بورهان شێخ ڕەئوف: دەستگیر کردنى دزەکان ئارامى دا بە دڵان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر چى دزى دیاردەیەکى جیهانی یە و هەڕەشە لە ئارامى و سەقامگیرى دەکات لە زۆربەى وڵاتانى پێشکەوتوویشدا کە خاوەنى تواناو تەکنیکى زۆر پێشکەوتوویشن .
دزى واتە بردنى ماڵى خەڵکى تر بە نهێنى و بەبێ ئاگادارى خاوەنەکەى کە ئەمەش بە گوێرەى یاسا تاوانەو سزاى قورسى لە سەرە، دزى جۆرى تریشى هەیە لەوانە گەندەڵى و فڕو فێڵ و تاڵان کردن و جەردەیى و… تد.
بۆیە لەزۆربەى ئایینەکاندا بە تایبەتى ئیسلام و یەهودى بە تاوانى گەورە ئەژمار دەکرێت تەنانەت سزاکەى دەستنیشان کراوە بە دەست بڕین.
ئەوەى 12 ئازارى 2019 لە سەنتەرى شارى سلێمانى و بە ڕۆژى ڕووناک ڕوویدا دزین و ڕفاندنى بڕێکى زۆر لە پارە کە ملیارێک دووسەد ملێۆن دینار بوو مووچەى کارمەند و پزیشک و فەرمانبەرەکانى نەخۆشخانەى شار بوو لە سلێمانى ئەو نەخۆشخانە جوان و تازەى کە دواى ساڵانێکى زۆر بنیاتنراو دواترتەواو کرا کە یەکێک لە سیما جوان و ناوازەو خزمەتگوزارییەکانى سلێمانیە، تر س و دڵە ڕاوکێیەکى زۆر ى لە نێو خەڵکى شار بە هەموو چین و توێژەکانى یەوە بڵاوکردەوە ، ئەوەى کە لە ساڵانى ڕابردوو دا دەستەڵاتى سلێمانى و دامودەزگاکانى ئاسایش و پۆلیس شانازییان پێوەدەکرد ئارامى و سەقامگیرى بوو لەم دەڤەرەدا سەرەڕاى هەموو گلەیى و گازاندەکان، ئەم تاوانە نەگریسە هەموو ئەو سەروەرى و ئەرک و شەونخوونى و قوربانیدان و کۆڵنەدانەى هێزەکانى ئاسایش و پۆلیس خستە ژێر پرسیارەوە.
بەڵام ئەوەى زۆر درێژەى نەکێشا و بۆ ماوەى کەمتر لە شازدە سەعات هێزەکانى ئاسایش و پۆلیسى سلێمانى و دژەتیرۆر و هەموو دامو دەزگا ئەمنییەکانى سلێمانى ئەو نیگەرانیانەیان ڕەواندەوەو تاوانبارانى ئەو تاوانە نەگریسەیان دەستگیر کرد وڕاپێچى بەردەم داداگاى کردن و هەموو پارەکەیان گەڕاندەوە بۆ نەخۆشخانەى شار. بەڵێ بە دەستهاتنى خێراى هەموو ئەو هێزانە لەو ماوە کورتەدا ئاماژەى دڵخۆشکەرن کە هێزێک هەیە پەروەردە ى دروست کراوە و خاوەنى ئاکارو دیسپلین و خەمخۆرى هاوڵاتیان و ئەوان پێمان دەڵێن ئێوە بنوون ئێمە بێدارو پاسەوانى سەروماڵى ئێوەیەن تەنها هاوکارمان بن چیتان دى نامۆ بوو بە داب و نەریت بە یاسا بە ئارامى ئاگادارمان بکەنەوە ئێمە چەند بە هێزوو هۆشیار بین هەر پێویستمان بە کۆمەک و هاوکارى و ڕێنوێنى هاوڵاتیان هەیە.

پەندەکان لەم تاوانە:
ئەوەى دەکرێت بکرێتە پەند لەم تاوانەو سوودى لێ وەر بگیرێت ئەوەیە جارێکى تر ژمێریار و فەرمانبەران و ئەو لیژنانەى کەدەچن لە بانکەکانەوە مووچە وەربگرن بە تایبەتى بڕە پارەى ئاوا زۆر نابێت و ناکرێت بە بێ پاسەوان و هێزى تایبەتى پۆلیس و ئاسایش و ئۆتۆمبیلى تایبەت بە گواستنەوەى پارە ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدرێت و ئاوا بکرێتە پاروویەکى ئاسان بۆ تاقم و باندە دزوو چەتەکان.
لە لایەکى تریشەوە ئەم تاوانە هۆشداری ئەوەمان پێ دەدات کە ئیتر کاتى ئەوە هاتوو سیستمى بانکى و مووچە لە هەرێمى کوردستان گۆڕانکارى گەورەى بە سەردا بکرێت و ئەو سیستمە کۆنە کە لێرە کارى پێدەکرێت ئیتر کۆتایى پێ بهێنرێت و هەموو ى بکرێت بە سیستمى کارتى زیرەک و کە لە هەموو ئەو کێشەو ئاریشانە ڕزگارمان دەکات و بانکەکانیش زیندوو دەبنەوەو متمانەیان بۆ دەگەڕێتەوە.
لە هەمان کاتدا ئەوە ى بەرپرسەکانى ئاسایش و پۆلیس ڕایانگەیاند کە تاوانبارەکان لەو تاوانبارانەن کە ئەمە جارى یەکەمیان نیە و پێشینەى زۆریان هەیە لە ڕابردوودا لە ئەنجامدانى تاوان و کوشتن و بڕین و تێکدانى ئارامى و بێزارکردنى خەڵکى ئەم وڵاتە بۆیە پێویستە دەستەڵاتى دادوەرى زۆر بە وردى و وریاییەوە یاسایان بەسەردا جێ بەجێ بکات و هیچ ئاسانکارى و بەزەییەکى بە تاوانبارى لەو جۆرەدا نەیەتەوە لە هەمان کاتدا پێویستە دەستەڵاتى یاسادانانیش واتە پەرلەمان یاساى توند و سزاى قورس دابنێن بۆ تەمبێ کردنى هەموو تاوانبارانەو ڕێگرتن لە یاساى لێبووردنى گشتى و تایبەتى بۆ ئازادکردنى تاوانباران کە لە ساڵانى ڕابردوودا و لەز ۆر بۆنەى جیاجیا دا لیچبووردنى تایبەت و گشتى دەرکراوەو دواتر تاوانبارانیش گەڕاونەتەوە بۆ ئەنجامدانى تاوا ن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت