كارۆخ عوسمان: حزبایەتی لەشێوەی نیكاحدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەپێشدا با بپرسین ئاخۆ كام حزبی كوردستان لەگشت قۆناغە جیاوازەكان حزبی پێش خۆی تێپەڕاندووە؟
ھەر لەمەسەلەی دیسپلین، جێبەجێكردنی مەبادیئ و پەیڕەوی ناوخۆ، ھەتا دەگاتە پڕۆتۆكۆڵە سیاسیەكانی ناو حزب. لەمێژووی حزبایەتی كوردستاندا ھیچ حزبێك نەبووە چەندینجار پێچەوانەی ئەجێندای ئەوەلی خۆی، خوار نەڕۆیشت بێت.
تا ئەم ساتەش ھیچ حزبێك نەبووە دەستورو پەیڕەوی ناوخۆیی پێشێل نەكردبێت. ھەربۆیەش لەحكومڕانیدا ڕاھاتوون كە پێشێلی دەستورو یاسا بكەن، بەم پێشێلكاریە بەردەوامانەش نە خەڵك ئاسودەكراوە نەخاكیش پارێزراو بووە. ئەسڵی قسەكەمان تێنەپەڕاندنی ئەویترە، واتا حزبەكان نەیانتوانیوە یاخود بەئەنقەست نەیانویستووە بەتەواوی لەوانی پێش خۆیان جودابن، جودایی لەجەوھەری ئەجێنداو پێگەیاندنی نوخبەیەكی تێگەیشتووی مۆدێرن.
تەواوی ئەحزابی سیاسی كوردی مەكتەب یاخود ئۆفێسێكی ڕێكخستنیان ھەیە بەڵام تاكی ئەندام بەسەلیمی ڕێكناخەن، ڕێكی ناخەن: بەو واتایەی كە ببێتە كاراكتەرێكی كاریگەری مەیدانەكە، بەڵكو بەجۆرێك تێیدەگەیەنن كە ئیتاعەی حزب كاری ئەوەلی و واجیبە، ھەرشتێك یاخود كەسێكیش ھاوڕانەبێت لەگەڵ حزب بەدوژمن دەبینرێت.
لەناو گشت حزبەكاندا، (بەنیسبەوە) لەمپەڕ لەبەردەم تێفكرینی خودی تاكی ئەندام دادەنرێت، ئەوكات ئەندامی حزبەكە جگە لەئاراستەكردنەكەی ناتوانێ بەھیچ لایەكیتردا بڕوانێت، ناوێرێت ئاستی بیركردنەوەی حزبەكەی تێبپەڕێنێت، وەناشزانێ لەدەرەوەی حزبەكەیدا چیتر ھەیە، بەھۆی جۆشدانە ناتەندروستیەكەشی تەنانەت لەچواردەوری خۆی زیاتر ھیچ خولێكیتر نادات. بەجۆرێك توێنراوەتەوە مەعدەنێكی لێ بەرھەمھاتوە بەخواستی حزب، ئەم تێڕوانینە بۆ لە 85٪‏ی ئەندامانی حزبەكان ڕاستە.
چۆن نیكاح و زەواج گرێدەدرێت پابەندبوونی ئەندامی حزبەكانیش بۆ گشت بڕیارێك ھەروایە.
ئەندام وا تێگەیەنراوە كەبەرھەڵستیكردنی تەنھا بڕیارێكی حزب كە لەئەسڵدا پێشێلێكی ڕەھای پەیڕەوە بەخیانەت دێتە ھەژمار، یان جیابوونەوەی ئەندام لەحزب وەك جیابوونەوەی نێرو مێی نێو ئایینی مەسیحیە.
ھەرچەندە جیابوونەوەی نێرو مێ لەشەریعەتی ئەدیانی سەماویدا ڕێی پێدراوە بەڵام بەچاوێكی كەمەوە سەیریش دەكرێت، لەناو حزبە كوردیەكانیشدا جگە لەسەیركردنە كەمەكە تەنانەت پەلاماریش دەدرێت و تەشھیرو سوكایەتیشی پێدەكرێت.نبۆیە ئەندامێتی لەحزبدا بەگرێبەستێكی نیكاحی وەسف وەردەگرێت كەخودی ئەندامی حزبەكەش بەو جۆرە نیكاحە حزبایەتیە ڕەزامەندەو بەنیسبەی ئێجگار زۆری كۆمەڵگە ڕەوایەتی بەمجۆرە لەكاری حزبایەتی دەدەن.
كەچی لەبنەڕەتدا ئەندام بوون لەحزب تا ئەو قۆناغەیە كە بڕیارو ئەجێندای حزب لەگەڵ قەناعەت و ڕوئیای تاكەكە تەریب دەڕۆن، ئەگەر تاكی ئەندام متمانەی بەحزبەكەی نەما پێویستر لەمانەوە تەریك بوونیەتی.
ئەگەر ئەم ڕەھەندە جێی نەگرت ئەوكات حزبێكی تۆتالیتاری و تاكێكی عەبد دێتە وجود، ئەو تاكە خۆی وەك مارەبڕاوێكی نیكاحی لەناو حزبدا دەبینێتەوە كە ئاسان و بێ گرفت ناتوانێ لێی جوداببێتەوە. ھەر بۆیە حزبی نوێ كە ڕوئیای نوێی بۆ حوكمڕانی ھەبووە نەیتوانیوە لەڕێی كێشكردنی ئەندامانی حزبە دەستەڵاتدارەكان نفوزی پتر بكات تا ئاستی ئەوەلی.
ئەم تێڕوانینە چەوتەی ئەندامی نیكاحكراو لەناو حزبی نوێشدا وجودێكی بەرچاوی ھەیە، ھەركەسێ ناوی ئەندامی لێنراوە یان بەكادری حزب ناسراوە توانای تێپەڕاندنی ئەدای بەدو ناحەزی حزبەكەی نیە، ئەمەش ھەر بەنیسبەیە.
لێرەدا شتێكمان بۆ ڕوون دەبێتەوە دەربارەی حزبی ڕكابەری حوكم، حزبە ڕكابەرەكانیش لەم قۆناغەدا ھەمان بنەماكانی ئەندامێتی حزبە سوڵتە ڕەھاكان تەتبیق دەكەن، ھەر ئەندامێك ناڕەزایەتی ھەبێت یاخود بەھۆی لێك دووركردنەوەی ئاستی زانین و مەعریفی خۆی و دونیابینی و ئەجێندای حزبەكەی تەریك ببێت یا دەربچێت لەحزب، تەواوی مەنزومەی حزب دەكەوێتە دژایەتیكردنی و بەخائین و ناپاك و موڕتەد ناوی دەبەن بەقەسدی نابوتی كردنی كەسی ئەندامی دەرچوو. بەبێ حورمەت دانان بۆ ڕۆژانی پێكەوەیی.
ھەر بۆیە حزبی نوێی ڕكابەر نەیتوانیوە ڕێژەی زۆری ئەندام و كەوادری حزبی سوڵتە ڕابكێشێت، چونكە نیكاحكراوەو ناتوانێ لێی دەربچێت، ترسی ئەوەشی ھەیە كە ئەگەر بڕوات بەرەو حزبی نوێی ڕكابەر لەوێش ناوی بزڕێنرێت كاتێ بڕواكانی ئاستی حزب دەبڕن.
لەئێستادا ئەوانەی لەبزوتنەوەی گۆڕان دەردەچن لەلایەن نیسبەیەكی زۆری ناڕێكخراوی ناپەروەردەیی سیاسی (ماوە) تەخوین دەكرێن بەخائین و سیخوڕو نەفەس كورت.
كەچی بێ ئاگان لەوەی كەتەواوی سەركردایەتی گۆڕان لەیەكێتی جیابووەوە، بەشێكیش لەم سەركردایەتیە بۆ دامەزراندنی یەكێتی لەپارتی جیابوونەوە. كەواتە بەبڕینی سێ حزب ئێستا سەركردەی گۆڕانن.
90 ٪‏ی ئەندام و لایەنگرو ھەواداری گۆڕان لەیەكێتی جیابووەوە، ئەگەر تەخوین بەڕاست بزانن بۆ ئەوانەی ئێستا كە لەگۆڕان جیادەبنەوە دەبێ حەق بەو ئەندامە ناپەروەردەییانەی یەكێتیش بدەن كە تەخوینی جیابووەوەكانیان دەكرد. بۆ پارتیش ئەمە ھەر ڕاستەو بۆ ئیسلامیەكانیش كە حزبی دایكیان بزوتنەوەی ئیسلامیە ھەر ڕاستە.
لەئەسڵدا حزبی بوون نیكاح نیە تا پابەندبوون ھێندە تۆخ بێت كە تاكی ئەندام زاتی لێ دەرچوون و جیابونەوە نەكات. تاكو ئەم فۆڕمەی حزبایەتیش لەكاری سیاسیدا تەڵاق نەدرێت نەحوكمڕانی ڕەشیدو نەدەوڵەتی ھاوڵاتی و نەكۆمەڵگەیەكی وشیار دروست نابن. چونكە حكومەت و ئیدارەی وڵات حزب پێكی دەھێنێت، حزبەكانیش كەوادر بەبێ پەروەردەی تەندروست دەخزێننە ناو حكومەت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت