بەهرۆز جەعفەر: جەلالى سام ئاغا: سەلماندى شۆڕشێک بە تەنها ئەکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم نووسینە بۆ “مێژوو” ە، مێژوویەک کە ئێمە نامێنین و، هەزاران خوێندکارو ڕۆڵەى کورد پێویستى بە سەرچاوەى زانستیە ئاخۆ دواى ئەنفال و گازبارانەکەى ساڵانى هەشتاکانى سەدەى بیستەم، کاتێک بارودۆخى ناوچەیی دەرفەتێکى داو،حوکمڕانى کوردى دروست بو، کوردەکان لەباشورى کوردستان چۆن چۆنى حوکمڕانیان کردووە؟. کامانەن ئەو کاراکتەرو کارە گەشانەى لەو ماوەیەدا کورد هەیبوە؟!.
زۆرن ئەوانەى مێژوو ئەنوسنەوە، دەگمەنیشن کە “مێژوو” ئەیان نوسێتەوە، ئەودەمەى کاک جەلالى سام ئاغام ناسى، خوێندکارى قۆناخى ئامادەیی و، کادرێکى هاکەزایی حیزب و، ڕۆژنامەوان و ڕەخنەگرێکى ناو میدیاى “نوسراو” بوم، ئێستا کە ئەمەوێ هەڵسەنگاندنێک بکەم لەدوایین ساتەکانى تەواوکردنى خوێندنى دکتۆرادام و، سەرۆکى ناوەندێکى توێژینەوەى هەرێمایەتیم بە سێ زمان لە سنورى دەریاى ناوەڕاست کارەکانى خۆى ئەکات. ئاشنابون و، مامەڵەکردن لەگەڵ کاک جەلالى عومەرى سام ئاغا بە تەنها میحوەرێک نییە. تەنها ئەو سووچەى نییە کە سام ئاغا چ ڕۆڵێکى لە بەگژاچونەوەى گەندەڵى دا گێڕاوە، بەڵکو لەم ناساندنەدا پەندو وانە هەیەو، ئەکرێت هەڵسەنگاندنەکە پۆلێن بکەین بۆ ئەم خاڵانەى لاى خوارەوە:

یەکەم: شۆڕشێک بەتەنها کەسێکیش ئەکرێت
یەکەمین وانەیەک لە “جەلالى سام ئاغا” ەوە فێرى بین ئەوەیە کە ئەکرێت مرۆڤ کارى حیزبیش نەکات و، سەر بەهیچ کوتلەو گروپێکى سیاسی و ئایدۆلۆژجى نەبێت و، لەهەمان کاتدا کاراکتەرێکى حیساب بۆکراو و کاریگەریش بێت، بتوانێت خزمەتێگى گەورە پێشکەش بە میللەتەکەى و، بە تاکەکانى کۆمەڵگەیەک بکات. مرۆڤ ئەتوانێت بەتەنها شۆڕشێک بەرپا بکات لاى خۆیەوە، ئەتوانێت خۆى بکاتە چەقێک بۆ ڕاستگۆیی و ئەوانى تر بەرەو خۆى ڕابکێشێت. نزیکەى نیو سەدە کارى ئیدارى ئەم پیاوە ئەزمونى جۆراوجۆر هەیە، دیارترینیان ئەوەیە کە سەرۆکى دەزگاى چاودێرى داراییە، بەگژى ئەو پیاوە پۆخڵانەدا ئەچێتەوە کە بە گیرفانى خاڵى لە شاخەکانەوە دواى شۆڕش دێنەوە شارەکان و، زەوى و شاخ و داخ و بیرە نەوتەکانى کوردستان ئەڕەتێنن و سامانى گشتى بۆ مەرامى تایبەتى بەکاردێنن، لە دارستانێکدا بەگژ لێشاوێک لە پیاوە گەندەڵەکانى دەستەڵاتدا ئەچێتەوە کە لەدواى ڕاپەڕینەکەى (1991) ەوە لەبرى ئاوەدان کردنەوەو بونیادنانى دامەزراوەکان جەستەى نیشتیمانیان هەللا هەللا کردوە!.
ئێمە ئەو سەردەمانە سەرەتاى دەم کرانەوەو ڕەخنەگرتنمان بو، لە هەر کونجێکەوە گەندەڵکاران مۆڕەیان لێ ئەکردین، شوێنێکى حکومڕانى کوردستانیان بە ساخڵەمى نەهێشتبوەوە، ئێ وەختێک ئەچینە دائیرەیەک بەناوى “سەرۆکایەتى دیوانى چاودێرى دارایی” لە پرسگەکەیەوە هەتا ژوورەکەى خۆى چەندین جار هەستمان بە ” ئاه و ئۆخەیشێک ئەکرد، کە هێشتا هەناسەیەک ماوە، هێشتا شوێنێک هەیە تەندروستە و، نەیهێشتوە دەستى گەندەڵکاران حەرەمەکەى ببەزێنن. کۆکردنەوەى نزیکەى (2760) ڕاپۆڕتى ووردبینى کراو لەسەر گەندەڵى و بەهەدەردانى دارایی لە هەرێمێکى چکۆلانەدا لەماوەی کەمتر لە (8) ساڵدا جورئەتێکى ئەوێ کە “جەلالى سام ئاغا” کردویەتى، تیایدا دەیان سەرى گەورەى حیزب و حکومەت هەیە، تیایدا گێڕانەوەى ملیارەها دینارو ملیۆنەها دۆلار هەیە لە قۆڕگى گەندەڵکارانەوە بۆ قاسەى میللەت. گرنگیەکى ترى ئەم کارە لە چوارچێوە مێژووییەکەى خۆیدا ئەوەیە کە “جەلالى سام ئاغا” ئەو سەردەمانە یەکەمین ئەو کەسانەیە کە خەنجەرى لە کالا دەرهێناوە دژى فەرمانڕەوایی دزەکان، یەکەمین گوللە ئەو هاوشانى ئەو ڕۆژنامەنووسانەى بە پەنجەى دەست ئەژمێردران تەقاندى دژى پەتاى گەندەڵى. دواتر لێرەو لەوێ گروپى ناڕازى یان حیزبى ئۆپۆزسیۆن! دروست بون بەڵام ئەمانە بە نیەتى سیاسیی و مەرامى پلەوپۆست ڕەخنەیان لەگەندەڵى ئەگرت (دواتریش ماهیەتى هەمویان دەرکەوت).

دووەم: پارەو پۆست هێماى خانەدانى و بەگزادەیی نییە
لە کەلتورى کورددا، وا باوبوە کەسێک دەستەڵاتى هەبوبێت، یان ئەو چینانەى هەر کۆمەڵگەیەک کە پێیان وتراوە ” ئەریستۆکرات- نەجیبزادەکان”، وە یان دەستەڵاتدارانى هەرشوێنێک، ئیتر ئەو کەس و کەسایەتیە پێویست بووە سێ و چوار گەنج قیت لە خوارى ماڵەکەوە وەستابن چاوەڕێى بچوکترین فەرمان بن، یان دەوار هەڵبات و هەموو ڕۆژێک خەڵک لەسەر سفرە کۆبکاتەوە، یان کۆمەڵێ پاسەوان و، عەشیرەتەکەى دەورى بدەن، تەنانەت تا بەروارى ئەم نوسینەش پێوەر بۆ “حیساب بۆکردن” لە کۆمەڵى کوردیدا بریتى یە لە بونى خانوو ڕەتڵە سەیارەو پۆست و عەشیرەت وکۆمپانیا (دیارە هەمووشى لەسەر حیسابى خەڵکى ڕەشوڕووت)، بە بڕواى ئێمە ئەم خاڵە کۆمەڵگەش تیایدا تاوانبارە لەوەى کورد هەنگاوى بەرەو “دامەزراوە- موئەسەسات” نەناوە. لەکاتێکدا بەدرێژایی ماوەى تەمەنى جەلالى سام ئاغا ئەبینیت ئەم بینین و نیگایەى هەڵگێڕاوەتەوە، کە ناوبراو نەک پاسەوانى نەبووە، لەکاتى دەستلەکارکێشانەوەکەى “پلەکەى وەزیربووە” کە پێى یاسا بۆى هەیە ئۆتۆمبیلێک و چەند کەسێک و شۆفێرێک لەگەڵ خۆى ببات، نە ئۆتۆمبیل و نە شۆفێریشى لەگەڵ خۆى قبوڵ نەکرد. دەیان کەس ڕووى کردبایە ماڵەکەى، هەمیشە خۆى قاوەو ئاوى بۆ ئەهێنان و خزمەتى ئەکردن.
جەلالى سام ئاغا، کە دەست لەکارئەکێشێتەوە، هۆیەکەى ئەوەیە دەستەڵاتى سیاسیی لە گەندەڵکاران ناپێچێتەوەو سزایان نادا، هۆیەکەى ئەوەبو کە لە هەرێمى کوردستاندا دامودەستگەى قەزایی و داواکارى گشتى حیزب کۆنترۆڵى کردون و، گەندەڵکاران وەک بەرزەخى بانان بۆى دەرئەچن. لەنامەى دەستلەکارکێشانەوەکەدا دوو دەستەواژەى گرنگ هەن، یەکێکیان ئەڵێت : “من جسمێکى غەریبم لەناوتانا” ئەم سایکۆلۆجیەتى نووسینە ئەوە ئەگەیەنێت لەم سەردەمەدا ئەوەى دزى و ڕاوڕووتى نەکات غەریبە لەناو کۆمەڵگەى کوردى و کایەى حوکمڕانى دا. دەستەواژەى دووەم لەنامەى دەستلەکارکێشانەوەو ماڵئاواییەکەى دا بۆ دەستەڵاتى کوردى ئەنوسێت ” شەرفمەند نیم بە وەزیفەکەتان”…ئەمە ماناى بێمنەتى و ڕاشکاوییە.

سێهەم: شەرم کردن لە داواکردنى هەر شتێک بۆ خودى خۆت
ساڵى (2009) کتێبى “ململانێکانى نێوشۆڕشى ئەیلول” م نووسى، کە لێکۆڵینەوەیەکى مێژوویی- سیاسیە، ئەوکاتانە ئەو پیاوانەى لە شاخ و لەسەر ژیانى خەڵک شۆڕش! یان بەرپاکردبو، دواى ڕاپەڕینى خەڵکى کوردستان لە ساڵى (1991) و، دواتریش دواى ڕووخانى ڕژێمى سەدام حوسێن پارەى زۆرو زەوەندیان کەوتبوە دەست، زۆر ڕق یان لە ئێمەى گەنج ئەبویەوە، بەتایبەتى ئەوانەشمان کە تازە دەستمان قەڵەمى گرتبو. بۆیە بۆ چاپ کردنى ئەو کتێبە هیچ هاریکارییەکیان نە ئەنواند، وەختێک بڵاوبۆیەوە بۆ هەریەکەیان نوسخەیەکمان خستە سەر مێزەکانیان. ئەو دەمانە بەرپرسى کورد زۆربەیان دارودەستەو چەندین پرسگەو ئەملاولایان هەبو، دەگمەنیان هەبو خۆى لەسەروو هەموو شتێکەوە دا نەنا. بۆیە ڕۆژێکیان تەلەفۆنێک کرا !. “ئێمە لە نوسینگەى کاک جەلالى سام ئاغاوە قسەئەکەین، کەى کاتت ئەبێت سەردانێکى دیوانى چاودێرى دارایی بکەیت؟…ئاغا…؟. سەرۆک..؟… دیوان؟. حەقیقەتێک بۆ مێژوو بگێڕمەوە کەم کەس هەیە لە مێژووى حوکمڕانى کوردیدا تۆزێک ناوبانگى هەبوبێ و، دەستى دوو گەنجى گرتبێ…هەموو ئەوانەمان کە داواى دەستگرتنمان لێ ئەکردن، لەباتى ئەوە پاڵێکیشیان بەرەو چاڵەکان پێوە ئەناین…
ڕۆیشتتینە دیوانە پاکو خاوێنەکەى چاودێرى دارایی، چوینە ژوورەکەى “سەرۆک”…!… مێزو کورسى باو نییە..!. تابلۆیەک هەڵواسراوە بەزمانى عەرەبى نوسراوە ( یبقى المسۆول قویا حتى یگلب شیئا لنفسه) واتە بەرپرس بەهێزە تا ئەوکاتەى داواى شت بۆ خۆى ئەکا، کاتێک بەرپرسێک داواى هەر شتێک بۆخۆى بکات ئەوە “هێز”ى خۆى لەدەست ئەدات… ئا…ئینجا لەولاترەوە تابلۆیەکى ترى عەرەبیمان بینى نوسرابو (السخاء ڕن تکون بمالک متبرعا و عن مال غیرک متورعا) یانى سەخاوەت ئەوەیە دەستت لەماڵى خۆتا کراوەو بۆ ماڵى خەڵک گیر بێت. دیمەنى ژوورەکەو فەرمانگەکە پرسیارى دروست ئەکرد!. ئەوە تومەز پرسیاری کردووە، ئەم کتێبە کێ هێناویەتى؟. گوتویانە کوڕێکى مناڵکار!… کتێبى مێژوویی و ناکۆکیەکانى شۆڕشى ئەیلول!؟… ئیتر لێرەوە تێگەیشتم کە ئەمى پیاوە واى لێکداوەتەوە کە مناڵکارێک ئیمڕۆ کتێبێک بنوسێ سبەى شتێکى دیکەش ئەکات…لێرەوە زانیمان ئەم لەوحەیەى هەڵواسراوە ئەم کاراکتەرە بە جددییەتى و، داواى مافى خەڵکى ئەکات.
تێگەیشتین کە ئەم پیاوە لە نەوەدەکانى سەدەى بیستەمدا، کاتێک جێگرى وەزیرى دارایی بوە، بە نوسراوى فەرمى داواى کردووە کە “مووچەکەى زۆرەو، کەمى بکەنەوە”. دواتر خانوەکەى خۆى کە دەیان ساڵ پێش ئەوەى حکومەتى کوردى دروست بێت دروستى کردووە لە باشترین شوێنى شارا ئەبەخشێت بە وەزارەتى تەندروستى، ئەو زەوى و موڵکانەشى هەیەتى و بۆى ماوەتەوە، ئەیفرۆشێ و، پارەکەى ئەخاتە بانکەوە، تا هەتایە ساڵانە قازانجى ئەو پارەیە ئەدرێت بە خانمە سەلارو کارمەندە سەرکەوتووەکانى دیوانى چاودێرى دارایی، پاشان بە پێى زەمەن بینیمان خوالێخۆشبو ” ئەختەر خان”ى خوشکى کە خاوەنى شووققەیەک بو لە شوێنێکى پاک و گونجاوى شاردا، دواى کۆچى دوایى مێردەکەى هەر لەماڵى کاک جەلال ئەمایەوە، دواتر ئەو شووققەیەشیان دا بە وەزارەتى پەروەردە تا بیکەنە دایەنگە بۆ مناڵە چاوگەشەکانى شار و، تا کۆچى دوایی “ئەختەر خان” لەو ماڵەى کاک جەلال مایەوە کە کراوە بە ناو وەزارەتى تەندروستییەوە.
ئینجا بینیمان ئەمانە بنەماڵەن و، نەجیبزادەن، هەر ئەو سەردەمانەى کە لەناو کورددا خوێنەوارو مامۆستاو کەم بوە، خوشکێکى دیکەیان ” زەکیەى عومەرى سام ئاغا” لە شەستەکانى سەدەى بیستەمدا مامۆستا بووەو، چەندەها رۆِڵەى شارى پێگەیاندووە، ئینجا لەسەر ئەرکى بنەماڵەکەیان بەسەرپەرشتى ئەم کاک “جەلالى سام ئاغا” یە خوێندنگایەکى نمونەیى لەو سەردەمى قەیرانى داراییەدا لە ساڵى (2018) ەدا دروست ئەکەن و، بەناوى “قوتابخانەى زەکیەى عومەرى سام ئاغا” ڕادەستى وەزارەتى پەروەردەى ئەکەن. ئیتر ئەمانە چەند مەڵۆیەکن لەو خەرمانەى کە ئەکرێت جەلالى سام ئاغاى پێ بناسین وەک منارەیەکى بەرز و ڕاستگۆ لەو پەیامەى هەڵیگرتووە. لە ساڵى (2007) ەوە تا (2019) دەیان وتارمان لەسەر کاک “جەلالى سام ئاغا” نوسیوە، سەدان سەردان و هەزاران تەلەفۆن و گفتوگۆمان پێکەوە بووە، هەموو ئەوەى لەو ماوەیەدا ڕووى داوەو وتراوە تەنها بۆ کاتى خۆى بووە. بەڵام ئەوەى لە کۆتاییدا ئەنوسرێ وەک ئەم نوسینە بۆ مێژوو ئەمێنێتەوە، ئەمێنێتەوە چونکە تاقە کەسێک جاڕى شۆڕشێک دژى گەندەڵکاران ئەدا بێ هیچ مەرامێکى شەخسى و سیاسیی، ئەمێنێتەوە چونکە ڕاستە ئێمەى ڕۆژنامەنوسان و ڕەخنەگران و کارمەندەکانیش شانبەشان پارێزەرى ڕاپۆرتەکانى دیوانى چاودێرى دارایی بوین، وەلێ ناخى نەجیبزادەیی و پاکى هەر لەخودى جەلالى سام ئاغا خۆیدا بو. نە پێش ئەو و نە دواى ئەویش شتێکى پراکتیکى نەبوو وە نەما بۆ ڕاگرتنى تاڵانکردنى داهات و سەرمایەى کوردستان.

کۆتایی: ئەوەى باقى بمێنێ هەر ناوە
بە درێژایی ماوەى تەمەنى جەلالى سام ئاغا، لەو زەمانەى کە کوردایەتى قەدەغەیەو ئەو چالاکى پێشمەرگانە ئەنجام ئەدات تا ئەگاتە ئەوەى وەک منارەى دەستپاکى و هێماى بەگژاچونەوەى گەندەڵى بناسرێت و، ببێتە پێشەنگ لە بەخشین و، خۆش مەشرەبى لە مەجلیس و دانیشتن و، هێمن و لەسەرخۆ لە مامەڵەکردن و، ڕاشکاوو ئازا لە ڕووبەڕووبونەوەو، ژیر لە نمونە هێنانەوەى جۆراوجۆر، بەهێز لە بەڕێوەبردن و کاردا کە هەمیشە دەستێکى چەکوش و ئاسن بووەو دەستەکەى تریشى پاداشت و میهرەبانى، تەنانەت ئەو گۆرانیانەشى لەماڵەکەى خۆیدا گوێى بۆ ئەگرتن هى سەردەمى هیچوپووچ بونى مرۆڤ نەبو، بە پێچەوانەى زۆربەى خەڵکەوە ئەو گوێى لەو دەنگانە ئەگرت کە لە سەردەمى بەرەنگاربونەوەو جوانناسى و خۆشەویستى دا چڕیویانە، بۆ نمونە: قەرید ئەتڕەش و ئوم کەلسوم و ئەسمەهان ئەتڕەش و…تادوایی کە ئەوانە هەمویان لە ساڵانى سیەکانى سەدەى بیست بەدواوە ژیاون و گۆرانیان وتوە.
هەموو ئەو خاڵ و دێڕانەى لەسەرەوە باسکران، هۆى ئەوە بو کە چ ئێمەمانان و چ تەواوى میدیاى کوردى و، چ حیزبە سیاسیەکان، وەک ئەوەى تێکڕا عەجایەبیان بێت شتێکى وا هەیە لەناو کوردو کوردستانا، کت و مت ئەمە هەنگ دۆزینەوەیە لە کلۆرە داردا. هەرچەند سەیرى ئەکەیت و، ئەیهێنى و ئەیبەیت، ئەمە پیاوێکە ئەوە ئەهێنێت بۆ مێژوو باسى بکەیت و لەسەرى بنوسیت، نەک لە پێناو جەلالى سام ئاغادا، بەڵکە لەپێناو ئەوەى چوار کەسى دیکەش چاو لەم پیاوە بکەن و، فێر بن بەتەنها دارێک لە بەردەم ماڵەکەی خۆیاندا نەڕوێنن بەڵکو هەوڵ بەن باخچەیەک بۆ تەواوى کۆمەڵگا دروست بکەن.
ئەمە بۆیە هەموو سیفەتانەى سەرەوە واى لە “جەلالى سام ئاغا” کردبو، هەندێ جار ماڵەکەیمان ناونابو “ساڵۆنى سیاسەت”، لە یەک کاتدا یەکێتى و پارتى و پەکەکەو کۆمەڵەو حسک و ئیسلامى و گۆڕان و شیوعى و دیموکرات و….تادوایی سەردانیان ئەکرد، ڕاوێژیان پێ ئەکرد، داوایان لێ ئەکرد ببێتە نێوبژیوان و، ڕێگە نەدات نێو ماڵى کورد ترازانى زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. مام جەلال تاڵەبانى تا لەژیاندا بو داواى لێ ئەکرد دەستلەکارنەکێشێتەوەو، لەپۆستەکەى خزمەتى زیاتر بکات، نەوشیروان مستەفا پێش کۆچى دوایی کاندیدى ئەکرد ببێتە وەزیرى دارایی حکومەتى هەرێم ڕەتى ئەکردەوە، میدیاکاران ناویان ئەهێنا وەک کەسایەتیەکى بێلایەن پۆستى سەرۆکى هەرێمى کوردستان وەربگرێت، ماڵى بارزانى داواى لێ بکەن هاوکاریان بێت لە ڕاستکردنەوەى بارى لارى حوکمڕانى کوردستان و، وەزیرى پەروەردە لەناو ماڵەکەیاندا بە پێش چاوى هەمومانەوە بڵێت:” ئێمە لەهەولێرەوە حەسوودى بە سلێمانى و کاک جەلالى سام ئاغا ئەبەین”…و…هەتا دوایی. هەموو ئەمانە وایان کردبو جەلالى سام ئاغا وەک خاڵێکى درەوشاوەو گەش لەناو لاپەڕە ڕەشەکانى مێژووى حوکمڕانى کوردیدا هەمیشە جێى باسوخواست بێت، ئیتر وەک حاجى قادرى کۆیی ئەڵێت: “مەرگ و ژین میسلى سێبەرى تاوە، ئەوەى باقى بمێنێ هەر ناوە”.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت