دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: کەم بدزن!ـ ـ شەرعیەتدانە بەتاوان نەک خۆشگوزەرانى. بەشى یەکەم.

کلیلى خۆشگوزەرانى ( پێکەوە ژیان ـ ڕێزگرتن لەبۆچوونى بەرامبەر ـ یەکتر قبوڵکردن ) ـە سەرەڕاى هەموو جیاوازی و جیاکاریەکان لە (ڕەگەز ـ نەتەوە ـ ئاین ـ زانست و مەعریفە ـ […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

کلیلى خۆشگوزەرانى ( پێکەوە ژیان ـ ڕێزگرتن لەبۆچوونى بەرامبەر ـ یەکتر قبوڵکردن ) ـە سەرەڕاى هەموو جیاوازی و جیاکاریەکان لە (ڕەگەز ـ نەتەوە ـ ئاین ـ زانست و مەعریفە ـ ئایدۆلۆجیا و بیروبۆچوون) ، بەمەرجێک نەبێتە پاساوێک بۆ شێواند و گۆرێنى پێناسەى کردارە کانى مرۆڤ .
پرۆسەى دزین پەیوەندى بەعەقڵیەتەوە هەیە! عەقڵیەتیک دز نەبێت ناتوانی بدزێت، باشترین بەڵگە بۆئەم ڕاستیە ئادەمیزادەکان هەموویان دزنین وناتوانن دزى بکەن.
کردارى دزین لاى ئادەمیزاد لەهەر کۆمەڵگاو کات وشوێنێک بێت، تاوانە سەرەڕاى هەموو جیاوازى وجیاکاریەکان ! لە (ڕەگەز ـ نەتەوە ـ ئاین ـ زانست ومەعریفەـ ئایدۆلۆجیا و بیروبۆچوون)، لەگەڵ ئەوەش واتا لەگەڵ ئەوەى تاوانە پرۆسەى دزین پێشکەوتنێکى بەچاوى بەخۆیەوە بینیوە بەپێشکەوتنى شارستانى و زانست و مەعریفە.
دزین عەقڵیەتە، پەیوەندى بەئاستى زانسى و مەعریفى و ڕۆشنبیریەوە نییە، بەپێچەوانەوە ئەو عەقڵیەتەى لەبنەڕەتدا دزبێت تائاستى زانستى و مەعریفى و ڕۆشنبیرى بەرزتربێت واتا تائاستى زیرەکى (intelligence quotient (IQ)) بەرزتربێت شیوازى دزیکردن و بڕى دزیکردنەکەى زیادتر دەبێت و ئەبێتە مەترسى بۆ کۆمەڵگا لەبەر ئەوەى پرۆسەى دزیکردنەکەى بەیاسایى دەکات و شەرعیەتی دەداتى تا بتوانێت خۆى لەتاوانەکە بدزێتەوە، دواتر بەشێوازێکى بەرنامە بۆ داڕێژراو سامانى سروشتى نیشتمان دەدزێت و سامانە مرۆیی یەکەى ژێر دەسەڵاتى کۆیلە دەکات، بەداخەوە کەسایەتیە سیاسەتبازەکانى ئەمرۆ و نەوەکانیان زۆر بەئاسانى ئەم جۆرە لەتاوان ئەنجام دەدەن، دواجار وەک خزمەتکردنى نەتەوە و کۆمەڵگاو نیشتمان بەکۆمەڵانى خەڵک دەفرۆشنەوە وپێى دەبن بەپاڵەوانى نەتەوەو مرۆڤایەتى!.
کەم دزین و زۆر دزین هیچ لەقەبارەى تاوان و پێناسەى کردارەکە ناگۆڕێت، دزى هەر دزییە، پێناسەى تایبەت بەخۆى هەیە کەم بێت یان زۆر ، مەگەر کەسایەتى دز نەخۆش بێت بەنەخۆشى کلیپتۆمانیا( Kleptomania) واتا نەخۆشى ئارەزووى دزین.
کەم و زۆرى بڕى دزیکردن پەیوەستە بەتواناو دەسەڵاتى ئەو مرۆڤەى دزى دەکات، ئەمە لۆژیکى عەقڵیەتى مرۆڤ بووە بەدرێژایى مێژوو، مرۆڤى دەسەڵاتدار تادەسەڵات و تواناى عەقڵى و جەستیەیى و دەروونى زیاتر بووبێت زیاترى دزیەوە، کەسیش نەیتوانیوە لێپرسینەوەى لەگەڵ بکات لەبەر ئەوەى خودى خۆى دەسەڵاتداربووە، بەپێچەوانەوە ئەم دزیکردنەى بەخەبات و خزمەتکردنى خوداوەند و نەتەوە و مرۆڤایەتى لەقەڵەم دراوە، دواجار پێى بووە بەپاڵەوانى نیشتمانى و مرۆڤایەتى.
بەگەرانەوە بۆ مێژووى مرۆڤایەتى بۆمان دەردەکەوێت دەسەڵاتدارى مرۆڤ بە (دەسەڵاتى سیاسى ـ ئاینى ـ نەتەوەیى ـ ئابوورى ـ سەربازى ـ کۆمەڵایەتى ـ زانستى و مەعریفى ) بەشێوازى جواروجۆر دزیان لەکۆمەڵگا کردووە لەژێرناوى خوادەوەند و نوێنەرەکانى لەسەر زەوى بە (پادشاو سوڵتان و ئەمیر ـ دەسەڵاتى تاکەکەس و خێزانى ـ سەرۆکى هۆز و خێل وئاغاو دەرەبەگ ـ سەرۆکى حیزب و وڵات و… هتد.).
ئەگەر ئەم بۆ چوونە مانایەک ببەخشێ ماناى ئەوەیە زۆربەى هەرەزۆرى ( شۆڕش ـ ڕاپەڕین ـ جوڵانەوە ـ ڕێباز ـ یاخیبوون ـ شەڕ ـ ئاژاوە ـ دوبەرەکى ) مرۆڤ لەکات و شوێنى جیۆگرافى جیاوازى سەرگۆى زەوى بۆ پێکەوەژیان و خۆشگوزەرانى ئادەمیزادو یەکترقبۆڵکردن نەبووە، بەڵکو لەپێناو دزینى سامان و بەکۆیلە کردنى مرۆڤەکانى بووە.
سەرزارەکى بەمەبەستى ڕزگارکردنى کۆمەڵانى خەڵک بووە لەزەبرو زوڵمى دەسەڵاتدارى (تەقلیدى ـ کاریزمى ـ عەقڵانى ) لۆکاڵى و گشتگیر لەدەسەڵاتدارى (پادشاو سوڵتان و ئەمیر ـ دەسەڵاتى تاکەکەس و خێزانى ـ سەرۆکى هۆز و خێل و ئاغاو دەرەبەگ ـ سەرۆکى حیزب و وڵات و… هتد) ، بەڵێ سەرزارەکى بەمەبەستى ڕزگارکردنى کۆمەڵانى خەڵک بووە لەزەبرو زوڵمى داگیرکەرو دیکتاتۆرە یەک لەدوایەکەکان، دواتر خۆیان وەک دەسەڵاتدار هەمان زەبروزوڵمیان لەکۆمەڵانى خەڵک و میللەتانى دى دوبارەکردۆتەوە، بەمەبەستى گەوجاندن و کۆیلەکردنى ئادەمیزاد و دزینى سامانەکانى، بەو مانایەى بەشێکى هەرەزۆر لەشۆڕشگێرو دەسەڵاتدارە (تەقلیدى ـ کاریزمى) یەکان بەدرێژایى مێژوو بەعەقڵیەت دزبوون و بەفیعلى دزیان کردووە.
بەشێکى زۆر لە (پادشاو سوڵتان و ئەمیر ـ دەسەڵاتى تاکەکەس و خێزانى ـ سەرۆکى هۆز و خێل و ئاغاو دەرەبەگ ـ سەرۆکى حیزب و وڵات) دزى زۆر گەورەبوون، بەشێوازى سەیروسەمەرەى جیاواز شەرعیەتیان بەدزییەکانیان داوە لەکاتێدا وەک دەسەڵاتدار پرۆسەى دزیان بەتاوان پێناسەکردەوە و دزە زۆر بچوکەکانشیان دادگایى کردووە.
ئەمەش ئاماژەیەکى واقیعى زیندووە بەڕاستى ئەو بۆچونەى گومان دەخاتە سەر زۆربەى هەرە زۆرى شۆڕشەکانى مرۆڤ بەدرێژایى میژوو لەکات و شوێنى جیۆگرافى جیاوازى سەرگۆى زەوى کە بۆ پێکەوە ژیان و خۆشگوزەرانى ئادەمیزادو یەکترقبۆڵکردن بووبێت.
هەڵبەتە خەبات و شۆڕشى ڕزگاریخوازى میللەتى کورد هیچ جیاوازیەکى ئەوتۆى نەبووە لەشۆڕشە ڕزگاریخوازەکانى گەلانى ترى سەرگۆى زەوى، واقیعى ئیستاى کۆمەڵگاى کوردى بەتایبەت کۆمەڵگاى کوردى باشور سەلمێنەرى ئەم ڕاستیەیە، بەڵام بەشێوازێکى زۆر زەقترو ناشرینتر لەکۆمەڵگا زیندووە پێشکەوتووەکانى ترى دونیا کەپشت بەسیستم و یاساو و زانست و مەعریفە دەبەستن لەکاروبارى ژیان.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
دکتۆر محەمەد ئەمین عەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: دکتۆر محەمەد ئەمین عەلی