هاوکار کەریم ئەحمەد: ڕاپەڕین بەبێ شۆڕش.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی ڕوداوەکان بە ئاواز و ئەندێشەیەکی مێژووی، وا ئاراستەمان دەکات لە زەمەنێکی بازنەیدا ڕوداوەکان بخوێنینەوە. وا تێبگەین کە کردە مێژوویەکان لە بازنە داخراوەکاندا قەتیس و بێ جوڵەن و کاریگەریان جگە لەمێژوو توانای هیچ هەنگاوێکی نوێیان نیە. بەڵام کاتێک ڕوگەی خوێنەوەی ڕوداوە مێژوویەکان شیتەڵیەکی زانستی بۆدەکرێت و بۆچونە مێژوویەکان دەخرێنە کێشانە و پێوانەیەکی عەقڵی، تێگەیشتنێکی نوێ دێتە ئاراوە کە مێژوو زەمەنێک نیە کە تەنیا لکابێت بە ڕابردوەوە، بەڵکو مێژوو بونیاتێکی ڕوداو خولقێنە لە کاتی ئێستاو ئایندەمان دا.
ئەو بۆچون و تێگەیشتنە جیاواز و لێکنەچووانە زۆرن کە ئامانجیانە پێناسە و هەلسەنگاندنمان پێبدەن دەربارەی ڕاپەڕین و شۆرش، بەڵام هەڵێنجانی بیرو بۆچونی دروست دەربارەی ئەم دوو چەمکە کارێکی قورس و تاقەت پڕوکێنە. چونکە کاتێک لەیەکەم هەنگاودا تێکەڵبوونێک دەبینی لە ئاواز و هۆشی ئەو کەسانەی کە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دوو پڕۆسە مرۆیە ‌دەکەن، تێدەگەیت لای ئەوان جیاوازیەکی ئەوتۆ بوونی نیە لە نێوان ڕاپەڕین و شۆڕش دا.
جێگەی خۆیەتی ئێمە ڕونی و ئاشکرایيەک بخەینە ڕوو دەربارەی هەریەک لە چەمکی ڕاپەین و شۆرش، ئەو خاڵانەی کە لەیەکتریان جیادەکاتەوە. بۆ ئەوەی تێگەیشەتنێکی دروست بخینە پێش چاوی خوێنەر، باشتروایە باسێک لە مرۆڤ و کۆمەڵگە بگەین و پاشان ئەو باسە ئاراستە بکەین بەمەستی تێگەشتن لە ڕاپەرین و شۆرش کە کۆمەڵگە ئەنجامیان دەدات.
بە بڕوای من، هەروەک چۆن مرۆڤ یاخی دەبێت کۆمەڵگەش یاخی دەبێت. یاخی بوونی مرۆڤ لە ئاستی تاک دا بەدوو جۆری جیاواز دابەشدەبێت کە یاخیبوونی دەرونی و یاخیبوونی عەقڵی یە. یاخی بوونی دەرونی تاک، هەستێکی ناڕازی بوونی دەرونە و کاتیە. یاخی بوونی عەقلی لەتاکدا ڕەتدانەوەیەکی ئەقڵیە لە ئەنجامی قبوڵ نەبوونی ئەو کەشەی کە کۆمەڵگە لەڕێی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی یاخود هەر سیتەمێکی دیکە کە دژ دێتەوە لەگەڵ عەقڵی تاکی یاخبوودا.
ڕاپەڕین، هەڵچون و کلپەکردنی دەرونی کۆمەڵگەیە، کە ڕازی نەبوونی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بەو سیستەمەی کە بەڕێوەی دەبات. بەڵام شۆڕش زادەی عەقڵی کۆمەڵگەیە و لەوێوە سەرهەڵدەدات کە کۆمەڵگە گەشەی کردووەو لە ڕوحی دا ئازادی بڵێسە دەسەنێت، لە شۆڕش دا کۆمەڵگە یاخبوونەکەی کاتی نیە و هەمیشەیە.
شۆڕشگێڕەکان بەوە لە ڕاپەڕیخوازەکان جیاوازن کە پاڵنەری کردارەکەیان سەروەریەکی عەقڵیە و دەرونی نیە، ناوەکیە و دەرەکی نیە.
بەهۆی ئەم شیکاریە زانستیە تێدەگەین کۆمەڵگەی کوردی ڕاوایەتی هەڵچون و نارازی بوونەکانی خۆی لە دەرونی کۆمەڵگاوە سەرچاوەی گرتووە. شۆرش لە کۆمەڵگەی کوردا بوونی نیە، ئێمەی کورد یاخین بەڵام یاخیبوونەکەمان دەرونیانەیە و عەقڵیانە نیە.
ئاسان دەتوانرێ ئەوە ڕونبکرێتەوە کە بۆچی کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕاپەڕینخوازە نەک شۆرشخواز، چونکە ڕێچکەی گەشەسەندنی کۆمەڵگە سەرچاوەکەی دەرونی کۆمەڵگەیە، نەک عەقڵی ئەو کۆمەڵگاکە.
چۆن دەتوانرێ لەکۆمەڵگەیەک دا شۆڕش لەدایک بێت، کاتێک دەبینی ڕاپەڕین خوازەکان و ئەندازیارانی ڕاپەڕین لەدوای ڕاپەرین لولەی چەکەکانیان بکەنەیەکدی و هەزاران کەس لەیەکتری بکوژن. ناکرێت تۆ شۆڕشگێر و براکەت بکوژیت کەوەک تۆ شۆڕشگێر، ناکرێ لە شاخ تینووی ئازدی بیت و لەشار بکوژی ئازادی؛ لە شاخ خەونی ئازادی بۆ کۆمەڵگە بینیت و کە هاتیتەوە ناو شار بەبرسیبوون لەناویان ببەیت. چۆن دەکری کۆمەڵگە شۆڕش لەدژی عەگال بەسەرێک ئەنجام بداو جامانە بەسەرێکی خۆی ئازادی لێدیل بکات، ڕقی لە شەقێک بێت کە پۆستاڵ لە پێیەک تێهەڵدەدات و قاچی کڵاش لە پێیەک ماچ بکات.
کەی کۆمەڵگەی شۆڕشخواز قبوڵی دەکات ئەندازیارانی شۆڕش ڤێلا و ئەپاڕتمان و گردیان هەبێت، خەونی چیاکان شۆڕشخواز چۆن دەکرێ لە ئازادیەوە بگۆڕێت بۆ ئوتۆمبێلی جام ڕەش و بیرە نەوت. شۆڕش کەی ڕوحی کۆمەڵگە دەستەمۆی دەسەڵاتێکی خۆماڵی دەکات و فێری ماستاوچیەتی دەکات. ئەستەمە شۆڕش ڕوبدات لە کۆمەڵگەیەک کە هاوڵاتیەکانی نان بەشۆڕشەوە بخۆن لە ژێرناوی بندیواردا.
بەڵێ، ئێمەی کۆمەڵگەی کوردی توانامان هەیە ڕاپەڕین بکەین، بەڵام شۆڕش بەئێمە ئەنجام نادرێت؛ ئەندازیارمان هەیە بۆ ڕاپەڕین، بەڵام بۆ شۆڕش دەست و پێ سپین. ئاخر خەجاڵەتیە شۆڕشخواز خۆی بەنوێنەری دیمکراسی بزانێ و بلێ دەسەڵات دەستاو دەست ناکەین ئەگەر کورسیەکیش بێنین! شەرمەندەیە جاش و موستەشارەکان لەباخەڵی شۆڕشخوازەکان بەئارامی بخەون، بەڵام هاوڵاتیان و قوربانی بەخشانی شۆڕش لەبرسان گیان بسپێرن.
ئێمەی کۆمەڵگەی کوردی تا ئەقڵمان یاخی نەبێت شۆڕشمان بۆ ئەنجام نادرێت، تا لەوە حاڵی نەبین کە شۆڕش دایکە بۆ ئازادی، باوکە بۆ دیمکراسی، برایە بۆ سەروەری یاسا و خوشکە بۆ خۆشەویستی و دادپەروەری کۆمەڵگە، ناتوانین شۆڕش ئەنجام بدەین. بەڵکو هەر بە ڕاپەڕینەوە خەریک دەبین و لە ئەنجامدا بتێکی دیکتاتۆریە دەشکێنین و بتێکی دیکەی لێدروست دەکەین.

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت