شەریف ھەژاری: بۆچی پێویستە ڕۆژی شەھیدبوونی پێشەوا قازی محمد بکرێتە ڕۆژی شەھیدانی گەللی کوردستان؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له‌به‌ر ئه‌م فاكتانه‌ی لای خواره‌وه‌:
1- دامەزرێنەری یەکەم کۆماری دیموکراتی-نەتەوەیی گەللی کورد بوو.
2- لە واقیع دا سەلماندی کە ڕێبەر و چەتری کۆکەرەوەی ھەموو ڕه‌نگ و لایەنەکانی گەللی کورد بوو لە هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان داو، مامۆستایان و ڕوناکبیران و سەرکردەو فەرماندەو پێشمەرگەکانی ھەموو بەشەکان لە ژێر چەتری ڕابەرایەتیی ئەودا، لە کۆمارەکەی بەشدار بوون.
3- قازی لە ماوەی کەمتر لە یانزە مانگ ھەندێک ھەنگاوی بۆ پێشخستنی کۆمەڵگای کوردستان نا کە بە ھیچ سەرکردەیەکی بەشەکانی تر نەکراوە. بۆ نموونە: یەکێتیی ژنان (یەکێتیی یایان)ی دامەزراند کە لە خودی ژنەکەی خۆی و کەسوکارەکەی خۆیەوە دەستی پێ کردو، ژنەکەی خۆی و ژنانی ناو بنەماڵەکەی بوونە ئەندامی یەکێتییەکەو، پێشکەوتووخوازانەو نەتەوەخوازانە ماڵ بە ماڵ بە ناوچەكان دا دەگەڕان کە ژنیش وەک پیاو یەکسانە لە ماف دا و دەبێت ھەموو ئازادییەکانی پیاوی ھەبێت.
ئیدی با ئەوە بووەستێت، قازی لە کۆمارەکەی دا زۆر ھەنگاوی گرنگی پەروەردەیی (خوێندن بە زمانی کوردی) و، ڕوناکبیریی (شانۆ و ده‌ركردنی بڵاوکراوەکان) و، مافی منداڵان و یاساسەروەری گرتەبەر کە وەک خاڵی گرنگی ئەرێنیی لە ناو مێژووی کورد دا دەمێننەوەو، دواتریش کاریگەریشیان لەسەر پێشخستنی پارچەکانی تر دانا. بەو مانایەی لە پاش قازییەوە ھێزەکانی تری پارچەکانی تر ھەمان ئەو ڕێگایانەی قازییان گرتەبەر.
4- یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی شەھیدکردن (لەسێدارەدانی)ی پێشەوا قازی محمد، ھێنان و جێكردنه‌وه‌ی کوردانی بەشەکانی تر و بەشداری پێکردنیان بوو لە کۆماری کوردستان دا. قازی جوامێرانە له‌ (به‌ ناو دادگاییكردنه‌كه‌ی دا!) بەڕووی داگیرکەران دا ھەڵشاخاو ڕایگەیاند: (ھەر ناوچەیەکی کوردستان لە ھەر کوێیەک بێت، موڵکی ھەموو کوردێکە). بەمەش قازی بووە سیمبوولی خۆڕاگریی و چەتری نەتەوەیی بۆ ھەموو تاکێکی کورد لە ھەر کوێیەک بێت!
5- قازی لە ڕووی لێوەشاوەیی و زیرەکییەوە (ڕاستە ھیچ ڕێبەرێکی ناو مێژووی کورد لە ڕووی تەواوی تایبەتمەندییەکانه‌وه‌، بەتایبەت لە ڕووی زیرەکیی و لێوەشاوەییەوە بە قاسملوو بەراورد ناکرێ و، قاسملوو دیاردە و بیرمەند و شۆڕشخولقێنێکی بێ-ھاوتای ناو مێژووی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە)). بەڵام قازییش (گەر قاسملووی لێ دەربکەین) لە ڕێبەرانی تری کورد زیرەکتر و تەنانەت زمانزانتریش بوو!
6- ئەم خاڵە ڕەنگە گرنگترین بێت کە (بۆچی پێویستە ڕۆژی شەھیدبوونی پێشەوا ببێتە ڕۆژی شەھیدانی گەللی کوردستان). چونکە یەکەم سەرکۆماری شەھیدی گەللی کوردستانە. تەنانەت بە پێی بیرەوەریی و گێڕانەوەکانی ھەموو سەرکردەکانی پارچەکانی تر، لە ڕۆژی شەھیدکردنی پێشەوادا ھەموو نەتەوەی مەزنی کوردی ڕەگەز زاگرۆسیی لە ھەموو بەشەکانی کوردستان پرسەو ماتەمیان گێڕاوەو، لە هه‌ندێك شوێن ھەبووە تا زیاتر لە یەک ساڵیش شادی ساز نەکراوە. ھێندە كاریگه‌ری هه‌بووه‌ و چەتری کۆکەرەوەی ھەموو نەتەوەی کورد بووەو، کاریزماییەکەی سنورە دەستکردەکانی داگیرکەرانی تێک شکاندووەو، لە ناخی تاکەکانی ھەموو بەشەکان (بە ئیسلامیی و سیکۆلار و مارکسیی و لیبراڵی) ی بووەتە سیمبوولی نەتەوەی مەزنی کوردی زاگرۆسیی.
لێرەدا جێی خۆیەتیی (تێشی دا دواکەوتوون!) کە فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان بە پرۆژە ڕۆژی شەھیدکردنی یەکەم سەرکۆماری نەتەوەی مەزنی کورد بکەنە ڕۆژی شەھیدانی گەللی کوردستان.
یەکێتییەکان ھەمیشە ئەڵێن و لە بیرەوەری سەرکردەکانیشیان دا نووسیوویانە، کە: (پارتییەکان ھێندە حیزبییانە بیردەکەنەوە جگە لە سەرکردەکانی خۆیان ھیچ یەکێک لە ڕێبەرانی تری کوردیان خۆش ناوێت!). بەڵام ئەو کاتە ئەم باوەڕەی سەرکردەکانی یەکێتیی لای کەسانی نەتەوەیی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە کە خۆشیان و فراکسیۆنەکەی ناو پەرلەمانیشیان ھیچ پرۆژەیەک پێشکەش ناکەن کە ئەو ساڵڕۆژڕە ببێتە ڕۆژی شەھیدانی گەللی کوردستان.
ئەگەر یەکێتیی نایکات، ئەی فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکگرتوو بۆچی نایکەن!؟ خۆ ئەوان دەڵێن: دەبێت کوردستان ببێتە دامەزراوەیی و بیری نەتەوەیی شوێنی بیری حیزبایەتی تەسک بگرێتەوە!؟ چونكه‌ یەکەم ھەنگاو بۆ ڕواندنی بیری نەتەوەیی له‌ ناخی تاكه‌كانی كورددا لە دیاریکردنی ڕۆژە نەتەوەییەکانی گەللی کوردەوە دەست پێ دەکات!
ماوەیەک پێش ئێستا بابەتێکم نووسی لەسەر ئەوەی کە: پێویستە خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران کۆتایی پێ بێت. چونکە لە وڵاتانی پێشکەوتوو پەرلەمانتار و وەزیر پاش تەواوکردنی ماوەکەیان دەگەڕێنەوە بۆ سەر پیشە کۆنەکانیان. خۆ ئەگەر پەرلەمانتارەکە لە کاتی خانەنشینبوونی دا گەشتە شەست ساڵ ئەوا دەکرێ بە بڕی مووچه‌ی مانگانه‌ی سێ ملیۆنەوە خانەنشین ببێت. دوو كادری نەوەی نوێ پەیوەندیان کرد و دەستخۆشیان بۆ ئەو پێشنیارە کرد. بەخۆشحاڵییەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دیم فراکسیۆنی نەوەی نوێ پرۆژەیەکی وای پێشکەش کردو تەنانەت گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانیشی بۆ زیاد کردووە، ئه‌و پرۆژه‌یه‌یان شیاوی ڕێزلێگرتنه‌ و ڕه‌وایه‌ كه‌ هه‌موو فراكسیۆنه‌كانی تریش پشتیوانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی (نه‌وه‌ی نوێ) بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌ بیری گیرفان پڕكردن دا نه‌بن!
چونکە بۆ منی نەتەوەیی ھەتا ئەو ڕۆژەی بە فەرمی لە کاری حیزبایەتیی دا بەشدار نابم تەنیا ئەوە گرنگە له‌لام، كه‌: چۆن کوردستان پێش بکەوێت و چۆن (پێنووسەکەم داگیرکەر ڕاماڵێنەر و جاشبیر ڕاماڵێنەر بێ!).
ئیدی یەکێتیی بێت، پارتیی، گۆڕان، نەوەی نوێ و یەکگرتوو و ھتد ھەرکامیان ھەر کارێکی باش بکەن لای من جێی دڵخۆشییە. هه‌رچه‌نده‌ ئەرکیشیانە کاری باش و پرۆژەی باش پێشکەش بکەن. ھەر کامێکیشیان کاری خراپ بکەن، ڕەخنەی لۆژیکیان بۆ ئەخەمەگەڕ، کە ڕەخنەگرتنی لۆژیكی دەبێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئەخلاقیی و ڕەوشتبەرزانە بنیاد نرابێت!
ئێوە وەک فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو په‌رله‌مان نابێت ھەر لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە توانج لە پارتیی و یەکێتیی بدەن و ململانێیان لەگەڵ دا بکەن. بەڵکوو یەکێک لەو کەیسانەی کە پارتیی مامەڵەی پێوە دەکات و توانیویەتی لە یەکێتیی و ئۆپۆزسیۆنیش بباتەوە کەیسە نەتەوەییەکانە.
لە پرۆژەیەکی ئاوھادا تۆزقاڵێک ئیرادەتان ھەبێت با کەمێک دڵی ئێرانیشتان لێ بڕەنجێت. بەڵام بۆ ئەوەی ململانێی پارتیی و یەکێتیی بکەن، پێویستە لە کەیسە نەتەوەییەکانیش دا بەگیریان بێنن. ئیتر پرۆژەکانتان سەربگرێت یاخود نا، ئەوە باسێکی ترە. بەڵام گرنگ ململانێ و ھەنگاونانە!
گه‌لانی تر پاڵه‌وانیان نییه‌ و خۆیان ئه‌فسانه‌ بۆ ناو مێژوویان ده‌خوولقێنن (وه‌كوو فارسه‌كان!). به‌ڵام قازی بووەتە سیمبوولێکی نەتەوەیی، ئیتر تۆ بۆچی ئه‌و ساڵڕۆژە بە فەرمی ناکەیت تا بیریی نەتەوەیی لە ناو تاکەکانی نەتەوەی مەزنی کوردی زاگرۆسیی دا بڕوێنیی و، تاکەکانی نەتەوەی کورد بۆ دواڕۆژ وەھا پەروەردە ببن کە حساب بۆ داگیرکەران و سنوره‌ ده‌ستكرده‌كانی نەکەن!
تۆ له‌سه‌رت ئه‌ركه‌ وه‌ها تاكه‌كان په‌روه‌رده‌ بكه‌یت، كه‌ بواری (نه‌ته‌وه‌یی)ش وه‌لا نه‌نرێت له‌ په‌روه‌رده‌كردن دا! ڕوونه‌ ته‌نیا له‌به‌ر بیری ته‌نگه‌تیله‌ی حیزبپه‌رستی ئه‌و هه‌نگاوه‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ نانرێت و، فراكسیۆنه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش له‌م ڕووه‌وه‌ و زۆر ڕووی تر، كه‌موكورتیان هه‌یه‌!
بۆ نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسانیش، ئازایه‌تیی ئه‌وه‌یه‌ له‌ زۆنی سلێمانی دا كه‌ ئێران به‌سه‌ری دا زاڵه‌ دژی ڕژێمی داگیركه‌ری فارس بنووسیت (نه‌ك به‌هۆی هێنانه‌دی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێرانه‌وه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌ردۆگان بنووسیت. چونكه‌ به‌وه‌ ناوترێت نه‌ته‌وه‌یی، به‌وه‌ ده‌وترێت: خۆخستنه‌ ناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران و ئیتلاعات).
هه‌روه‌ها ئازایه‌تییش ئه‌وه‌یه‌ له‌ زۆنی هه‌ولێر دا كه‌ توركیا به‌سه‌ری دا زاڵه‌ دژی ڕژێمی داگیركه‌ری تورك بنووسیت (نه‌ك به‌هۆی هێنانه‌دی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركه‌وه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر ئێران بنووسیت. چونكه‌ به‌وه‌ ناوترێت نه‌ته‌وه‌یی، به‌وه‌ ده‌وترێت: خۆخستنه‌ ناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تورك و میت).
به‌هیوای هاتنه‌كایه‌ی ئۆپۆزسیۆنێكی جددی و به‌رهه‌مدار كه‌ خزمه‌ت به‌ دۆزی كورد و هێنانه‌كایه‌ی حوكمڕانیه‌تێك بكات كه‌ ته‌كنۆكرات و مۆدێرن بێت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت