نوری کەریم: خوێندەوار(رۆشنبیر)، نوسەر و داهێنەر دکتۆر تەرەقە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەتا نزیکەی دە ساڵێکیش لەمەوبەر جیاوازیمان لە نێوان خوێندەوار و رۆشنبیردا دەکرد، ئەوەش بەو پێیەی کە خوێندەوار بەشێوەیەکی گشتیی بەوانە دەوترێت کە خوێندن و نوسین دەزانن و بە پلەکانی خوێندن و فێربوندا ئەوەندە هەڵنەکشاون و هەرئەوەندەیە کەدەکاتە خوێندنی نیوەی قۆناغی سەرەتایی، تەواوکردنی قۆناغەکە یا تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی (پۆلی نۆ). رۆشنبیریش بەو کەسانە دەوترا کە ئەو قۆناغانەیان تێپەڕاندووە و قۆناغی دواناوەندی(پۆلی12)شیان بڕیوە و هەندێکیان خوێندنی زانکۆشیان تەواوکردووە (بەکالۆریۆس). لەوانەش بەرەوژورتر خوێندنی باڵایە( ماستەر و دکتۆرا و پرۆفیسۆر) کە دروستە بە خوێندەواری وشیار ناوبنرێن نەک رۆشنبیر.
چینی خوێندەوارەکان زۆربەیان لە ئاستی خۆیاندا دەمانەوە و لەلایەنی زانستی یەوە گەشەیان نەدەکرد، بەڵام رۆشنبیرەکان دەیانخوێندەوەو بەردەوام لە هەوڵی خۆفێرکردندا بون (خۆ رۆشنبیرکردن)، بەڵام ئێستا بۆ هەردو چینەکە هەر زاراوەی خوێندەوار بەکاردێت و رۆشنبیر یا روناکبیر بەوانە دەوتریت کە پێشکەوتنخواز و مۆدیرن و عیلمانیی و جیهانبین و کراوەن و رو لە دابینکردنی هەمو مافەکانی مرۆڤن بە نێرۆ مێ وە، لەئاستێکدا ناچەقن و خاڵی کۆتایی بۆ باوەڕ و بۆچونەکانیان دابنێن و بڵێن لەوە بەولاوەتر بڤەیە و ئامان سەد ئامان توخنی نەکەون! بۆیە لێرەوە دەڵێم من لە ئەم نوسینەدا مەبەستم لەخوێندەوار، خوێندەواری هوشیار و کراوە و پێشکەوتنخوازە، کە پێ بەپێی سەردەم و پێشکەوتنەکان ئەوانیش دەجوڵێن و بیرو بۆچونەکانیان نوێ دەکەنەوە و شڕەوپڕەی بێکەڵک و ژەنگگرتو و سواوی بن تاوێرە بەردەکان و شەختە سەهۆڵەکان نوێ دەکەنەوە یا توڕدەدەن.. کەواتە رۆشنبیریی پلەیەکی بەرزتری خوێندەواریی نییە، بەڵکو خوێندەوارێکی هوشیار و پێشکەوتنخواز و کراوە و مۆدێرنە کە بیروباوەڕکانی هەر قسەی روت نییە و لەپراکتیکیشدا قسەکانی دەکاتە کردار.
خوێندەواری هوشیار، نوسەر، داهێنەر و هونەرمەند شتێک لەهەگبەی بەتاڵی خۆیەوە دەرناهێنێت و پێشکەشی بکات، بەڵکو هەر ئەو کەرەسانەیە کە رۆژانە دەیبیستیت و دەیبینێت و دەیخوێنێتەوە و بەریەکتردەکەون، هەر ئەو بابەتانەیە کەرۆژانە لە هەر هەمو کایەکانی ژیانی رۆژانەماندا بیری لێدەکەینەوە، دەیڵێن، دەیبیستین و دەیڵێینەوە و دەیکەن و دوبارەو چەند بارەیان دەکەینەوە، بەڵام لای ئەو تێکەڵاو دەبێت بە هزرێکی کراوە و بیرو هۆش و باگراوندی ئەزمون و رەوتی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئایدیا بنەڕەتیی و چەسپاوەکانی و لە پرۆسەیەکی هونەریی ریالیستانە یا فەنتازیادا سەرلەنوێ لە فۆرم و ناوەڕۆکێکی نوێدا لە بەرهەمێکدا دایدەڕێژێتەوە و دەیخاتە بەردەستمان کە بریتییە لە خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانەی تفت و تاڵی رابوردو و ئێستاو وێناکردنی ژیانێکی پڕ لە ئازادیی، ئاشتیی و ئاسودەیی بۆ سبەینێ. ئەمە وەک ئەوەیە بڵێین خوێندەواری هوشیار فۆرم و ناوەڕۆکێکی کۆن و سواو و لەکەڵک کەوتو لەبەرگێکی نوێ و ئاڕاستەکراودا (پەیام ئامێزدا) دەبوژێنێتەوە و دەست دەخاتە سەر زامەکان، کەلوکون و کەلەبەرەکان و بە بیرو بۆچونەکانی خۆی متوربەیان دەکات و پێشکەشیدەکات.
ئەمەش بەرئەنجامی پرۆسەیەکی بەردەوامی هوشیارانەی بیرکردنەوە و تێڕامان و گومان و رەخنەکانی خوێندەواری هوشیار، نوسەری بەئەزمون، داهێنەر و هونەرمەندە لە دەوروبەر و کارتێکردن (کارلێکترکردن)و وەرگرتنەوەی ئەنجام و رادە وچۆنێتی کارتێکردن و رەنگدانەوەی بەرهەمەکەی لەنێو کۆمەڵدا.. هەمو مرۆڤێگ بیرو هۆشێکی هەیە، بەڵام بە گشتیی بیروهۆشێکی مەیو و ئارام و چەقبەستووە، کە هیچکات ناتوانێت بەرهەمێکی نمونەیی پێشکەش بکات و جوڵەیەک، تەکانێک یا هەنگاوێک بێت بۆ پێشەوە. ئەوەی لەتوانایدایە ئەو کارە بکات بیرو هۆشە بزێو و رەخنەگر و عەوداڵەکانە بەدوای راستی یەکاندا و روخاندنی بت و راونانی بتەوان و ناراستی یەکانن. ئەوانەی کورد بەگشتیی و نەوەی نوێ بەتایبەتی بەلارێدا دەبەن، ئەوانە نەڕابەرن و نە پێشەوا و نەرێنیشاندەر، ئەوانە (رانبەر و پشتەوا و رێ بزرکارن)، مێشکی نەوەکان بە بابەتی لاوەکیی پڕدەکەن بەو مەبەستەی بیرو هۆشیان نەبزوێ، ئەکتیڤ نەبن، نەتوانن بە شێوەیەکی هۆشمەندانە و رەخنەگرانە و داهێنەرانە بیریک لە رابوردو، ئێستاو داهاتو بکەنەوە و وتاکەکان خاوەنی خۆیان و بیروبۆچونی خۆیان نەبن و بەردەوام (رابەر، حیزب) لەبری ئەوان بیربکاتەوە.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت