بورهان شێخ رەوف: حكومەتی نووستوو یان شانەی نووستوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی هەواڵەكانی موسڵ باسی دەكەن لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوەندی شاری موسڵ بە تایبەتی هەندێك لە گەڕەكە پێشكەوتوو ەكانی بوونەتە گۆڕەپانی چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی كە چەندین قوربانی لێكەوتۆتەوە كە دواینیان ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئاسایشی نیشتمانی كردە ئامانج و سیازدە قوربانی لێكەوتەوە لە نێوان كوژراو و برینداردا، پێش سێ‌ ڕۆژ لەو كردەوە تیرۆریستیەش لە شارۆچكەی مەخمور باشووری موسڵ ڕتڵێكی هێزەكانی حەشدی شەعبی كەوتنە بەر هێرش و كە دەیان كەسیان بوونە قوربانی.
جگە لەوانەش لە كۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوو لە ناوچەی ناوەندی كۆمەڵەی ڕۆشنبیری سەنتەری شاری موسڵ تەقینەوەیەك ئەنجامدار و بیست كەس زیاتر بوونە قوربانی لە نێوان كوژراو برینداردا.
هەموو ئەو كردەوە تیرۆریستیانە بووەتە مایەی نیگەرانی توڕەیی زۆر ی بەرپرسانی سیاسی و و ئیداری و ئەفسەرەكان و تەنانەت خەڵكی شارەكەش تەنانەت خەڵكی شارەكە دەڵێن ئەمانە نەك شانەی نووستوو نین بەڵكو شانەی هەمیشەیین چونكە ئەو ئامانجەی كە دیاریانكردووەو پەلاماریان داوە زۆر پێگەو جێگەی هەستیارو گرنگ بوون لە شارەكە چ لە حەشدی شەعبی و چ لە ئاسایشی نیشتمانیش و دەڵێن ئەو حكومەتی عێراقە نووستوە و ئاگای لە جموجوڵی تاقم و گروهە تیرۆریستیەكان نیە.
لە لایەكی ترەوە ئەم چالاكیانەی ئەم دوایی یەی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی ڕاستیەك بە بیری هەمووان دێنێتەوە هەر لە كۆمەڵانی خەڵكی عێراق بە كوردستانیشەوە تا ئەنجوومەنی نوێنەران حكومەتی ناوەندی سەرۆكایەتی كۆمار هێزو لایەنە سیاسیەكان مەرجەعیەتی سیستانی لە نەجەف و دواتر ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی و وڵاتانی ئیقلیمی كە چاویان لەسەر ناوخۆی عێراقەو هەریەكەیان ئامانج و مەبەستی خۆی هەیەو كاری لەسەردەكات كە تیرۆستان تا ئێستاش توانای نەخشەكێشان و پلانی كوشندەو جموجوڵی خێراو كاریگەریان هەیە لە هەركوێ بخوازن دەست دەوشێنن و وەكو بەرزەكی بانان بۆی دەردەچن بە ئاسانی.
لە هەمان كاتدا ئەم كردەوە تیرۆریستیانە هەموو ئەو لێدوان و بانگەشانەی خستە خانی گومان و نیشانەی پرسیارو جێ‌ ی سەرسوڕمان كە دەیانگوت سەركەوتین بە سەر داعشدا و كۆتاییان پێهات و هەر لە ترەمپەوە تاوەكو عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو.

هۆكارەكانی شكستی حكومەتی عێراق لە سەپاندنی ئارامی و ئاسایش لە مووسڵدا:
1- بوونی ناكۆكی و ململانێ‌ ی سیاسی نێوەدەوڵەتی و ئیقلیمی و وناوخۆیی لە موسڵ یەكێك لە كاریگەرترین هۆكارەكانی یەتی و بەتایبەتی ڕوداوەكانی سوریا كاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر موسڵ هەیە لە كاتێكدا ڕۆژبەڕۆژ گەمارۆكان لە سەر داعش لە سوریا بەرتەسك دەكرێتەوە دەكرێت ئەم هێرشانەی موسڵ بۆ كەمكردنەوەی فشاربێت لە سەر باغۆز.
2- نەبوونی خواست و بڕیارێكی ڕاستەقینە لە لایەن بڕیار بە دەستانی عێراقەو بۆ چارەسەری كێشەو قەیرانەكانی عێراق هەرچەندە لە ساڵی 2017 ەوە موسڵ ئازادكراوە بەڵام تائێستا ئەو پارێزگا گرنگەی عێراق گۆڕەپانی گەرمی ململانێكانە.
3- پڕنەكردنەوەی پۆستە وەزارییە هەستیارو گرنگەكانی وەكو وەزیرەكانی ی ناوخۆ وبەرگری و داد كە ئەمەش كەلێنێكی گەورەیە لە حكومەتەكەی عادیل عەبدولمهدی و وادەكات حكومەتێكی لاواز بێت و نەتوانێت ئەرك و كارەكانی بە تەواوی ڕاپەڕێنێت و بۆی هەیە لە هەر ئان و ساتێكدا بارودۆخی ئارامی و ئاسایش هەرەس بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ چوار گۆشەی یەكەم.
4- قۆرخكردنی هەندێك پۆست و پلەی ئاسایش لە لایەن هەندێك كەس و لایەنەوە كە لە ڕابردوودا مایەی شكست و داڕمانەكان بوون ئێستا كاتی ئەوەیە لاببرێن و دادگایی بكرێن.

ئامانجەكانی تیرۆریستان لە م كردەوانە:
1- گەیاندنی مەسجێكە كە هێزەكانی ئاسایش هێشتا لە ئاستی پێویستدا نین بۆ پاراستنی ئارامی بە هۆی فرە مەرجەعی و نەبوونی ناوەندێكی بەهێزی هەواڵگری وهەماهەنگی.
2- كردنە ئامانجی شوێنە پێشكەوتووەكانی شارو سەنتەرەكەی مەبەست لێ‌ ی توڵەسەندنەوەیە لێ‌ یان و سزادانیانە.
3- بڵاوكردنەوە گومان لە نێوان هاوڵاتیان و هێزەكانی ئاسایش كە لە ماوەی ڕابردوودا بە جۆرێك لە جۆرەكان متمانە دروست كرابوو لە نێوانیاندا.
لە كۆتاییدا ڕاستی یەكی حاشا هەڵنەگری دی خۆی نمایش دەكات ئەویش ئەوەیە تا ئێستا كارگەی دروستكردنی بۆمبڕێژكردنی ئۆتومۆبیل لە ناوشاری موسڵدا هەیە چونكە ئەو هێرشانەبە ئۆتۆمبیلی بۆمب ڕێژكراو ئەنجامدرابوون.
هەروەها ڕزگاردنی سێ‌ یەكی خاكی عێراق لە دەست تیرۆریستانی دەوڵەتی ڕەشپۆشی ئیسلامی داعش لە ساڵی 2017 هەر لە خۆڕا نەبوو بەڵكو بە فیداكاری قوربانیەكی زۆری خەڵكی عێراق بو و بە هەموو پێكهاتەكانیەوە لە كوردو عەرەب و توركمان و ئاسوری و پێشمەرگەو حەشدی شەعبی و سوپاو جگە لە تێچووی دارایی و مالی سامانی عێراق و كۆمەكی هاوپەیمانان كە ناكرێت و نابێت لە بەرچاو نەگیرێت ئەگەر ئەوان نەبوونایە زۆر ئاسان نەدەبو و ئەم شەڕە یەكلاكردنەوەی، بۆیە ئێستاش ناكرێت وانبێت وا بە ئاسانی جڵەو شل بكرێت بۆ سەرهەڵدانەوەی ڕەوت و تاقمی توند ئاژۆی لە شێوەی داعش و ئەلقاعیدە.
بە تایبەتی لە ئێستا كە زۆرێك لە دیلەكانی داعش كەلای هەسەدەن و ڕۆژانە ڕادەستی عێراق دەكرێنەوە تاقم تاقم پێویستە ڕووبەڕووی داداگا بكرێنەوەو توندترین سزایان بەسەردا حێبەجێ‌ بكرێت بۆ ئەوەی لە داهاتودا كەس زاتی ئەوەنەكات پەیوەست بێت بە ڕەوتی وا مەترسیدارەوە كە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بخاتە مەترسیەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت