شەریف هەژاری: هەڵەبجە، دەولەمەنترین ناوچەی ئابوری هەمەجۆر و، کاولترین پارێزگا لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شاری هەڵەبجە مێژوویەکی پڕ کەڵەکەبووی هەیە لە بنیادنانی شارستانییەتی کۆمەڵگای کوردەواریدا. ئەم شارە – چ لە ڕووی عیلم و عیرفان، چ لە ڕووی مەیدانی شۆڕشگێڕان، چ لە ڕووی ناوەندی کەیف و سەفا و میواندۆستی ”کە خۆرهەڵاتناسەکانیش زۆرجار لەبەر ئەم هۆکارە ڕوویان تێ کردووە” و، چ لە ڕووی بنکەی ئابوری هەمەچەشنی بۆ هەردوو دیوی خۆرهەڵات و باشوری کوردستان- ھەمیشە ناوەندێکی ستراتیژی-ئابوریی و عیرفانیی هەبووە لە ناو مێژووی نەتەوەکەماندا.
لە کارەساتی جینۆسایدی کیمیابارانی هەڵەبجە ”کە خۆم و بنەماڵەکەشم لەو تراژیدیایەدا بووین”، تاڕادەیەکی زۆر هەڵەبجە لە ڕووی ئاوهەوا و بونیادی شارستانییەوە وێران کرا و، دوژمنانی کوردستان بە عێراقی بەعسیی و تەنانەت ئەو سوپایانەی پاسدارانیش کە شارەکەیان داگیرکرد، زەڕەیەک ڕەحمیان بە ”مرۆڤ و سامانەکەی و، ئاژەڵ و باخەکان” نەکرد و، هەرچی هەبوو بردیان و پاشماوەکەشیان وێران کرد و سوتاندیان و کردیانە قەقنەز.
پاش ئەوەی خەڵکی ڕزگاربووی هەڵەبجە بەوپەڕی بێ دەرەتانی لە ئاوارەییبوون و نەمانی کەسوکاریان دا گەڕانەوە و لە ساڵی 1992 ەوە دەستیا کردەوە بە بنیادنانەوە شارەکە لەسەر ئەساسی: ”بەردێ دوو بەرد دیوارێ، دیوارێ دوو دیوار- ژوورێ، ژوورێ دوو ژوور-خانوویێ، خانوویەک دوو خانوو- هەلەبجەیێ، هەڵەبجەیەک دوو هەڵەبجە- کوردستان”، ئیدی حیزبە کوردییەکان هەزاران بەڵێنیان دا بەوەی شارەکە لە ساڵی 1992 تا دەگات بە ساڵی 1994 دەکەنە شاری ”هێرۆشیما”، چ لە ڕووی خزمەتگووزاریی و، چ لە ڕووی بنیادنای وەک ناوەندێکی ھەمیشەیی جینۆساید و قوربانیانی کورد بە ڕووی دیدگای جیهان دا!
کەچی نەک هەر نەیانکردە هەڵەبجەکەی جارانیش، بگرە ڕێیان لەو ئاوەدانکردنەوەیەش گرت کە خەڵکە خوێناوییە بێ دەرەتانەکەی ‘دەست لە دەست و قووە لە خوا” دەستیان دابوویە.
هەر زۆر زوو، بێ ئەوەی حیزبە کوردییەکان زەڕەیەک هەست بە بەرپرسیارێتیی و زەڕەیەک ڕێزی قوربانییەکانی هەڵەبجە بگرن، کردیانە ناوەندی شەڕەقۆچی خۆیان. هەڵەبجەیان کردە بنکەی ستراتیژی تەواوی شەرەکانیان- ” شەڕی یەکێتیی و بزووتنەوەی ئیسلامی، شەڕی پارتیی و حسک، شەڕی پارتیی و بزووتنەوە لە لایەک و یەکێتیش لە لایەکی ترەوە، شەڕی پارتیی و بزووتنەوەی ئیسلامیی، شەڕی باڵەکانی بزووتنەوە باڵی بنەماڵەی مەلا عەلیی و باڵی عەلی باپیر، دواتریش شەڕی یەکێتیی و ئەنسارول ئیسلام”.
هەربۆیە شارەکە هێندە خوێناوی کرایەوە، ئەوەشی خەڵکە بەشمەینەتەکە بنیادی نابووەوە حیزبەکان ئەوەشیان کردە قەقنەز. سەیر ئەوەبوو لە ساڵانی حوکمی بزووتنەوەی ئیسلامی سەیران و گۆرانیی و ڕەشبەڵەک یاساغ بوو- کە ئەمە کلتوری بەگزادەکانی جافی کوردەواریی بوو و… هتد!
ئێستا هەڵەبجە ڕاستە پارێزگایە و، پێشموایە دەولەمەنترین ناوچەی ئابوری هەمەچەشنی هەموو گەللی کوردە، کەچی وێرانترین پارێزگایە! با کورت بنووسین و تەنها لەم سامانە ئابورییە هەمەجۆرانەی هەڵەبجە وردبینەوە، سامانە ئابورییە هەمەچەشنەکانی:
1- سامانی ژێر زەوی- نەوت و گۆگرد و گاز: پارێزگای هەڵەبجە یەکێکە لە ناوەندەکانی سامانی ژێر زەویی و چەندان بیری نەوت و گۆگرد و گازی تێدایە و، ئێستا کاری لەسەر دەکرێت بۆ دەرهێنان و حەپەلووش کردنی، بەتایبەت لە ناوچەکانی: دەرەشیش، سازان و ناحیەی بەمۆ لە گوندی بانی بۆڵانی تاوگۆزی، ماوەیەک لەمەوپێش کۆمپانیا ڕووسییەکان لە کارکردندا بوون بۆ دەرهێنانی.
2- سامانی ئاوی سروشتیی و ماسی: هەڵەبجە خاوەن زۆرترین ڕێڕەوی ئاوی سرووشتییە لە چاو پارێزگاکانی دیکەی باشوری کوردستان دا، ڕووباری سیروان کە ڕێڕەوە ئاوی زمکان لە ناوچەکانی تاوگۆزیی و ڕێڕەوە ئاوی زەڵم لە ناوچەکانی ئەحماوای هەورامان بە دوو دیوی جیاواز دا دێن و دەڕژێنە ڕووبارەکەوە، ئەوا سامانێکی گرنگی ماسیی و ئاوی سرووشتی تێدایە. ساڵانە یەکێکە لە گرنگرترین ناوچەکانی بەرهەمهێنانی سامانی ماسی. حکومەت تەواو کەمتەرخەم بوو لە بنیادنانی کارگەی لە قوتونانی ماسی لەم ناوچەیەدا، هەروەها لە درووستکردنی کارگەی ئاوی سرووشتی. بۆ نموونە: دەبەیەکی بچوکی ئاوی خواردنەوە بە 250 دینارە، چوار دەبەش یەک لیتر ئاوە، واتە چوار دەبە دەکاتە هەزار دینار، بەمپێیە 20 لیتر ئاوی خواردنەوەی بە دەبەکراو دەکاتە 20 هەزار دینار، واتە نرخی ئاوی کانزایی گرانترە لە نرخی بەنزین کە 20 لیتر بەنزین بە 10 هەزار دینارە. کەچی حکوومەتی نا-پسۆڕ هەموو ئەم خواپێداوییانەی فەرامۆش کردووە، کە بە درووستکردنی کارگەی ئاو و کارگەی لە قوتونانی ماسیی و حەوزی ماسی، ئەوا سەدان گەنجی ناوچەکە و کوردستان کاریان دەست دەکەوێت.
3- سامانی کشتوکاڵیی و ئاژەڵداری: هەڵەبجە خاوەن دەشتی شارەزوورە، کە یەکێک لە دەولەمەنترین دەشتەکانی جیهانە. چی بەروبومی خواکردە ئەتوانرێ لەم خاکەدا بەرهەم بهێنرێ و دەیان کارگەی بەرووبوومی کێڵگەیی و لە قوتونانی تێدا درووست بکرێ. کەچی حیزبەدەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە لە ناوەڕاستی خاکەکەدا زەوی فستەقیان بەسەر بەرپرسەکانا دابەشکردووە و کردوویانەتە ڤێلا! ئافەرین سەد ئافەرین! زەوی فستەق لە جیهاندا دانسقەیە و وەک چاو دەپارێزرێت و یاساغە دەست بۆ بردنی، کەچی ئەمان ئەڕۆن بەتایبەت ئەو زەوییانە دابەش دەکەن! ئیتر با سامانی ئاژەڵداری بووەستێ، کە سەرەڕای خەڵکەکەی، ئەوا حکومەت ئەتوانێ چەندان کێڵگەی ئاژەڵداری حوکمی تێدا درووست بکا و، دەیان کەس لە هاوڵاتیانیش کاریان دەست کەوێ، ئیدی با دروست کردنی کارگەی گۆشتی لە قوتونان و هیتریش بووەستێ!
4- سامانی گەشتووگوزار: پێویست ناکات بە وردی باس لە ئەحماوا-تەوێڵە و بیارە- گووڵان و چاوگ-سازان- ڕۆخەکانی ڕوباری سیروان تا ئەوبەری ڕووبارەکە ناوچەکانی شەمێران و تاوگۆزی، بکەم. هەموویان سروشتێکی ناوازەی خواکردن، بەس بە چی دەبێ، کە حکومەت هەمووی پشتگوێ خستووە!! لە وڵاتان حکومەتەکان گەشتووگوزاری دەستکرد دێننە بوون و دەبنە سەرمایەیەکی گرنگی ئابوریی و کەیف و سەفا، کەچی لە کوردستان حکومەت گەشتووگوزارە خواکردەکانیش پشتگوێ دەخات و وێران دەبن!
5- سامانی درەختی میوەیی: هەڵەبجە بنکەی جیهانیی بەرهەمهێنانی هەناری ناوازەیە. گوێزی هەورامان نایەوێت هیچی لەسەر بڵێم، ئیتر با هەنجیر و قۆخ و ترێ ڕەشە و سێو بووەستێ!
6- سامانی شوێنەوار: ئەتوانم بڵێم لە %25ی شوێنەوارەکانی کوردستان دەکەونە گرد و لووتکە شاخەکانی پارێزگای هەڵەبجەوە، لە هەزاران سال پێش زایینەوە تا دەگات بە بنکەکانی موغانی زەردەشت لە هەورامان و تا قۆناغی دواتر. بەڵام هەموو ئەم شوێنەوارانە ئەو کەسانەی کە ”پیاوی بەرپرسەکان بوون” تالانیان دەکردن و، لە دەورانی حوکمی بزووتنەوەش وەک شوێنی گاوران هەڵ دەتەکێنران!
7- سامانی خاڵە سنوورییەکان: ئەم سامانە خۆی لە بازرگانیکردنە نێودەوڵەتییەکاندا دەبینێتەوە، هەڵەبجە دەیان دەروازەی گرنگی تێدایە کە دەکرێت بکرێتە خاڵی سنووری ستراتیژی لەگەڵ ئێراندا. بۆ نموونە: تەوێڵە، سازان و لە ناحیەی بەمۆش گوندەکانی بەڕوێن و پشتە و گمەی تاوگۆزی کە هەموویان چەندان خاڵی سنووری گرنگن لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە. بەڵام حکومەت گرنگی بەم خاڵە جیۆپۆلەتیکییانەش نادات و فەرامۆش کراون، هەربۆیە خەڵکی هەڵەبجەش بۆ کاروکاسپی قەتیس کراون.
ئیدی سامانی دیکە با بووەستێ و، چۆنیەتی عەقڵیەتی بنیادنانی کارگە و پێشخستنیشی با هەر بووەستێ. لەبەر ئەوەی ئێرە کوردستانە، گەر زانستییانەش لێی بکۆڵینەوە و پێشنیاری پێشخستنی ناوچەکان بکەین: کێ گوێی لێ ئەگرێ!؟
بەهەرحاڵ، سڵاو بۆ ڕۆحی شەهیدانی هەڵەبجە و تێکڕای شەهیدانی گشت بەشەکانی کوردستانی تیکە تیکەراوی دەیانجار جینۆسایدکراو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت