شێرزاد شێخانى: يه‌كێتى باجى پۆستى سه‌رۆك كۆمار ئه‌دات.

له‌زۆرێك له‌سه‌ركرده‌و كه‌سايه‌تى سياسيم بيستوه‌ كه‌وا پارتى به‌سروشت حزبێكه‌ خراپه‌كارى به‌رامبه‌رى له‌بير ناكات. ئه‌گه‌ر په‌نجا ساڵيش بوه‌ستێ له‌ ئاكامدا هه‌ر ئه‌بێ تۆڵه‌ى خۆى له‌و كه‌سه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ خراپه‌كه‌ى به‌رامبه‌رى كردوه!. […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

له‌زۆرێك له‌سه‌ركرده‌و كه‌سايه‌تى سياسيم بيستوه‌ كه‌وا پارتى به‌سروشت حزبێكه‌ خراپه‌كارى به‌رامبه‌رى له‌بير ناكات. ئه‌گه‌ر په‌نجا ساڵيش بوه‌ستێ له‌ ئاكامدا هه‌ر ئه‌بێ تۆڵه‌ى خۆى له‌و كه‌سه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ خراپه‌كه‌ى به‌رامبه‌رى كردوه!. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بشزانێ كه‌سێك له‌داهاتووشدا زه‌ره‌رى بۆ حزبه‌كه‌ ئه‌بێ، له‌ناوى ئه‌به‌ن!. ئه‌مه‌ش وه‌كو عه‌ره‌ب وته‌نى ( حرب استباقيه‌ ) وات جه‌نگى پێشوه‌خته‌يه‌، به‌ر له‌وه‌ى دوژمنه‌كه‌م ده‌ستبوه‌شێنێ ، ده‌ستى خۆم پێشئه‌خه‌م. نمونه‌ش له‌م بابه‌تانه‌ زۆرن، هه‌موشمان بيستومانه‌و ديومانه‌ پێويست ناكات باسيان بكه‌م.
عينادى به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانى يه‌كێتى له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عيراق و، شه‌ڕه‌ قوڕسه‌كه‌ى له‌به‌غدا له‌پێناو ئه‌م پۆسته‌و، دواتر ده‌ركردنى له‌ده‌ست كانديده‌كه‌ى پارتى، بووه‌ به‌ برينێكى زۆر قووڵ له‌جه‌سته‌ى پارتيدا كه‌ تا رۆژى قييامه‌ت سارێژنابێته‌وه‌، چونكه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ په‌يوه‌ست نيه‌ به‌ پۆستێكى پرۆتۆكۆلى بێده‌سه‌ڵاتى عيراق، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ى گرنگى مه‌سه‌له‌كه‌ به‌نيسبه‌ت پارتيه‌وه‌ په‌يوه‌سته‌ به‌حورمه‌ت و پێگه‌و كه‌سايه‌تى خودى مه‌سعود بارزانييه‌وه‌، كه‌ پارتيه‌كان به‌” خودان ” ى خۆيانى ئه‌زانن و، نابێ كه‌س له‌قسه‌ى ده‌ربچێ و كانديدى ئه‌م زاته‌ ره‌تبكرێته‌وه‌. هيچ مه‌نتيقى تێدا نه‌بو يه‌كێتى بكه‌وێته‌ ناو ئه‌و ململانێيه‌ توونده‌وه‌ له‌سه‌ر پۆستێك كه‌ له‌رووى ياساييه‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار ته‌نها فه‌رمانبه‌رێكه‌ له‌پێكهاته‌ى ده‌ستوورى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران و، پۆسته‌كه‌‌ زياتر ره‌مزيه‌ و، له‌دواى خوالێخۆشبوو مام جه‌لاله‌وه‌ هيچ كه‌سايه‌تيه‌كى عيراقى ناتوانێ ئه‌م پۆسته‌ به‌شێوه‌يه‌ك به‌ڕێوه‌ببات كه‌ خاوه‌ن كاريزمايه‌ك بێت هه‌مو سه‌ركرده‌كانى عيراق رێزى لێبگرن.
” تۆڵه‌ به‌سه‌بره‌ ، ئه‌مما به‌زه‌بره‌ “. ئه‌مه‌ دروشمێكى يه‌كێتيانه ‌بو، به‌ڵام ئێستا پارتى به‌ كرده‌وه‌ ئه‌م دروشمه‌ به‌كار ئه‌هێنێ، ئه‌و زه‌بره‌ كوشندانه‌ى ئێستا پارتى له‌يه‌كێتى ئه‌دات ئه‌وه‌نده‌ تووندن كه‌ ته‌وازونى يه‌كێتى تێكداوه‌ و خه‌ريكه‌ ئه‌شيدات‌ به‌عه‌رزه‌وه‌.
له‌دواى وه‌فاتى مام يه‌كێتى سه‌ره‌تا به‌ويستى به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانى‌ كه‌وته‌ ژێر هه‌ژمونى پارتيه‌وه‌، كار گه‌يشته‌ حه‌ددى پاشكۆبونى له‌مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌كانى وه‌كو ريفراندۆم. دواتريش به‌هۆى هه‌ڵه‌ى سه‌ركردايه‌تيه‌كه‌يه‌وه‌ زياتر گۆشه‌گييركرا له‌برياره‌ سياسيه‌كاندا، به‌تايبه‌تيش له‌سه‌ر ئاستى پرۆسه‌ى سياسى له‌عيراق و ناوچه‌ دابرێنراوه‌كانو ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستى پرۆسه‌ى سياسى كوردستانيشدا. ئه‌وه‌تا چه‌ندين مانگه‌ يه‌كێتى ناتوانێ وه‌زاره‌تێك له‌به‌غدا به‌بێ ره‌زامه‌ندى پارتى وه‌ربگرێ، ناشتوانێ پارێزگارێكيش بۆ كه‌ركوك دابمه‌زرێنێ، ئه‌وه‌ حاڵى په‌رله‌مان وپۆسته‌كانى حكومه‌تى داهاتوى هه‌رێميش به‌هه‌مان ده‌ردى ئه‌م پۆستانه‌ ئه‌ڕوات.
هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مان وكۆنتڕۆڵكردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تيشى له‌لايه‌ن پارتييه‌وه‌، هه‌ڵبژاردنى لێژنه‌ى ياسايى په‌رله‌مانيش و، دامه‌زراندنى حكومه‌تى هه‌رێميش به‌بێ منه‌تى له‌يه‌كێتى، رۆڵى يه‌كێتى زياتر په‌راوێز ئه‌خات، چونكه‌ له‌مه‌حسه‌ڵه‌تدا يان ئه‌بێ يه‌كێتى به‌ملكه‌چييه‌ه‌وه‌ به‌هه‌ر پشكێك رازى بێت كه‌ پارتى پێى ئه‌به‌خشێ، يان ئه‌وه‌تا ببێته‌ ئۆپۆسزيۆن و له‌حكومه‌تى داهاتودا بێبه‌ش بكرێت، ئه‌مه‌ش دوو بژارده‌ن يه‌ك له‌يه‌ك خراپترن بۆ يه‌كێتى، هه‌رچه‌نده‌ من وه‌كو خۆم پێمباشه‌ يه‌كێتى له‌قۆناغى داهاتوودا ببێته‌ ئۆپۆسزيۆن باشتره‌ له‌وه‌ى وه‌ك لايه‌نێكى بێده‌سه‌ڵات له‌ناو حكومه‌تو په‌رله‌ماندا بێت، چونكه‌ دڵنيام له‌وه‌ى پارتى بۆ چوار ساڵى داهاتوو به‌حوكمى زۆرينه‌كه‌ى په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتى هه‌ر سێ سه‌رۆكايه‌تيه‌كه‌ى هه‌رێم ته‌حه‌كوم به‌هه‌مو شتێك ئه‌كات و، به‌مه‌ش رۆڵى يه‌كێتى له‌ناو كايه‌ى ده‌سه‌ڵاتدا لاوازتر ئه‌كات.
پارتى كه‌ توانى له‌به‌غداو كه‌ركوك رۆلى يه‌كێتى لاوازبكات، زۆر ئاساييه‌ له‌ناو ماڵه‌كه‌ى خۆماندا كه‌ هه‌موو شتێك به‌ده‌ست خۆيه‌تى، رۆڵێ يه‌كێتى په‌راوێز بخات، ئه‌وه‌تا گه‌له‌كۆمه‌كيش بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌يه‌ ئه‌كات به‌ راكێشانى گۆڕانو پێكهاته‌كان و حزبه‌ بچووكه‌كان و، كه‌مكردنه‌وه‌ى رۆڵى حزبه‌كانى ترى ئۆپۆسزيۆنيش. له‌به‌رامبه‌ريشدا يه‌كێتى نه‌ك ناتوانێ له‌سه‌ر ئاستى حزبه‌ ناڕازييه‌كان به‌ره‌يه‌ك دژى پارتى دروست بكات، ته‌نانه‌ت له‌ناو سه‌ركردايه‌ته‌كشيدا نه‌بوه‌ به‌خاوه‌ن بڕيارێكى يه‌كگرتووى كاريگه‌ر به‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌وه‌.
سه‌رانى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ته‌ريقه‌تێكى دياريكراويان هه‌يه‌ له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نه‌ياره‌كانيان وهه‌ڵويست وه‌رگرتن له‌دژيان، له‌وه‌ته‌ى ده‌سه‌ڵاتى بريار له‌ناو ئه‌م حزبه‌د‌ا كه‌وتۆته‌ ده‌ست بنه‌ماڵه‌ى بارزانى كه‌ خۆيان له‌سه‌ر ته‌ريقه‌تێكى ئايينيدا په‌روه‌رده‌ كراون، ئيعتيقاد لاى ئه‌وان وايه‌ كه‌ سه‌رانى بنه‌ماڵه‌ گه‌يشتونه‌ته‌ قۆناغى پاكبوونه‌وه‌ى ئايينى و خودا حيسابى له‌سه‌ر هه‌ڵگرتوون، بۆيه‌ هه‌رچييه‌كيان بوێ ئه‌يكه‌ن به‌بێ ترس له‌محاسه‌به‌ى خوايى . لێره‌شه‌وه‌ ئه‌و تاوانانه‌ى به‌رامبه‌ر هه‌ر كه‌سێ وچيينێك بكه‌ن ( راديعى ) دينى نيه‌ مانيعيان بكا . به‌و پێودانگه‌ش سڵ له‌هيچ موغامه‌ره‌يه‌ك ناكه‌نه‌وه‌، هه‌ر تاوانێك يا موماره‌سه‌يكى نائاسيىش بيانه‌وێ بيكه‌ن، ئه‌يكه‌ن به‌بێ دوودڵى، ئينجا چاوه‌رێى ئه‌نجامه‌كانى ئه‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر بۆيان چووه‌ سه‌ر ئه‌و خێر عه‌لا خير. ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وته‌ى خراپيشى به‌دواى خۆيدا هێنا، هه‌وڵ ئه‌ده‌ن به‌پاره‌و پۆستو مه‌قيفى سياسى خه‌ڵكه‌ زه‌ره‌مه‌نده‌كان ئاشت بكه‌نه‌وه‌، نمونه‌ش له‌م باره‌يه‌وه‌ زۆرن ، وه‌كو كاره‌ساته‌كه‌ى هه‌كارى و قه‌تڵوعامكردنى بنه‌ماڵه‌ى حه‌مه‌د ئاغاى ميرگه‌سۆرى و كوشتنى محمد هه‌رسين وزۆرانى تر، هێنانى ده‌بابه‌كانى به‌عس بۆ داگييركردنى هه‌ولێرو، مه‌سه‌له‌ شوومه‌كه‌ى ريفر اندۆمى سه‌ربه‌خۆيى.
له‌م قۆناغه‌دا پارتى زۆر بێمه‌نه‌ته‌ له‌يه‌كێتى و له‌داهاتووشدا حسابێكى ئه‌وتۆى بۆ ناكات، بژارده‌كانى يه‌كێتيش هيچ كاريگه‌رييه‌كيان نابێت به‌سه‌ر هه‌ڵوێسته دوژمنكارييه‌كانى پارتييه‌وه‌، گاڵته‌شم به‌وه‌ دێت كه‌ هه‌ندێ كه‌س باس له‌وه‌ ئه‌كه‌ن گوايه‌ يه‌كێتى هێزى هه‌يه‌و پارتى ناتوانێ له‌پرۆسه‌ى حوكمڕانى دوورى بخاته‌وه‌، چونكه‌ يه‌كێتى نه‌ده‌توانێ هێز له‌دژى پارتى له‌م قۆناغه‌ نيوده‌وڵه‌‌تيو ئيقليميه‌دا به‌كار بێنێ، نه‌ ده‌شتوانى دوو ئيداره‌ييه‌كه‌ش رابگه‌يه‌نێ، كه‌واته‌ هيچ بژارده‌يه‌كى تر كاريگه‌رى نابێت به‌رامبه‌ر به‌سياسه‌ته‌كانى پارتييه‌وه‌، بۆيه‌ له‌كۆتاييدا ئه‌بێ يه‌كێتى ملكه‌چى ئه‌و سياسه‌تانه‌ بێت و به‌هه‌ر پشكێك رازى بێت كه‌ پارتى پێى ئه‌دات.
هه‌ڵه‌ى عينادى يه‌كێتى له‌سه‌ر پۆستى سه‌ركۆمار و، بێده‌نگيشى له‌ساخته‌كارييه‌كانى پارتى له‌هه‌ردو هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستانو نوێنه‌رانى عيراق و، بێهه‌ڵوێستى به‌رامبه‌ر به‌ حوكمى تاكڕه‌وانه‌ى پارتى، وموجامه‌له‌كردنى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و، په‌رته‌وازه‌بونى رێزى سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتى، ئه‌مانه‌ به‌گشتى هۆكارى ئه‌م وه‌زعه‌ خراپه‌ى ئێستاى يه‌كێتين، بۆيه‌ زۆر ئاساييه‌ نوسه‌رێكى ده‌ربارى پارتى، يه‌كێتى به‌ ” پاشاى عه‌رشى كه‌لاوه‌ ” وه‌سف بكات و به‌ده‌نگێكى‌ به‌رزيشه‌و‌ه‌ بڵێ ” ئێستا رێككەوتنەكەی گۆڕان و پارتی حوكم دەكات و، هەر رێككەوتنێكی دیكە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا ئیمزا بكرێ، دەبێ بە پاشكۆی ئەو رێككەوتنەی گۆڕان و پارتی”! بێمنه‌تانه‌تريش‌ پێمان ئه‌ڵێ” یەكێتی لەسەر ئاستی كوردستان هێزێكی بێ پەنایە و تەنها وجودی پارتییە كە مانا بە یەكێتی دەبەخشێت”.
له‌ساڵى حه‌فتاكان دواى ئاشبه‌تاڵى شۆڕشى ئه‌يلول رژێمى به‌عس‌ له‌به‌غدا چه‌ند حزبێكى كارتۆنى كوردى دامه‌زراند، يه‌كێك له‌و حزبانه‌ به‌ناوى ( پارتى ديموكراتى كوردستان ) بو كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ى هاشم عه‌قراوى بو. ئينجا ئه‌ندامێكى ئه‌و حزبه‌ يه‌خه‌ى كابرايه‌كى كوردى‌ فه‌يلى له‌به‌غدا گرتبو و ده‌يويست بيكاته‌ ئه‌ندامى حزبه‌كه‌ى عه‌قراوى. ئه‌ويش لێى پرسيبو ” ئێوه‌ حزبه‌كه‌تان سه‌ر به‌كێيه “‌ پارتيه‌كه‌ش وتبوى” سه‌ر به‌ دائيره‌ى ئه‌منى عامه‌يه”!. كابراش وتبوى” جا من بۆ ناچم ببمه‌‌ ئه‌من، بۆ ببم به‌پارتى كه‌ ئێوه‌ سه‌ر به‌دائيره‌ى ئه‌منن “. ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ حيكمه‌تێكى تێدايه‌ بۆ ئه‌وانه‌ى مێشكيان هه‌يه‌.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
شێرزاد شێخانی

ئەرشیڤی بەڕێز: شێرزاد شێخانی