دلێر حسێن پیرۆمەری: کوردستان وەک ناوچەیەکی ئارام.

عێراق هەنگاو بەرەو گۆڕانکاری نوێگەر دەنێت، بەتایبەت لەململانێ ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، بەتایبەتیتر لەپەیوەندی لەگەڵ دووجەمسەرە زلهێزەکەی جیهان ئەمریکا و ڕووسیاو هێزە ئیقلیمیەکانی ناوچەکە كە ئێران و تورکیان. ئەوەی لەگۆڕەپانی سیاسی […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

عێراق هەنگاو بەرەو گۆڕانکاری نوێگەر دەنێت، بەتایبەت لەململانێ ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، بەتایبەتیتر لەپەیوەندی لەگەڵ دووجەمسەرە زلهێزەکەی جیهان ئەمریکا و ڕووسیاو هێزە ئیقلیمیەکانی ناوچەکە كە ئێران و تورکیان.
ئەوەی لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق دەگوزەرێ لەپێشدا چاوەڕوانکراو بوو، چونکە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەلایەن ئەمریکا ئەو وڵاتە بەتەواوەتی سیادەی خۆی لەدەست داوەو هەژمونی ئەمریکی و شیعی زاڵە بەسەر حکومەتە یەک لەدوایی یەکەکانی بەغداد، توركیاش بۆ زامنكردنی ھەژمونی سوننی ھەمیشە لەپیلاندایە.
ئێرانی (شیعی) كەبەنوێنەرایەتی جەمسەری ڕوسیا دەناسرێت ھاوشانی ئەمریكا ھێندە زاڵن بەسەر عێڕاقدا بەجۆڕێک ڕۆڵەکانیش دابەشکراون، تاکە شت ئەو دوو هێزە ناکۆکەی کۆکردۆتەوە ئیدارە دانی بەغدایە بێ ڕەچاوکردنی سیادەو سەروەری عێڕاق و ڕۆڵدان بەعێراقیەکان لەناوەندی بریاری سەربەخۆ، ئەم شێوە مۆنۆپۆڵیە وڵاتەكەی بەسەر چەندین گروپ و تەیاردا دابەش كردووە بەپێی ویست و خواستی دوو زلهێزەکە، ھەموو ئەو حزب و تەیارانەی عێڕاق بەئاراستەی بەرژەوەندیەكانی ئێران و ئەمریکا کار دەکەن، بەڵام ڕەنگە کاریگەرییە ئایینی و مەزهەبیەکان پشکی ئێرانیان لەدابەشکاری بەرژەوەندی زیاتر کردبێ، بەھۆی مەرجەعە شیعیەكان چونكە شیعە مەزھەب زۆرترین پێكھاتەی كۆموڵگەی عێڕاقە.
دوای گەمارۆدانی لەلایەن ئەمریکاوە ئێران دەیەوێت لەڕێ گروپە دۆستەکانی لەعێراق هەوڵی فشار خستنە سەرئەمریکا بدات بەدەرکردنی یاسایەک لەئەنجومەنی نوێنەران بۆدەرکردنی هێزە بیانیەکان لەعێڕاقدا، بەمەش ئەمریکا گورزێکی کوشندەی بەردەکەوێت، کە ڕەنگە زەرەرمەندترین هێز بێت لەکاتی دەرچونی یاسایەکی وەھا.
ئاستەمە ئەمریکا وا بەئاسانی قبوڵی بڕیاێکی وابکات چونکە ئەمریکا لەجەنگی ڕوخاندنی ڕژێمی سەددام حسێن و شەڕكردن بەرامبەر پاشماوەكانی بەعس و گروپە تیرۆریستیەكان لەعێراق جگە لەقوربانی گیانی خەرجیەكی زەبەلاحی ماددی کەبەسێ ترلیۆن دۆلار دەخەملێندرێ زیانی پێگەیشتوە، بۆیە پێشبینی ناکرێ وابەئاسانی دەست بەرداری عێراق بێت، لەڕووی سیاسیش کاریگەری دەبێت بەسەر ناوەندی بڕیاری ئەمریکاو دەستەڵاتەكانی بەسەر جیھانەوە، قبوڵکردنی ئەم یاسایە لای کاربەدەستانی ئەمریکا بەمەحاڵ دەبینم، چونکە ئەمریکا لەڕێگای عێراقەوە دەتوانێ دەستەڵاتی لەناوچەكەدا ھەبێت و هەژمونی خۆی بەتەواوەتی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بسەپێنێت.
بێگومان ئەمریکا وابەئاسانی دەستەو ئەژنۆ ناوەستێ و هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ڕێگری کردن لە دەرچواندنی وەها یاسایەک دژی بەرژەوەندییەکانی بێت، بۆ ئەمەش هەموو ئەگەرێک لەبەردەمیدا کراوەیە، هەر لە فشاری سیاسی وئابوری و سەربازیش. وە فشاری هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا شیعەکان و دەست واڵاکردنی ئیسرائیل بۆ هێرشی ئاسمانی و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەو نانەوەی پشێوی بەفۆڕمێک هاوشێوەی داعش لەناوچەکەدا.
لەئەنجامی بێ هێوابونی ئەمریکا لە دەسەڵاتدارانی شیعی و لەڕێگریکردنی بڕیارێکی لەمجۆرە، بەهۆی ستراتیژو جیۆسیاسی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان دەکرێ ئەمریکا بەڕەسمی بیکاتە شوێنگرەوەی ناوەڕاست و باشوری عێراق، لەوێوە بەوردی چاودێری سوریا وتوركیا بکات وە لەنزیکەوە چاودێری جموجۆڵەکانی ئێران بكات لەناوچەکەدا.
هەرچەندە لەحاڵەتی دەرچونی بریارێکی لەوجۆرە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق پێویستە هەرێمی کوردستان پابەند بێت پێوەی، چونکە بەپێ دەستوری عێراق هەرێمیش دەگرێتەوەو بەمەش ئەرکی کاربەدەستانی هەرێم قوڕس دەبێ لەبڕیاردان، لەنێوان ململانێ گەورەكاندا ئەم ئەركە ئاسان تێناپەڕێت.
بۆیە ئەو ناوچە ئارامەی ئەمریکا کاری بۆ کردووە، کەلەهەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێم ڕەنگدانەوەی دیارە، هەر لەچاوپۆشیکردنی ئەمریکا لەتەزویرەکان و سەپاندنی هەژمونی حیزبی بەڕێگای ساختەوە و نێوەنگیری هەرێم و بەغدا دوای پڕۆسەی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر دەلیلی ئەو ڕاستیەن، تەنانەت پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەری ئەو ناوچە ئارامەی ئەمریکای پێوە دیارە، بۆیە لەم ئان و ساتەدا سەقامگیری هەولێر بەلای ئەمریکیەکان لەسەرووی هەمووشتێکەوەیە، ئەمەش وای لەپارتی کردووە ھەوڵبدات زۆرترین شەریك لەحوكمڕانیدا بۆ خۆی پەیدابكات تاكو بەریەككەوتن ڕوونەدەن، تەبعا ئەم پەیداكردنی دۆست و ھاوبەشیە بۆ كابینەی نۆیەم خواستی ئەمریكای بەدەرەجە یەك لەسەرە.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
دلێر حوسێن پیرۆمەڕی

ئەرشیڤی بەڕێز: دلێر حوسێن پیرۆمەڕی