ئاودێر لوقمان: کەسایەتی و ژیان نامەی قازی کوردان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قازى محەمەد لەساڵی 1900 لە شارى مەهاباد لەدایکبووە، باوکى بەهەمان شیوە قازى بووە و ناوى قازی علی، دایکى موکریانى بوو، یەکێک بووە لە خانمى خانەدانە ناوبانگەکانى ئەو ناوچەیە بە ناوى “فەیزوڵا بەگ” ەوە.

کەسایەتى
قازى محەمەد یەکێکە لە هەرە بەناوبانگترین کەسایەتیەکانى کوردستان، دامەزرێنەری کۆماری مەهاباد بووە. ئەو خاوەن ڕۆشنبیرییەکى فراوان بووە بەهۆى ئەوەى کەلە زانستەکانى شەریعەت و فیقهى ئیسلامى و ئاییندا شارەزابوو، جگەلە زمانی کوردی هەرسێ زمانى فارسی و تورکى و فەرەنسی بەباشی زانیوە، هەروەها شارەزایی لەزمانی ئینگلیزى و ڕوسیدا هەبووە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا کەسایەتیەکى سادەى هەبووەو لەلای خەڵکی شارو گوندەوە ڕێزی تایبەتی هەبوە، بەشێوەیەک کە خۆشەویستى لەدڵى هەموو ئەو کەسانەدابووە کە کەناسیونی و، هەروەها بەردەوام داکۆکیکارى مافی نەتەوەیی نەتەوەى کورد بووە.لەگەل ئەوەدا کە قازى محەمەد لە خێزانیکى خانەدان بووە، بەڵام هەرگیز لە ئازار و مەینەتیەکانى میللەتەکەى دانەبڕاوە، بەڵکو بەردەوام پەیوەندییەکى پتەوى لەگەڵ خەڵکە هەژار و نەدارانى میللەتەکەیدا هەبووە. هەروەها هەوڵى داوە کە کێشەکانیان چارەسەر بکات، لەهەمانکاتدا هەوڵى بڵاوکردنەوەى زانست و خوێندنى دەدا لەنیو میللەتەکەیدا بۆ ئەوەى بتوانن ڕووبەڕووى زۆر وستەمى داگیرکەران ببنەوە. بەهۆى نزیکى شارى مەهاباد لە سنورى یەکێتیی سۆڤییەتەوە، قازى محەمەد هەوڵیداوە کە پەیوەندییەکى بەهێز لەگەڵ سۆڤییەتدا دروست بکات، چونکە پێی وابوو کە گەلانى ئەو وڵاتە ئازادى خۆیان بەدەست هیناوە.

چالاکى سیاسی
لەسەرەتاى سییەکاندا قازى محەمەد بوو بەئەندامى پارتى خۆیبوون، کەلە ساڵى 1927 بە یارمەتى ئیحسان نورى پاشا داواى سەربەخۆیی کرد لە کوردستانى باکور، لەسالى 1944 کۆمەلەى ژیانەوەى کورد دروست بوو، ئەم کۆمەڵەیە سەرەتاى دروست بوونى پارتى دیموکراتى کوردستانى ئێران بوو کە دواتر قازى محەمەد بوو بەسەرۆکى، بەرنامەى ئەم پارتە لەسێ خالى سەرەکیدا کۆکرابۆوە کە بریتى بوو لە ئازادى بۆ ئێران، خودموختارى بۆ کوردستان، پیکەوەژیانى برایانە لەگەڵ نەتەوەکانى فارس و ئازەرى و تەواوى نەتەوەکانى دیکەى ئێران.

لە 1945/12/16 دا قازى محەمەد لە گۆرەپانى چوارچرا لە شارى مەهاباد جیابوونەوەى ناوچەى مورکیانى لە حکومەتى تاران ڕاگەیاند وهەروەها ئاڵاى ئێرانیان لەسەر باڵەخانەى قوتابخانەکان و فەرمانگاکان داگرت.
لە 1946/1/22 کۆمارى مەهابادى ڕاگەیاند، ئەو کاتەدا ناوچەکە بە بارودۆخێکى ئاڵوزدا تێدەپەرى، دواتر لەلایەن جەماوەرەوە قازى محەمەد وەک سەرۆک کۆمارى مەهاباد هەڵبژێردرا وەکو یەکەمین سەرۆک کۆمارى کوردستان ولە بۆنەیەکى شکۆمەندانەدا ئاڵاى کوردستانیان هەڵکرد کەلەهەرسی رەنگى سوور وزەرد وسەوز پێک هاتبوو.
بەهۆى گۆڕانکارییە سیاسی وئابورى وکۆمەلایەتییە ناوخۆیی ودەرەکییەکانەوە، لەتەمەنیکى کورتدا کۆمارى مەهاباد هەرەسی هینا، ئەوەش بەهۆى پلانگێڕى بەریتانیا وئەمریکا وئێرانەوە بوو، دواتر لە دادگاییەکى کارتۆنیدا بڕیارى لەسێدارەدان بۆ قازى محەمەد و هاوڕیکانى دەرکرا.

کۆچى دوایی
قازى محەمەد لە 31 ى ئازارى 1947 لەلایەن ئێرانەوە لە گۆرەپانى چوارچرا لەسیدارەدرا، بەلەسێدرارەدانى ئەم سەرکردەیە، خەباتى ڕزگاریخوازى کورد قۆناغێکى تێپەڕاند، هەرچەندە سەرکردەکە لەسێدارەدرا بەڵام بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى بەردەوام بوو.
دە خاڵ لە وەسیەتی پێشەوای شەهید قازی محمد، یەکەمین سەرۆک کۆماری کوردستان پێش لەسێدارەدانی:
1- بڕواتان بە خودا و ئەوەی لەلای خوداوە هاتووە (ما جاء من عنداللە) و پێغەمبەری ئەکرەم (درودی خوای لەسەربێت) هەبێ و، ئەرکە دینییەکانی خۆتان بە باشترین شێوە بەڕێوەببەن.
2- یەکێتی و هاوپێوەندی، ڕەمزی سەرکەوتنە. ئێرەیی و خۆفریودان وەلابنێن و لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی و خزمەتکردن دا لەگەڵ یەکتر کێبەرکێ بکەن.
3- زانست و ئاگایی خۆتان بەرنەسەرێ تا فریوی دوژمنان نەخۆن.
4- هیچ کات دوژمن بە دۆست مەزانن، چونکە دوژمنی نەتەوە و نیشتمان و دینتانە.
5- خۆتان بۆ چەند ڕۆژ ژیان لەم دنیا لەناوچووەدا مەفرۆشن. مێژوو سەلماندوویە کە دوژمن بە بچووکترین بیانوویەک دەست بۆ کوشتار و سەرکوت دەبا.
6- خەیانەت بە یەکتر مەکەن، نە خیانەتی سیاسی و نە خیانەتی ماڵی و گیانی و نامووسی، خەیانەتکار لەلای خوا و گەل ڕووڕەشە و، خەیانەت لە ئاکامدا بۆ خۆی دەگەڕێتەوە.
7- خودای نەخواستە هیچ کات مەبنە سیخوڕی بێگانە.
8- ئەو شوێنانەی لە وەسیەتنامەکەدا ئاماژەم پێ کردوون (مزگەوت، قوتابخانە و نەخۆشخانە) هی خۆتانن، بە باشترین شێوە کەڵکیان لێ وەرگرن.
9- واز لە شۆڕش مەهێنن تا لە ژێردەستەیی دەربازبن، ماڵی دنیا هیچ نییە، ئەگەر نیشتمانێکتان هەبێت، سەربەخۆییەکتان هەبێت و ماڵ و خاک و نیشتمانتان هی خۆتان بێت، ئەوکات هەموو شتێکتان دەبێت، هەم سامان و هەم دەوڵەت و هەم ئابڕو و هەم نیشتمان.
10- گومان ناکەم جیا لە مافی خودا (حق اللە)، مافێکی دیکە لە ئەستۆم بێ، سەرەڕای ئەمەش ئەگەر کەسێک هەستدەکات قەرزێکی بەلامەوەیە، بچێتە لای میراتگرانم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت