا لە ساڵی 1648 ئەوەی پێی دەوترێت دەوڵەت نەتەوە یاخود دەوڵەت بەمانا هاوچەرخەکەی، گرنگی و پێگەیەکی گەورە وەردەگرێت و دەبێتە یاريکەرێکی سەرەکی لە سياسەت و پەيوەندييە نێودەوڵەتيەکاندا، تا ئەو ڕادەیەیی بيرمەندانی قوتابخانەی رياليزم پێيانوایە تاکە یاريکەری سەرەکی لە جيهاندا بريتين لە دەوڵەتەکان، نەک رێکخراو و گروپە نەتەوەیيەکان. پاشان بە هۆی هەردوو جەنگە جيهانيەکە کە بە هۆی دەوڵەتانەوە بەرپا بوون، دوای ئەو کارەساتانە دەستکرا بە دامەزراندنی رێکخراوە نیودەوڵەتيەکانی وەک کۆمەڵەی گەلان و نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێ یەکێتی نێوان دەوڵەتان بۆ نموونە یەکێتی ئەوروپا.
ئەم هەوڵانە بەشێکی زۆری لەبەر ئەوە بوو کە رێکخراوێکی سەروو دەوڵەتان هەبێت و سنورێک بۆ دەسەڵات و ويستی دەوڵەتان دابنێت، ئەم هەوڵانە تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوون، بە تايبەت بۆ دەوڵەتانی رۆژئاوا کە سەرچاوەی جەنگە جيهانيەکان بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر دەوڵەتان وەک بکەری سەرەکی سياسەت و ئابووری نێودەولەتی مانەوە، تەنانەت زۆر کات ئەو رێکخراو و یەکێتيە نێودەوڵەتيانەش بە پێی ويستی و ئيرادەی دەوڵەتە زلهێزەکان ئاڕاستە دەکران و دەکرێن.
ئەگەر لە جيهانی ئەمرۆ و ردبينەوە و ئەم چەند ساڵەی ڕابووردوو تا ئیستا لێکبدەينەوە دەرک بەوە دەکەين کە لە ئێستادا بە گشتی دوو گوتار و فکری سياسی لە جيهاندا باڵا دەستە،گوتارێک ناسيوناليستی کە تەرکيزی لەسەر بەرژەوەندی ناوخۆیە،فکرێک پێی وایە ئەوەی گرنگە بەرژەوەندی دەوڵەت و نيشتيمانی دايک و نەتەوەیە،ئەوانی تر و ژينگە و دۆخی جيهان گرنگیەکی ئەوتۆی نييە ئەگەر لە بەرژەوەندی دەوڵەتەکەی خۆت نەبێت. ئەم گوتارە ترامپ ڕابەرایەتی دەکات لەم کاتەی ئێستاماندا، بێ گومان ترامپ وەک سەرۆکی گەورەترين زلهێزی جيهان کار و فکری کاريگەری دەبێت لەسەر کۆی جيهان بە تايبەت کە سيستەمی سياسی ئەمريکا سەرۆکایەتيە و سەرۆک دەسەڵات و رۆڵێکی زۆری هەیە.کەواتە دۆخی جيهان ديسانەوە خەريکە بەرەو ئەو سەردەمە دەگەرێتەوە کە دەوڵەت تيايدا رۆڵی سەرەکی و یەک لاکەرەوەی هەیە.
گوتار و فکری دووەم پێی وايە کاری هاوبەش و فراوانکردن و بەهێز کردنی هاوپەيمانی و بایەخدان بە جيهان و ژينگە، ئەرکێکی گرنگە و بەرژەوەندی هەمووان لەوەدایە، ئەم فکرە ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕابەرایەتی دەکات.
لە جيهاندا گوتاری ترامب خەريکە پشتگيری زیاتری لێ دەکرێت، هەر چەندە مەبەست لەوە نييە ئەم گوتارە لەگەڵ هاتنی ترامپ دروستبووە، بەڵکو پێش هاتنی ترامپ بۆ سەرۆکایەتی، کشانەوەی بەريتانيا لە یەکێتی ئەوروپا، نيشانيدا بەريتانيەکان زیاتر لایەنگری ئەو گوتارە ناسيوناليست و خوپەرستيەن، بەريتانيەکان وتیان ئەوەی گرنگە هێز وبەرژەوەندی و ئاسايشی بەريتانيایە نەک ئەوروپا و جيهان، بەڵام لە ئێستادا گرنگترين ڕابەری ئەو گوتارە ترامپە.
بە گشتی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کەم تا زۆر ئەو گوتارە گەشە دەکات، بۆ نموونە لە پۆڵەندا و هەنگاريا تا ڕادەیەک دەسەڵات و حکومەت بەدەست لایەنگرانی ئەو گوتارەیە، لە ئيتاليا و ئەڵمانياش ئەو گوتارە لە گەشەکردندایە.کشانەوەی ئەمريکا لە رێکەوتنامەی پاريس بۆ ژێنگە ديسانەوە بەڵگەیەکە کە ئەمريکا بایەخ بە بەرژەوەندی ناوخۆی ئەمريکا دەدات نەک بەرژەوەندی جيهان و پاراستنی ژينگەی جيهان.
خۆرئاوابوونی مێرکلی ڕاوێژکاری ئەڵمانيا، ديسانەوە گورزێکی بەهێز دەبێت لە گوتاری پێکەوەیی و فرەیی و هاوپەيمانی و ژينگە دۆستی کە ماکرۆن پشتگيری دەکات، هەموو ئەمە لە کاتێکدایە خودی ماکرۆن لە ناو فەرەنسادا پشتگيری جەماوەری رۆژ بە رۆژ بەرەو لاوازی و کەمی دەچێت.
لە ئەگەری هەنگاونانی سياسەتی نیودەوڵەتی بەو ئاڕاستەیەدا کە فکری سياسی ترامپ پشتگيری دەکات، دەوڵەتانی تری ئەوروپاش بەرەو ئەو ئاڕاستەیە هەنگاو بنێن، ترامپ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمريکا بباتەوە و ماکرۆن نەتوانێت ببێتەوە بە سەرۆک لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی فەرەنسا، نەمانی مێرکڵ وەک ڕاوێژکاری ئەلمانيا، ئەوا جيهان بەرەو ئايندەیەکی ناديار و ترسناک هەنگاو دەنێت، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت و گەشە بکات.
لە ئەگەری بردنەوەی خيتابی ترامب و دۆڕاندنی ئەوەی ماکرۆن، ئەوەی کە دەکەوێتە بەردەم ئايندەیەکی مەترسيدار و ناديار، بريتين لەو نەتەوانەی کە بێ دەوڵەتن وەک کورد، لە جيهانێکدا ئەگەر لەم دۆخەی ئێستا دەوڵەت پيرۆزتر بکرێت و بەرژەوەندی نەتەوەیی لەمە زیاتر بکرێتە تاکە پێوەر،کورد وەک دابەشبوو بەسەر چوار دەوڵەتی ڕەگەز پەرست و مەزهەب پەرست و ئاينی دەبێت چ ئايندەیەک چاوەڕوانی بکات؟ جيهان بەرەو ئەوە دەڕوات کە بيرمەندە واقعيەکانی زانستی سياسەت باسی دەکەن، کە جيهان بريتييە لە کۆمەڵێک دەوڵەت و بێ بوونی دادگایەکی جيهانی، ئەوەی هێزی نەبێت دەبیتە قوربانی، بۆ ئەوەی نەبيتە قوربانی دەبێت دەوڵەتێکی بەهێزت هەبێت، چونکە جگە لە دەوڵەتەکان هيچ هێزێک بوونی نييە، نەتەوەکان لە دەرەوەی دەوڵەت، وەک مرۆڤێکی بێ ماڵ و ئاوارە و سەرگەردانن.
کورد مێژوویەکی درێژی هەیە لە قوربانیدان و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و چەندين تاوانی رەگەزپەرستی و کولتوری و نەتەوەیی لە دژی، یەکێ لە هۆکارە سەرەکيەکانی ئەو هەموو تاوانانەی بەرامبەر کورد کراوە بريتي بووە لەوەی کورد دەوڵەتی نەبووە، ئێستاش دەوڵەتی نييە،کەواتە نەوەکانی ئێستا و داهاتووشی بەردەوام لەبەردەم ئەو مەترسيانە دەبن. پرسيارە سەرەکيەکە ئەوەیە ئایا کورد دەبێت چی بکات و چۆن نەوەکانی ئايندەی بپارێزێت لەبەردەم ئەو هەموو ئەگەرە ناديار و مەترسيانە؟ چۆن بتوانێت ببێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی؟ ئامرازەکانی چين؟
دۆزی سەربەخۆیی کوردستان بە براورد بە ڕابووردوو هەنگاوی گەورەی ناوە و هيچ کات وەک ئێستا ئەو دۆزە نزيک نەبووەتەوە لە واقع، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەوەی ئەو خەونە بکرێت بە واقع جارێ کارێکی زۆر قورسە و کار و پلان و ئامادەیی قورباندانی دەوێت، بەڵام دوای ئەنجامدانی ريفراندۆمە مەزنەکە و دوای هەندێ گۆڕانکاری لە هاوکێشە سياسيەکانی ناوچەکە وەک سەپاندنی چەندين سزای قورس بەسەر ئێران کە ئەگەری هەیە لە ئايندەیەکی نزيک یا مامناوەند ئەو وڵاتە بەرەو لاوازی بچێت، هەر وەها پەيوەندی تورکيا لەگەڵ ئەمريکا و رۆژئاوا وەک جاران نەماوە و کێشەی تێکەوتووە. سورياش تا ڕادەیەکی زۆر لاواز و وێران کراوە و کاتێکی زۆری دەوێت ببێتەوە بە دەوڵەت. عيراقيش بەهۆی قەيرانە قووڵەکانی ناوخۆ و کۆنترۆڵکردنی لە لایەن ئێرانەوە دەکرێت زیاتر بەرەو ولاوازی و پەرتەوازەیی بچێت. ئەمە لە لایەک، لایەکی دی دوای هاتنی ڕووسيا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆنترۆڵکردنی سوريا و زیادبوونی هەژموونی سەربازی ئێران لە یەمەن و سوريا و عيراق و لوبنان، هەر وەها کەم تا زۆر تورکيا لە ڕووسيا نزيکتر دەبێتەوە و لە ئەمريکا دووتر دەبێت، ناوچەکە بەرەو ئەوە دەڕوات ئەمريکا بە قورسی شوێنی خۆی تيا بکاتەوە یاخود قورسە وەک هێزی یەکەمی بێ ڕکابەر لە ناوچەکە بمێنێتەوە، بۆیە پێويستە بير لەوە بکاتەوە چ ناوچەیەک بۆ ئەو گونجاوترە و متمانەی زیاترە، دەکرێت ئەمريکا وا سەيری باشوری کوردستان بکات کە باشترين و گونجاوترين شوێنە بۆ مانەوەی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا، چونکە وەک ئاماژەمان پێدا بە هۆی ڕووسيا و ئێرانەوە عيراق و سوريا بۆ ئەمريکا بووەتە ناوچەیەک سەختە ئەمريکا کۆنترۆڵی بکات، هەر وەها تورکياش وەک جاران هاوپەيمانی ئەمريکا نييە، بۆ ئەمريکاش پێويستیەکی حەتميە هەژموونی هەبێت لەم ناوچەیە و نزيک بێت لە ئێران و تورکيا، هەر وەها لەبەر بەرژەوەندی ئيسرائيليش پێويستە ئەمريکا شوێنێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە،کورد دەتوانێت ببێتە ئەو شوێنە گونجاوە بۆ ئەمريکا بەو مەرجەی ئەمريکا دژایەتی نەکات بۆ پرسی سەربەخۆیی.
ئەوەی لەسەر کورد پێويستە ئەنجامی بدات، لە کات و هەلێکی گونجاودا بەتايبەت لە ئەگەری شکستهێنانی حکومەتی نوێێ عيراقی،کورد پێويستە پرسی ريفراندۆم و ئەنجامی ريفراندۆمە مەزنەکە زيندوو بکاتەوە، ئەمەش پێويستی بە پشتگيری کۆی یاخود زۆربەی لایەنە سياسیيەکان و ڕای گشتيە بۆ مەسعود بارزانی، بۆچی مەسعود بارزانی؟ لێرەدا بەچەنd خاڵێک وەڵامی ئەو پرسيارە دەدەينەوە:
1- کورد بە هۆی نەبوونی دەوڵەت، بەهۆی پرۆسەی مێژوویی ئەم نەتەوەیە،کولتور و جوگرافيا و چەندين هۆکاری ترەوە، نەگەيشتوەتە قۆناغی دەزگایی و یاسایی سياسەت، واتە کورد لە ئیستادا ناتوانێت پرسی سەربەخۆیی بگەيەنێتە ئەنجام لە ڕێگەی دامودەزگای سياسيەوە، ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و بۆ نەتەوەیەکی رۆژهەڵاتی ئاساییە، هەر وەها زۆر نموونە هەیە لە مێژوودا کە دروستبوونی دەوڵەت لە رێگەی ڕابەر یا سەرکردەیەکەوە ئەنجامجدراوە بۆ نموونە درستبوونی دەوڵەتانی وەک ئەڵمانيا و ئيتاليا کە بسمارک و کافور رۆڵی سەرەکيان تێدا بينی. بۆیە لە دۆخێکی هاوشێوەی دۆخی کوردستان بۆ پرسی سەربەخۆیی ئەوا سياسەت دەبێتە چالاگيەکی کەسی و ڕابەر، واتە قۆناغی کاريزمایی سياسەت وەک ئەوەی ماکس ڤيبەر دەستنيشانی کردوە، بێ گومان خۆی لە خۆيدا کێشەیە، بەڵام سياسەت ئەوەیە بە پێی ئەو ژينگە و کەرەستانەی کە هەیە، مومارەسە دەکرێت.
2- ئەگەر دەگمەن نەبێت، ئەوا ڕووينەداوە لە مێژووی کورد ڕابەرێک هەبێت، زۆر بەهێز و فەرمی و لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پەيوەندەی دبلوماسی لەگەڵدا بکرێت، لە کاتێکدا باسی سەربەخۆیی کوردستان بکات و لە واقعيشدا بە کردەوە زۆر تا کەم کاری بۆ کردبێت، بەڵام نە زيندان بکرێت، نە حوکمی لەسێدارەدان، نە بکوژرێت، نە پەراوێز بخرێت…ئەو ڕابەرە تەنيا مەسعود بارزانيە..
3- دوای ڕيفراندۆمە مەزنەکە و ون بوونی مەسعود بارزانی بۆ ماوەیەک، وا زانرا ئیتر مەسعود بارزانی لە ڕووی دبلوماسيەوە کۆتایی پێهات، وەک سەرکردەکانی تری کورد، کە هەر هەنگاوێکيان دەنا بەرەو سەربەخۆیی ئیتر ون دەبوون، ئیتر بە زيندان یا کووشتن، بەلام قۆناغی مەسعود بارزانی جياوازە، خودی عيراق کە لە بەغدا داوا دەکرا لەسەر ريفراندۆمە مەزنەکە مەسعود بارزانی دادگایی بکرێت و ڕاوی بنێنەوە بۆ شاخەکان، کەچی دوایی خۆیان فەرشی سوریان بۆ ڕاخست بە سيفەتی مەرجەعی کورد پێشوازيان لێکرد، ئەوە جگە لەوەی ئەمريکا و فەرەنسا و چەندين دەوڵەتی ناوچەکە، خۆیان پەيوەنديان لەگەڵ دروست کردەوە.
4- لە ئێستادا بە فيعلی و لە واقعدا مەسعود بارزانی بەهێزترين و فەرميترين کوردە لە جيهاندا، کورد پێويستە بۆ یەکجاريش بێت لە مێژووی خۆی،کۆدەنگ بن لەسەر ڕابەرێک و بيکەنە تاکە نوینەری دۆزی کورد، میژووی کورد ئەوەمان پێدەڵێت یەکێ لە کێشە قووڵەکانی ئەوە بووە، ڕابەرەکانی پشتگيری زۆرينەی کورديان نەبووە، یا دوای هەنگاوێک بەرەو بەدەسهێنانی مافەکانی کورد، کوژراون و ون کراون، بەڵام بارزانی دوای ريفراندۆمە مەزنەکە کە هيچ ڕابەرێکی تری کورد دۆزی سەربەخۆیی نەگەياندوەتە ئەو قۆناغە جدی و ديموکراسی و فەرمی و یاسایی ومەدەنييە کە زۆر لە شۆرشی چەکداری گرنگتر و واقعيتر بوو و مەترسی زیاتر بوو بۆ دەوڵەتانی نەيار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نە کوژرا نە زيندان کرا نە حوکمدرا، کەواتە کورد گەيشتوەتە قۆناغێکی نوێ و دەبێت دەرکی پێبکات.
5- بێ گومان ئەم هێز و پێگەیەیی مەسعود بارزانی تەنها بەهۆی خودی خۆیەوە نييە، بەڵکو بە هۆی گۆڕانکاري هاوکێشە سياسيەکان و مێژووی پرۆسەی دۆزی کورد و زۆر فاکتەر و هۆکاری تر، بەلام مەسعود بارزانی ئەوەی قۆستەوە و خۆی کردە دەرئەنجامی ئەو گۆڕانکارييانە. هەر وەها سووربوون و پەشيمان نەبوونەوەی و ڕانەگەياندنی داوای لێبوردن لە نەياران لەسەر ريفراندۆمە مەزنەکە، پێگەی مەسعود بارزانی زۆر بەهێزتر وبەرێزتر کرد لە جيهاندا و تەنانەت لای نەيارەکانيشی، چونکە ئيرادە و سوور بوون لەسەر ئەو دۆزەی باوەڕت پێ هەیە لە هەموو کات و دۆخێکدا،مرۆڤ بەهێز پيشان دەدات.
6- مەبەست لە پشتگيری کورد و لایەنەکان لە مەسعود بارزانی بەو مانایە نييە ستايش و پيا هەڵدان بێت وەک زۆرێک لە پارتيەکان دەيکەن، بەڵکو مانای فشار دروستکردن لەسەر مەسعود بارزانی و هاوکاری کردنی بۆ بەرەو پێشخستن و کارکردن لەسەر ئەنجامی ريفراندۆمە مەزنەکە، هەر وەها رەخنە لێ گرتنی لە بچوکترين هەڵە و لادان لەو پرۆژە پيرۆزە، ئەم پشتگيريەش تەنها لە چوارچێوەی دۆزی سەربەخۆیی بێت،واتە دەکرێت ئۆپۆزسيونی حيزبەکەی مەسعود بارزانی بيت و دژی بيت، بەڵام لە چوارچێوەی دۆزی سەربەخۆیی هەموو ڕق و ململانێ حيزبی و شەخسيەکان بەلاوە بنرێت، وەک چۆن یەکگرتوو و کەسە فەرميەکانی یەکێتی کرديان لە کاتی ريفراندۆم.
7- پشتگيريکردن لە مەسعود بارزانی، بە مانای ئەوە نييە ئەو کەسە گەندەڵ نييە، هەڵەی نەکردوە،شەڕی برا کوژی نەکردوە، یا ببينە کۆيلە و نۆکەری پارتی و بارزانی وەک بەشێک لە خەڵک ئاماژەی پێدەدەن، بەڵکو تەنها بەکارهێنانی ئەو پێگە فەرمی و بەهێزەی مەسعود بارزانييە بۆ گەيشتن بە ئامانجێک، واتە کورد دەبێت ئەو پێگە بەهێزە و ئەو هەلە بەکاربهێنیت کە لە مێژووی خۆيدا نەيبوە یا دەگمەن بووە.
8- ئەو شێوە پشتگيری کردنە لە مەسعود بارزانی دەکرێت هەميشە جەختی لەسەر بکرێتەوە کە تەنها بۆ مەبەستی سەربەخۆييە،نەک بۆ مەبەستی گەورەکردنی حيزبەکەی و بنەماڵەکەی، پاشان مەسعود بارزانی تەمەنی 70 ساڵی تێپەڕاندوە، رەنگە چەن سالێکی کەمی مابێت لە ژیان یاخود لە ژیانی سياسی، واتە ئەو پشتگيرييە کاتييە و کورتە.
9- بۆچی تەنها مەسعود بارزانی گونجاوە بکرێتە مەرجەعی پرسی سەربەخۆیی کورستان؟ چونکە لەو نەوە ڕابەرانەی کە سەردەمی شاخ و شاريان هەبووە،کە ئێستاش خاوەن پێگەیەکی جەماوەرين تەنها مەسعود بارزانی ماوە.ئەو خۆی کردوە بە هەڵگری خيتابی سەربەخۆیی، بەهێزترين و فەرمی ترين سياسی کوردە لە جيهاندا، تەنها ئەو ريفراندۆمی ئەنجامداوە بۆ سەربەخۆیی.دوای مردنی مەسعود بارزانی ڕابەرایەتی پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەکەوێتە بەردەم چەندين ئەگەری ناديار، چونکە قورسە ئەو پێگە و هێز و دەسەڵاتە ماددی و ڕەمزيەیی مەسعود بارزانی هەیەتی لە ناو کورددا لە ئايندەیەکی نزيک و مامناوەند دوبارە بیتەوە، هەر وەها سياسەتی کورد لە قۆناغی دەزگایی و یاسایی نييە بۆیە بۆ دۆزی سەربەخۆیی،کورد تەنها ڕابەر و کاريزمای هەیە،لە مێژووشدا دەوڵەتان کەمن بە هۆی دامودەزگا و قۆناغی یاسایی سياسەتەوە دروست بووبێتن، هەر وەها دروست بوونی دەوڵەت بۆ کورد لەم ناوچەیەدا ڕابەرێکی بەهێز و خاوەن پشتگيری پێويستە نەک کەسێکی شەفاف و ديموکرات بەڵام بێ هێز.
10- بۆیە لەو چەن ساڵە کەمەی تەمەنی کە ماويەتی، کورد دەتوانێت سودی لێ ببينێت، ئەگەر دەوڵەتەکەش دروست نەکات، بەلام هەنگاوی زیاتر پرۆسەکە بەرەو پێش ببات، با کورد بۆ یەکەمجار لە مێژوويدا ئەم هەنگاوە تاقيبکاتەوە. هەر وەها پشتگيريکردنی مەسعود بارزانی تەنها لە پێناو دۆزێک،کە بەڕەهایی دۆزیکی ڕەوا و هەق و پاک و جوانە، دەکرێت ئاسان بێت بۆ هەر کوردێک کە باوەڕبوونی بە سەربەخۆیی کوردستان لە سەروو هەموو باوەڕ و بەرژەوەنديەکی کەسی و حيزبیەوە بێت.
بێ گومان بۆ کارکردن لەسەر دۆزیکی قورس و ئاڵۆزی وەک دۆزی سەربەخۆیی کوردستان پێويست بە چەندين پلان و بەرنامە وچاکسازی وبيرۆکەی نوێ دەکات، بەڵام ئەوەی لێرەدا باسکرا تەنها ڕابەری ئەو دۆزە بوو،کە ئەوەش رۆڵێکی گرنگ و سەرەکی دەبينێت لەو پرۆسەیەدا، چونکە وەک ئاماژەمان پێدا دۆخی کورد بەشێوەیەکە دەبێت نوێنەر یاخود ڕابەرێکی هەبێت بۆ دۆزی سەربەخۆیی، ئەو نوێنەرەش زۆرترين پاڵپشتی کوردی هەبێت. مێژووی کورد پێمان دەڵێت بەشێکی گەورەی نەهامەتی کورد هۆکارەکەی ئەوە بووە،کە نوێنەرێکی نەبووە بۆ دۆزی سەربەخۆیی و پشتگيری زۆرترين کوردی هەبووبێت، یاخود ڕابەرێک بووە هەر زوو کوژراوە و زيندان کراوە، بەڵام ئێستا قۆناغێکی نوێيە و ڕابەری دۆزی سەربەخۆیی کوردستان دوای ئەنجامدانی ريفراندۆميش نەتوانرا لاواز بکرێت و لەناوببرێت. بۆیە دەبێت کار لەسەر ئەم هەل و گۆڕانکارييە بکرێت و بە هەندی وەربگرين.

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
ڕەنج نەوزاد

ئەرشیڤی بەڕێز: ڕەنج نەوزاد